
ئەرسەلان دەروێش
لەم رۆژانەدا رووداوێكی زۆر گرینگ و بایەخدار لەناو مێژووی پڕ لە سەروەریی كوردستان بە گشتی و مێژووی هونەری كوردیدا دەدرەوشێتەوەو سەرەتاتكێی بەسەركردنەوە دەكات، نەخاسمە كە ئەم رووداوە فرە گەورەیە روونترین وێنەو بەرجەستەی ژیاندۆستی و ئازادیخوازیی و ژیارپەروەری گەلی كوردی تیا دەبینرێت، مەبەستیش (یەكەمین فێستیڤاڵی هونەری كوردی)یە، كە لە ئەمڕۆادا یادی یۆبێڵی زێرینیەتی و (50)ساڵی تەواو بەسەر سازدانیدا تێدەپەڕێت. بۆیە بە پێویستمان زانی لەم نووسینەدا بەسەركردنەوەیەكی ئەم بۆنە ڕەونەقدارە مێژووییە بكەینەوە بەو بڕی زانیاریانەی بەر دەستی بەندە كەوتووە لە میانەی پەیوەندی كردن بە بەشێك لە هونەرمەندە بەشدارەكانی فێستیڤاڵەكەو پرۆشووری فێستیڤاڵەكە . لەم بەراییەشدا دەمەوێت ئاماژە بەوەش بدەم كە ماوەیەك پێش ئێستا داوایەكم ئاراستەی رێزدار( سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان )و (وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان) كردووە بۆ زیندووكردنەوەی ئەم فێستیڤاڵە هونەرییە كوردستانییە،كە لەماوەی زیاتر لە (30)ساڵی دامەزراندنی حكومەتی هەرێم لە باشووری كوردستاندا و وێڕای سازدانی دەیان فێستیڤاڵی هونەریی گرینگ و جۆراو جۆر نەتوانراوە فێستیڤاڵێكی لەو شێوە فراوانە دابمەزرێت كە هەموو رەنگە هونەرییەكان و تیپ و گروپ و كۆمەڵە و هونەرمەندانی تەواوی شارو ناوچەكانی كوردستان لە ئامێز بگرێت وەك پرۆژە یەكی فەرهەنگی و روناكبیریی نەتەوەیی و وەك پشتیوانی و نرخاندنێكی پێویست لە كارو بەرهەم و بەخششەكانی هونەرمەندانی كوردستان .
• نیگایەكی مێژوویی:
هونەری كوردی وەك هەموو سێكتەرو ركێفەكانی تری ژیان لە باشووری كوردستاندا دوای رێكەوتننامەی مێژوویی 11ی ئازاری 1970، گەشەسەندن و چەكەرەدانێكی ئەفڕێنەرانەی بەخۆوە بینی و بەخششێكی بەرچاوی هێنایە ئاراوە.
لە زۆربەی پارێزگاو شارەكانی كوردستاندا تیپ و كۆمەڵەو گروپە هونەرییەكان لە بوارە جیاجیاكانی هونەرو وێژەی كوردی لە برەودا بوون، كەركووك و سلێمانی و هەولێرو دهۆك و شارو دەڤەرەكانی دیكەی كوردستان وەك خانەقین و كۆیە و هەڵەبجەو رواندز و زاخۆ و…..هەتد، بەدەیان ناوی درەوشاوەی لە بوارەكانی (موزیك و گۆرانی، شانۆ، شێوەكاری، هونەرەمیللیەكان و هونەری ئۆپەرێت)ی تیا هەڵكەوتبوو، شیعرو چیرۆك و ئەدەبی كوردیش لە پێشكەوتنێكی گرینگ دا بوو. بەگشتی ئەو كەش و هەوای ئازادییەرەخساوەی هاتبووە پێشێ و ئەو ئۆمێدە گەورەیەی بۆ چنینەوەی بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول و رێكەوتنامە مێژووییەكهی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا لەئارادابوو، توانستێكی ئەفڕێنەرانەی پڕ بەرهەمی بەگوڕخستبوو،هەر ئەم دیمەنە هونەریی و رووناكبیرییە دانسقەیەش رێگای خۆش كرد بۆ سازدانی یەكەمین و گەورەترین فێستیڤاڵی هونەری كوردی لە مێژووی گەلی كورددا.
