سڵاو ورێز
(خەبات) تەنیا ڕۆژنامەیەك نییە كە ئۆرگانی پارتێكی دێرین و خاوەن مێژوویەكی درەوشاوەی پڕ لە دەسكەوت و تێكۆشان، بەڵكوو خەبات لە ڕۆژی بە ئاشكرا دەرچوونی لە ساڵی 1959وە تا دەگاتە ئێستا، بۆ ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو دەنگ و ڕەنگی نەتەوەیەك بووە لە پێناو گەیشتن بە سەروەری و سەرفرازی و سەربەخۆیی، ئەو نەتەوەیەی بڕیاری داوە درێژە بە خەباتی ڕەوای خۆی بدات و تا گەیشتن بە ئامانج، وشەی پیرۆزی پڕ لە ڕاستگۆیی و هەقبێژی و نەترسی بكاتە ئامرازێكی كاریگەر لە دەربڕینی خواستی نەتەوەیەك و داكۆكی كردن لە ماف و ئازادی.
ڕۆژنامەی خەبات گەورەترین تۆمار و ئەرشیفی تێكۆشان و خەباتی نەتەوەییمانە، سەرچاوەی هزری پاكی كوردایەتی و دەنگی ڕەوای نەتەوەیەكە. نەوە دوای نەوە نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بیری پاكی خۆیان لە نێو لاپەڕەكانی ئەودا بڵاو كردووەتەوە، هاوكات ئەو ڕۆژنامەیە دەروازەی گەیاندنی پەیام و خواست و بەرنامەی دێرینترین پارتی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانە.
لە ڕۆژی دەرچوونییەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، (خەبات) چەندین هەوراز و نشێوی بڕیوە، ڕێڕەوی مێژووی دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیە خوێندنەوەیەكی دروست و بەڵگەدار لە بارەی قۆناغەكانی خەباتی نەتەوەییمان دەخاتە ڕوو. لە 1991 جارێکی دی وەک قۆناغی دوای ڕاپەڕین خەبات درێژەی بە کاروانەکە دا تا دەگاتە ئەمڕۆ، هەردەم جێ متمانەی خوێنەرانی بووە، ئەمڕۆش ڕۆژنامەكە لە ڕووی دیزاین و چاپ و تەكنیكەوە گەشەیەكی زۆری كردووە، ڕۆژانە كۆی هەواڵە گرنگەكانی پەیوەست بە گەل و وڵاتمان دەخاتە ڕوو، جگە لەوەی خوێنەرانی كە چاپی ڕۆژنامەكەیان بەدەست ناگات، لە پەنجەرەی ماڵپەڕی ڕۆژنامەكەوە دەرفەتی خوێندنەوەی (خەبات)یان بۆ دەستەبەر دەبێت، ئەگەر لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بن.
بە دڵنیاییەوە خەبات زۆر قۆناغی بڕیوە، بەوەی ئەم ڕۆژنامەیە نەك هەر ئۆرگانی پارتێكی بەهێز و تێكۆشەر و سەرڕاستی كوردستانە، بەڵكوو ئەركی نوێنەرایەتی كردنی دەنگی گەلەكەشمانی لە ئەستۆدایە، بۆیە پێمان وایە جێی خۆیەتی بە ڕای خوێنەرانی ئاشنا بێت، كە ئاخۆ لە ڕووی بابەت و هەواڵ و هەمەجۆر بابەتی ڕۆژنامەوانییەوە، چی دیكە بۆ خوێنەرانی ئەمڕۆی پێویستە، ئامانجیش لەمە زیاتر پتەو كردنی پەیوەندیی بەرهەمداری نێوان (خەبات) و خوێنەرانیەتی.
بە هیوای ئەوەی لە ساڵی نوێی خۆیدا، خەبات بە چاپێكی پوختەتر و دەوڵەمەندتر لەوەی ئێستا، ڕۆژانە چاو و دڵی خوێنەرانی ڕۆشنتر بكاتەوە. دەستخۆشی لە ستافی ڕێزداری ڕۆژنامەكە دەكەین و خوازیارین لە سەركەوتن و گەشەی بەردەوامدا بن.
فاضل ميرانى
بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی
4ی 4ی 2024