سه‌ره‌تا هزرو هونه‌ر نەژاد عەزیز سورمێ کۆبەرهەمی «بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم…» بڵاوكرده‌وه

نەژاد عەزیز سورمێ کۆبەرهەمی «بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم…» بڵاوكرده‌وه

207
بۆتان جه‌لال
لەم ماوەیەدا سەرجەم شیعرە بڵاوکراوەکانی «نەژاد عزیز سورمێ»ی شاعیر لە کتێبێکدا بە ناونیشانی «بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم …» لە دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە کەوتە بەر دەستی خوێنەران، شیعری قۆناغەکانی ژیانی سەرەتای دەستپێکردنی بە شیعر تاکو دواین شیعری بڵاوبۆوەی لە خۆدەگرێت کە کۆی لاپەڕەکانی (٦٨٧) لاپەڕەی قەبارە مامناوەندە، یەکەم شیعری لە ٧/٦/١٩٧٦ لە شاری نەجەف بە ناوی (شەوبا) نووسیوە، دوا شیعریشی پارچەی ژمارە (١١٠)یە لە دەقی [گەمە شاراوەکانی با] کە لە ٢١/٦/٢٠٠٦ نووسراوە، شاعیر ساڵ دوای ساڵ، دەست و پەنجەی لەگەڵ دەقنووسیدا گەرم دەکات و ڕووبەری هزر و خەیاڵەکانی فراوانتر و زمانی شیرین و پاراوتر گۆش دەکات، وشە لەپاڵ وشە، قەڵای شیعری خۆی بنیاد و بەرزتر دەکاتەوە، لە ئاکامدا چەند کۆمەڵە شیعرێك بڵاودەکاتەوە کە هەر یەکێكیان نوێنەرایەتی داهێنانی قۆناغەکەی خۆی دەکات و هەمووشیان لە یەك سەبەتەدا کۆ دەکاتەوە و بە ستایلێکی هونەرییانە لە بەرگێکی قەشەنگدا دەیخاتە نێو کتێبخانەی کوردیمان.
بە هۆی دەوڵەمەندی لە بەکارهێنانی موفرەداتی فەرهەنگیی و ڕۆشنبیرییەکەی و زمانە ڕەسەن و خاوێنەکەی، لە پاڵ ئەزموونێکی فرە ڕەهەند و هەمەچەشنە لە ژیان و نێوەندی مەعریفەگەراییەکەی، پانتایی داهێنانی لە نووسینی شیعردا هاوکاری دەکەن لە داهێنانی دەقی فرە جەمسەر و فرە مانا و تێپەڕاندنی لاسایی و وێنەی شیعری ئاسایی و تەنك و وێنەی چێژنەبەخش و مەهاتەراتی شاعیرانەی بێ کەڵك.
بۆیە دەکرێ شیعرەکانی نەژاد بخەینە نێو خانەی شیعری جیددی و واتاداری و مەبەستدار، کە هەریەکەیان لە ڕووی تەکنیکی شیعر و سەنگینی هزر و پتەوی زمان، قسە و ڕاڤەی جیددی هەڵدەگرێت.
لە ژێر ڕۆشنایی خوێندنەوەم بۆ ئەم کۆبەرهەمە شیعرییە، دەکرێت چەند وردە سەرنج و زانیارییەکی ڕاگوزەرانە بخەمە بەرچاوتان، بەڵکو دەبمە ڕایەڵێکی خێر بۆ تێگەیشتن و زوو هەرسکردنی شیعرەکانی و بەخشینی چێژێك بۆتان کاتی خوێندنەوەتان.
