گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی کورد لە ناوچەکەدا

431
خدر مەنتک
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشە پێچەوانەکانی ئیسرائیل بۆسەر حەماس و کەرتی غەززە، میدیا جیهانییەکان سەرەنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرایناوە بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا برد. لە دوای شەڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی ڕێخكراوی تیرۆرستی داعش، جارێکی دیکە فۆکەسی میدیا جیهانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەسەر غەززە چڕ بووەوە و باس و خواسی میدیاکانی جیهان بە ڕووماڵکردن و تەحلیلکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گەرم بوو.
هەر زوو سەدان بیرمەند و شڕۆڤەکاری سیاسی بەشێوەیەکی مەترسیدار لە بارەی گرژییە هەرێمییەکان و نائارامی و ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشدارییان دەدا، لە ئەگەری بەرپێنەگرتن بەرفراوانبوونی جەنگەکە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسوتێت. تەنانەت نووسەری بەناوبانگی ئەمەریکی (تۆماس فرێدمان) گوتی:» ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت. جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە و عێراقیش بێبەش نابێت لە ئاگری ئەو جەنگە.» ئەوەی بووبووە مایەی ئەو مەترسییە گەورەیە، پشتگوێی خستنی ناوچەکە بوو لە ڕابردوودا، بەتایبەتی بەهێزبوونی هیلالی شیعی و میلیشیا چەکدارەکانی ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن کە پانتاییەکی فراوان لە جەستەی جیۆسیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن و لە ساتەوەختی دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە چەندین بەرەی دیکەوە هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی هاوپەیمانان و جووڵەی بازرگانیی جیهانی لە دەریای سوور دەستیپێکرد و لە یەمەن و لوبنان و عێراقەوە بەرەی دیکەی جەنگ کرایەوە. چەندین ڕوانگە و تێڕوانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کران. بەتایبەتی لە ئێستادا، ڕۆژئاوا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر لەوە دەکاتەوە کە تا ساڵی 2025 دەوڵەتێک بەبێ حەماس و ئەبووعەمار لە ژێر چاودێری ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ فەلەستین درووست بکات. بەڵام ڕۆژاوا ئەوەی لە بیرکردووە کە تاکە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی فەلەستین نییە، بەڵکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێنەرایەتیی چوار ناوەندی سەرەکی دەکات، کە هەریەکەیان بە شێوازی تایبەتیی خۆی گەشە دەکات.
یەکەم: گەورەترین ناوەندی جیهانی عەرەبییە کە خۆی بەسەر دوو گرووپی سەرەکیدا دابەش بووە (وڵاتانی عەرەبیی سەرەکی و وڵاتانی پەراوێز). سەبارەت بە وڵاتە سەرەکییەکان کە لە ڕابردوودا پێشەنگی جیهانی عەرەبی بوون و پێشبینیکەری پان عەرەبیزم، ئێستا لە لاوازترین یان ناسەقامگیرترین دۆخدان. ئەم وڵاتانە کە سوریا، لوبنان، عێراق و میسر لەخۆدەگرن، بەهۆی کێشەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی ـ ئابووری، دیمۆگرافی و سیاسییەوە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا خراپتر دەبن، لەگەڵ هەڵچوونەکاندا دەجەنگن. سەبارەت بەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترێت پەراوێزی وەکوو وڵاتانی کەنداوی عەرەبی یان مەغریب، ئەوان سەقامگیری و شەرعییەتی زیاتریان هەیە لە هاوتاکانیان لە وڵاتانی دیکە کە ڕژێمەکانیان شەرعییەتی بنەڕەتی نییە.
ناوەندی دووەم: ئێرانە کە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی سیاسەتی شیعەگەری و بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە عێراقەوە دەست پێدەکات و بەرەو سوریا و لوبنان دەڕوات. ئامانجی سەرەکییەکەی لەناوبردنی ئیسرائیل و دژایەتیکردنی هەژموونی ڕۆژاوایە لەناوچەکە.
ناوەندی سێیەم: تورکیایە کە لە دوای هاتنە سەرکاری ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەیدا کردووە. هاوشێوەی ئێران ئامانجی سەرەکیی تورکیاش بوون بە هەژموون لە ناوچەکەدا، بەشێکە لە بووژانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیزم.
