
عارف روشدی
لە کوبونەوەی لوتکەی ساڵانەی حکومەتەکاندا لە وڵاتی ئیمارات، بە داواتنامەیەکی فەرمی میری ئەو ولاتە هێژا مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شان بەشانی دەیان سەرۆکی دیکەی وڵاتان بەیاوەری شاندنێک بەشدارە، لەو کوڕبەندەدا ووتارێکی گشتگیری گرنگ و سەرنجراکێشی پێشکەشکرد، لە چەندین ڕوژنامەو پێگەی ڕوژنامەوانی و لێدوانی زۆرێک لە بەشداربووەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بە ریزبەندییەک چەند خاڵیکی کاریگەر لە بارەی ئالنگارییەکانی بەردەم کومەڵگای نیودەولەتیدا گرتبووە خۆ وەک ئالنگاری(سیاسی، ئاسایش، ئابوری و کەش و هەوا )، سەبارەت بە ئالنگاری سیاسی و ئاسایش؛ ئاماژەی کرد بە دوو کێشەی هەرە هەستیاری ڕوژهەلاتی ناوەراستی (کێشەی فەلەستین و کێشەی کورد ) و ئەو ڕاستییە مێژووییە خستە ڕوو :
تا ئەو دوو کێشەیە لە سەر بنەمای پرینسیپی (مافی چارەی خۆنوسین) وەک یاسایەکی دانپێدراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چارەسەرنەکرێن، حکومەت و گەلانی ناوچەکە لە سەقامگیری (سیاسی، ئاسایش و ئابوری) دورە پەرێز دەبن و نەهامەتییەکان بەردەوام دەبن.
خستنە ڕووی ئاراستەی تەندروست و بنەرەتیانەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە عێراقدا لە چوارچێوەی پرینسیپی(مافی چارەنوس)،گواستنەوەیەکی چونایەتییە لە گوتاری سیاسی هەرێمی کوردستاندا، لە بواری کوتاییهێنان بەو ستەمە مێژووییەی لە ئاستی گەلەکەماندا پیادەدەکرێت، لە هەمان کاتدا زەنگێکی هۆشیارکەرەوەیە بۆ دەسەلاتدارانی ئیمرۆی عیراق، بۆ ئەوەی شێلگیرانە بە سیاسەتە نالەبارەکانیاندا بچنەوە و ماف و ئەرکەکانی گەلەکەمان وەک چون لە دەستوری عیراقیدا بەرجەستەکراون بخرێنە واری جێبەجیکردنەوە دور لە مانوری قێزەوەنی پاساوهێنان و چەوساندنەوەو باڵی دەستی خۆسەپێنەر.پێویستە هەمو هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوانەی ڕاستگون لە گەڵ (گەل و نیشتیمان، ئاین و دونیادا) پشتیوانی بێ مەرجی گوتارە رەواو سەرکەوتوانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و، دەروازەیەک بێت بۆ کاری پێکەوەیی و ، بە یەکریزی ڕووبەڕووی پێشیلکاریی و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمەکەمان ببنەوە.