

كاروان محەمەد سینۆ
ئەمڕۆ لە 65ـەمین ساڵیادی لەدایكبوونی ڕۆژنامەكەمان ڕۆژنامەی (خەبات)، سەری رێز و نوازش دادەنوێنین بۆ هەموو كادیر و كارمەند و نووسەر و هەڵەچن و پەیامنێر و هونەركار و نەخشەساز و فۆتۆگرافەر و كاریكاتێریست و کارمەندانی چاپخانە و فرۆشیارانی ڕۆژنامەكەمان، بەتایبەت لەوانەی ماڵئاوایی و كۆچی دواییان کردووە و شەهید و شوێن بزر بوونە، هەروەها ئەوانەی ئێستا لە مەیدانی خەباتدا خزمەتی (خەبات) و خوێنەرانی (خەبات) دەكەن.
دامەزراندنی پارتی و دیاریكردنی زمانحاڵ
كاتێك دەمانەوێ باس لە مێژوو و سەرەتای لەدایكبوونی ڕۆژنامە ئازیزەكەمان (خەبات)بكەین، پێویست دەكات زۆر بەکورتی باس لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن، كە ڕۆژنامەی (خەبات) زمانحاڵی ئەو پارتە ڕەسەن و دێرین و تێکوشەرەیە.
ساڵی 1945 كاتێك جەنابی مستەفا بارزانی و بارزانییەكان چووبوونە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەشدار و هەماهەنگ بوون لە ڕاگەیاندن و بەرگریکردن لە كۆماری كوردستان(22ی كانوونی دووەم 1946)لە مەهاباد و دوابەدوای دیراسەكردنی باردۆخی سیاسی و عەسكەری تەواوی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڤەرەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی، جەنابی مستەفا بارزانی گەیشتە ئەو باوەڕەی كە پێویستە بزاڤی رزگاریخوازیی كورد لە چوارچێوەی خێڵ و هۆز و عەشیرەت و ناوچە و دەڤەربەندی دەربچێت و هاوشێوەی میللەتانی شۆڕشگێڕ و ئازایخوازانی جیهان، بزاڤی رزگاریخوازیی كوردیش بخرێتە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی شۆڕشگێریی سەردەمیانەی ڕێکخرا و لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا. بۆیە جەنابی مستەفا بارزانی دڵنیابوو كە پێویستە حزبێكی سیاسی بە پەیڕە و پرۆگرامێكی دیموكراتیخواز هەبێ كە تەواوی چین و توێژ و رۆشنبیرانی كورد لە خۆی كۆبكاتەوە و ڕابەرایەتیی میللەتی كورد بكات بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی. ئەو حزبەش پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە گوشاری هزری جەنابی مستەفا بارزانی بوو، وەكو حزبێكی سیاسیی رێكخراو و شۆڕشگێری هاوچەرخ و پێویست لەو قۆناغەدا.
بەرلەوەی مستەفا بارزانی و هەڤاڵە چەكدارەکانی و ژن و منداڵانی بارزانییەكان بچنە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە15ی كانوونی دووەمی 1945 مستەفا بارزانی رێكخراوێكی سیاسی عەسكەری چەكداری پێكهێنابوو بە ناوی (لیژنەی ئازادی)، كە جەنابی بارزانی سەرۆكی ئەم رێكخراوە بوو و هەریەكە لە چوار ئەفسەرەکە (عیزەت عەبدولعەزیز و مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدورلكەریم و محەمەد قودسی و میرحاج ئەحمەد) و چەند ئەفسەرێكی دیكەش ئەندامی لیژنەكە بوون. (لیژنەی ئازادی) بەسەرۆکایەتی جەنابی مەلامستەفا پەیوەندییان هەبوو بە حزبی (هیوا)لە بەغدا و بڕیاربوو حزبی هیوا بارەگای خۆی لە بەغداوە بگوازێتە بارزان.