چوارەم: دوا ناوەندە ئیسرائیلییەکەیە کە بە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتەکانی ناوچەکە دادەنرێت لە ڕووی ئابووری و سەربازی و زانستییەوە.
هەریەک لە چوار ناوەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەناو کۆمەڵێک قەیراندا برەو بە بوونی خۆیان دەدەن. لەناو چوار ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەنووسی فەلەستین وەکوو تاکە قەیرانێک دەردەکەوێت، وەکوو پێکهاتەی ناوەندێک کە ئەویش ئیسرائیلە. به‌ڵام لەناو سێ ناوەندە سەرەکییەکەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قەیرانێکی ئێجگار گەورە هەیە و بەبێ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
لە هەریەک لە ناوەندی (عەرەبی، تورکی، ئێران) دا، ئەتنییەکی دیکە هەیە، کە هەرگیز نابێتە بەشێک لەویدیکە و تواندنەوەی لەناو ئەو یەکە سیاسییەدا. ئەویش گەلی کوردە وەکوو بە ئیرادەیەکی پۆڵایین لەناو پێکهاتە و یەکەی سیاسیی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران بەرگری لە شوناس و مافە ڕەواکانی دەکات. بەتایبەتی گەلی کورد، لە عێراق لە سەردەمی (شێخ ئەحمەد)ی بارزانەوە تا ڕاپەڕینه‌ مەزنەکەی ساڵی 1991 خەباتیکردووە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا و لەم ڕێگەیەشدا ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە. باشووری کوردستان نزیکەی سێ دەیەیە لە ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی بەهرەمەندە و نەک تەنها بۆ مافی خۆی تێکۆشان دەکات، بەڵکوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕی بەرگریی لە ژیانی ڕووت دەکات و ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشی تێکشکاند کە نزیکەی 40%ی وڵاتی عێراقی داگیرکردبوو.
هەرێمی کوردستان دوای تێکشکاندنی داعش، لە ساڵی 2017دا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و لەوکاتەدا هەر سێ ناوەندە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستیان کرد بە دژایەتیی هەرێمی کوردستان وحکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی کە بریکاری سەرەکی ئێرانە لەناوچەکەدا، پەلاماری خاکی کوردستانیان دا و بەشێکی زۆر لە ناوچە کێشە لەسەرە کوردستانییەکانیان داگیرکرد.
لە سەروەختی ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەوە تا نووسینی ئەم وتارە، دوو ناوەندە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عەرەبی و ئێرانی) لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراق و میلیشیا چەکدارە بیرکارەکانی ئێرانەوە، هەوڵدەدەن بۆ لەباربردنی ئەزموونی سەربەخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق. تەنانەت هەندێکجار ئێران ڕاستەوخۆ پەلاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات و لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی بالستییەوە ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل و بازرگان و وەربەهێنەرەکانی دەکاتە ئامانج تا بەر بە گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بگرێت و سەقامگیرییەکەی بشێوێنێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆرستانی داعش. پێویستە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پشتیوانی لێ بکرێت و هێشتا زۆر پرسی تایبەتیان هەیە کورد و هاوپەیمانان پێکەوە دەبەستێتەوە. کورد هەمیشە جێی باوەڕترین هاوپەیمانی ئەمەریکا بووە لە عێراقدا. ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا بەغدا بەجێبهێڵن، سەلامەتترین ناوچە بۆ گواستنەوەیان هەرێمی کوردستان دەبێت. وەکوو «سەقامگیرترین و ئەمنترین ناوچەی عێراق.» هەروەها ناوچەیەکی سەقامگیرە بۆ گەشەکردنی بازرگانیی جیهانی. بۆیە پێویستە هاوپەیمانان هەوڵبدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتێکی بەهێزی کوردی و هەرێمێکی سەقامگیر بۆ کوردستان درووست بکەن وەکوو بەربەستێک لە بەردەم هەژموونی ئێران و بیرکارەکانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بانگهێشتکردنی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، لەناوچەکەدا. بەتایبەتی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، (ئەنتۆنی بلیێکن) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەکوو هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوبەشیی کورد و ئەمەریکا لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە. هەروەها، پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشاندا. ئەمەش دەرخەری ئەو واقیعەیە، کە بەتێکچوونی سەقامیگریی هەرێمی کوردستان، ئەستەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.