د. مستەفا زەنگەنە
نان، کەواتە مان و ژیان، ڕەنگە گاڵتەت بەم قسەیە بێت؟! بەڵام لەحەقیقەتدا ئەوەیە کە وڵاتێک هەتا ئاسایشی نانی بوو، لەوە ناترسێ ڕۆڵەکانی لەبرسا بمرن، چون ئەوانەی نەبوونی و قات وقڕییان نەدیبێت، بەم قسەیە ناڵێن ئامین. بەڵام لەسەردەمی ئێستادا، تەنها نان چاوی مرۆڤ تێرناکات، بەڵکوو ژیان پڕە لەپێداویستی و خۆراکی جۆربەجۆر، هەر وڵاتێکیش هەوڵی نەدا ئاسایشی خۆراکی زامن بێت، ئەوا ئەو وڵاتە لە بەردەم کارەسات وچۆکداندا دەبێت. ئا لێرەوە دارایی و دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئاسایشی نەتەوەدا خەست دەبنەوە، دارایی کەواتە شادەماری ژیانی وڵات، باشە ئەی دارایی تۆکمە لەچییەوە دەبێ؟ لە پلانی تۆکمەو بەرهەمهێنان و کارکردن وتەکنەڵۆژیاو بەکاربردنی کەرەستە خاوەکانی وڵات، بۆ پیشەسازی وکشتوکاڵ و داهێنان، باشە ئەم هەموو کەرەستە خاوانە لەکوێوە دێن؟ هەموویان لەخاکی نیشتمانەوە دەستدەکەون، کەواتە خاک و نیشتمان بە واتای ژیان و خۆشبەختی وکەرامەت ومانی تاک دێت.
بۆیە ئەوانەی نیشتمانیان خۆشدەوێت خەڵکانێکی وەفادارن، بۆ بەخشندەیی خاک. کەسانێکن لەژیان و کەرامەت و پیرۆزیی خاک تێگەیشتوون، ئەمەش فەرزی دەکات کە دەبێ مرۆڤەکان بەرگری لە خاکی ئەو نیشتمانە بکەن کە ئەم هەموو نیعمەتەی پێ بەخشیون، بۆیە ئەوانەی بەرگری لەخاک دەکەن ، لەمیژوودا بە سەربەرزو پاڵەوان و قارەمان و دڵسۆز هەژمار دەکرێن و ئەوانەشی خاک دەفرۆشن، بەخائین و ناکەس بەچە و نمەک حەرام دائەنرێن و مێژوو تفیان لێدەکات و میللەت و دڵسۆزان بە خۆفرۆش ناویان دەبەن. بۆیە ڕێبەرایەتی و وڵات بەڕێوەبردن هەمیشە خەڵکانێکی دەوێت کە خاک و نیشتمانیان لەلا پیرۆزبێت و زەڕەیەک لەو خاکە بەتاج وتەخت و موڵکی دونیا نەدەن و وەکوو چاویان ئاگایان لێی بێت.
ئێستا وەزعی کوردستانی ئێمە ، ئەوە دەخوازێت کە بەبێ پەردەو بەبێ ترس و بێ سڵکردنەوە، پاک و پیس لێک جیابکەینەوەو خاکفرۆشان دەستنیشان بکرێن و ڕسوای دنیاو قیامەت بکرێن. ئاخر ناکرێ ئێستا سیاسیی کورد هەبێ لە عەرەبێکی بەسرە و ناسرییە و دۆرە… عێراقچیتر بێت؟! ، ئاخر ناکرێ پێشمەرگە شەهید بکرێت و بەشێک لە وڵات تەسلیمی غەیرە کورد بکرێت. ئاخر ناکرێت قەوارەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە ناو جوغزی مەرکەزییەتی بەغدا. بەڕاستی ئەوانەی لەسیاسەتدا کاڵفام نەبن و بە فشەو قەشمەرجاڕی و بەپێ خاوسی تێ نەکەون کاری ئاوا قێزەون و دژ بە خاک ئەنجام نادەن.
