زانیار سەردار قڕگەیی- سلێمانی:
كەسایەتیی ئایینی و ئەدیب و شاعیر ناسراو و تێكۆشەر و كوردپەروەر، مامۆستا مەلا شێخ (ئەحمەدی ئەحمەدئاوا، كوڕی مەلا شێخ موحەممەدی بارام ئاوا، كوڕی شێخ عەبدوڵڵای دەمەیەوی)یە، ناسراو بە (مامۆستا مەلا شێخ ئەحمەدی، ئەحمەدئاوایی)، ئەم زانایە لە ساڵی (1928)ـی، لە گوندی (دەمەیەو) لە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لە (1942) دەستی كردووە بە خوێندنی ئایینی و تێكۆشـانی كردووە بۆ زانست و زانیـاری لە شارەكانی (هەولێر، هەڵەبجە، كەركووك، ڕەواندوز، سلێمانی، خۆشناوەتی، پێنجوێن، دزەیی، قەراج، شارباژێڕ، ژاوەرۆ، شارەزوور، مەریوان، گاوەرۆ، هەورامان، كۆیە، سنە، مەنگۆر، شامیان، پشدەر، برادۆست، مەرگە، قەرەداغ) و شوێنەكانی تریش، تەمەنێكی زۆری لە خزمەتی زانست و زانیاری ئیسلامدا بەسەربردووە، تا لە (1956) لە سلێمانی لە خزمەت (حاجی مامۆستا مەلا مەعرووفی خاوێیی)دا، ئیجازەی عیلمیی- مەلایەتی وەرگرتووە و، ڕێگای فەتوای شەرعی پێدراوە.
مامۆستا بە بۆنەی خوێندن و مەلایەتییەوە كەوتۆتە دیوی باشووری كوردستان، ئیتـر نەگەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵات، بۆیە دوای ئیجازە وەرگرتنی بە فەرمانی مامۆستایانی ئایینی كراوە بە مودەڕیسی مزگەوتی (شێخ عەبدولكەریمی كوڕی شێخ حسێـنی)ی، (شێخی تەریقەی قادری) لە گوندی (كربچنە) لە ناوچەی (سەنگاو)، پاش ئەمە بووەتە مەلای گوندی (گرێزە)ی، سەر بە قەزای سەیدسادق، دوای ئەمیش لەبەر دژواری باری ژیانی لە (1959) بووەتە مووچەخۆری فەرمی لە بەڕێوەبەرێتی (پۆستە و گەیاندن)ی، قەزای سەیدسادق، بە هۆی نیشتەجێ بوونی لە گوندی (ئەحمەدئاوای بناری هەورامان، بە (مامۆستا مەلا شێخ ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا)ی ناوی دەركردووە، تا (1988) ئاوارەی ئێران بووە، تا راپەڕینی بەهاری (1991)، پاشان گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان و بە بڕیاری بەرەی كوردستانیی ئەوكات، كراوەتە (قازی شەرعی) هەڵەبجەی شەهید تا (1994)، دوای راپەڕینیش ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بووە. ئەم مامۆستایە جگە لە بواری ئایینی و زانستە ئایینییەكان، بەهۆی كوردپەروەرییەكەیەوە هەست و سۆزێكی ناسكی هەبووە و عەشقی ئەدەب و هۆنراوە و خاك و نیشتمان بووە و كاتەكانی خۆیشی بۆ تەرخان كردووە، دەستی شیعریشی هەبووە، مەبەستی بووە لە پاڵ زانستە ئایینییەكەیدا بە رێگەی وێژە و شیعرەوە خزمەتێكی نەتەوەكەیشی بكات، چونكە پێی وابووە كە نەتەوەكەی بەهۆی زووڵم و ستەمی سەدان ساڵەوە، هەمیشە غەدری لێ كراوە، بۆیە نەتەوەكەشی بەهۆی ئەو ئازار و مەینەتییەوە بەناچاری پەنای بردۆتە بەر شۆڕش و راپەڕین بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی، ئەمیش بە هۆنراوەكانی ئەو ئێش و ئازارەی دەربڕیوە و پشتیوانی نەتەوە و سەركردەكانی كردووە. مامۆستا شاعیـرێكی بەرزی كوردایەتی بووە و لە زۆر بابەتدا شیعری نووسیوە وەك پارچە شیعر و دواتریش كۆی كردوونەتەوە بۆ دیوانە شیعر، بەڵام بەداخەوە دوو بەرگی كتێبی شیعرەكانی لە كاتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بە كتێبخانەكەیەوە و چەندەها نووسراوی تایبەت و گرنگ سووتاون و لەناوچوون، ئێستاكە تەنها بەرگێكیان ماوە و، لە دووتوێی كتێبێكدا شیعرەكانی لە ژێر ناوی (دیوانی كەڵەیم) لە (2011) لە سلێمانی چاپكراون، مامۆستا بە چەند ناسناوێكەوە شیعری وتووە، لەوانە (كەڵەیم)، (عەبدالأ)، (مەلای هەورامی ).