• (یەكەمین فێستیڤاڵی هونەری كوردی) كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی كوردی لە بەغدا لە ماوەی نێوان 25 | 2 – 2| 3| 1974 لەژێر دروشمی (لەپێناو هونەرێكی كوردی ڕەسەن و هاوچەرخ دا) بە ئامادە بوونی زیاتر لە (500) نووسەرو هونەرمەندی كورد لە گەلەری و هۆڵە شانۆیی و هونەرییەكانی شاری بەغدا سازدرا، گەورەترین بەرجەستەی كەلتووری و فەرهەنگی گەلی كورد بوو، جوانترین تابلۆی ئازادیخوازیی و ژیاری و ئەفراندن و رەسەنایەتی كوردستانی وێنا كردبوو.
بیرۆەكەی ئەم فێستیڤاڵە لە میانەی سەردانێكی (د.ئیحسان فوئاد) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری كوردی ئەوكات، بۆ دیداری هونەرمەندان و نوێنەری تیپە هونەرییەكانی شاری هەولێر لە 1|11|1973دا خرایە بەر باس، كە پاشان لەلایەن تیپە هونەرییەكانی كوردستان و رێكخراوە جەماوەرییەكان و وەزارەتی راگەیاندی عێراقی پەسەند كرا و لە 21 |1| 1974دا فەرمانێكی وەزاری بۆ سازدانی ئەم فێستیڤاڵە دەركرا، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی ئامادەكاریی بۆ دەستنیشان كرا پێكهاتبوو لە نوێنەرانی لایەنە بەشدارەكان لەبەغداو شارەكانی كوردستان دا،لەوانە:
( د. ئیحسان فوئاد، حسێن عارف، مەحمود زامدار، د. شەمسەدین فارس،كاوە ئەحمەد میرزا،محەمەد ئەلبەدری،نەژاد ئەحمەد شەوقی، یاسەمین بەرزنجی )
هەروەها بۆ رێكخستن و هەڵبژادن و نرخاندنی بەرهەمە هونەرییەكانی هەر بوارێك و دادەوەری كردن لە هەڵبژاردنی كارە سەركەوتووەكان دا، چەندین لیژنەی شارەزاو پسپۆریی لە ئەدیبان و هونەرمەندانی كورد و عێراقی ناوداری بۆ دانرابوو، رەنگە بەهۆی زۆری ژمارەكە دەرفەت نەبێت بۆ یادكردنەوەی ناوی ئەو هەموو بەرێزانە. تەنها ناوی بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دادەوەری ولیژنەكانی شانۆو مۆزیك دەنووسین كە بریتی بوون لە بەرێزان:
(یوسف ئەلعانی، قاسم محەمەد، نورەدین فارس، جەعفەر عهلی، فەریدون عەلی ئەمین، غانم حەداد،عەلی مەردان، محێددین زەنگنە، شێركۆ بێكەس، ئەحمەد سالار، سەباح عەبدولڕەحمان، محمود زامدار، تەها بابان، سەفوەت جەراح، ناسڕحەسەن، منیر بەشیر، جەمیل سەلیم،فەریدەڵڵا وێردی، جەعفەر حەسەن،قادر كوردی، نەجات عەبدە، محەمەد سەعید خەتات، زاهیر محەمەد، جەلال عەزیز، سەڵاح شوان، كاوەی ئەحمەد میرزا و سەعید زەنگەنە و چەند ناوێكی تر)
