سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لە بەغدا قسەیان بۆ کەناڵهكانی ڕاگهیاندن کرد و رایانگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی پرسی مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوت و بودجەیان کردووە، نێچیرڤان بارزانی گوتی، لهگهڵ سوودانی جەختمان لە سەرخستنی کارنامەی حکوومەت و جێبەجێکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق کردهوه.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، “پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان حکوومەتی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە بەڕێز نێچیرڤان بارزانیی خۆشەویست بەردەوام ئامادەیە لەو دۆسییانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتییانەوە هەیە لە بژێوی، خزمەتگوزاری و سەرجەم دۆسیە و ئەو کێشە هونەری و کارگێڕییانەی لەنێوان دامەزراوە و دەوڵەتدا هەن.”
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، “یەکێک لەو بابەت و باسە گرنگانەی باسکراون و گرنگە بۆ رۆڵەکانمان لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە به تەواوکردنی ئەو رێکارانەی پێش بەبانکیکردنی مووچە پێویستن، کە دادگەی فیدراڵی جەختی لەسەر کردووەتەوە.”
سەبارەت بە بەردەوامیی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سوودانی گوتی “مووچەی مانگی شوبات و ئادار بەتەواوی دابەشکراون و، ئێمە رشدین لەسەر خەرجکردنی پارە بەو شێوەیەی دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نەبێت.”
سوودانی هەروەها ئاشکرای کرد لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و یاسای بودجەی گشتی کراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “زۆر سوپاسی سەرۆکوەزیران سوودانی دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی ئەمڕۆ لە ئێمە کردیان و ئەو هەموو هەوڵەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها هەموو کێشەکانی عێراق بە گشتی دەیاندات، لەوەتەی بووەتە سەرۆکوەزیران هەوڵێکی جدیی داوە خزمەتی هەموو عێراق بکات.”
نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان لە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرخستنی کارنامەی حکوومەت کردەوە هەروەها جەختمان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە کردەوە کە بۆ پێکهاتنی حکوومەت کراوە، خۆشحاڵین لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە، دەستکراوە بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەی رێککەوتن کراوە لەنێوان مەسروور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، هیوادارین ئەوە بەردەوامیی هەبێت.”
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لەوەی لە کۆبوونەوەکەدا “بابەتی نەوتیشمان باس کرد و هەتا ئێستا هەندێک کێشە هەن، بەڵام وەک مەبدەئـ هەندێک رێککەوتنی باش کراون.”