گوته‌بێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی وەزیری دارایی عێراق دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، پڕۆژەی “هەژماری من” زۆر لە (كی كارد)ی ئێوە باشترە، هەروەها دەڵێت: ” هەر كاتێك كاتی ناردی پارە بۆ هەرێمی كوردستان دێت ئێوه‌ كێشە دروست دەكەن.”

ئەمڕۆ سێشەممە 2024/2/27، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوە كرد، پڕۆژەی (هەژماری من) كێشەی دروست ناكات و پێچەوانەی بڕیاری داداگای باڵای فیدراڵی نییە.
هاوكات ئەوه‌ش ڕوون دەكاتەوە كه‌ بەغدا هەشت ساڵە سه‌رقاڵی كردنەوەی هەژماری بانكییە و هێشتا تەواوی نەكردووە، چۆن داوا دەكات هەرێمی كوردستان بە مانگێك تەواوی بكات.
ڕاشێگه‌یاند، سیستەمی هەژماری من لە كی كارد عێراق زۆر بە هێزترە، لەبەر ئەوەی هەژماری من لە دەرەوەی وڵاتیش كاری پێ دەكرێت و دەتوانرێت كاروباری رۆژانەشی پێ بەڕێ بكرێت، بەڵام ئەوەی عێراق تەنیا دەتوانی مووچەی پێوەربگیرێ.

هونەر جەمال هه‌روه‌ها دەڵێت: “ئێمە لەگەڵ بەغدا بە نووسراوی فەرمی مامەڵە دەكەین نەك لە میدیاوە و هەركاتێك كاتی ناردنی پارە دێت، بەغدا گرفت و كێشە دروست دەكات.”

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو،، بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد كاریان بووە بە گەیاندنی پەیامی بەغدا دژی هەرێمی كوردستان، بەبێ ئەوەی بتوانن لێپرسینەوە لە خراپییەكانی بەغدا بكەن.

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەته‌كه‌ پشكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵدا، 59 ترلیۆن و 29 ملیار دینار بووە، بەڵام حكوومەتی عێراق بە هەمووی 13 ترلیۆن و 401 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و بەغدا دەیەوێت هەرێمی كوردستان بچەوسێنیتەوە.

لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، پێشكەشی پەرلەمانی عێراق كراوە و هونەر جەمال گوتی: ” ملیۆنێك و 114 هەزار و 194 مووچەخۆر بوون، كۆی مووچەكانیان مانگانە 913 ملیار دینارە”.
هونه‌ر جه‌مال رووی دەمی دەكاتە پەرلەمانتاران و ده‌ڵێ، كەی ئێوە لیستی مووچەخۆرانی حەشدی شەعبی و ئەوانی تریان بینووە و لەبارەی ئەوانەی مووچەی چاودێری كۆمەلایەتیی وەردەگرن لە عێراق حەوت ملیۆن و 400 هەزار مووچە وەردەگرن.

ئه‌مه‌ لەكاتێكدایە دوێنێ دووشه‌ممه‌، وەزیری دارایی عێراق و لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە، دواتر راگەیەنرا كە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی مانگێك هەژماری بانكی بكەنەوە، ئەگەر نا مووچەیان پێنادرێت و مانگانەش دەبێت لیستی مووچەخۆران ڕەوانەی بەغدا بكرێت.