ئەم شاعیرە هەست و سۆزێكی نەتەوەییانە و كوردپەروەرییانەی هەبووە، هەمیشە لە خەمی گەلەكەیدا و شۆڕش و راپەڕین و كارەساتەكاندا بووە و پشت و پەنا و هاوكاریان بووە و بە پارچە هۆنراوەیەك ئەو هەستەی دەربڕیوە و پشتیوانی كردوون، هۆنراوەشی بۆ سەركردەكانی گەلی كورد هۆنیوەتەوە بە تایبەت مستەفا بارزانی، كە لەلایەن ئەم شاعیرەوە گرنگی و بایەخێكی هێجگار مەزنی هەبووە و زۆر سەرسام بووە بە كارێزمایی بارزانی، هەر بۆیەشە لە شیعرەكانیدا رەنگدانەوەی زۆری هەبووە، لەو سەروبەندەیشدا و لە یادی كۆچی دوایی بارزانی دا سێ هۆنراوەی درێژی بۆ هۆنیوەتەوە و لەوێشدا هەست و سۆز و خۆشەویستییەكی بێ ئەندازەی بۆ دەربڕیوە و خەبات و شۆڕشەكانی بەرز دەنرخێنێت، هەروەها زۆر بەداخ بووە بۆ كۆچی دواییەكەی و زۆر غەمباری دەكات بەڕادەیەك كە چەند جارێك ئەو خەم و كۆڤان و پرسە و ماتەمین و كۆستە مەزنەی گەلی كوردی پێناس كردووە و دڵتەنگی و دڵگرانی نەتەوەكەی لە یادەكانی سەرەتای مانگی سێ دا دەخاتە روو. لێرەدا مەبەستمانە باس لەو سێ هۆنراوەیەی شاعیر بكەین كە ساڵانە لە یادی بارزانیدا یادی كردۆتەوە..
كۆچی دوایی مەلا مستەفای بارزانی
لە نێو هۆنراوەكانی مامۆستا مەلا ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا (كەڵەیم)ی، شاعیردا، هەموو ساڵێك لە یەكی مانگی ئادار دا، ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردەی رۆحی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی بەرز ڕادەگیرێت، لەو ساڵانەی پێش راپەڕینی جەماوەریی گەلەكەماندا لە كەمپەكانی ئاوارەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر كۆڕ و بۆنەی ماتەمئامێز بە بۆنەی ئەم یادە خەمناكەوە دەبەستران، مامۆستا مەلا ئەحمەد، لەو سەردەمەدا كە خۆیشی یەكێك بووە، لە زانایانی ئاوارەی دەستی ڕژێمی بەعس، لەو ساڵیادانەدا بەشداری كردووە و، شیعر بۆ بارزانی خوێندونەتەوە، لە (1/3/1989)، لە (1/3/1990)، لە (1/3/1991)، وەك مامۆستا عەبدوڵای كوڕی شاعیر ئاماژەی پێ دەكات و، دەڵێت: ئەو سێ هۆنراوەیە چاپ و بڵاونەكرابوونەوە، تەنانەت لە دیوانی مامۆستای ناوبراویش (دیوانی كەڵەیم) كە چاپكرا، بە هۆی بارودۆخی ناجێگیرەوە ئەم سێ دەقە هۆنراوە مێژووییەی لە گەڵی نەخراوە. بەڵام لە سی و هەشت هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مەلا مستەفای بارزانی دا، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد ئەحمەدئاوایی، كوڕی شاعیر، بۆ یەكەمجار دەقی هەر سێ هۆنراوەكەی بڵاو كردەوە.
