
كاروان محەمەد سین‌و
بۆ نووسین دەربارەی سەركردە و ڕابەڕێك كە هەموو ژیانی خۆی تەرخانكردبێ بۆ ڕزگاركردن و پاراستنی گەل و نیشتمانەكەی، پێویست دەكات ئاوڕێك بدرێتەوە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانەکانی ئەو سەركردەیە و چاوێك بخشێنرێ بە مێژووی ژیانی ئەو ڕابەرە. كاتێك کە ئێمە باس لە باوكی ڕۆحیی میللەتی كورد و ڕابەری سەرجەم خەڵكی كوردستان جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دەكەین، پێویستە باس لە هەڵوێست و خەسڵەت و نیشتیمانپەرەوەری و قۆناغەكانی ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و شەڕ و داستان و خواستی گفتوگۆ و رێکكەوتن و ئاشتەوایی و گیانی برایەتی و خواستی پێكەوەژیانی مەلامستەفا بارزانی بكەین لە عێراق بەگشتی و لە كوردستاندا بەتایبەتی. سەرەڕای ئەوەی بارزانی خزمەتكاری گەل و وڵاتەكەی خۆی بووە، هەردەم دەستی ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی بۆ دوژمن و نەیارانی درێژ كردووە… لەگەڵ ئەوەشدا ڕابەرێكی خۆنەویست و خەباتگێڕ و خۆڕاگر و فیداكار بووە، هەرگیزاو هەرگیز و لە ژێر هیچ گوشار و بەرژەوەندییەكدا مستەفا بارزانی سازشی لەسەر تەنها بستێكی خاكی كوردستان و مافەكانی خەڵكی كوردستان نەكردووە، هەڵبەت دۆزی (كەركوك)ی دڵی كوردستان نموونەیەكی زیندووە لەم مژارەدا. ئینجا بۆ ئەوەی ئاشنا بین بە دڵۆپێك لە دەریای خەبات و بەرخودانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لێرەدا بەكورتی چەند قۆناغێك لە ژیان و خەبات و هەڵوێستەكانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دەخەینە بەر دیدی خوێنەران، ئینجا با هەر خوێنەرێك چیرۆكی ژیان و بەرخودانی مستەفا بارزانی بە ویژدانەوە لە ئەندێشەی خۆیدا وێنا بكات ئەوكات دەردەكەوێت كە كاریزمای جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە چی سەرچاوەی گرتووە.
مستەفا شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی
مستەفا شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولسه‌لام عه‌بدوڵڵا بارزانی، ناسراو به (مه‌لا مستەفا بارزانی، جه‌نه‌ڕاڵ مستەفا بارزانی، پێشەوا، سه‌رۆك مستەفا بارزانی و بارزانی مستەفا)، لە ١٤ی ئاداری ١٩٠٣ له گوندی بارزانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە.
لە تەمەنی سێ ساڵی لە دوای هێرشی عوسمانییەکان بۆ سەر ناوچەی بارزان، لەگەڵ دایکی، نۆ مانگ زیندانی دەکرێت.
شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برا گەورەی مەلا مستەفا، بەهۆی داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، لەلایەن سوپای عوسمانی هێرشیان دەکرێتە سەر و دەستگیر دەکرێت و دواتر بەهۆی داخوازیی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 1914 لە مووسڵ لە سێدارە دەدرێت.
سەرەتا و خوێندنی مستەفا بارزانی
مستەفا بارزانی له مزگه‌وتی گوندی بارزان دەستی بە خوێندن کردووە، دوای کۆتاییهاتنی شوڕشی یەکەمی بارزان لە ساڵی ١٩٣٤ بۆ شاری موسڵ دوور خراوەتەوە و له‌وێ لە قوتابخانه‌ی ئایینیی (مزگه‌وتی عه‌بدوڵڵا نه‌شئه‌ت به‌گ) ده‌ستی بە خوێندنی فیقهی ئیسلامی کردووە و زمان و ئه‌ده‌بی فارسی لای (مامۆستا عه‌لی بۆتانی) خوێندووە، وانه‌ی مامۆستایانی له (مزگه‌وتی ئه‌لنور ئه‌لكه‌بیر) لەلای (مامۆستا شێخ عه‌بدوڵڵا نیعمه) و له (مزگه‌وتی عه‌بدوڵڵا)، (قوتابخانه‌ی ئایینی فه‌یسه‌لییه)، (قوتابخانه‌ی ئایینی ئیمام ئیبراهیم) به‌شداریی كردووە. لە ساڵی ١٩٥٥ له زانكۆی حزبی كۆمۆنیستی یه‌كێتی سۆڤییەت له شاری مۆسكۆ وه‌رگیراوه و دوای سێ ساڵ به‌كالۆریۆسی له زانستی ڕامیاریدا وه‌رگرتووه.
زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی، توركی، ڕوسی، ئه‌رمه‌نی و ئینگلیزیی زانیوە. هەڵگیرسێنەری شۆڕشی دووەمی بارزان و دامەزرێنەری لێژنەی ئازادی بووە. جەنەڕاڵی کۆمارى کوردستان بووە لە مهاباد، سەرۆکی حکومەتی کاتیی دەرەوەی کوردستان بووە لە باکۆ، دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە، مەلا مستەفا بارزانی لە ١ی ئاداری ١٩٧٩ لە نەخۆشخانەی (مایۆکلینک) لە ئەمه‌ریکا کۆچى دوایی کردووە.
دەستپێکی شۆڕشگێڕی و خەباتی مستەفا بارزانی
لە ساڵی ١٩٠٦ و لە تەمەنی سێ ساڵیدا، مستەفا بارزانی له‌گه‌ڵ دایكی به تۆمه‌تی بەشداریکردن لە ڕاپه‌ڕینی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی برای، له‌لایه‌ن (محه‌مه‌د فازڵ پاشا داغستانی) والی موسڵ، له موسڵ بەند كرا.
ساڵی ١٩١٩ مستەفا بارزانی بە سەرکردایەتی هێزێکەوە بە هانای شێخ مه‌حمودی حه‌فید چووە، كه ئەوکات جەنابی شێخ دژی سوپای بەریتانیا ده‌جه‌نگا. لەهەمان ساڵ بە هانای شێخ سه‌عیدی پیران، ڕێبه‌ری شۆڕشی باكووری كوردستانەوە چووە كه جەنابی شێخ سه‌عید دژ به سوپای كۆماری توركیا ده‌جه‌نگا. ئینجا ساڵێک دواتر، مەلا مستەفا به سەرکردایەتی هێزێكه‌وه به فریای (ئه‌ندرانیكى پاشای ئه‌رمه‌ن)ـەوە چووه.
له ٢٣ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌دوای نسكۆی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان لە ئەنجامی هێرشی هێزی ئاسمانی بەریتانیادا و خاپووركردنی ٧٩ گوند و تێكدانی ١٣٦٥ خانوو، جارێکی دی به ناچاری بارزانی و خانەوادەکەیان ئاواره‌ی كۆماری توركیا بوون و له شاری (ئه‌ده‌نه) وه‌ك په‌نابه‌ر ژیاون و بۆ ماوه‌یه‌ك بارزانی له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ر بووه. دواى گەڕانەوەیان لە تورکیا، لە ساڵى ١٩٣٤ بۆ موسڵ دوورخراونەتەوە. لە موسڵ مستەفا بارزانی سه‌ردانی باره‌گای حزبی (ئه‌خاء)ی كردووە. ساڵی ١٩٣٦ مستەفا بارزانی و خانەوادەکەیان بۆ شاره‌كانی به‌غدا، ناسریه، دیوانیه و حیله دوورخراوه‌ته‌وه و ساڵی ١٩٣٩ له‌لایه‌ن ڕژێمی پاشایه‌تی عێراقه‌وه بۆ شاره‌دێی پردێ له سنووری پارێزگای كه‌ركووك و دواتریش بۆ شاری سلێمانی دوورخراونەته‌وه.
مستەفا بارزانی فەرماندەی شۆڕشی یەکەمی بارزان بووە
له ساڵی ١٩٣١ مستەفا بارزانی فەرماندەی هێزی شۆڕشگێڕانی بارزان بووە دژی سوپای هێرشبەری عێراق بە فەرماندەیی (عه‌قید به‌رقی شه‌وقی وه‌یس)، هەروەها سەرکردایەتی شه‌ڕەکانی برادۆستی کردووە دژی هێزه‌كانی شێخ ڕە‌شیدی لۆلان و به‌ره‌ی مێرگه‌سۆر و شه‌ڕی (بێرسیاڤی) دژی ئه‌و هێزه عەشاییرانەى کەهاوکارى سوپاى عێراق بوون. هەروەها بارزانی فه‌رمانده‌ی شه‌ڕه‌كانی گه‌روابنی، كۆركێ، هه‌ڤندكا، كانیە لنج، زێتێ، پیران و شه‌ڕی دۆڵا ڤاژی بووە دژی سوپای عێراق کە لەلایەن (جه‌نه‌راڵ ڕۆبنسۆن)ی بەریتانی فەرماندەیی دەکرا.
