دەبێ ئیرادەی سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزین

316

وەیسی سەعید وەیسی
قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە خۆڕا نەھاتووە ئارا وە، بەلکوو بەرھەمی خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە، دەبێت بە گیانی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، لایەنەکان کار بکەن بۆ پاراستی ئەو ئەزموونەو دەستکەوتەکانی، ناکرێت بۆ لاوازکردن و شکانی یەکتری بەھیچ جۆرێک لایەنەکان ببنە مایەی مەترسی لەسەر قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان، یان گەر ڕوونتر بیخەینەڕوو، لەپێناو دروستکردنی کێشە بۆ پارتی یاری بە بابەتە نەتەوەییەكان بکرێن و كار بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمە تاوانێکی گەورەیە و خیانەتە بەرامبەر بەخوێنی شەھیدان، هیچ حزبێك له‌ ژیانی سیاسیدا، هێنده‌ی پارتی گه‌له‌كۆمه‌کی له‌ دژ نه‌كراوه‌، بەڵام ھەمیشە وەک شوورەیەکی پۆڵایین لەمەیداندا وەستاوە بۆ پاراستنی کوردستان، جا ھەرلایەنێک کار لەپێناو شکاندنی پارتی بکات بە دلنیایەوە بێ ئەنجام دەمێنێتەوەو شەرمەزاری مێژوودەبێت، بۆیەش بوونی ناکۆکی و بیروڕای جیاواز لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بابەتێکی سرووشتیە ،بەڵام دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی کوردستان لە پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن لەمافە ڕەواو دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کۆک بن، رێگای دروستی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری ئەوەیە كوردستان لەسەرووی ململانێی سیاسی و لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە بێت، لەبارودۆخێکی وەک ئێستا گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

لایەنەکان بەگیانی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی بەیەکەوە بەرگری لە مافەکانی هاوڵاتیان و پاراستنی خاک و خەلکی کوردستان و دەستکەوتەکان بکەن، چونکە ھەمووان بەیەکەوە لەناو یەک کەشتیدان ئاییندەو چارەنووسی ھەمووان یەکە، بۆیە ناکرێت مامەڵەی سیاسییانە لەگەڵ بابەتەکاندا بکرێت، ساڵانێکە بە شێوازی جیاجیای سیاسی و سەربازی و ئابووری و یاسایی فشار لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و کار بۆ لاوازکردن و شکاندنی ئیرادەی خەلکی کوردستان دەکرێت، بەتایبەت بڕیارەکانی ماوەی ڕابردووی دادگای فیدراڵی، کە ھەر ھەموویان بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی سیاسی هەرێمی کوردستان بوون، بۆیە لەپێناو پاراستنی قەوارە و ئێرادەی سیاسی هەرێمی کوردستان ناکرێت بچینە ژێر ھیچ پیلان وھەڕەشەیەک، یان لە ڕقی پارتی هەموو کارێک بکرێت،کە سەرەنجام ھەموولایەک زەرەرمەند دەبن.