كاتێك بیرۆكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هزری مستەفا بارزانیدا گەڵاڵەبوو، هەروەها نەخشەرێگای پەیڕەو و پڕۆگرام و هەیكەلی پارتی و سنووری چالاكیی پارتی لای مستەفا بارزانی بوونیاد بوو. ئینجا لە كۆتایی مانگی شوباتی 1946 جەنابی مستەفا بارزانی لەگەڵ هەڤاڵانی (لیژنەی ئازادی) كۆبووەوە كە پێك هاتبوون لە هەریەكە لە (پارێزەر حەمزە عەبدوڵڵا و نەقیب میرحاج ئەحمەد و عەقیدی روكن عیزەت عەبدولعەزیز و نەقیب مستەفا خۆشناو و نەقیب خەیروڵڵا عەبدولكەریم و ملازم محەمەد مەحموود قودسی و ملازم نوری ئەحمەد تەها). لەم كۆبوونەوەیەدا بەردی بناغەی (پارتی) دانرا و دواتر ناونرا بە(پارتی دیموكراتی كورد) و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیاری كرا و مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا. ئینجا بڕیار درا كە پارێزەر (حەمزە عەبدوڵڵا) بنێردرێتە عێراق (بەغدا) بۆ ئەوەی پەیوەندی بە سەركردەكانی حزب و رێكخراوە كوردییە سیاسییەكان بكات، وەكو(حزبی شۆڕش و ڕزگاری و هتد، هەروەها حزبی (هیوا كە هەروەکو باسمان کرد پێشووتریش جەنابی بارزانی پەیوەندی لەگەڵ حزبی هیوادا هەبووە)، هەروەها پارێزەر(هەمزە عەبدولڵا) لە لایەن مستەفا بارزانییەوە هەموو دەسەڵاتێكی پێدرابوو كە نوێنەرایەتیی بارزانی بكات، هەروەها جەنابی مستەفا بارزانی چەند راسپاردەیەكی دیاریکراوی بە هەمزە عەبدولڵا دابوو كە بەحزبە سیاسییەکانی کوردستان بگەیێنێت و ڕاسپاردەکان بریتی بوون لە:
1- شێخ لەتیف شێخ مەحموود وەكو جێگری یەكەمی سەرۆك دیاری بكرێ.
2-كاكە محەمەد زیاد وەكو جێگری دووەم دیاری بكرێ.
3- تاكو ماوەیەكی پێویست گۆڕانكاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی پارتی نەكرێ.
4- بۆماوەیەكی كاتی و تاوەكو بناغەی پارتی تەواو لە باشوری كوردستان جێگیر و خۆڕسك دەبێت، هێرش نەكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی (بەریتانیا) بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە پارتی و كادیرەكانی نەكەونە بەر هەڕەشەی گرتن و ڕاوەدوونان.
بەم شێوەیە لە كۆتایی بەهاری ساڵی 1946 هەمزە عەبدوڵڵا گەیشتە باشوری كوردستان و (بەغدا) و لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا بارزانی پەیوەندی بە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد و لە ئەنجامدا هەریەكە لە سەركردایەتیی حزبی (شۆڕش و ڕزگاری) ڕەزامەندیی خۆیان نیشاندا بەوەی هەردوو حزبەكە لەنێو (پارتی)دا بتوێننەوە، بەڵام پاش ئەوەی هەریەكەیان كۆنگرەیەك ببەستێ و هەڤاڵانی خۆیان ئاگادار بكەنەوە.
لەدەستپێكی مانگی ئابی 1946 هەردوو حزبەکە (شۆڕش و ڕزگاری) كۆنگرەی خۆیان گرێدا و لە هەردوو كۆنگرەكەدا زۆرینەی هەرەزۆری بەشداربووان ڕەزامەندییان دەربڕی كە هەردوو حزبەكە (شۆڕش و ڕزگاری) لە نێو (پارتی)دا بتوێننەوە و پارتێكی پێشڕەو و شۆڕشگێر بە سەرۆكایەتیی مستەفا بارزانی دابمەزرێت.
بەم شێوەیە لە رۆژی 16ی ئابی1946 لە شاری (بەغدا) گەڕەكی (ئەلئەعزەمییە) شەقامی (نەجیب) لە ماڵی (سەعید فەهیم حەوێزی) بە بەشداریی 70 ئەندام؛ یەكەم كۆنگرە(كۆنگرەی دامەزراندنی پارتی) ئەنجامدرا و ناونرا بە(پارتی دیموكراتی كورد) و جەنابی مەلا مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا و لەسەر بنەمای ئەو ڕاسپاردانەی کەجەنابی مەلامستەفا بارزانیی ناردبووی، پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی (پارتی) دیاری كرا و بڵاو كرایەوە.