• لەم فێستیڤاڵەدا دەیان بەرهەمی هونەریی ناوازە پێشكەش كرا كە لە جوانترین ئاپۆرای فرە رەنگی هونەریدا لە ماوەی نزیكەی هەفتەیەك دا رووداوێكی فەرهەنگی مێژوویی تۆماركرد. بەرهەمەكان بریتی بوون لە:
• نمایشی شانۆیی: لەم بەشەدا(11) كاری شانۆگەری لەلایەن ئەم گروپانەوە پێشكەش كران:
1 – شانۆگەری (شاخەوانی مەزن) بەرهەمی (تیپی نواندنی سلێمانی)، ئامادەكردن و دەرهێنانی (غازی بامەڕنی)
2 – شانۆگەری (دیوار) بەرهەمی( كۆمەڵی هونەرو وێژە كوردی – مەڵبەندی گشتی سلێمانی)،دەرهێنانی (تەها خەلیل دڵسۆز)
3 – شانۆگەری (تەقینەوە) بەرهەمی(كۆمەڵی هونەرو وێژە كوردی – لقی كەركووك)، ئامادەكردنی(عەلی كەریم)، دەرهێنانی (سەلمان فایەق)
4 – شانۆگەری (زریان) بەرهەمی (كۆمەڵی هونەرەجوانەكانی كورد – لقی هەولێر)، نووسینی (عەبدولغەنی عەلی یەحیا)، دەرهێنانی(چەتۆ حەسەن)
5 – شانۆگەری (پەیكەر) بەرهەمی (تیپی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی)، دەرهێنانی (بەدیعە دارتاش)
6 – شانۆگەری (بەكێ بڵێم باوكە) بەرهەمی (تیپی سەندیكای كرێكارانی سلێمانی)، نووسینی (حاجی مەكی عەبدوڵڵا)، دەرهێنانی (ئیسماعیل هەورامی)
7 – شانۆگەری (گومەزێك لە دووكەڵ) بەرهەمی (تیپی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان – لقی كەركووك)، نووسین و دەرهێنانی (مەهدی ئومێد)
8 – شانۆگەری (چاوی كوردستان) بەرهەمی (تیپی كارگەی جگەرەی سلێمانی) نووسینی (ئەمین میرزا كەریم، دەرهێنانی (عوسمان چێوار)
9 – شانۆگەری (لەپێناوی روناكی یان بەندكراو ژمارە 11) بەرهەمی (تیپی هونەری هەولێر)، نووسینی (هۆشیار سەید ئەحمەد)، دەرهێنانی (سەباح عەبدولرەحمان)
10 – شانۆگەری (بریقەی ئاڵتوون) بەرهەمی (تیپی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان – لقی سلێمانی)، نوسینی (عومەر عەلی ئەمین)، دەرهێنانی (سمكۆ عەزیز)
11 – شانۆگەری (پردی وڵات) بەرهەمی (تیپی پێشڕەوی شانۆی كوردی) نووسین و دەرهێنانی (ئەحمەد سالار)
• هونەری (ئۆپەرێت): لەوساڵانەدا ئۆپەرێت ئاستێكی بەرزی لەشارەكانی كوردستاندا هەبوو، چەندین جار گروپەكانی كوردستان خەڵاتی یەكەمیان لە سەر ئاستی پەروەردەكانی عێراق بەدەست هێنابوو، بۆیە لەم فێستیڤاڵەدا چەندین بەرهەمی هونەری ئۆپەرێت پێشكەش كرا وەك:
1 – ئۆپەرێتی (تابلۆی سەمایەك) بەرهەمی (تیپی مۆسیقای پەروەردەی سلێمانی)، ئامادەكردن و دەرهێنانی (فەرەیدون سەعید دارتاش)، ئامادەكردنی موزیك (خالد ئەحمەد سەركار)
2 – ئۆپەرێتی (زەماوەند) بەرهەمی (كۆمەڵهی هونەرو وێژە كوردی – مەڵبەندی گشتی سلێمانی) ئامادەكردنی (شەوكەت رەشید)