مستەفا بارزانی هەڵگیرسێنەری شۆڕشی دووەمی بارزان بووە
مستەفا بارزانى له ٢٧ی ته‌موزی ١٩٤٣ شۆڕشی دووه‌می بارزانی هه‌ڵگیرساندووه و له دژی هێزی سوپا و پۆلیسی عێراق فه‌رمانده‌یی شه‌ڕەکانی خێره‌زوك و گۆڕە‌توو و چیای پیران و مه‌زنێی كرد‌ووه، له ڕۆژانی ٩ تا ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣ له نزیك مێرگه‌سۆر توانی تیپێكی سوپای عێراقی تێكبشكێنیت و هەروەها فه‌رمانده‌یی به‌ره‌ی نه‌هلێ و شه‌ڕی پیرسی له دژی سوپای عێراق كرد‌ووه.
بەرپرسیاریەتییە سیاسییەکانی مستەفا بارزانی
مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٣٩ له شاری سلێمانی په‌یوه‌ندی به ڕێكخستنه‌كانی حزبی هیواوە کردووە. له ١٢ی ته‌مووزی ١٩٤٣ به هاوكاری كوردپه‌روه‌رانی شاری سلێمانی، به تایبه‌تی شێخ له‌تیفی حه‌فید، به شێوه‌یه‌كی نهێنی خۆی لە دەستبەسەرى ڕزگاركردووه و ڕووی كردووه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و لە ڕۆژهەڵاتەوە گەڕاوەتەوە ده‌ڤه‌ری بارزان و( شۆڕشی دووەمی بارزان)ی هەڵگیرساند.
له ١٥ی كانونی دووه‌می ١٩٤٥ مستەفا بارزانی بە سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئازادی هەڵبژێردراوە و ساڵی ١٩٤٦ لە شاری (مهاباد) سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی پارتی دیموكراتی كورد بووە و له ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به تێكڕای ده‌نگی نوێنه‌رانی كۆنگرەی یەکەمی پارتی، به یه‌كه‌مین سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كورد هەڵبژێردراوە. له ١٩ی كانونی دووه‌می ١٩٤٨ سه‌رۆكی سه‌ركردایه‌تی باشوور- ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (كۆنفڕانسی باكۆ) بووه. لە كۆنگره‌ی دووه‌م ١٩٥١، كۆنگره‌ی سێیه‌م ١٩٥٣، كۆنگره‌ی چواره‌م ١٩٥٩، كۆنگره‌ی پێنجه‌م ١٩٦٠، له كۆنگره‌ی شه‌شه‌م ١٩٦٤، كۆنگره‌ی حه‌وته‌م ١٩٦٦ و كۆنگره‌ی هه‌شته‌م ١٩٧٠ به تێكڕای ده‌نگی نوێنه‌رانی كۆنگرەکان مەلامستەفا بارزانی به سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوە. لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ ڕابەرایەتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی کردووە و ساڵی ١٩٦٤ بە سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له كوردستانی عێراق هەڵبژێردراوە.
مستەفا بارزانی و کۆماری کوردستان لە مهاباد
مستەفا بارزانی له ٢٦ى كانونی یه‌كه‌می ١٩٤٦ به‌شداریی مه‌راسیمی ڕاگەیاندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان بووە له شاری مهاباد. له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٤٦ له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودان و شاره‌زایی مەلا مستەفا بارزانی له كاروباری سەربازی، بۆیە له‌لایه‌ن كۆماری میللی ئازه‌ربایجانه‌وه پله‌ی جه‌نه‌ڕاڵی پێ به‌خشراوه و له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ به پله‌ی جه‌نه‌ڕاڵ له سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستاندا خزمه‌تی كرد‌ووه، هەمان ساڵ له سوپای كۆماردا فه‌رمانده‌ی (به‌ره‌ی سه‌قز) بووه. له ١١ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٤٦ و دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان، بارزانی سەرپەرشتیاری پاشه‌كشێپێکردنى ڕێكخراو و هێزەکانی بووە بێ زیان و سەرپەرشتی هێزه‌كانی هه‌ردوو سوپای كۆماری کوردستان و كۆماری میللیی ئازه‌ربایجانی له به‌ره‌ی سه‌قز به‌ره‌و مهاباد له ئه‌ستۆ گرتووه و له ١٦ی كانونی یه‌كه‌می١٩٤٦ له شاری مه‌هاباددا دوا دیداری له‌گه‌ڵ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د ئه‌نجام داوه، له ئاداری ١٩٤٧ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی به‌رزاییه‌كانی (نرگێ) و (به‌رده‌زه‌رد) و (مه‌رگه‌وه‌ڕ)ی دژی سوپای ئێران كرد‌ووه و له‌و شه‌ڕە‌دا برینداربووه. هەروەها فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی (گۆجار) و (هه‌ڤرس) و (هه‌له‌ج) و شه‌ڕی به‌رزاییه‌كانی (به‌رێ زه‌ری) دژی سوپای ئێران كرد‌ووه و له‌م شه‌ڕە‌شدا جارێکی‌تر برینداربۆتەوە، له ١٠ی نیسانی ١٩٤٧ توانیویه‌تی گشت خێزان و پێشمه‌رگه‌كانی لە سوپای ئێران ڕزگاربکات و بیانگەیەنێتە (گاده‌ر) لە سەرسنووری ئێران – عێراق.
مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت
جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى له ١٥ى نیسانی ١٩٤٧ له‌دوای كۆبوونەوەیەکی دوورودرێژ له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیدا، بڕیاریدا له‌گه‌ڵ هێزێكی تایبه‌تی ٥٦٠ پێشمه‌رگه‌یى خۆیان ڕادەستی ئێران و عێراق و تورکیا نەکەن و له ٢٥ی نیسانی١٩٤٧ گه‌یشتووه‌ته دەڤەری مزورییه‌كان و له ٢٧ی ئایاردا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌بێ زیان سنووری كۆماری توركیای بڕیوه و پلانیان داناوە بۆ به‌ڕێكه‌وتن به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤییەت. لەمیانەی بەڕێکەوتنیان بەرەو یەکێتی سۆڤییەت چەندین جار مەلا مستەفا و هەڤاڵانی تووشی شەڕ و رووبەرووبوونەوەی هەرسێ سوپای عێراق و ئێران و تورکیا بوونەتەوە کە بە نیازی لەناوبردنی مەلامستەفا و هەڤاڵانی ڕێگرییان دەکرد.
له ١٨ى حو‌زه‌یرانی١٩٤٧ بارزانی و هه‌ڤاڵانی، خۆیان گه‌یاندووە‌ته سنووری یه‌كێتی سۆڤییەت و له ڕووباری (ئاراس)ـه‌وه به‌ره‌و خاكی یه‌كێتی سۆڤییەت پەڕیونەتەوە.
بارزانی و هەڤاڵانی دەگەڕێنەوە بۆ عێراق
پاش 12ساڵ لە ئاوارەیی و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمووز لە عێراق و ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی لەسێدارەدان لەسەر مەلا مستەفا و شێخ ئەحمەدی برای، له ٢١ی ئابی ١٩٥٨ مەلا مستەفا بارزانی شاری مۆسكۆی بەجێهێشتووە وبەرلەوەی بگەڕێتەوە عێراق بارزانی سەردانی چەند وڵاتێکی کردووە وەک (ڕۆمانیا و چیکۆسلۆڤاکیا و میسر) و لەلایە سەرۆکی وڵاتەکان پێشوازی لێکراوە، پاش گەشتە سیاسییەکە، مستەفا بارزانی له ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٥٨ له فڕۆكه‌خانه‌ی (موسه‌نا)ـی شاری به‌غدا دابه‌زیوە و له‌لایه‌ن تەواوی بەرپرس و پێکهاتەکانی عێراقەوە پێشوازی لێكراوە، دوای چه‌ند ڕۆژ له گه‌ڕانه‌وه‌ی، له باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق، چاوی به زه‌عیم ڕوكن عه‌بدولكه‌ریم قاسم كه‌وتووه و سه‌باره‌ت به هاوبه‌شیەتی كورد و عه‌ره‌ب له عێراقدا گفتوگۆیان كرد‌ووه. پاشان له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له به‌نده‌ری به‌سڕە‌ی باشووری عێراق مەلا مستەفا بارزانی پێشوازی له كه‌شتیی (گڕۆزیا) كرد‌ووه كه هه‌ڵگری یاوەرانى و خێزانەکانیان بووە، ئەوانەى کە لە ساڵى ١٩٤٧ لەگەڵى چووبوونە یه‌كێتی سۆڤییەت.
مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول
لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ لە پێناو مافەکانی سەرجەم خەڵکی کوردستان، مەلا مستەفا بارزانی ڕابەرایەتی شۆڕشی ئەیلوولی کرد. له ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٦١ بارزانی سەردانی ناوچه‌ی دهۆكی کردووە و ده‌ڤه‌ری بادینانی به‌سه‌ر سێ فه‌رمانده‌ییدا دابه‌ش کردووە و له ١٢ی كانوونی یه‌كه‌مدا بارزانی ڕاستەوخۆ سەرکردایەتى شه‌ڕی زاوێته‌ی كرد و سەرکەوتنی شۆڕش لەم شەڕەدا بنەمایەکی بەهێز و بناغەیەکی پۆڵایین بوو بۆ شۆڕشی ئەیلوول و هێزی پێشمەرگە و خودی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦٥ مەلا مستەفا فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی پێنجوێنى کردووە له سنووری پارێزگای سلێمانی و لە ساڵی ١٩٦٦ فه‌رمانده‌یی داستانی هه‌ندرێنی كرد‌ووه کە تیایدا دوو به‌تالیۆنی سوپای عێراق له‌ناوبراون. له ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ سه‌رۆكایه‌تی كۆنفڕانسی (سه‌ربازی – ڕامیاریی) كانی سماقی كرد‌ووه. له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٩ پلانداڕێژە‌ری لێدانی كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركووك بووه كه له ١ی ئاداردا لە لایەن تۆپخانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوولەوە سووتێندرا. له ڕۆژانی ٢٧ تا ٢٩ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٣ سه‌رپه‌رشتیی كۆنفڕانسی ڕامیاری – له‌شكریی چۆمانی كرد‌ووه و…هتد.
