خەبات: هاژە بەرزنجی: سلێمانی:- شاعیر و هونەرمەند (کاربین شێخ سەلام ساڵح) لە ساڵی 1987 لەشاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین لەدایکبووە، ئێستا لەسلێمانی نیشتەجێیە و سەرۆکی ڕێکخراوی (شنەبای خاک) ـە بۆ ڕۆشنبیری و مرۆیی دەیان کۆڕی ئەدەبیی وڕۆشنبیریی و مرۆیی و سیمینارو ناساندنی بۆ کتێبی نووسەران و شاعیرانی کوردستان ئەنجامداوە.
شاعیرو هونەرمەند (کاربین سەلام ) لە لێدواێکدا بۆ ڕۆژنامەی (خەبات) گووتی: وێڕای نووسینی شیعر ، کاری هونەریش دەکەم بۆ نموونە، دەرهێنەری چەند کورتە فیلمم کەبریتین لە: چارەنووسێکی نادیار، پەشیمانی، کۆڕۆنا، یەکی شەش بەمن چی؟ کەتایبەتە بە ڕۆژی جیهانی منداڵان.
لەبارەی كورتە فیلمێكی سینەمایی و بەرهەمە چاپكراوەكان هونەرمەند كاربین گووتی: ئێستا کار لەسەرکورتە فیلمێکی سینەمایی دەکەین، لەبواری نووسینی شیعرو بەرهەمە چاپکراوەکانیشم، کتێبێکی شیعری ئاشقانەم بەناونیشانی (درەنگ هاتی) چاپ و بڵاوکردۆتەوە و هاوکات کتێبێکی ترم به ناونیشانی (ستەم لێکراو) ئامادەی چاپە و خوایاربێت بەمزوانە لەشارەکانی هەرێمی کوردستاندا ناساندنی بۆ دەکەم و بڵاوی دەکەمەوە، سەرجەم شیعرەکانیشم لەبواری عیشق و سۆزداریە و تیایدا باسی لێکترازان و دابڕان و خۆشەوستی دەکات.
لەبارەی ئامانجی رێكخراوەكەیان لە بواری رۆشنبیری و مرۆیی هونەرمەند كاربین شێخ سەلام گووتی: ئامانج لە رێكخراوی (شنەبای خاک) بۆ ڕۆشنبیری و مرۆیی، ئەوەیە هاوکاری ئەو گەنجانە بکەین کە دەیانەوێ خۆیان بناسێنن بە جیهانی دەوروبەر، هاوکات هاوکاربین لەبوارەکانی پەروەردە و تەندروستی لەڕێگای بەستنی سمینارەکان.
هونەرمەند و شاعیر كاربین شێخ سەلام لەبارەی ئەو بەرهەمانەی كە لەلایەن هونەرمەندانەوە كراونەتە گۆرانی گووتی: زیاتر لە 10 شیعرم لەلایەن هونەرمەندان کراونەتە گۆرانی.