نەورۆز بەستێنی فەرهەنگی ئاشتی

193

کاروان کەریمخان

جەژنی نەورۆز و ئاشتی و برایی و یەکێتی گەلە
ڕۆژی هەڵۆیە و هاژەی باڵەکەی، نەک قیڕەی قەلە
شایی میللەتە و شیوەنی دەستەی دوژمنی ناپاک
ڕۆژی کاوەیە، نەک ئەهریمەن و نەوەی ئەژدەهاک
کاکەی فەلاح

نەورۆز وەک سیمبولێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بۆنەیەکی شادی هێن، جگە لە گەڕ و سووڕانەوەی ساڵ و کۆژەدانەوەی دار و زانەوەی سروشت و کەیفە و سەمای زیندەوەران، وەک نۆڕمێکی نەریتی مانا و واتای دیکەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نرخداری هەیە. واتە، نەورۆز کەلتوورێکی دەروونی و هەمەپەسەندی بەهادارە کە «دۆستایەتی» نێوان مرۆڤ و ئیکۆسیستەم و پەیوەندیی «ئەخلاقی»ی نێوان مرۆڤ و مرۆڤیش چوارچێوەدار دەکات.

دەستەواژەی نەورۆز جگە لە واتای نوێ بوونەوە باری واتایی دیکەشی هەیە و لە هەناوی خۆیدا «هەتاو» هێمای «دادگەری»یە و «ئاگر» «ڕووناکایی»بەخشە و «کات» ئامۆژەی «نەزم و کار»ـە و «چرۆ» بە مانای ڕێنێسانسی «بیر»ی مرۆڤی پێشکەوتووخواز دێت و «شایی»ش نیشانەی «یەکگری و یەکسانیی نێوان ژن و پیاو»ـە کە هەموویان ڕێی مرۆڤایەتی و ژیانێکی باشتر بیراز دەکەن.

لە بەرانبەردا «ئازادی»، «بەرابەری»، «سەقامگیری»، «متمانە» و «دادپەروەری» پایە سەرەکییەکانی ئاشتین کە لە ناو کەلتووری نەورۆزیشدا هەمان توخم و پێکهاتە هەن، لە سەر بنەمای ئەو بەراوردەوە دەکرێ لەو سەردەمەشدا نەورۆز ئومێدی ژیانێکی ئەهوەن و دڵنیاتر وێنا بکات و ئاشتی تێدا بکرێتە نۆڕم و کەلتوور. ئاشکرایە کە نەورۆز بەو بارە ماناییەوە بەشێکە لە فەرهەنگی ڕەسەن و کۆنی گەلی کوردستان بۆیە فەرهەنگی سیاسی حکوومەتی کوردستانیش دەچێتە ژێر کاریگەریی ئەم فەرهەنگە ڕەسەن و ڕیشەدارەوە. ئەم شێوازە ژیانەی کە لە واتا و چەمکەکەکانی نەورۆز فێری دەبین وەک هەویرێکی کەلتووری دەبنە بونیان و بەستێنی ئاشتی و پێکەوەژیان کە دەکرێ وەک مۆدێلێکی ژیانی نوێ بچێتە ناو گوتاری سیاسەتی کوردی.

ئەو فەرهەنگە ڕەگدار و پتەوە جگە لەوەی وەک دارێکە کە هەموو کورد لە ژێر سایەیدا دەحەسێتەوە، لە وڵاتێکدا کە نەتەوە و ئایدیا و ئایینی جۆراوجۆری تێدایە هەبوونی فەرهەنگێکی وەک نەورۆز ئافرێنەرێکە کە دەکرێ بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان نەتەوە و ئایدیا و ئایینە جۆراوجۆرەکاندا کەلکی ئەرێنی لێ وەربگیردرێت و ژیانێکی باشتری لە سەر بونیاد بنرێت، لەو نیشتیمانەدا، بە تایبەتی لە شارێکی فرەپێکھاتەی وەک شەقڵاوە، نەورۆز دەتوانێ کوردستان وەک گوڵستانێک بۆ شادی بخەمڵێنێ و مێرگ و چیمەنێک بۆ شایی پێکهاتەکان ڕابخات بۆ ئەوەی وێنە و کارنامەیەکی دوور لە جیاکاری و توندڕەوی نیشانی جیهانیان بدات. فەرهەنگی نەورۆز نە تەنها لە ناو نەتەوەیەکی وەک کورد و لە وڵات و شارێکدا دەتوانێ مژدەهێنی ئاشتی و پێکەوەژیان بێت، بەڵکوو لە کۆی ناوچەکەدا، بە تایبەت لە ناو ئەو نەتەوانەی کە لە جەژنی نەورۆزدا هاوبەشن، دەتوانێ ببێتە دیسکۆڕسی ئاشتی و پێکەوەژیان و دابین کردنی ژیانێکی باشتر.

1ی خاکەلێوەی 2724ی ماد
20/3/2024 زایینی

هەڵکردنی ئاگری نەورۆزی ٢٧٢٤ لە شەقڵاوە