مەلا مستەفا بارزانی و ئاشتی و دانوستاندن
مستەفا بارزانی له ٧ی كانوونی دووه‌می ١٩٤٤ یه‌كه‌مین دانوستاندنى له شۆڕشی دووه‌می بارزان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری عێراق کرد كه (ماجید مستەفا) بوو له نزیك گوندی سپیندار دانوستانی ئه‌نجامدا و به‌هۆیه‌وه له سه‌ره‌تای مانگی شوباتدا شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له ده‌ستبه‌سه‌ری ڕژێمی عێراق ئازاد كرا، له ١٢ی شوباتی هەمان ساڵدا به مه‌به‌ستی به‌رده‌وامیدان به دانوستاندنه‌كان، بارزانی سەردانی شاری به‌غدای کردووە و چاوی به عه‌بدولئیلاھ كه‌وتووه، هەر لە هەمان ساڵدا له‌لایه‌ن یانه‌ی پێشكه‌وتنی كوردانه‌وه له شاری به‌غدا میوانداری كراوه و چاوی به سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه كورده‌كانی به‌غدا كه‌وتووه.
ساڵی ١٩٤٥ له شاری به‌غدا چاوی به نوری سه‌عید سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه‌وتووه، له ٢٥ی ئاداری ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ مستەفا خۆشناو و محەمەد قودسی له گوندی (شاورا) به مه‌به‌ستی دانوستان، چاوی کەوتووە به كاپتن (ستۆكسى) نوێنه‌ری باڵیوزخانه‌ی شانشینی یه‌كگرتووی بەریتانیا له عێراق.
له ٢١ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٦ بە سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی كوردستانی بە مەبەستی دیدار و دانوستاندن لەگەڵ شای ئێران سه‌ردانی شاری تارانی كرد‌ووه.
له ٤ی شوباتی ١٩٦٣ به مه‌به‌ستی دانوستاندن له (كانی ماران)ـى سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر، چاوی کەوتووە به شاندێكی حكوومه‌تی عێراقی به سه‌رۆكایه‌تی (جه‌نه‌ڕاڵ تاهیر یه‌حیا تكریتی).
لە ساڵی ١٩٦٤ (پریماكۆڤ) به نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی سۆڤییەت به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی، سه‌ردانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە. له ٢٤ی ئابی ١٩٦٤ به مه‌به‌ستی دانوستان بارزانی پێشوازی له لیوا ڕوكن عه‌بدولڕەحمان محه‌مه‌د عارف سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای عێراق و شاندی یاوه‌ری کردووە. له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٤ مەلامستەفا بارزانی داواكاریی كورد كه بریتی بوو لە (ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان)، ده‌خاته به‌رده‌ستی عه‌بدولسه‌لام محه‌مه‌د عارف سه‌رۆككۆماری عێراق.
له ٨ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٦ له گوندی جوندیان به مه‌به‌ستی دانوستان بۆ ڕێكکه‌وتن و ئاشتی و چاره‌سه‌ری دۆزی كورد، مستەفا بارزانی پێشوازی له لیوا ڕوكن عه‌بدولڕەحمان محه‌مه‌د عارف سه‌رۆككۆماری عێراق كردووە . له ١٥ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ له گەڵالە، پێشوازی له‌شاندی حكومەتی عێراقی کرد کە بەمەبەستی دانوستاندن سەردانی بارزانی‌یان کردبوو.
له ١٥ی ئه‌یلوولی ١٩٦٧ له باره‌گای تایبه‌تی خۆی، بارزانی پێشوازی له جه‌نه‌ڕاڵ تاهیر یه‌حیا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووە و له ٣١ی كانوونی یه‌كه‌م به مه‌به‌ستی دانوستاندن لە بارەى (مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان)، پێشوازی کردووە له شاندێكی حكوومه‌تی عێراقی به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولخالق سامه‌ڕایی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست و عه‌زیز شه‌ریف و لیوای خانه‌نشین فوئاد.