(مامۆستا مەلا ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا)ی شاعیر، وەك ئەمەك وەفاداریی بۆ رێی پاكی كوردایەتی و بارزانی، بۆ زیندوو هێشتنەوەی یاد و بیرەوەرییە زێڕینەكانی بارزانیی نەمر و بەرزراگرتنی ئەو رۆژی ماتەمینییە بە هۆنراوەیەك یادەكە بەرز رادەگرێت و هەمیشە بە زیندووی لە دڵ و دەروونیدا لە هەست و نەستیدا دەیهێڵتەوە. ئەم شاعیرە مەزنەی گەلەكەمان، خزمەتێكی مەزنی كرد بە ئایینی ئیسلام و بە نەتەوەی كورد لە رێگەی نووسین و شیعر و زانست و زانیاری، بە هزر و بیر و پێنووسی بە بڕشتی. بەداخەوە لە ئێوارەی ڕۆژی (9/12/1996) لە (ئەحمەدئاوا) كۆچی دوایی كردووە و، لە گۆڕستانی (عەبووشەمامان) هەر لە دامێنی ئەحمەدئاوادا ئەسپەردەی خاك كراوە.
هۆنراوەی یەكەم:
لە دەیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردەی نەتەوەیی مستەفا بارزانی گوتراوە، لە لایەن مامۆستا مەلا ئەحمەدی شاعیر، لە ئاهەنگێكی جەماوەریی ئاوارەكانی كوردستان، لە ئۆردوگای دزڵی لە شاری مەریوان لە 1/3/1989 پێشكەش بە ئامادەبووان كراوە. بەمشێوەیە:
بە یادی مەشهەدی بارزان لە كوردستانە بارزانی
خوڵاصەی (مستەفا) ئەو بوو، شەهیدی خاكی بارزانی
بە یادی گشت شەهیدانی ڕێگای كوردانی بارزانی
كە جێداری شەهیدان بوو، شەهیدی شاهی بارزانی
سەعیدە سەعدی پیـرانی لە بیرە سمكۆ و بارزانی
نموونەی شۆڕشی كوردە، بە قازی و بازی بارزانی
بناوانی هەموو شۆڕش بە تێهەڵچوونی بارزانی
هەمووی ئیحیا كرا یەكجار تەقیوە دەنگی بارزانی
وە نەمرە ڕۆحی پاكی ئەو شەهیدی میری بارزانی
هەزاران گـۆی دروودی هەق بە ڕۆحی پاكی بارزانی
نەكەی كوردە لە دڵ دەركەی خەیاڵی گیانی بارزانی
ئەگەر كوردی ئەگەر مەردی بنووسە یادی بارزانی
گوێ بگرە بە كوردستان كە شێرگایە بە بارزانی
ئەمیری شیـری شێركۆ بوو، لە شیرگای شاخی بارزانی
سەرۆكی هێزی كوردان بوو بە ئاڵای كوردی بارزانی
ئەمینی خاكی كوردستان دەروونی پاكی بارزانی
چ ڕەنگین بوو كەژ و خاكی بە بوونی جیسمی بارزانی
فیداكاری رەواجی بە، هەتا ماوی بە بارزانی
ئەسیری خاك و یاسای بە، غوڵامی دەركی بارزانی
ملت كەچبێ بە مەردانە، ئەتۆیش كوردی بە بارزانی
بكە ڕەنگین نیزام و خووی نەكەی لادەی لە بارزانی
ببە سەرباز بە سەربازی لە دەرگای هۆزی بارزانی
شەهیدی نەمری كوردانە سەری ئاڵایە بارزانی
وەفادار بوو، وەفادار بە، بە كوردستانی بارزانی
