سهرهتا وتار پەروەردە وەك پرسێكی گرنگ لە مێژووی 65 ساڵەی ڕۆژنامەیەكی دێریندا
ڕۆشنا عەلی
ڕۆژنامەی خەبات وەك بڵندگۆیەكی دێرینی مێژووی نەتەوایەتی، كە هەمیشە پرسە نیشتمانییەكان مانشێتی سەرەكی بووە و خۆی بە خاوەنی ئەم پرسە زانیووە و هەر ئەمەیشە كە ڕۆژنامەكە لە پێناویدا دامەزراوە. هاوكات پرسی پەروەردەشی كردووە بە پرسێكی گرنگ و نیشتمانیی، هەڵبەت پەروەردە بە وشە گشتگیرەكەیە بۆ كۆی پرۆسەكە، كە خۆی لە پەروەردەی زانستیی و فێركردن و پەروەردەی مەدەنی و پەروەردەی نیشتمانیی و ژینگەیی و …هتد، دەبینێتەوە.
لەنێو ئەم پرۆسە گشتگیرەشدا ڕۆژنامەی خەبات زیاتر لە هەموو بەشەكانی دیكەی پەروەردە، گرنگیی بە پەروەردە نیشتمانییەكە داوە و ویستوویەتی نەوەیەكی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و پڕ لە زانست و زانیاری پێبگەیەنێت، كە هەستە نەتەوایەتییەكەی بەسەر هەموو شتێكدا زاڵ بێت، بۆ ئەوەی ئەم هەستە لەلای لاوی كورد و تاكی كورد هەمیشە لە لوتكەدا بێت، و هەر ئەوەشە كە خەباتی نەتەوەیەك لە قۆناغێكەوە دەباتە قۆناغێكی دیكە، هەر بۆیەش خوالێخۆشبوو شەهید سامی عەبدولڕەحمان ئەو كاتەی لە هەندەران بووە گوتویەتی (خەبات بۆنی نیشتمانی لێدێت) بە واتای ئەوەی مۆركی نیشتمانی هەڵگرتووە.
ئەوەی ئەم ڕۆژنامەیەی لە ماوەی 65 ساڵدا بە زیندوویی هێشتۆتەوە، خۆگونجاندنی بووە لەگەڵ سەردەم، لەهەر بارودۆخێكدا بەردەوامی بە خۆی داوەو هەمیشە مینبەرە بڵند و ڕاستگۆكەی ناو میدیای كوردی بووە، ڕەنگە زێدەگۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین وەك ڕۆژنامەیەك هەمیشە لە پێشەوەی میدیاو ڕۆژنامەكانی دیكە بووە لە ڕاستگۆییدا، بەڵام لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا هەمیشە پێشەنگ بووە. هەر بۆیە قۆناغەكانی پەروەردە لە ڕۆژنامەی خەبات هەمیشە گەشەی كردووەو بەپێی قۆناغ كاری لەسەر ئەو پرسە كردووە، كە بۆ ئەو سەردەمە گرنگ و پێویست بووە.
ڕۆژنامەی خەبات لە دوای ڕاپەڕینەوە پرسە پەروەدەییەكەی گۆڕا بۆ كاركردن لەسەر پرسی پەروەردەیەكی دروست بە گشت بەشەكانییەوە، ئەوەیشی لە هەمووان زیاتر گرنگی پێدرا پەروەردەی تاك بووە لە كۆمەڵگەی كوردستانیدا، جگە لە پرسی چۆنیەتی گەیشتن بە پەروەردەیەكی دروستی ناو خێزان و قوتابخانەو گرنگیدان بە خوێندن، پرسی پەروەردە بەشێوازی جیاواز لە خەبات تاوتوێ كراوە و ڕووبەرێكی بەرفراوانتری لەسەر لاپەڕەكانی بۆ تەرخانكردووە. بە تایبەتكردنی لاپەڕەیەكی هەفتانە بە پەروەردەو خوێندن كە ئامانجی پەروەردەی دروست و پێگەیاندنی تاكی دروستە لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەریی و تاكێكی بەرپرسیار بەرامبەر هەموو ئەو دەسكەوتانەی، كە بەدرێژایی خەباتی میللەتی كورد بەدەستهاتوون.
لاپەڕەی پەروەردەی ڕۆژنامەی خەبات كار لەسەر ئەو پرسانە دەكات كە دەبنە كێشە لەبەردەم قوتابییان و مامۆستایان و تەواوی پڕۆسەی پەروەردە، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو بە بەردەوامی هەفتانە لاپەڕەیەكی بە ناوی پەروەردەو خوێندن هەبووە، كە هەم كەموكوڕییەكانی خستۆتەڕوو بە ئامانجی چارەسەركردن، هەم پێشنیاری كەسانی شارەزاو پسپۆڕی بۆ بەردەم بەرپرسانی پەروەردە گواستۆتەوە و هەم ڕەخنەگرێكی سەرسەختی كەموكوڕییەكان و لایەنگرێكی بنیاتنەری ئاریشەكانی پرۆسەی پەروەردە بووە، هاوكات بۆتە بەشێكیش لە گەیاندنی پەیامی نوێ و خۆنوێكردنەوەی شێوازی فێركردن و فێربوون لاپەڕەی پەروەردەی ڕۆژنامەی خەبات بەرپرسانی پەروەردەی لە هەموو ئاستەكاندا ڕووبەڕووی پرسیار و كێشەكان كردۆتەوە و هەندێكجار ناچار بە چارەسەركردنی كردوون، بە پەیوەندیكردنی بەردەوام و دووبارەكردنەوەی پرسێك كە زانیبێتی چارەسەرنەكردنی مەترسییە.
ئەوەی بۆ خەبات زیاتر شانازییە و بۆتە خاڵێكی جەوهەریی، بەدەنگەوەهاتنی بەرپرسانی پەروەردەیە لەو كێشەو گرفتانەی لەم لاپەڕەیە دەخرێنەڕوو، دەبێ دان بەوەیشدا بنێین كە بەرپرسانی پەروەردە هەمیشە وەڵامدەرەوەی پرسیارەكان بوون و پێشنیارە بەردەوامەكانی ئەم لاپەڕەیان بەهەند وەرگرتووە، كە ئەوەیان هەم جێگەی ستایشە و هەمیش شایستەی سوپاسكردنە، بەڵام ئەمەیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە كاری لاپەڕەكە یەكسانكردنی باش و خراپ نەبووە، بەڵكو خەمە سەرەكییەكەیەتی بۆ پرۆسەی پەروەردە، بۆیەش بەرپرسانی پەروەردەو پەروەردەكارانیش لەمە تێگەشتوون و بەهەندیان وەرگرتووە.