لای شاعیر (زمان) و کەشفکردنی ڕەهەندەکانی و قوڵبوونەوە و بەکارهێنانی هونەرەکانی زمان کە لە ڕەوانبێژیدا خۆی دەنوێنێت، زۆر گرنگن، چونکی زمان ماهیەتی شیعر و سیحرە خەمڵیوەکەیەتی، لە زماندا هێز و مانادارییەتی و خۆشی و چرکە تێڕامانەکانمانی تێدا دەدۆزینەوە، لە زمانی شیعرەکەیەوە تێدەگەین وزەی شاعیر و خەیاڵە فراوان و ڕەنگاوڕەنگەکانی تا چ مەودایەك لە خزمەتی (دەق) و (خوێنەر) بەکارهاتووە و سەلیقەی بونیادەکەی پێهەڵچنراوە، تێدەگەین ئەو دەقە تا چ ئاستێك ڕێز لە خوێنەری خۆی دەگرێت، شیعر زمانە، زمانیش شیعرە، نەژاد نەیتوانیوە دوو دەق بە یەك شێوازی زمان و موفرەدات و هەمان ترپە و میوزیکی ناوەندی و جوگرافیای خەیاڵەکانی بنووسێت، مەگەر گۆڕانکاری بنچینەیی لە هەموویاندا نەکات و دەست بۆ گەمەکانی (زمان)ی نەبردبێت، ئەو کات هێزێکی زیاتر و نوێ دەبەخشێتە واتا و چێژبەخشییەکەی و چالاکییە هزرییەکانی خوێنەریش دەجوڵێنێت، هەمیشە شاعیری باش باوەڕی بەوە هێناووە یارییە زمانەوانییەکان دەبنە چاوگێك بۆ کرداری بینین و تێڕامان و هانی وروژاندنە هەستییەکان و ناهەستییەکان دەدەن ببنە ڕوانینێك و ڕایەڵێك بۆ هێزی کەشفکردن و واڵاکردنی مەبەست.
پڕۆسەی داڕشتنی هەر گێڕاوەیەك بە شیعرەوەش سۆراغێكی سەرمەدی بەدوای کردارە ئەزەلییەکانی ژیانکردن و کۆتاییهێنان بە ژیانی بەدواوە دێت، شاعیری [بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم…] لە گەشتێکی رۆحیی و مێتافیزیکیدا، بە دوای سۆراغ و پرسین و نیگەرانییە ناکاتی و ناشوێنی و سنور بزربوودا وێڵ و حەیرانە، گەشتەکانی لە دوورگەیەکەوە بۆ دوورگەیەکی نادیار دەستپێکردووە، چەشنی ئۆدیسیۆس لە گەشت ناکەوێ و ناشتوانێ لە هیچ بستە خاکێك ماڵێك بۆ پشوو دروست بکات و تیایدا نیشتەجێی جوگرافیایەك ببێت و بحەوێتەوە.
(خەیاڵ) لە دەقی شیعردا ڕەگەزێکە بێ ئەو جوگرافیای شیعرەکە بچووك دەبێتەوە، لای نەژاد عەزیز سورمێ خەیاڵ وەك پارچە تەختەدارەکانی کەشتی نوح، یەك بەدوای یەك بە بزمار بەیەکەوە به‌ستراون، کەشتییەك چێدەکات لە لافاوی هەڕەشە و گوڕەشە و ترسە ئەفسانەییەکانی ڕۆژگار ڕزگاری بکات.
شیعر فریادڕەسە، لە پاڵ ئەوەی مانۆڕێكی مەعریفی و ڕۆشنگەراییە، لە زۆربەی وێنە شیعرییەکانیدا و بە ئاستی لە یەکترجیاواز، (هەست) لەودیو (بینین) کاری خۆی دەکات، بەڵام دەرەنجام لە کۆتایی هەر وێنەیەکدا ڕەشماڵێك بۆ ژیان به‌رز ده‌كاته‌وه‌ مرۆڤەکان لە ژێریدا هەست بە ئارامی و خۆشگوزەرانی ڕۆحەکانیان بکەن.
شاعیر بە هێمنی و بێ دروشمبازی، شۆڕشگێڕە، ئازادیخوازە، مرۆڤدۆستە، عاشقێکی وێڵی سروشتی کوردستان و کلتوورە ڕەسەنەکەیەتی، کلتوور لەناو سروشتدا ڕۆحی دەخاتەبەر، سروشتیش لە موفرەداتی فەرهەنگیی نەتەوەییدا دەستەبژێری بۆ دەڕەخسێنێ تاکو دیمەنەکانی پڕشنگدار و تژیببن لە جوانییە خواوەندییەکان و ڕۆحە سەرمەدییەکانی ناو ئەفسانەی شکۆداری شیعر و گەوهەرە بە نرخەکانی.