له ١٠ی كانونی دووه‌می ١٩٧٠ له گوندی ناوپردان مەلا مستەفا بارزانی به مه‌به‌ستی دانوستاندن پێشوازی له سه‌ددام حسێن، جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق كرد و لە ئەنجامدا له ١١ی ئاداری هەمان ساڵدا ڕێککەوتنی (مافی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان) لەنێوان مستەفا بارزانی و سەددام حسێن ئیمزا کرا. هەمان ساڵ و لە پێناو یەکڕیزی ناوماڵی کورد، فه‌رمانی به‌خشینی بۆ گروپی ئیبراهیم ئەحمەد – جەلال تاڵەبانی ده‌ركرد.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مەلا مستەفا بارزانی لەپێناو دۆزی کورد
لە ساڵی ١٩٤٧ دوای گەیشتنی بە خاکی یەکێتی سۆڤییەت، بارزانی نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی جۆزیف ستالین ڕێبه‌ری حزبی شیوعی سۆڤییەت كرد و تێیدا داوای پشتگیری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی كرد، له ئاداری ساڵی ١٩٥١ نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی خرۆشۆڤ كرد و بارودۆخی په‌نابه‌رانی باشووری كوردستانی بۆ ڕوونكردەوە و له‌م باره‌یەوه لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکان پێکهێنرا.
له ١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٠ بارزانی بروسكه‌یەكى ناڕەزایی ئاراسته‌ی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان کردووە، سه‌باره‌ت به زۆرداریی شانشینی ئێران و كۆماری توركیا به‌رانبه‌ر به میللەتی كورد. له ٦ی تشرینی یه‌كه‌می هەمان ساڵدا له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی كاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتی سۆڤییەت و به مه‌به‌ستی به‌شداری له جه‌ژنی ئۆكتۆبه‌ر، بارزانی سەردانی یه‌كێتی سۆڤییەتى کردووە. له ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌می هەمان ساڵ به یاوه‌ریی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان، به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، سه‌ردانی زه‌عیم ڕوكن عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی كرد‌ووه.
پاییزی ساڵی ١٩٦٢ له ڕێگه‌ی ئه‌حمه‌د تۆفیق (عه‌بدوڵلای ئیسحاقی)یه‌وه بارزانی نامه‌یه‌كی به مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شۆڕشی ئەیلوول و پرسه‌نامه بۆ كوژرانی جۆن كەنەدی سه‌رۆكی ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئاراسته‌ی كۆنسوڵی ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له شاری ئەسفه‌هان كرد‌ووه.
له ١٥ی ته‌موزی ١٩٦٥ به مه‌به‌ستی داوای پشتگیریكردنی پرسی كورد مستەفا بارزانی نامەیەک ئاراسته‌ی جه‌نه‌راڵ دیگۆلی سه‌رۆككۆماری فەڕە‌نسا كرد‌ووه. له ٣ى تشرینی یه‌كه‌می هەمان ساڵ له باره‌گای تایبه‌تی خۆی، بارزانی پێشوازی له (جولیان ئیمری) نوێنه‌ری حكومه‌تی بەریتانیا كرد‌ووه و هەمان ساڵ نامه‌ی بۆ (ئۆتانتی) سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ناردووه. ساڵێک دواتر له ١ى كانوونی دووه‌مدا سه‌باره‌ت به لكاندنی باشووری كوردستان به عێراقه‌وه، بارزانی نامەیەکی بیرخه‌ره‌وه‌ی خستووه‌ته به‌رده‌م ده‌سته‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. له ١٥ی كانوونی دووه‌می هەمان ساڵدا سه‌باره‌ت به دۆزی كورد له باشووری كوردستان، بارزانی نامەیەکی بیرخه‌ره‌وه‌ی تری خستووه‌ته به‌رده‌م (ویڵسن) سه‌رۆكوه‌زیرانی شانشینی یه‌كگرتووی بەریتانیا. ساڵی ١٩٦٦ نامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به دۆزی كورد پێشكه‌شی كۆنگره‌ی هاڤانا (كۆنگره‌ی سێ كیشوه‌ری ئاسیا، ئه‌فریقیا و ئه‌مه‌ریكای باكوور) كرد‌ووه.
له ٢٨ی ئابی ١٩٦٧ بارزانی نامه‌یەكی لە بارەی دۆزی كورد و سیاسه‌تی قڕكردنی كورد له عێراق، بۆ جه‌مال عه‌بدولناسر ناردووە. له شه‌ڕی شه‌ش ڕۆژە‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل‌دا له‌سه‌ر داخوازی سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب، به تایبه‌تی شا حسێن هاشمی له ٥ی حوزەیرانى ١٩٦٧ بارزانی بێلایه‌نی هه‌ڵبژاردووه. له هاوینی ساڵی ١٩٦٩ پێشوازی له (یاقۆ مه‌لك ئیسماعیل) ئه‌ندامی لێژنه‌ی جێبه‌جێكاری یه‌كێتی ئاسووری جیهانی كردووە.