3 – ئۆپەرێتی (شكۆمەندیی) بەرهەمی (تیپی هونەریی پەروەردەی دهۆك)،نووسینی (ئەحمەد تاقانە) دەرهێنانی (فەرهاد شەریف) ئاوازو موزیكی (شێرزاد محەمەد سەعید)
4 – ئۆپەرێتی (باران)، بەرهەمی (كۆمەڵی هونەرەجوانەكانی كورد – لقی هەولێر)، ئامادەكردن و ئاوازدانان و دەرهێنانی (عەبدولواحید مەرجان)
• بەشێكی تری سەرەكی ئەم فێستیڤاڵە كە بایەخێكی گەورەو پێشوازییەكی جەماوەری فراوانی لێكرا،كۆنسێرتی موزیك و گۆرانی تیپە هونەرییەكانی كوردستان بوو وەك :
1 – تیپی مۆسیقای سلێمانی
2 – تیپی باواجی كۆیە
3 – تیپی هونەری هەولێر
4 – تیپی هونەری سەندیكای كرێكارانی دهۆك
5 – تیپی كۆمەڵی هونەرو وێژەی كوردی – لقی هەولێر
• هونەری شێوەكاری:
لایەنێكی تری ئەم فێستیڤاڵەی پێكهێنابوو، لە میانەی كردنەوەی پێشانگایەكی گەورەدا كە( 60 ) تابلۆو چەندین كاری شێوەكاری چەردەیەك لە هونەرمەندانی كوردی تیادا نمایشكرابوو، وەك:
(محەمەد عارف سیا مەنسووری، لالە عەبدە، عەلی جۆڵا، ئیسماعیل خەیات،سلێمان شاكر، عەتا قەزاز، دارا حەمە سەعید، پەروین بابان، یاسەمین بەرزنجی،شەمسەددین فارس،ئازاد ئەحمەد، كامیل ئەحمەد،داراحەمە عەلی،نوری ئیسماعیل، بورهان سابیر، شامل مەردان، سزا عەبدولكەریم و ژمارەیەكی تر)
بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەهەندێك لەو ناوە هونەرییە دیارانەش بدەم كە بەشداریان لە چالاكی یە هونەرییەكانی ئەم فێستیڤاڵەدا كرد ووە وەك:
(عەلی مەردان، شەماڵ سائیب، رەشۆڵ عەبدوڵڵا، ولیەم یۆحەنا، تاهیر تۆفیق، فوئاد ئەحمەد، مەحمود تۆفیق، رەسوڵ گەردی، محەمەد عارف جەزراوی،باكوری،تەحسین تەها،ئەنوەر قەرەداخی، عوسمان عەلی، سەڵاح رە ئوف، یەحیا مەرجان، حەمە جەزا،فرانسیس داوود،سەڵاح رەئوف، جان تۆماس،سەڵاح محەمەد، گوڵ بەهار، حەمەی نێرگز،حەسەن گەرمیانی،قادر كابان، خەلیل وەندی )و ژمارەیەكی تریش لە ئەدیبان و شێوەكارانی كورد لەوانە: (جەمال بەختیار، ئەنوەر تۆفی، شێركۆ بێكەس، ئازاد شەوقی، كاكەمەم بۆتانی ).
لە كۆتاییدا درود و سڵاو بۆ رۆحی ڕەوانی ئەو هونەرمەندە رابەرو ئە فڕێنەرانەی كە لە ئێستادا لە گەڵمان نەماون و بەرەو بارەگای پەروەردگار ئۆغریان كردووە، بێگومان لە ئەمڕۆا و ئایندەشدا ئومێدو ئاواتمان بە هونەرمەندە داهێنەرەكان و گەنجە بەهرەمەندو دڵسۆزەكانی كوردستانە كە وێڕای هەر هەل و مەرجێكی دژوار، لە كارو بەخششە درەوشاوەكانیان بەردەوامن و درێژە بە م رەوتە ژیارییە دەدەن.