حەیاتی بەختی كوردان كرد، بە توولی ژینی بارزانی
نەبوو ڕۆژێ بە بێخەم بێ جەمینی پاكی بارزانی
لە بەر بەدبەختی كوردستان بە ڕاستیی نەسلی بارزانی
بە تێكڕایی سەرووخواری تیاچوو هۆزی بارزانی
تەماشای دەفتەری مێژوو بكەن نیزالی بارزانی
لە نێر و مێ لە بەرزانی شەهیدە تەرزی بارزانی
كە ئەجدادی بە مێژووی رۆژ لە كێو و هەردی بارزانی
ئەسیری كورد و كوردان بوون، بە گۆڕی بەرزی بارزانی
لە سجنی توركیا گرتی زمانی زاتی بارزانی
لە كۆشی داكی بەندی بوو، ئەڵێ تەئریخی بارزانی
بە شەعبی كورد و كوردستان بەڵێنی دابوو بارزانی
نەبوو ساتێ لە دۆڵ و كێو سەری بێخەم بێ بارزانی
بە مانی ژینی تەرخانكرد بە شەرت و واتە بارزانی
هەتا ڕۆحی ئەژی سەربەس كە كورد بێ گیانی بارزانی
لە سەر كوردایەتی غوربەت بەشی بوو كاكی بارزانی
لە سەر كوردایەتی دەهشەت خۆراكی زیستی بارزانی
لە سەر كوردایەتی شەرقی بە باوەش گرتۆ بارزانی
لە سەر كوردایەتی غەربی پەنای پێ بردووە بارزانی
لە سەر وەعد و وەعیدی مەرد نەخوازەڵا كە بارزانی
نزوولی قەت نەكرد بۆ كەس ژیا ژینی بە بارزانی
لە سەر كوردایەتی شەهدی شەهیدیی نۆشی بارزانی
لە سەر ڕۆحی ڕەوانی ئەو دروودی هەق بە بارزانی
هۆنراوەی دووەم:
بۆ یانزەیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مستەفای بارزانی، لە لایەن شاعیروە، لە ئاهەنگێكی جەماوەریی ئاوارەكانی باشووری كوردستان، هەر لە ئۆردوگای دزڵی هەر لە مەریوان لە 1/3/1990 پێشكەش بە ئامادەبووان كراوە. كە دەڵێت:
بە یادی پێشەوای كوردان مەنارەی سەوزی سەر گردان
لە خاكی پاكی كوردستان لە ناو جەرگەی گەلی كوردان
شهوودن عالەمی ئەمڕۆ كە شۆڕشگێڕی ناو دەوران
فەقیدی كوردی شۆڕشگێڕ سەرۆك بوو موستەفای بارزان
ئەكەین یادی بە ڕۆح و دڵ موسەففا موستەفای بارزان
نیشانەی هەندەسەی حەربی لە عالەمدا نەبوو وێنەی
تەعەججوب بوون هەموو عالەم لە پەخشانی وتە و هێنەی
لە تەدریبی نەشەی دەورەی مودەڕەب بوو لە ناو سینەی
عەجەب دانا، عەجەب زانا، لە تەرزی نەشئی كۆی میهنەی
ئەكەین یادی بە ڕۆح و دڵ موسەففا موستەفای بارزان
ئومێدی ئارەزووی كوردان حەیاتی هێزی گشت مەردان
فیدای مەهواری كوردستان هەتا مابوو ووتەی پەیمان
كە تێكۆشێ بە ڕۆح و گیان لە ڕەزگاری گەلی كوردان
غوڵامی ڕێ و پەیامی هەم بە نەهجی مەنهەجی خاسان
ئەكەین یادی بە ڕۆح و دڵ موسەففا موستەفای بارزان
