سه‌ره‌تا به‌دواداچوون عەزیز محەمەد دۆستی نزیكی (بارزانیی نەمر): (بارزانی) جگە لە سەركردەیەك، دیاردەیەكی مێژوویی...

عەزیز محەمەد دۆستی نزیكی (بارزانیی نەمر): (بارزانی) جگە لە سەركردەیەك، دیاردەیەكی مێژوویی بوو

269
زانیار سەردار قڕگەیی- سلێمانی
لە دێرزەمانەوە و لە گشت قۆناغەكانی ژیان، بە جیاوازیی ئایین و رەگەز و زمان و شوێنی جوگرافی، كۆمەڵێك پێوەری نەگۆڕ بۆ نرخاندنی مرۆڤ هەن و هەموان پێیانەوە وابەستەن، ئەوانیش (راستگۆیی، دەستپاكی، خۆشەویستیی نیشتمان، پاراستنی بەهاكانی مرۆڤ و ژینگە و یاسا مۆدێرنە بەكاربەرەكانی دەوڵەت، ئەو دەوڵەتانەی یاسا تیایاندا سەروەرە و مافی مرۆڤ تیایاندا پارێزراوە و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بۆ هەموان یەكسانە، ئەم پێوەرانە بۆ ئەوانەی لەناو دامودەزگاكانی میری، یان لە لوتكەی بڕیار دان، یان لەناو حزب و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پێگەی ئایینیی خاوەن دەسەڵاتدان، قورستر و بەرفراوانترە) و ویژدانی لەئەستۆیانە.
بابەتی باس لێرەدا، كەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیری ناسراو (مامۆستا عەزیز محەمەد)ی سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عێراقە، لە بارزانیی نەمر دەدوێت و هەموو ئەم بەرپرسیارێتی و نرخاندنە، دەگێڕێتەوە.
لێرەدا بە پێویستم زانی، منیش دەقی ئەو وتارە بەنرخ و سەنگینە، كە زۆر پێی سەرسام بووم و زۆر بە گرنگم زانی، بە پشتبەستن بە دەقە وەرگێڕدراوەكەی مامۆستا مەحموود زامدار، لە شێوەی ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی دابڕێژمەوە و ئامادەی بكەم و جارێكی دیكە لە (رۆژنامەی خەبات)دا بڵاوی بكەمەوە، تاكوو مێژووی (بارزانی) وەك سەرچاوەیەكی بایەخدار لە نێوەندە زانستی و مەعریفییەكاندا سوودی لێوەربگیرێت.
لە سەرەتای نووسینەكەیدا مامۆستا (عەزیز محەمەد) دەربارەی پێدانی هەقی خۆی بە بارزانی دەڵێت:
” زۆر زەحمەتە لەسەر (بارزانیی نەمر) بپەیڤیت و بەشە هەقێكی بدەیتێ، ئەگەر بەوردی لە بەرایی و لە ڕەوتی درێژخایەنی خەباتی، كە دەیان ساڵی خایاند، بەڵەد و شارەزا نەبیت، ئەم چەشنە كار و ئەركەش بواری لێتۆژەرێكی كارزان و باڵادەستە، لەپاڵ چەندین دیكۆمێنت و كتێبخانەی تێر و تەسەلی لەمەڕ ئەم بابەتە، نەك دەرەتانی ڕاگوزەرێك بێ، كە پشت بە یادگەیەكی رەنگپەڕیو ببەستێ.“
بارزانی بۆیە هاتە دنیا، تا دژی زۆر و ستەم بێت
بارزانی، هێشتا كە منداڵ بوو، لەنێو ژیانێكی ئاستەنگدا سەری هەڵ دا، گوێی بە زریكەی نێو زیندان زرینگایەوە، یا ئەتوانین بێژین، تەعمیدكردنی شۆڕشگێڕانەی بەر لە هۆشە سیاسی و نەتەوەییەكەی بوو. بارزانی لە كەوشەنی دوو چاخ و لەنێو جەور و زوڵمێكی دوو فلیقەدا، كە تەنگی بە كەسوكار و بە گەلەكەی چنیبوو، سەری هەڵدا، وەك بڵێی، بۆیە هاتە دنیا، تا دژی ئەو زۆر و ستەمە بێت و لەپاشان بەڕوویدا هەڵشاخێ.
لەنێو كەشی بەرپەرچدانەوەی واقیعێكی تاڵی تراژیدیدا، كە گەلی كوردی تێدا شەمزی بوو، نەشونمای كرد و بەردەوام تا دواڕۆژی ژیانیشی دژی ئەو واقیعە و لەسەر ڕەتكردنەوەی ئەو واقیعەدا مایەوە.
