ئامادەكردنی- هزرو هونەر:
یەكێتیی نووسەرانی كورد دوای ئەوەی لەرۆژی 10-2-1970 بە فەرمی مۆڵەتی كاركردنی وەرگرت و هاتە مەیدانی كارو چالاكی بەردەوام لە پێناو خزمەتكردنی زمان و ئەدەبی كوردی و گەیاندنی پەیامی قەڵەمی بە هەڵوێست و ڕەسەنی كورد بە مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیریی كوردی، پەیامی ئەو قەڵەمەی هەردەم لە بەرەی گەل و شۆڕش و نیشتیمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی ستەمدیدەی كوردستاندا بووە و داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلی كورد كردووە و لە مێژووی پڕ شكۆی( 54)ساڵی تەمەنیدا خزمەتێكی زۆری بە زمان و وێژەی رەسەنی كوردی كردووە، بەڵێ . یەكێتیی نووسەرانی كورد، یەكێكە لەو رێكخراوە چوست و چالاكانەی، كەبەدرێژایی تەمەنی ڕۆڵێكی دیار و درەوشاوەی لەخزمەتكردنی رەوتی كاروانی زمان و ئەدەب و رۆشنبیری كوردیدا هەبووە بۆیە لە یادی ( 54) پەنجاو چوار ساڵەی دامەزراندنی ئەو رێكخراوەدا، پاشكۆكەمان بە پێویستی زانی لێدوانێكی تایبەت لەو نووسەرە بەڕێزانە وەربگرێت:

• بەڕێز عەبدولڕەحمان فەرهادی
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد گوتی:
ــ ڕۆژی شەممە ٢٠٢٤/٢/١٠ پەنجاو چوار ساڵ بەسەر دامەزراندنی گەورەترین و گرنگترین ڕێكخراوی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا تێپەڕ دەبێت كە لەلایەن دەستەیەك لە نووسەر و شاعیری گەورە و نیشتمانپەروەری ناوداری گەلەكەمان هاتە دامەزراندن و لە ١٩٧٠/٢/١٠ مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق پێ درا. یەكێتیی نووسەران پەنجا و سێ ساڵە لەپێناو زمان و ئەدەب و وشەی كوردی تێدەكۆشێت و لەم پێناوەشدا لە خەباتی قەڵەم و كوردایەتیدا دەیان شەهیدی داوە، لەوانە: ساڵح یووسفی و جەمیل ڕەنجبەر و كاردۆ گەڵاڵی و مەهدی خۆشناو و زۆری دیكە، یەكێتیی نووسەران دوای ڕێككەوتننامەی ١١ی ئادار زۆر بایەخی پێدرا و زۆر كار و چالاكیی ڕۆشنبیریی گەورەی كرد و خزمەتێكی زۆری ئەدەب و زمان و كولتووری كوردیی كرد، بۆیەش حیزبی بەعس زۆر دژایەتیی دەكرد و ئەوەبوو كە لە سەرەتای هەشتاكان ئەم ڕێكخراوە گرنگەی داخست و تێكەڵی یەكێتیی ئەدیب و نووسەرانی عێراقی كرد، بەڵام زۆربەی نووسەرە بە هەڵوێست و كوردپەروەرەكانی كوردستان تێكەڵی ئەوەی عێراق نەبوون. لە مانگی ١٠ی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕین یەكێتیی نووسەران زیندوو كرایەوە و حەوتەم كۆنگرەی خۆی لە شەقڵاوە بەست و لەو كاتەوە تا ئێستایش بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە ئەم ڕێكخراوە گرنگ و تێكۆشەرە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ساڵانێكە فەرامۆشكراوە و بایەخی پێ نادرێت. لقی هەولێری یەكێتیی نووسەران بە كەمدەرامەتییەوە توانیویەتی چالاكانە بەردەوام بێت و لە ماوەی دە دوازدە ساڵی ڕابردوو، سەدان كۆڕ و سیمیناری جۆراوجۆری كردووە و بووەتە ماڵێكی گەورەی سەرجەم نووسەرانی كوردستان، لقەكانی دیكەیش بە كەم دەرامەتییانەوە هەر بە چالاكی ماونەتەوە. هیوادارین حكوومەتی هەرێم بایەخ بە مەڵبەندی گشتی و سەرجەم لقەكان بدات بۆ ئەوەی بە زیندوویی لەسەر پێ بمێننەوە. لەم یادەدا پیرۆزبایی لە سەرجەم نووسەران دەكەین و نەمری بۆ شەهیدانی یەكێتیی نووسەرانی كورد.

