سهرهتا وتار دادگای فیدراڵی وەک مەترسییەک بۆ پرەنسیپی شەراکەت لە عێراق
پەرژین جەعفەر حاجی رۆستەم*
لەڕووە یاساییەکەوە؛ هەبوون و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق جێی مشتومڕێکی زۆرە، بەڵام لەم قۆناغەدا بەهۆکاری جوڵاندنی چەندین کەیس دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان مشتومڕی سیاسیش هاتە سەر ئەو دادگایە و بڕیارەکانی.
ئەم دادگایە لە ساڵی 2005 بە یاسایەكی وەزاری دامەزراوە، كۆتا هەموارەكەیشی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە 18ـی ئاداری 2021 بوو، كە دادگاكە سەربەخۆییە، بەڵام بەو مانایە نا ئەم دادگایە هێندە بەبێ ڕەچاوكردنی ئەركەكانی دەستبەرێت بۆ پرسە فیدراڵییەكان لە كاتێكدا دەستوری هەمیشەیی عێراق و بەتایبەتی لە ماددەی 93یدا ئەركی دادگاكە وا پێناسەكراوە كە چاودێری كردنە لەسەر دەستوور و یاسا و لێكدانەوە و شرۆڤەكردنە بۆ دەقەكان، بەدیاریكراویش ئەو پرسانەی لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی ناوەند و فیدراڵی دێنە ئاراوە. كەچی ئەم دادگایە تەنیا دەست بۆ ئەو پرسانە دەبات كە دژ بە هەرێمی كوردستان دەجوڵێندرێت.
بەهۆی ناڕوونی لە مادە و بڕگە دەستورییەکانی عێراق، دادگایەکی لەم جۆرە لە کایەی حوکمڕانی و سیستەمە فیدراڵیەکەی زۆر پێویست بوو، بە جۆرێک کە بتوانێ بێلایەنانە ئەو پرسانەی لە پەرلەمان یاخود لە هەر پرۆژە یاسایەک یەکلانەبێت بە پشتبەستنی یاسایی کاریان لەسەر بکات.
جێی پرسیارە ئەم دادگایە بۆچ هێندە بڕیارەکانی و سکاڵاکانی دژ بە هەرێمی کوردستان دەجوڵێنێت لە کاتێکدا سەراپای دەستوری عێراق بووەتە مسوەدەی بێکەڵکی هەندێک لایەنی عێراق؟
یاخود دادگای فیدراڵی چۆن دەتوانێ هێندە بێباکانە دەستبەرێت بۆ ئەو هەرێمەی کە خودی دەستوری عێراق دانیپێداناوە بەلەبەرچاوگرتنی پرەنسیپەکانی شەراکەتی ڕاستەقینە و هاوبەشیکردن و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر نەتەوەیەکی جیاواز.
خۆڕادەستکردنی ئەم دادگایە بە لایەنێکی سیاسی مەترسییەکی گەورە لەسەر شەراکەتی حوکمڕانی و بڕیاردان دروست دەکات، لە کاتێکدا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی پێویست بوو هەموو ڕێز لە فرەڕەنگی نەتەوەیی وئاینی و مەزهەبی عێراق بگیرن.
هەڵوەشانەوەی مافی پێکهاتەکانی کوردستان لە بەشداریکردن و پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ڕاستەوخۆ مەترسی خستنە سەر شەراكەت و سڕینەوەی مافەكانی پێكهاتەی مەسیحی(ئاشور و كلدان) و توركمان و ئێزیدی و كاكەیی و ئەوانی دیكەیش.
هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا ئەوەی بۆ یەكلایی بووەتەوە، كە مەبدەئی شەراكەت لە عێراق و پرۆسەی حكومڕانی كە مایەی هاوسەنگی بوو، جێگەی نەماوە و گرنگی پێنادرێت، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبووە هەمان شێواز لە هەرێمی كوردستان دووبارە بێتەوە، بەڵكو لە كوردستان پرسی بەشداری پێكهاتەكان لە بڕیاردان و دامەزراوەكانی یاسادان و حكومڕانی مەودای پێكەوەژیان و ئاشتی بەرفراوانتر كردووە.
ئەوەی ئێستا گرنگە پێكهاتەكانی وەك مەسیحی و توركمان و میدیا و ناوەندە كاریگەرەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەحزابی سیاسی لە عێراق جوڵەی مەدەنی و یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان و پرەنسیپی شەراكەت لە هەرێمی كوردستان نەكەوێتە بەر ئەو مەترسییە كە دادگایەك لە ژێرپەردەی یاسایی و بەڕەهەندی سیاسی دەستی بۆ دەبات.
* توێژەری مێژووی سیاسی