بارزانی لە سفرەوە ڕچەی نەشكاند، بەڵكوو ئەو ئاڵای خەباتەی، كە لە كەسوكار و برا و لە شۆڕشگێڕانی گەلەكەی مابووەوە، وەرگرت و لەگەڵ بارودۆخیش ئەو ئاڵایەی بە ڕەنگە راستەقینەكانی ڕەنگڕێژ كرد و مەودا و سیما و ئەدگاری دیكەی پێ بەخشی و بەرز و بەرزتری شەكاندەوە. لەپاڵ ئەوەیشدا، ڕێگاكە ئەوەندە رێك و خۆش نەبوو، بەڵكوو پڕ لە كەند و لەند و زۆر سەخت و دژوار و ئاستەنگ بوو، وەك رێگا پڕ لە نشێو و هەورازەكانی كوردستان خۆی و كێوە سەركەشەكانی.
هەروا نەشیتوانی بەتەواوی لە هەموو هێز و ڕەنگی گەلەكەی سوود وەرگرێ، چونكە ئەو گەلە پچڕپچڕ و خاكەكەیشی لەتلەت بوو، نا، بەڵكوو ئەمیش وەك بزاڤی سەرانسەری رزگاریخوازانەی گەلەكەمان، لەژێر باری جوگرافیای سیاسی، یا ئەو واقیعەی، كە كوردستان بەسەر چەند دەوڵەتێك دابەش كراوە، دەینناڵاند.
ئا لەم بارە سەختەدا، نەك هەر ناتوانرێ سوود لە سەرجەم هێز و وزەی گەلی كورد و هەروەها لە ناخی جوگرافیای كوردستان وەربگیرێ، بگرە لەمیش سەختتر ئەوەیە، هەر جارەی، كە بزاڤێكی لە هەر بەشێكی كوردستان بەرپا ببێ، ئەوا ئەو دەوڵەتانەی، كە بەرزەفتكەری بەشەكانی دیكەن، بە هەڵەداوان و لەبەر مەترسیی تەشەنەكردنی مەشخەڵانی ئەو بزاڤە و بەربەستكردنی ڕێگای راگوێزانی گەرای راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی بۆ نێو بەشەكانی دیكە، دەست بە جووڵە و تاكتیك و كاری دوژمنكارانەی خۆیان كردووە، واتە ئەو دەوڵەتانەی هاوكەوشەنی كوردستانن، هەمیشە و بەردەوامیش و بە هەر شێوەیەك بێت، هەر هەموویان بۆ تێكشكاندنی بزاڤی رزگاریخوازانەی نەتەوەی كورد هاومەبەست بوون، لە ئەنجامیشدا، لە هیچ یەك لەو دەوڵەتانەدا، هیچ پەناگەیەكی راستەقینە بۆ هیچ شۆڕشگێڕێكی كورد نەبووە.
گەشتە ئەفسانەییەكەی بارزانی، بەرامبەر بە چەندین سوپای ڕێك و كۆك
ئا بەمەش دەتوانین، ناچاربوونی بارزانی، لەدوای هەرەسهێنانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و گەشتە هەرە ئەفسانەیی و خوێناوییەكەی، بەرامبەر بە چەندین سوپای پڕچەك و لەپاشان پاشەكشەكردنی خۆی و چەند سەد لە جەنگاوەرەكانی بۆ سەر رووباری ئاراس و پەڕینەوەی بۆ نێو خاكی شوورەوی راڤە بكەین. لەوانە بوو كارەكە بەمجۆرە نەكەوتایە، ئەگەر سەرجەمی نەتەوەی كورد، بە یەكێ لەو دەوڵەتانە بلكایە، یا بەشێ لە بەشەكانی خاكەكەی قەوارەیەكی سەربەخۆی خۆی هەبووایە، یا- بەلایەنی كەمەوە- لەسەر سنووری كوردستان خۆیدا، دەوڵەتێك بوایە و بەدەست گرێكوێرەی كێشەی كورد نەیناڵاندایە. لەژێر سێبەری ئا ئەو بارودۆخانەدا، ململانێ و جمان و چالاكیی بارزانی لە ڕووی رژێمە پەیدەرپەیەكانی عێراقدا بەردەوام بوو، تا كونجێك لەو گەمارۆ قانگدراوەی، كە لەسەر گەلی كورد كلیل و كلۆم درابوو، وا زوو واڵا بكات و لە تەكیشیدا چەق و بنكەیەك دامەزرێنێ و بەرەو ئامانجی هەرە دوور هەنگاو هەڵێنێ. لە كەشوهەوا و لە دۆخێكی ئاڵۆزكاوی وادا، چ لە سییەكان و چ لە چل و پەنجا و شەستەكانی سەدەی رابردوودا، بارزانی كەوتە نێو بەرخودان و خەباتەوە، ئەو خەباتەیش بوو بە جۆرە مەلەوانییەك لە دژی تەوژمی پیلەكە، كە لە ئەنجام و گەلێ جاریش رووبەڕووی گەلێ بەربژاری تاڵ و تفتی دەكردەوە، هەر بۆیە، كە دەبوایە سووكترین و بێ ئەركترین تاڵاوی ئەو بەربژارییەی هەڵبژاردایە، خۆ ئەگەر جار نا جارێكیش، دەوڵەتێك لەو دەوڵەتە هاومەبەستانە، ڕووكەشانە خۆی وا ڕواندبێ و گوایە پشتگیریی لە كێشەی كورد دەكا، ئەوا لە بنجدا و تەنیا و بەس ئەو خۆڕانواندنە، جۆرە (گەمە)یەك بووە بە كاغەزی كورد و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بووە، وەك چۆن ئەمڕۆكە ئەو گەمەیە بۆ هەموو لایەكمان ڕوون و ئاشكرایە.
