ئەردەلان سلێمان ئاژگەیی
ئەمڕۆ بەشانازییەوە یادی 65 ساڵەی دەرچوونی خەبات دەكەینەوە، كە لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، لە 4ی نیسانی 1959 لە بەغدا یەكەمین ژمارەی لێ بڵاوكرایەوە. ئەم رۆژنامەیە لە كوردستاندا سەرتۆپكی راگەیاندنی گرتووە و رۆڵی مەزنی هەبووە لە هۆشیاركردنەوە و هەستانەوەی تاكەكانی كۆمەڵگادا، بۆتە پێشەنگ لە داكۆكیكردنی مافە رەواكانی گەلەكەمان. دەستپێكی سەرهەڵدانی خەبات، دەستپێكی سەخت و پێشمەرگە ئاسا و چەك لە شان بووە و تا گەیشتووە بە ئەمڕۆكەدا، چەندین هەورازو سەختی و دژواری بەخۆیەوە بینیوە، هاوشانی حزبە تێكۆشەرەكەی لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری دابووە. سەردەمانێك تاكە سەرچاوەی زانیاری و هەواڵی شۆڕش و بەرخودان بووە. لە هەموو قۆناغە مێژووییەكاندا و لە هەموو بوارێكدا، خەبات بێ دەنگ نەبووە، بەوپەڕی ئەمانەتەوە هەڵوێستی نیشتیمانی خۆی بەرامبەر بە پرسە نەتەوەییەكان نواندوە. ئەخڵاق و راستگۆیی خەباتیش یەكێكە لە تەمەن درێژی ئەم رۆژنامەیە، چونكە لە ناسكترین قۆناغ و رووداودا، لە هەر بارودۆخێكدا بووبێت، راستی و دروستی هەواڵ و زانیارییەكانی بە خوێنەرەكانی گەیاندووە، ئەمەش ببووە جێی متمانە و باوەڕپێكراو.
خەبات لەوە دەرچووە تەنها رۆژنامەیەك بێت، بەڵكو ئێستا خەبات قوتابخانەیە. ئاخر بۆچی قوتابخانەیە؟! دەتۆ تەماشای ئەو رۆژنامە دێرینە بكە، كەوا چۆن گەنجانە و پێشمەرگە ئاسا بەردەوام رۆژانە بە نەخشە و دیزانێكی جوان و رەنگین 16 لاپەڕەی خۆی وەشان دەكات، هەر لاپەڕەو هاوشێوەی هەریەك لە پۆلی قوتابخانە هەر بوارێك تۆ بتەوێت زانیارییەكانی بڵاودەكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ئەو رۆژنامەیە دایكە! ئاخر بۆچی دایكە؟ دە تۆ تەماشا بكە چەندین سیاسەتمەدارو رۆژنامەنووس و نووسەر و كادری لێهاتوو لە باوەشی ئەم دایكە گەورەبوون و پەروەردە بوونە و لەم قوتابخانەیەدا دروست بوون. جا ئەو رۆژنامەیە هەم دایك بێت و هەم قوتابخانە بێت، ئاخۆ دەبێت چی بێت؟! بۆن و بەرامی خەبات ئەوەندە خۆشە، دایك ئاسا، ناتوانی لە باوەشی جیا ببیەوە.
با ئەوەش بڵێین، خەبات پێشمەرگەیە، هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریدایە، ئەگەر پێشمەرگە بەرامبەر بە دوژمن چەكی لە دەست بێت، ئەوا خەبات قەڵەمی لە دەستە! بە حەماسەتەوە بەوپەڕی ورە بەرزییەوە رۆژانە لە خەباتی خۆی بەردەوامە. خەبات پێشمەرگەی كوردستانە، پارێزەری دەستكەوتەكانییەتی، خەبات ئاوەدانییە، ئاوەدانی لە كوێ بێت، خەباتیش لەوێ دەبێت. خەبات بەڵێن دەدات لەسەر پەروەردەی رێبازی پیرۆزی بازرانی بەردەوام بێت و قوتابی بە وەفای پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.
لێرەدا جێی خۆیەتی و بەم بۆنە پیرۆزە، پێویستە ئەوە بڵێم، بەشانازییەوە ته‌مه‌نێكه‌ لەو رۆژنامەیەدا وەك نەخشەساز كاردەكەم. هەموو رۆژێك بۆ من رۆژێكی نوێیە لەم رۆژنامەیەدا. رۆژێك لە رۆژان هەستم بە ماندووبوون نەكردووە، گرنگ نییە بەلامەوە شەو بێت یان رۆژ بێت، سارد بێت یان گەرم بێت، بۆ من ئەوە گرنگە له‌گه‌ڵ هاوكارانم له‌ ‌ به‌شی هونه‌ریی رۆژانە بەدیار نەخشەی لاپەڕەكانی ئەم رۆژنامەیە بم و جوان جوان بیڕازێنینەوە و بە بەرگێكی پێشمەرگانە ئامادەی بكەین و بینێرینه‌ نێو كۆمەڵگا. هەوڵدەدەین بەجوانترین و رازاوەترین شێوە، خەبات پێشكەشی خوێنەرەكانمان بكەین. (خەبات)م خۆش دەوێت، هەروەك راستگۆییەكەی دەمەوێت لەنێو هەموو راگه‌یاندنی كوردی دیاربێت.