ساڵی ١٩٧١ مستەفا بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكومه‌تی توركیا كرد و باس لە په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كان کرا بۆ ئەوەی بارودۆخی كۆماری توركیا ئارام بێت و بارزانی داوای ئازادکردنی هه‌زاران به‌ندكراوی كوردی لێکردن. سەرەنجام به‌خشین بۆ به‌ندكراوه كورده‌كانی باكووری كوردستان ده‌رچوو و به‌شێكی زۆریان ئازادكران.
لە ٢ى حوزه‌یرانی ١٩٧١ له باره‌گای تایبه‌تی خۆی له حاجی ئۆمه‌ران، مەلا مستەفا بارزانی پێشوازی له شاندێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی بولگاریا کرد و لە ٢٧ی ئاداری ١٩٧٣ پێشوازی له (كه‌مال جونبڵات) سه‌رۆكی حزبی پێشكه‌وتنخوازی سۆسیالیستی لوبنانی كرد‌ووه.
له ١٨ی ئابی ١٩٧٣ سه‌باره‌ت به (کۆکردنەوە و بەدەستخستنی) گازی ژە‌هراوی له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه، بارزانی نامەیەکی بیرخه‌ره‌وه‌ی ڕاده‌ستی ڕێكخراوی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی له شاری جنێڤ کردووە. لە ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧١ له باره‌گای حاجی ئۆمه‌ران، بارزانی پێشوازی له شاندی لێژنه‌ی پشتگیری گه‌لانی ئاسیایی و ئه‌فریقی و سۆڤییەتی كرد‌ووه كه له جێگری سه‌رۆكی لێژنه باباجان غه‌فورۆڤ و ئه‌ندامێتی دكتۆر ئه‌ندریه زاخارۆڤ و گریگۆری نیتشكین و سه‌عید كامیلێڤ پێكهاتبوون.
کاتێک له ١١ی ئاداری ١٩٧٤ یاسای ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شۆڕش و سه‌رۆككۆماری عێراق یه‌كلایه‌نه جاڕدرا و (كه‌ركووك)ی له جەستەی كوردستان دابڕاند، مەلا مستەفا بارزانی نامه‌یەكی بۆ كۆنگره‌ی لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌رەبی نارد كه له ڕۆژانی ١٩ تا ٢٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٤ له شاری (ڕیاز) سازكرا و تایبەت بوو بە كوشتاری سوپای عێراق دژ به نه‌ته‌وه‌ی كورد.
له تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٤ و له شاری تاران چاوی به هێنری كیسنجه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌وت و له ١٠ی ئاداری ١٩٧٥ نامه‌یەكی ناڕە‌زایه‌تی ئاراسته کرد. له ١١ی ئاداری هەمان ساڵ و له دوای ڕێککه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر، له كۆشكی شای ئێران، مستەفا بارزانی چاوی بە محه‌مه‌د ڕە‌زا شای په‌هله‌وی کەوت و لە ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێنی جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق ئاگاداری کردەوە و پێی ڕاگەیاندن کە ئەم ڕێککەوتنە به قازانجی شانشینی ئێران نییه.
ساڵی ١٩٧٦ مەلامستەفا بارزانی له زانكۆی ئه‌مریكی لە واشنتۆن وتارێکی له‌مه‌ڕ شۆڕشی كوردستان پێشكه‌شی خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆكه كرد و هەمان ساڵ چاوی بە سیناتۆر جاكسۆن و سیناتۆر پرۆكسمایه‌ر و مینی و كۆنگرێسمان ستیڤن سۆلارز كەوت و سه‌باره‌ت به دۆزی كورد گفتوگۆی لەگەڵیان كرد. هەر لەو ساڵەدا بە مه‌به‌ستی باسكردن له پشتكردنی حكومه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له شۆڕشی كورد و بۆ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی بۆ دۆزی كورد ڕابكیشێت، دیدارێكی ڕۆژنامه‌ڤانی له‌گه‌ڵ گۆڤاری ((The ViIIage Voice ئه‌نجامدا.
ساڵی ١٩٧٧ مستەفا بارزانی نامه‌یەكی بۆ جیمی كارته‌ر، سه‌رۆككۆماری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناردووە و بارودۆخی كوردستان و دۆزی كوردی بۆ ڕوونكردووەته‌وه.
هەوڵەکانی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی
له ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٣٦ له شاری موسڵ و له كاتی دانوستاندن، له‌لایه‌ن پارێزگاری ئەوسای موسڵه‌وه، ژەهر کراوەتە ناو قاوەکەى مەلا مستەفا و ژەهرخوارد کراوە، به‌ڵام به هه‌وڵی هه‌ندێک كه‌سایه‌تی دۆست، پزیشكی بۆ بانگ كراوه و له مه‌رگ ڕزگاری بووه.