لەمپەر لە دروست نەبوونی قەوارەیەكی سەربەخۆیی
بارزانی، دوور لە بازنەی بەرتەسكی راستەوخۆوە، پەی بە كێشەی كورد و پەل هاوێشتنەكەی بردووە، چۆن ئەو دەوڵەتانەی، كە گەمارۆی كورد و كوردستانیشیان داوە، زۆربەیان گەر نەبێژین هەر هەموویان، بە (ڕۆژئاوا)وە بەندن، ئەو (رۆژئاوا)یەش ئامادە نییە چ بەرژەوەندیی خۆی و چ بەرژەوەندیی دۆستەكانی خۆی بكاتە گاو و گەردوونی بەرژەوەندیی لەتلەت و پێشێلی مافەكانی كورد و بووەتە لەمپەرێكیش لە دروست نەبوونی قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ ئەو گەلە.
وێڕای ئەوەیش، لەبەردەم بارزانیدا هەر ئەوە مایەوە، كە زۆر بە كارامەیی سات و سەودا لەگەڵ ئەو واقیعەدا بكات و بازبازێنی بەسەردا نەكات، ململانێی نێوان هەردوو لەشكرەكە و بێ متمانەیی ئەو لەشكرەیە بە ئەوەی دیكە، سەبارەت بە هەر چەشنە بزاڤ و پەرەسەندن و گۆڕانكارییەك، تەرازووەكە لە بەرژەوەندیی دوژمنەكەی سەنگەڵا دەكات، ئا ئەم دوو بلۆكە وای لە بیر و هزری بارزانی كردووە، كە زۆر نیگەران و ئەستەمە، هیچ جۆرە سەركەوتنێك بە لاتەرازبوونی ئەو دووانە، یا یەكێكیان، دەست كەوێ. هەر ئەم هاوڕێژەیەش بۆ ماوەیەكی زۆر، هزر و بیری بارزانی پێوەی خەریك ببوو، كە لە ئەنجامدا وای لێ كرد، لە ڕووی پراكتیكییەوە حیسابی هاووڵاتی لەنێوان سۆڤیەت و ئەمریكادا بگرێت. سۆڤیەتێك، كە چ دڵنەوازی و پشتگیری و هاریكاریی خۆی هەیە بۆ كێشەی كورد و چ بۆ خودی بارزانی، كە نزیك بە دوازدە ساڵ لەسەر ئەو خاكەدا ژیا، پیشان دا، بەڵام گشت ئەمانە لەگەڵ ویست و ئەلهای بارزانی و سەركردایەتیی شۆڕشی كوردستان هاوتەریب نەبوون.
رێككەوتنە شووم و پڕ لە شوورەییەكەی جەزائیر
ئەمریكا هیچ جووڵەیەكی نەكرد، تەنیا لە بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی خۆیاندا نەبێت، نەخاسمە سۆڤیەت ئەو كەناڵانەی نەبوو، كە كار بە- دەسكەمی- لەسەر ئەو لایەنە بكا، كە بەرەنگاری گەلی كورد بوون، گەلێ جاریش هیچ رێگا و دەرووێكی راستەوڕاست یا ناڕاستەوخۆی نەبووە، تا بیگەیەنێتە كوردستان. ئەمەو سەرەڕای جۆرە ئاوێتەبوونێكی پەیوەندیی دۆستایەتی و هەرەوەزیشی لەگەڵ ڕژێمی عێراق لە سووچێك و پەیوەندیی هاریكارانەیشی لەتەك گەلی كورد و نەخوازەڵا لە دوا ساڵانی شۆڕشی ئەیلوولدا و لە بەراییەكانی بەیاننامەی مێژووی ئاداریشدا لە سووچێكی دیكەوە.
