سهرهتا وتار مەلا مستەفا بارزانی 14ی ئادار1903– 1ی ئادار1979
د. هاوكار كهریم حمەشریف
بارزان لە گوندێكەوە بۆ دەڤەرێك، لە دەڤەرێكەوە بۆ نیشتمانێك، دواتر بوونی بە قوتابخانە و رێبازێكی كوردایەتی ئەو ژینگەیەی ڕێبەرانی وەك شێخ عبدالسلام و شێخ ئەحمەد و مەلا موستەفای تێدا هەڵكەوت، وەك مۆركێك لەماوەی سەدەیەك بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی كردە ناسنامەو بەنەتەوەكەی بەخشی، ئەم دەڤەرە رێبەرایەتی چەندین بزووتنەوەی شۆڕشگێری كردووە كە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
ئەمڕۆ 14ی ئادار یادی لەدایكبوونی یەكێك لەو سەركردانەیە ئەویش مەلا موستەفا بارزانییە كە «121» ساڵ بەسەر له دایكبوونی تێدەپەڕێت، مەلا مستەفای بارزانی سەركردەو رێبەرێكی كاریزمای نەتەوەی كوردو كوردستان و بزوتنەوە رزگاریخوازەكەیەتی لەمێژووی هاوچەرخدا، كەزیاتر لە نیو سەدە خەبات و تێكۆشان و سەركردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانی كرد، خاوەنی گەورەترین و درێژترین شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە شۆڕشی ئەیلوول «1961-1975» ە ، راستە ئەو مەزنە ئەمڕۆ بەجەستە لەنێو گەلەكەیدا نییە، بەڵام مرۆ زۆر بەڕوونی ئەوە تێبینی دەكات كە هەر كاتێك ناوی ئەو رێبەرە دێت ئیدی ئەو هەمیشە زیندوەو لەگەڵ هەنگاوەكانی میللەتەكەی ڕێ دەكات .
مەلا مستەفا بارزانی لە سەردەمێكی زۆر هەستیار هاتە دونیاوە 14ی ئاداری 1903 كە زەمین تەژی بوو لە ململانێی نامرۆڤانەو سڕینەوەی یەكتر، كۆتایی دەوڵەتی عوسمانی بەرپابوونی جەنگی یەكەمی جیهان 1914-1918 رووداوێكی دیكەی تراژیدیای مرۆڤایەتی بوو كە جگە لە بەهەدەردانی گیانی ملیۆنەها مرۆڤ و داڕمانی ژێرخانی ئابووری جیهان، ئەنجامەكانی هێنانی نەهامەتی و دابەشكردن و بنپێخستنی مافی چەندین نەتەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، كە تاكو ئەمرۆش كاریگەرییەكانی درێژەیان هەیە، یەكێك لەوانە نەتەوەی كوردو نیشتمانەكەی بوو كوردستان، كە زەبرێكی كوشندەی بەركەوت خاكو نەتەوەكەی دابەشكرا بەسەر چوار وڵاتی تازە دروستكراوی ناوچەكە، كە غەدرێكی مێژوویی بوو لە نەتەوەی كورد كراو دۆزە نیشتمانییەكەشی دووچاری پارچەبوون لەلایەك و لە چارەسەری سیاسی دوورخستەوە لەلایەكی دیكە، وە هەروەها ئەركی بەرخودان و بەرەنگارییەكانیشی سەختر كرد، چونكە وڵاتانی ناوبراو بەهەماهەنگی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كەوتنە وێزەی نەتەوەی كورد و كوردستان.
مەلا مستەفا بارزانی لەو سەركردە هەڵكەوتووە دانسقانەیە كە بیرێكی قوڵ و عەقلانی و لۆژیكیانەی كردووە لە هاوكێشە ئاڵوزو دەرهاوێشتانەی ئەم جەنگە و نەتەوەكەی، بەشێوەیەك چۆن هەوڵبدات وریابوونەوەی گشتی لە نێو نەتەوەی كورد بێنێتەكایەوە تاكو رووبەڕووی ئەم بارودۆخە ترسناكە بێتەوە كە لە ئارا دابوو.
یەكێك لەو هەنگاوە گرینگانە یەكخستنی ئاڕاستە پەرشوبڵاوانەی كورد و قوڵكردنەوەی گیانی پێكەوە ژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە كوردستان و كۆكردنەوەیان لە سەنگەری بەرگری نیشتمانی .
مەلا مستەفا بارزانی سەركردەو رێبەرێكی نەتەوەیی و جەماوەریی و خاكی و مەیدانی بوو ، هەنگاوو بەرنگاربوونەوەكانی دژی زوڵموزۆری و داگیركاری، ئامانج لێی رزگاری مرۆڤ بوو لە چوارچێوەی یاساو پڕەنسیپە گشتی و نێودەوڵەتییەكان بۆیە بە ئاشكرا دەردەكەوێت ئاڕاستەی ئەم رێبەرە بەرنگاربوونەوە بوو لەدژی زوڵم و ستەم بۆ ڕزگاربوونی كوردستان و لەهەمان كاتیشدا شۆڕش و بەرخودانەكانی بەهەموو پێودانگ و پێوەرە جیهانیەكان مۆركێكی مرۆڤایەتیشی لەخۆ دەگرت.
كاتێك باس لە رووداوە مێژوویەكانی كوردوكوردستان، عێراق، ناوچەكە، تاڕادەیەك جیهانیش لە سەدەی بیستەم بەبێ هاتنی ناوی كوردو مەلا مستەفا بارزانی ناچێتە نێو زانستی مێژووەوە .
رۆڵی مەلا مستەفا بارزانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و پێكەوە ژیانی پێكهاتە جیاوازەكان و بەرەنگاربوونەوە لە دژی رەگەزپەرستی و جیاكاری رەگەزی لە جیهاندا هیچ لە رۆڵی مهاتما غاندی و نیلسون ماندیلا كەمتر نییە. بۆیە مەلا مستەفا بارزانی سومبولی نەتەوەی كورد و مرۆڤایەتی و جیهانیشە.
لەكۆتایدا وێڕای شانازی كردن و دانواندنی سەری رێز و نەوازش بۆ ئەم ڕێبەرە مەزنە مێژووییە داوا لە هەموو ئەو نووسەرو مێژوونووس و قەلەم بەدەست و سیاسیەكان دەكەم بەبێ شارەزابوون لە مێژووی زانستی كورد و ئەم سەركردەیە هەنگاو نەهاوێژن، چونكە لە زانستی مێژوودا- مێژوو ئەوەیە كە هەیە نەك ئەوەی ئەم و ئەو دەیانەوێت، بۆئەوەی ئەمە ببێت، پێویست دەكات مێژوو بە سەردەمی خۆی شرۆڤەو لێكدانەوەی زانستی بۆ بكرێت تاكو ببێتە مێژووێكی زانستی .