هەڵبەت کاتێک حزبێكی وەكو (پارتی) لەو هەلومەرجەدا لە دایك دەبێت، بێشك پێویستی بە سەكۆ و مینبەرێك دەبێت كە سیاسەت و ئایدیا و خواست و ئامانجەكانی خۆی لێیەوە بڵاو بكاتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا پارتی بە نهێنی دامەزرا بوو، بۆیە هەر بە نهێنی ئەرك و چالاكییەكانی خۆی ئەنجام دەدا، هەڵبەت لەو كاتەدا كە جەنابی مەلامستەفا بارزانی لەگەڵ 500 هەڤاڵی پەنابەری سیاسی بوون لە یەكێتی سۆڤییەت (1946-1958)، بۆیە ئاماژە بە ڕاسپاردەکانی جەنابی بارزانی بڕگە(3) بۆ دامەزراندنی پارتی؛ بێجگە لە ڕاپەڕاندنی ئەرك و چالاكییە سیاسی و رێكخستنی هەیکەلی (پارتی) هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە نێو پارتی و پەیڕەو و پڕۆگرام و ئۆرگانەكانی پارتی ڕووینەدا بەدرێژایی ئەو كاتەی بارزانی لە یەكێتیی سۆڤییەت بوو تاکو گەڕانەوەی بەڕێزیان لەیەکێتی سۆڤیەت (6ـی10ـی1958)، بێجگە لەوەی لە كۆنگرەی سێیەم (1953 كەركووك)، بڕیاردرا كە ڕۆژنامەی زمانحاڵی پارتی لە ڕۆژنامەی (ڕزگاری)یەوە بگۆڕدرێت بۆ ڕۆژنامەی (خەبات). جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە ڕۆژنامەی (رزگاری)ش بریتی بوو لە زمانحاڵی حزبی (ڕزگاری)، ئەو حزبەی كە لە ساڵی (1945) دامەزرابوو، بەڵام پاش پەیوەندیكردنی جەنابی مستەفا بارزانی بەم حزبە لە رێگای هەمزە عەبدوڵڵاوە (شوباتی 1946) بۆ پێكهێنانی (پارتی)، حزبی (ڕزگاری) خۆی تواندەوە و بەشداربوو لە پێكهێنانی (پارتی)، بەڵام ڕۆژنامەی (ڕزگاری) وەك زمانحاڵی (پارتی) مابوویەوە. ئینجا یەكێك لە بڕیارەكانی كۆنگرەی سێیەمی (پارتی) لە كەركووك، بریتی بوو لە گۆڕینی زمانحاڵی (پارتی) لە ڕۆژنامەی (ڕزگاری)یەوە بۆ ڕۆژنامەی (خەبات).
وەكو پێشتر گوتمان؛ سەرەتای دامەزراندن و خەبات و كار و چالاكییەكانی پارتی بە شێوەیەكی نهێنی بوو، بۆیە كاتێك كە زمانحاڵی پارتی گۆڕا بۆ ڕۆژنامەی (خەبات) و لەماوەی نێوان (1953 تاكو 1959) ڕۆژنامەی (خەبات) كە ئۆرگانی پارتی بوو، هەرلەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاكو 14ی تەمووزی 1958 بەنهێنی كاریكردووە و بەنهێنی دوو ژمارەی لێ دەرچووە. بەڵام دەرچوونی دوو ژمارەی ڕۆژنامەیەكی سیاسیی كوردی زمانحاڵی حزبێك كە سەرەتای دامەزراندنی بووە، كار و ئەركێكی پیرۆز بووە جەماوەر و لایەنگرێکی زۆر لە دەوری پارتیدا کۆببووەوە، ئەمەش هاندەرێک بوو بۆ پارتی کە زیاتر پەرە بەو ئۆرگانە (ڕۆژنامەی خەبات) بدات.