ساڵی ١٩٤٣ لەلایەن حكوومه‌تی عێراقی خه‌ڵاتێك بەبەهای (پەنجا هەزار دیناری ئەوسەردەمە) بۆ ئه‌و كه‌سه ئامادەکرا كه مستەفا بارزانی بكوژێت و دوو ساڵ پاشتر و له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ دادگای عورفیی سه‌ربازی فه‌رمانی لە سێدارەدان بۆ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و مستەفا بارزانی و ژماره‌یه‌ك له هه‌ڤاڵانی دەرکرد.
کاتێک لە دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤییەت لە ڕۆژانی ٢٥ تا ٢٦ سه‌ردانی شاری كه‌ركووكی كرد، لەو سەردانەیدا مستەفا بارزانی له هه‌وڵێكی تیرۆرکردن ڕزگاربوو کە لە لایەن (موقه‌ده‌م هیدایه‌ت محه‌مه‌د ئه‌رسه‌لان) فه‌رمانده‌ی پۆلیسی سه‌ربازی ئامادەکرابوو.
له ١٧ى كانونی یه‌كه‌می ١٩٦١ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به ناوی دانوستانه‌وه (عه‌قید حه‌سه‌ن عه‌بود)ـی ناردە لای بارزانی و لەو کاتەدا شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بۆردوومانکرد، به‌ڵام له‌به‌ر هۆشیاریی بارزانی (کە شوێنی کۆبوونەوەکەی گۆڕیبوو) هه‌ردووكیان ڕزگاریان دەبێت.
له ١٠ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ له‌لایه‌ن عه‌لی ساڵح سه‌عدی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستییه‌وه، بڕی سه‌د هه‌زار پاوه‌ن بە خه‌ڵات دیارکرا بۆ گرتنی سه‌رۆك مستەفا بارزانی به زیندوویی یان مردوویی.
له ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٧١ له‌لایه‌ن ده‌زگای ئەمنی عامەی عێراق و به ئاگاداری سه‌دام حسێن، شاندێكی مه‌لا و كۆماندۆس له حاجی ئۆمه‌ران کە به ناوی دانوستانه‌وه هاتبوونە لای بارزانی، خۆیان تەقاندەوە، لەم کردە تیرۆریستییەدا مەلامستەفا بارزانی به سووكی بریندار بوو.
کۆچی دوایی باوکی ڕۆحیی میللەتی کورد مەلا مستەفا بارزانی
پاش پیلانێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه (پیلانی جەزائیر) دژی خەڵکی کوردستان و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975دا، مستەفا بارزانی لەگەڵ سەدان ھەزار كوردستانیدا، ئاوارەی ئێران بوو. له مانگی ئابی هەمان ساڵ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و گه‌یاندنی دەنگی کورد به جیهانی ئازاد، به‌ره‌و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕۆیشت و له كۆتایی مانگی ئوكتوبه‌ری هەمان ساڵدا گه‌ڕایەوە بۆ وڵاتی ئێران.
له حوزه‌یرانی ١٩٧٦ بۆ جاری دووه‌م به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ڕووی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كرد و له (مایۆ كلینك) و له نه‌خۆشخانه‌ی (جۆرج تاون) و نه‌خۆشخانه‌ی (سبیل) چارەسەری وەرگرت.
له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٩ بۆ جاری سێیه‌م و دواجار مستەفا بارزانی له نه‌خۆشخانه‌ی (زانكۆی جۆرج تاون مایەوە) و له ١ى ئاداردا به‌هۆی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌وه كۆچی دوایی كرد و له ٥ی ئادار له شاره‌دێی شنۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به ئاماده‌بوونی دەیان هه‌زار كه‌س بە خاکی کوردستان سپێردرا. ئینجا لە پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و له ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ بۆ دواجار له كه‌ژاوه‌یه‌كی پڕ سه‌رفرازی و شکۆدار، ڕوفاتی پیرۆزی (مەلا مستەفا بارزانی و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ) هێنرانه‌وه بۆ باشووری كوردستان و له خاڵی سنووری باشماخ له‌لایه‌ن جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانییه‌وه پێشوازییان لێكرا و له ٨ی تشرینی یه‌كه‌مدا له گوندی بارزانی زێدی خۆیان بۆ هه‌میشه روفاتی پیرۆزیان بەخاک سپێردرا.
سه‌رچاوه‌كان:
1-مسعود بارزانی، (بۆ مێژوو) ـ چاپخانه‌ی ڕۆكسانا ـ هه‌ولێر٢٠٢٠ز).
2-مسعود بارزانی، (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) بەرگی یەکەم و دووەم و سێیەم).
3- ماڵپەڕی (پارتی پیدیا).
4- ئەرشیفی ڕۆژنامەی خەبات و برایەتی.