لە ناونیشانی کۆ بەرهەمەکەی تێدەگەین، لە تەمەنیدا بە زۆر ڕێگادا تێپەڕیوە، شوێنپەنجەی بیروباوەڕەکانی کە ئێستە تەنیا وەك یادگاری ماون، بەسەریان جێهێشتووە، ئەو ڕێیانەی کە دەچوونەوە ناو کۆڕی خەبات و تێکۆشان و ڕۆژانی بەرگریکردن لە خاك و مرۆڤ و نیشتمانە خێرلەخۆ نەدیوەکەی دوور و نزیك بە نیشتمانەکەی دەڵێت ئەگەر تۆ نیشتمانی و زێدی وجودی نەتەوەییمانی، ئەوەتانێ منیش ڕێبوارێكی هۆشیار و بە وەفای ڕێگاکانتم و بەسەریاندا تێپەڕیوم و ماندووش نابم.
ئەڤین و شیعری سۆزداری و عەشق لە شیعرەکانی نەژاد ئەستێرە گەشەی ئاسمانی شەوانن، ئاشکرا و دیار پرتەو دەهاوێژن، ئەزموونەکەی لەم جۆرە ستایلە شیعرییانەدا دەوڵەمەند و قووڵە، ڕاستەوخۆ یان بە هێماگەرایی گوزارشتی مرۆڤایەتی تێدا بەرجەستە دەکات و چەشنی مرواری ناو دەریاکان هەڵیانی گرتۆتەوە و بە پاقژی خستوونەتیە بەر دیدی خوێنەرانی.
ژیان (شیعر)ە، شیعریش دواین موعجیزەی دنیایە، ئەگەر قەڵای شیعر ڕووخا، ڕۆحی گەردوون و گیانی مرۆڤەکانیش دەکەونە ژێر هەڕەشەی فەوتان، بۆیە زۆر پەرۆشە دەیەوێت لە ڕێگەی شیعرەکانییەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە دەبێ شیعر هاوتای ژیانکردن لەسەر هه‌سارەکەمان بەردەوام بێت، یەك بێ ئەوی تر هیچ مانایەکی میتافیزیکی بۆ بوون و بەردەوامی لە خەونەکانمان ناهێڵێتەوە.
لە دوا دەقی ناو ئەم بەرهەمەدا، پاژێك لە شیعرەکە لە خوارەوەدا ئاماژەی پێدەدەین، کە نموونەیەکی کرداریی ئەو بۆچوونانەمانە کە لە سەرەوە باسمان لێکردن و تێیدا هاتووە:
گەواهییەکانی تامەزرۆیی
بە تەڵەکەبازییەوە ماندوو بوون …
لێم مەپرسە
گوێ بۆ داکۆکییەکانت شل ئەکەم
ئارەقەیان لێ دەچۆڕێ
وا دیارە ڕۆژگاری گەرمبوونەوە و
سرووتی خەرمانی خۆشەویستی
تاهەتایێ بەسەرچوون …
ئەمە قۆناغی لێك دوورکەوتنەوەیە
من دوور و
تۆ دوور
نیشتمانی دووریش
لە ناوماندا دڵەڕاوکێیەتی
ئەمەیە بەڕاستی دەرهاویشتەی ڕۆژگارێ
گەواهییەکانی تامەزرۆیی شکەت کردووە …
دەرقوولینی کانییەکانی
بە زۆر بڵێی مێزی کافتریا پێنج ئەستێرەکان
سپاردووە.
باران شووشەی پەنجەرەکانیان دەکوتی دانی پێدا دەنێم
ئەوەی تۆ بیری لێ دەکەیتەوە
لای من نییە
هەموو ئەوەی لە ڕێدایە
هەست و
دیمەن و سیما و لاوکێکە
چیرۆکی سێوی گەزلێدراو دەگێڕێتەوە
ئەو درەوشانەوانەی
لە کونج و گۆشان ئاخنراون
ئیتر مەملەکەتی ڕۆحم نین
کەنارێك نین بۆ خۆشەویستی
ئیتر تامەزرۆییش بە درۆیان ماندوو بوو.
٢١/١١/٢٠٠٤