وجوبە كوردە بیر و هۆش بكە مەكتەب بڕۆ دەرسە
نیزامی دەوری بارزانی چرای كوردانی بێ شەمسە
لە زانستا یەكەم كەس بوو، وە یادی واجب و فەرزە
وە پەیڕەو بە بە عەهدی ئەو نیشانەی تۆ گەلی بەرزە
ئەكەین یادی بە ڕۆح و دڵ موسەففا موستەفای بارزان
هۆنراوەی سێیەم:
بۆ دوانزەیەمیـن ساڵیادی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر لە 1/3/1991 چەند ڕۆژێك پێش ڕاپەڕین گوتراوە، لە لایەن (كەڵەیم)ی شاعیـر، لە كۆڕ و بۆنەیەكی تایبەتدا لە ناوچەی (ڕاژانـی مەڕگەور)ی، ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە ئەو كات بارەگای سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوێ بوو، لەو یاد و كۆڕەدا (مامۆستا مەلا ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا) كە خۆیشی یەكێك بووە، لە زانایانی ئاوارەی دەستی ڕژێمی بەعس، ئەم هۆنراوەیەی خوێندۆتەوە، كە لە بۆنەكەدا سەرۆك مەسعوود بارزانـی ئامادە بووە. كە دەڵێت:
سەرۆكی میللەتی كوردە گەلی كورد كاكی بارزانی
ئەمیری كورد و كوردستان هەیولای پاكی بارزانی
بە تەنها (موستەفا) ڕەمزە بە خاكی پاكی بارزانی
بە ڕەوگەی ئاینی ئیسلام مەنارە نەهجی بارزانی
ژیا ژینی بە ژینی مەرد لە ژینە ژینی بارزانی
لە ناو جەرگەی گەلا ئەژی مەداری دەوری بارزانی
گەلانی دوون ئەكەن ئیسبات مەقامی دەستی بارزانی
سبوتی مەصدەری تەئریخ ئەنووسێ گەشتی بارزانی
لە ڕۆژهەڵهات و ڕۆژئاوا نیزام و نەزمی بارزانی
ژیا ژینی بە ژینی مەرد لە ژینە ژینی بارزانی
بە بێ ڤیزە و جەوازی میر بە بێ خۆف زاتی بارزانی
لە قەسری (كرملن) وارد بە سەربەس جیسمی بارزانی
مەصیری شەعبی كوردستان یەكەم ئەهدافی بارزانی
تەعەجوب مان سوپای شەرقی لە دەنگ و ڕەنگی بارزانی
ژیا ژینی بە ژینی مەرد لە ژینە ژینی بارزانی
بەیانی وەزعی مەزڵوومی سەراپای كوردی بارزانی
بە پێی نەخشە، بە دەستوبرد گەیاندی هەستی بارزانی
هیوا و ئامانجی تەنهایی سەرەك سالاری بارزانی
فەقەت دادی گەلی كورد بوو، حیوار و خوازی بارزانی
ژیا ژینی بە ژینی مەرد لە ژینە ژینی بارزانی
ئەمینی گەل ئەبێ وابێ ئەسیر بوو زاتی بارزانی
لە ناو چینی ئەسیرا بوو، لە دەورا دەوری بارزانی
بە زەنجیری ئەسیریوە، خۆراكی غەم بوو بارزانی
لە بۆ هەق و هوقوقی كورد بە دەور بوو دەوری بارزانی
ژیا ژینی بە ژینی مەرد لە ژینە ژینی بارزانی









