ئەمڕۆ هەینی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەردانێكی فەرمیدا بۆ ئەمەریکا، سەردانی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە واشنتۆن و بە نیازە بەشداریی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی تایبەت بە بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی بایۆلۆجی بكات لە واشنتۆن.
سەردانەكەی وەزیری تەندروستی، لەسەر بانگهێشتنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و بە هەماهەنگیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە واشنتۆن.
وەزیری تەندروستی وەك سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە بایۆلۆجییەکان لە هەرێمی کوردستان (KBMC) بەشداریی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات تایبەت بە بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی بایۆلۆجی و سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستی، لەپێناو سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستیی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگەگرتن لە مەترسییە بایۆلۆجییەكان و تەشەنەكردنی ھۆکارە بایۆلۆجییەکانی نەخۆشیە گوازراوەکان.