جا ئەو کەسانە هەرکەسێک بن، دەچنە ناو زبڵدانی مێژووەوە و کەسیش ڕەحمیان پێ ناکات و نەوەکانیشیان لەناو خەڵکیدا وەکوو بزنی قەش و مانگای مارۆ دیاردەبن و خەڵکی بە تەوسەوە پەنجەیان بۆ درێژ دەکات. ململانێی سیاسی کارێکی ئازادانەیە و تاکتیکیش مافێکی ڕەوایە، بەو مەرجەی چاکی کەوای سیاسەتکردنە کە لەقوڕو لیتەی خیانەت بەخاک هەڵنەژەنن و دەس نەخەنە ناو دەستی نەیارانەوە بۆ ملشکاندنی هاوخوێن و هاوزمانی خۆیان. بەڕاستی ئەو وەزعەی لەکوردستاندا خوڵقاوە جێی شەرمەزارییە بۆ ئەوانەی دەچن لە بەغداوە تیر دەگرنە دەزگاکانی کورد و دەچن لە دادگەی بەغداوە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەرەوەی هەرێم لەسەر غەیرە کورد تاپۆ دەکەن و دەستی سوپای عێراق دەگرن تا بەشێک بەڵکوو هەموو کوردستان بگرێتەوە، لەپێناوی ئەوەیدا بڵێی:-خۆ پێم کرا لەتۆشی تێک دەم.؟!…
سیاسەتکردن و وڵات بەڕێوەبردن وەکوو ئەوە وایە کورد دەڵێ:-مانگا دۆشین و قەزوان تەقاندنیان نەگوتووە. ئێستا هەندێ فەریکە سیاسی و سیاسیی جوققە دەرکردوو، کەوتوونەتە ئەوەی بەگوریس وڵات بپێون و تەسلیمی دەستی نەیارانی بکەن، کەچی زۆربەی حزبە سیاسی و کەسایەتی دڵسۆزو خەباتگێڕیش دەستیان بەکڵاوی خۆیانەوە گرتووەو نققەیان لێوە نایەت، وەکوو بڵێی ئەم کوردستانە نیشتمانی ئەوان نەبێت وایە. سیاسەت و وڵاتپارێزی، بە کۆنە قین و میزاجییەت و هەڕەشەکردن نابێت، بە بڕیاری نائاگایانە و چرکەساتەکانی سەرخۆشیش نابێت، بەڵکوو بەحیکمەت و قووڵبوونەوە و وردبوونەوە و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەبێت، ئەگینا هەر هەوڵێک لەدەرەوەی ئەم لۆجیکەدا بوو، ئەوا دەچێتە ناو چوارچێوەی خیانەت و کاری خود ویستییەوە.
بۆ ئێستا کوردستان و میللەت لەسەرووی هەموو شتێکەوەن، دەبێ ئەوە بزانرێ ڕەوڕەوەی مناڵ لەسەر سێ پێچکە دەڕوات، مەنجەڵی سیاسەتیش لەسەر سێ کوچکەی بەرژەوەندیی خاک و نەتەوەو داهاتوو دەوەستێت. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕۆشنبیرانی کورد دەنگ هەڵبڕن و وڵاتفرۆشان هەرکەسێک بن ڕسوایان بکەن و نەهێڵن وڵات بپووکێتەوەو نەتەوەکەمان بچێتەوە ژێر دەستی داگیرکەر!. چونکە ڕۆشنبیر ئەو ڕووناکییەیە ڕێگاکان بۆ خەڵکی ڕۆشن بکاتەوە و هەڵەکان دەستنیشان دەکات و چارەسەرەکانیش دەخاتە ڕوو. گەر بێت و توێژی ڕۆشنبیر لەمە زیاتر وسکت بێت ئەوا نەیتوانیوە ئەرکە ڕۆشنبیری و مێژووییەکەی خۆی جێبەجێ بکات و بە جۆرێک لەجۆرەکان بەشداری لە پرۆسەی قێزەونی وڵات فرۆشیدادەکات.
با بە هەموومان دەستی وڵاتفرۆشان بگرین و بچینە ناو چاویانەوە و پێیان بڵێین تا ئێرە و بەس. با بە هەموومان بەگوێیاندا هاوار بکەین و پێیان بڵێین تا ئێرە و بەس. گەرنا با هەموومان بچینە سەر مینبەرەکان و بە هەموو دەنگمان هاوار بکەین و پێیان بڵێین بەس. یان واز بێنن، یان وەرنەوە سەر خەتی خزمەتی خاک و نیشتمان. خاکێک بەکوردی قسە دەکات و میللەتێکیش بەم بێ بژێوییەش زۆر لەوانە دڵسۆزترە.