شارەزایەكی كەشناسی باس لە هۆكاری دروستبوونی لافاوەكەی هەولێر دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم لافاوە لە ئەنجامی بارینی نزیكەی 100 ملیمەتر باران دروست بووە و لەم شێوە دابارینەشدا، ناتواندرێت شوێنی مەترسییەكان دیاری بكرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”ئەو لافاوەی لە هەولێر دروستبوو، ئەنجامی بارینی بارانێکی نزیکەی 100 ملیمەترییە، وەک لە نەخشەی مانگە دەستکردەکەوە دیارە، بارستە هەورەکە سەنتەری پارێزگاکەی جێهێشتووە بەرەو ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە جووڵە دەکات.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ”لەم جۆرە حاڵەتاندا مەترسی هەیە، نموونەم بە لافاوەکەی پاری چەمچەماڵ هێنایەوە کە تاڕادەیەك هاوشێوە بوو لەگەڵ ئەوەی شەوی رابردوو لە هەولێر ڕووی دا، هەرچەندە ناتوانرێ شوێنی مەترسییەکان دیاری بکرێت، ئەوە بوو لە چەند ناوچەی پێشبینیکراودا بەو شێوەیە نەبوو، بەڵام لە هەولێر ئەم حاڵەتە ڕووی دا، لە ماوەیەکی کورتدا باران و تەرزەیەکی ئێجگار زۆر باری کە ئەوەش لە ئەنجامی دروستبوونی ئەو کەڵەکە هەورانەوەیە کە رووبەرێکی گەورە بە ستونی لەهەوادا داگیر دەکەن، تەنها بەسەر چەند ناوچەیەکدا کۆدەبنەوە و چڕدەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە شوێنێک کارەسات و لافاو ڕوو بدات، لە شوێنی دیکەش باران نەبارێت.”
جێی باسە شەوی رابردوو بەهۆی بارانەكەوە، لە چەند شوێنێكی شاری هەولێر لافاو هەڵسا و لە ئەنجامدا دوو كەس گیانیان لەدەست دا كە یەكێكیان منداڵێكی پێنج ساڵان و ئەوەی دیكەش شۆفێری شۆفڵ بوو كە لە كاتی هەوڵدان بۆ ڕزگاركردنی لێقەوماوان، ئاو رایماڵی. هەروەها دەیان ئۆتۆمبێل و دەیان خانووش بەهۆی لافاوەكەوە زەرەرمەند بوون.