ڕۆژنامەی خەبات بەتەمەنترین ڕۆژنامەی سیاسیی ڕۆژانەیە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا لە باشووری کوردستان
وەكو لە سەرەوە باسمانكرد… ڕۆژنامەی (خەبات) لەماوەی نێوان (1953 تاكو 1959) دووژمارەی بە نهێنی دەرچوو. بەڵام پاش نەمانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق (14ی تەمووزی 1958) و بونیادنانی ڕژێمی كۆماری لە عێراق بە سەركردایەتیی عەبدولكەریم قاسم و دروستبوون و دەركەوتنی حزب و لایەنی نوێ و كرانەوەی مەودای گۆڕەپانی سیاسی بەرووی بیروبۆچوونی جیاواز و ئازادكردنی كاری سیاسی لە عێراقدا و گەڕانەوەی جەنابی مەلامستەفا بارزانی و هەڤاڵانی لە یەكێتیی سۆڤییەتەوە بۆ وڵات (6ی10ی1958). پارتی وەكو حزبێكی كوردستانی بەئاشكرا دەستی كرد بە كار وچالاكییەكانی سیاسیی و نەتەوەیی خۆی. لەم هەلومەرجەدا پارتی پێویستی بەوەبوو كە زمانحاڵەكەی (ڕۆژنامەی خەبات) بەئاشكرا دەربچێت و زیاتر پەرەی پێبدرێت و چالاکتر بڵاو بكرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە 23ی10ی1958 واتا دوو هەفتە پاش گەڕانەی جەنابی مەلامستەفا بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە بۆ عێراق، (پارتی) داواكارییەكی فەرمی پێشكەش بە وەزارەتی (ئیرشاد)ی عێراق كرد بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بە ئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) وەك زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەم ڕووەوە ڕۆژی 11ی1ی1959 وەزارەتی (ئیرشاد)ی عێراق ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) وەك زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشكرا. شایانی باسە بەم شێوەیە تێبینی ئەوە دەكەین كە ڕۆژنامەی (خەبات) وەكو زمانحاڵی پارتی بەر لە خودی پارتی مۆڵەتی بەفەرمی دەرچوونی وەرگرتووە، بۆزانین پارتی لە9ـی2ـی1960 مۆڵەتی فەرمی بەئاشکرا کارکردنی وەرگرتووە. شایانی باسە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژنامەی (خەبات) پێش خودی پارتی مۆڵەتی فەرمی هەبووە وەكو زمانحاڵی پارتی، بەڵام رۆژی10ی2ی1960 لە ژمارە 167ی خۆیدا؛ ڕۆژنامەی خەبات خۆی وەك ڕۆژنامەیەكی ڕۆژانەی سیاسیی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند. بەم شێوەیە (ڕۆژنامەكەمان) ڕۆژنامەی (خەبات) بەتەمەنترین ڕۆژنامەی ڕۆژانەیە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا كە تاكو ئێستا بەردەوامە دەردەچێت(خوا تەمەنی خۆی و كارمەندانی درێژ بكات).
دەستپێكی خەباتی نهێنی و سیاسەتمەداریی ئاشكرا
بێگومان لەدایكبوونی ڕۆژنامەی (خەبات) لە بەغدا و لەو هەلومەرجەی باسمانكرد؛ ئەگەرچی ئەركێكی زەحمەت و ئەستەم بووە، بەڵام بوون و بڵاوبوونەوەی (خەبات) بە شێوەیەكی نهێنی لەو بارودۆخەدا، هەنگاوێكی بوێرانە و سەركێشییەكی چاونەترسانەی خودی پارتی و كادیرانی پارتی بووە لەو كاتەدا، هەروەها فاكتەرێكی باش بووە بۆ دروستبوونی سەنگ و ناوبانگ و دەنگۆیەکی بەهێز لەناو جەرگەی دوژمن و داگیركەر، كە دواتر لەكاتی دەرچوونی (ڕۆژنامەی خەبات) بەئاشكرا ئەو سەنگ و ناوبانگە بووە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ دەركەوتنی (خەبات) وەك ئۆرگانێكی بەرنیاس (ناسراوی پێشوەختە) و بەناوبانگ و جێگای متمانە و باوەڕی گشت خەڵكی عێراق و بەتایبەت خەڵكی كوردستان.هەروەك لە سەرەوە باسمانكرد، پاش ئەوەی رۆژی 11ی1ی1959 وەزارەتی (ئیرشاد)ی عێراق ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی بۆ دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) وەك زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشكرا، بەڵام لەو كاتەدا (پارتی) وەكو حزب مۆڵەتی فەرمی كاركردنی ئاشكرای نەبووە، بۆیە نەدەكرا لەڕووی یاساییەوە پارتی خاوەندارییەتی ڕۆژنامەی(خەبات) بكات، لەبەر ئەمە بوو کە ئەو مۆڵەتەی پارتی لە ڕۆژی 11ی1ی1959 پێشكەش بە وەزارتی (ئیرشاد)ی عێراقی كردبوو بۆ خاوەندارییەتیكردنی ڕۆژنامەی (خەبات)، پارێزەر (ئیبراهیم ئەحمەد) كە ئەوكات سكرتێری پارتیش بوو، مۆڵەتەكەی بە ناوی خۆی ڕایی كرد و ڕۆژنامەكە لە 4ی4ی1959 ژمارەی یەكەمی بەشێوەیەكی ئاشكرا و فەرمی دەرچوو. ئەمەش بە قوناغی دەرچوونی ئاشكرای ڕۆژنامەی (خەبات) هەژمار دەكرێت.