كەچی كار لەگەڵ ئەمریكادا، كە چەق و بنكەیەكی فرەی سیاسی و سوپایی لە ناوچەكەدا هەبوو، بەتایبەتی لە ئێرانی دەورانی شادا، جۆرێكی دیكە بوو، ئەمریكا و ئێران بە هەموو شێواز ڕووبەڕووی بەیاننامەی ئادار، هاوكات و شانبەشانی ئەو تەنگوچەڵەمانەی، كە خودی رژێمی عێراق خۆیشی لەبەردەم بەیاننامەكە دادەنا، بوونەوە.
نێوەندەكانی ئەمریكا هیچ جووڵەیەكیان نەكرد، تەنیا لە بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی خۆیاندا نەبێت، بۆ هەموو شتێكیش بیانوویان دەدۆزییەوە، تا بگەنە ئامانجەكانی خۆیان، هەموو خەم و ئەرك و كاری ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بۆ ئەوەبوو، تا مەرجەكانی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێ، بە بیانووی هاریكاری و دۆستایەتیی ئەوسای عێراق لەگەڵ سۆڤیەت و سەپاندنی مەرج و داخوازییەكانی ئێرانیش بۆ سەر (شەتولعەرەب)، لە ئەنجامیشدا حیسابی ئەو یەكلاییە وای لە بارزانی كرد، لەگەڵ ئەم دوو لایەنە بوەستێ و بەمەیش كۆتایی بە سیاسەتی ئەو یەكلاییەی هێنا، كە بۆ ماوەیەكی درێژ سەركردایەتیی بارزانی پەیگیری بوو. هەر ئەمەیش شۆڕشی خستە نێو كونجێكی تەسكەوە، لەدوای رێككەوتنە شووم و پڕ لە شوورەییەكەی جەزائیرەوە، نووچی بەو شۆڕشە دا.
بەڵێ، ئاڵۆزكانی بارودۆخی نێودەوڵەتی و تیژبوونی تەوەرەی پێكدادانی بەرژەوەندییەكان و لۆژیكی جوگرافیای سیاسی و رێنوێنەكانی ئەوسای، زۆر لەوە قورستر و ئاڵۆزتر بوون، كە هێز و بۆچوونەكانی شۆڕش بارتەقای بكات. لە ئەمەریكا و لەسەر پێخەفی نەخۆشیدا- هەروەك رۆژنامەی (خەبات) دەڵێ: ”بارزانی گوتبووی (لە هیچ شتێ پەشیمان نەبووم، بەقەد پەشیمانیم لە پشتبەستن بە ئەمەریكا و گفت و بەڵێنەكانی..)“.
هەر چۆنێك بێ و دوور لە گشت گۆشە نیگایەك و سەرەڕای ئەو هەڵوێستەی، كە بوو بە مایەی پەشیمانییەكی زۆری بارزانی، ئەوا بارزانی لە گشت چالاكی و بۆچوون و خەبات و رێنوێنییە گشتییەكاندا، جگە لە خواست و بەرژەوەندیی گەلی كورد، لەپێناو دابینكردنی مافی نەتەوایەتی و پاشەڕۆژە پرشنگدارەكەی نەبێ، سروشی وەرنەگرتووە، ئەو هەموو دەسكەوت و سەركەوتنانەیش، كە گەلی كورد وەدەستی هێناوە و ئێستا لە سایەی سێبەریدا دەژی، كە نیازخواز و دەستبەكارین لەپێناو رەگاژۆكردنیدا، ناكرێ دوور لە راپەڕین و شۆڕشەكانی گەلی كورد سەیری بكرێ، نەخاسمە شۆڕشی ئەیلوول و پەند و دەرس و سەركەوتن و نووچخواردن و هەموو ئەو مەشقە سەخت و بەرفراوان و هەمەچەشنانەی، كە تێیدا سازش كرا و لەپاڵیشیدا ئەو هۆشیارییە نەتەوایەتی و تەیاربوونە سیاسییە و رەسیدبوونی ئەزموون و شارەزاییە، كە لەلای وەچەی نوێی سەركردەكانی هاتە كایەوە.
بەڵێ، سەرباری هەموو قسە و بۆچوون و نووسینێك، كە دەربارەی شۆڕشی ئەیلوول كراوە و گوتراوە، ئاوا ئەو شۆڕشە بە مەزنترین قەفێك لە زنجیرەی شۆڕشەكانی گەلی كورد، لەپێناوی دەستەبەركردنی مافە ڕەواكانی نەتەوایەتیی خۆی بەرپایانی كردووە، دەمێنێتەوە.“