كاروان و قۆناغەكانی خەباتی خەبات
ڕۆژنامەی (خەبات) وەك ئۆرگان و دەزگایەكی نیشتمانپەروەر پەیوەست و هاوئاراستەی خەبات و شۆڕشگێڕی و بەرخودانی نەپساوەی خودی (پارتی) ئەم ڕۆژنامە شۆڕشگێرەش هاوشێوەی (پارتی) لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی پارتیدا، بەردەوام بووە لە خەبات و تێکۆشان. بۆیە هەركاتێك (پارتی) لەشاردا خەباتی كردبێت؛ ڕۆژنامەی (خەبات)یش لە شاردا شۆڕشگێڕ و دەنگی نیشتمانپەروەران و سەكۆی پێشمەرگە و كادیر و جەماوەری ئازادیخوازیی پارتی بووە. هەركاتێكیش پارتی وەكو پێشڕەوی خەڵكی كوردستان لەنێو شاخ و هەرد و زنارەكان دژی داگیركەر و دوژمنان وەستابێت، ڕۆژنامەی (خەبات)یش شۆڕشگێر و دەنگ و چەكی پێشمەرگە و كادیر و جەماوەری كوردستان بووە.
ڕۆژنامەی(خەبات) لە ساڵی 1956 تاكو 1957 دوو ژمارەی بە نهێنی دەرچووە. دواتر لە 4ی4ی1959 یەكەم ژمارەی ڕۆژانەی بە ئاشكرا و بە زمانی كوردی لە بەغدا دەرچووە. تاكو 2ی12ی1959 ڕۆژنامەی(خەبات) 111ژمارەی بەكوردی لە بەغدا دەرچوو. پاشان بە هەمان زنجیرەی ژمارەیی ڕۆژنامەی(خەبات) بەزمانی عەرەبی بەردەوام بووە لەدەرچوون. دواتر بارودۆخی سیاسیی لەنێوان عێراق و (پارتی) تێكچوو و جەنابی مستەفا بارزانی گەڕایەوە كوردستان و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخەكە ئاڵۆز دەبوو و لە بەغداش گوشار و ڕێگری زۆر لە ڕۆژنامەی (خەبات) و كادیر و بارەگا و چاپخانەی پارتی دەكرا.
لە 11ی ئەیلوولی 1961 شۆڕشی مەزنی كورد بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی هەڵگیرسا، ڕۆژنامەی (خەبات)یش وەكو ئۆرگان و زمانحاڵی پارتی بەشداربوو لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و نووسینەكانی وەكو گوللـەی پێشمەرگە كاریگەری لە جەرگی دوژمن و داگیركەران هەبوو. هەروەها بەهەمان شێوە لە شۆڕشی گوڵانیشدا ڕۆژنامەی(خەبات) بەهەمان گوڕوتین بەردەوام بوو لە خەبات و شۆڕشگێڕی.
دوابەدوای سەركەوتنی شۆڕش و بەرپابوونی ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991، ڕۆژنامەی (خەبات) رووی كردەوە ناوشارە ئازادكراوەكانی كوردستان و دەستی كردەوە بە خەباتی ئاشكرا لەناو جەرگە و باوەشی ڕۆڵە بەشەرەفەكانی كوردستان و وەكو ئۆرگانێكی گرنگ و چالاكی پارتی تاكو ئێستا (65ساڵە) ڕۆژنامەی(خەبات) بەردەوامە لە خەبات و بەرخودان.
65ساڵەی تەمەنی پڕشکۆی(خەبات) پیرۆزە
ئەمڕۆ كە ئێمە یادی 65ـەمین ساڵەی لەدایکبوونی ڕۆژنامەی (خەبات) دەكەین، وەكو جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی فەرموویەتی: «یادكردنەوەی خەبات بەتەنیا یادكردنەوەی ڕۆژنامەیەك نییە، یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە».
بۆیە جێگای شانازیمانە وەكو كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) كاتێك لە63یەمین ساڵەی یادەوەری ڕۆژنامەكەمان (خەبات) لە 4ی4ی2022 جەنابی سەرۆك بارزانی بەم شێوەیە دەربارەی ڕۆژنامەی(خەبات) دەنووسێت: «لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا، ڕۆژنامەی(خەبات) هەردەم مینبەرێكی ڕەسەنی گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینە و ئاشتیخوازیی گەلەكەمان بووە و تا ئێستایش ئەم ڕۆژنامەیە لە بەرگریكردن لە دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا ڕۆڵێكی پێشەنگانەی هەیە و پیشەییانە پابەندی یاسا و ئاكاری ڕۆژنامەنووسی بووە.»
لە یادی 64ـەمین ساڵەی ڕۆژنامەی(خەبات) جەنابی سەرۆك بەم گوتە بەرز و بەنرخانە ساڵیادی ڕۆژنامەی(خەبات) دەكاتەوە و لە پەیامێكدا دەنووسێت: «ڕۆژنامەی(خەبات) لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەردەوام بەوپەڕی پیشەییبوون و بە گیانێكی نیشتیمانپەروەرانەوە داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان كردووە و لە پابەندبوونی بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانی و گەیاندنی پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیدا دەنگی بەهێز و ڕەسەنی گەلەكەمان بووە.»
هەروەها جێگای شانازیمانە كە لە 61ـەمین ساڵیادی بە ئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەكەمان ڕۆژنامەی (خەبات)، جەنابی سەرۆك بارزانی (جەخت دەكاتەوە) كە (یادكردنەوەی ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە)، كاتێك بەڕێزیان لەم یادەدا بۆ ڕۆژنامەی(خەبات) دەنووسێت و دەفەرموێ: «ڕۆژنامەی خەبات و بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەمان پێكەوە گرێ دراون و لەم بۆنەیەدا جارێكی دی جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە یادكردنەوەی ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات، یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە، یادكرنەوەی ڕۆژانێكی سەخت و تاڵ و ناخۆش و ڕۆژانێكی پڕ لەسەروەرییە. ڕۆژنامەی(خەبات)، ئەو شانازییەی هەیە كە وێڕای ڕاپەڕاندنی ئەركی خۆی لە بواری ڕاگەیاندن و برەودان بە ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی خوێنەران، بەردەوام بەرگری لە مافەكانی گەلەكەمان كردووە و مینبەرێك بووە بۆ زیاتر چەسپاندنی پەیامی پێكەوەژیان و لێبوردەیی.»
بۆیە ڕەوایە؛ کە ئێمە وەكو كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) شانازی بەو نرخاندنەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین بەرانبەر ڕۆژنامەكەمان، ئەم گوتە بەنرخانەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، بێشك میدالیای شەرەف و كەرامەت و شانازییە بە سینگی ئێمەی كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) و هەردەم سەرمان پێی بەرزە.
لێرەوە و لەم یادە پیرۆزەدا، پێشەکی پیرۆزبایی 65ساڵیادی ڕۆژنامەی خەبات ئاراستەی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی دەکەین و پەیمان بۆ جەنابیان دووپات دەكەینەوە كە ئێمەی كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) تاكو دواهەناسە و دوا دڵۆپی خوێن ڕێبواری بەوەفا و نیشتمانپەروەری رێبازی بارزانیی نەمر بین و پێشمەرگەی سەنگەری جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بین.
سەرچاوەكان:
1 -مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، بەرگی یەكەم.
2 -مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، بەرگی سێیەم.
3 -دڵشاد مستەفا وەسانی، خەبات بەردەوامە 1959-2019.