• مەسعوود پەرێشان
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد
جوانترین چەپکە گوڵی پیرۆزبایییم ئاڕاستەی سەرجەم ئەدیبان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەم و دروودیش بۆ ئەدیبان ونووسەرانی شەهیدو کۆچکردوو دەنێرم.
ئەم یادە پیرۆزە گەورەترین بۆنەی مێژوویی قەڵەمە بوێرو ڕەسەن و بەهەڵوێستەکانە ، کە لە پێناوی گەشانەوە و بوژانەوەی زمان و ئەدەب خزمەتێکی زۆریان بەو بووارو ڕێبازە ئەدەبیە گەیاندووە ، هاوکات بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە خۆی لەخۆیدا ڕێزگرتنە لەتەمەنی زیاتر لەنیو سەدە لە خەباتی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی ڕێکخراوێکی بوێرو یەکدەنگ و یەکڕەنگ و بەهەڵوێست، یادی دامەزرانی نووسەرانی کورد ڕێزگرتنە لە هەڵوێست و خوڕاگری خاوەن قەڵەمه پاکەکان و گرنگیدانە بە ئایدیاو هزر و هونەر وژانری ئەدەبیی و بەرهەم و بەخششی کاروانی ئەڕشیفی پەنجاو چوارساڵەی تەمەنێک لە جیلی ئاڵتوونیی لە ئەدیبان و نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد ، نووسەرانێک کە هەمیشە لە مەتەرێزی خەباتی ڕۆشنبیری گەلەکەیاندا بوون و لە خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری سڵیان نەکردۆتەوە
هەروەکو ئاشکرایە یەکێتیی نووسەرانی کورد پەنجاو چوارساڵ لەمەوبەر وهكو یهكهمین رێكخراوی كۆكهرهوهی نووسهران و گهورهترین سهكۆی دهنگی ئازادی ئهدیبان دامهزراوهو ههر لهو بهروارهشهوه، واته 1970/2/10 تا ئهمڕۆش به یهكگرتوویی مایهوه، ئهگهرچی زۆرجار ههوڵی لهتكردن و به پاشكۆكردنیشی دراوه، بهڵام ئهو ههمیشه سهربهخۆبوونی خۆی پاراستووه.
لە کۆتاییدا دەڵێین 54 ساڵ تەمەنی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە سەرجەم نووسەران و ئەدیبانی کوردستان پیرۆز بێت .

• بەڕێز فوئاد محەمەد ئەمین سەڕاج
جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی نووسەرانی كورد گوتی :
ــ ڕۆژی 10ی شوباتی 1970 ڕۆژێكی پڕشنگدارومێژووییە، كەلەوڕۆژەدا یەكێتیی نووسەرانی كورد، مۆڵەتی فەرمی ئازادی كاركردنی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێدرا.
دەی شوباتی حەفتا ڕۆژی هەڵكردنی چرای ئەدەب و ڕووناكبیریی و فەرهەنگی نەتەوەكەمان و گزنگی خۆرێكی نوێی ئاسۆی بزاڤی كاروانی خاوەن قەڵەمە بەهەڵوێست و ڕەسەنەكانی كوردستانە، ڕۆژی ڕێزگرتنە لەو هەست و سۆزو ناخەجوانانەی كەلەماوەی پەنجاو چوارساڵی ڕابردوودا بۆ ئێمەیان جێهێشتووە، ڕۆژی ڕازاندنەوەی ڕۆحی ڕەنگاوڕەنگی هزرو هونەری قەڵەمی نووسەرانە، بۆن و بەرامەی باخێكی پڕ لەگوڵ و خونچەوشەی پاك وبێگەردو جوان و هەڵوێستی تۆكمەی قەڵەمە خاوێنەكانی نووسەرانە، دەنگی بەرگری و خەبات وبەرخودانی وشەی ڕەسەنی كوردیمانە، دەی شوبات ڕۆژی پیرۆزی ژیانەوە و بوژاندنەوەی ئەو قەلەندەرخانەیەیە كەلەگەورەنووسەرانمانەوە بۆمان بە جێماوە، زەنگی یەك ئامانج و یەكڕیزو یەكدەنگ ویەكڕەنگ و یەكهەڵوێست و یەك ئاوات، لەخەمی هزرو بیری نەتەوەیی ئەدیبانی كوردستاندا چرۆی كردووە، هزری ئەو ئەدیبانەی كە زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و مێژوویان ئاوێتەی ژیان كردووە.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 1970/2/10 مۆڵەتی فەرمی كاركردن درا بە یەكێتیی نووسەرانی كورد، هاوكات دوای خوێندنەوەی بەیانی یانزەی ئازاری ساڵی حەفتا كە لەنێوانی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول و حكومەتی عێراق مۆركرا، بڕیاری بەستنی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتیی نووسەرانیش دراو لە حوزەیرانی 1970 یەكەمین كۆنگرە بەئامادەبوونی (111)ئەندام بەسترا و ئەم بەڕێزانە بە ئەندامی دەستەی گشتی نووسەران هەڵبژێردران:
(مامۆستا هەژار موكریانی سەرۆك و د. ئیحسان فوئاد و د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و عەبدولڕەزاق بیمارو …… ) دواتر كۆنفڕانسی لقەكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك دەستیپێكردو دەستەی بەڕێوەبەریان هەڵبژارد و كەوتنە كارو چالاكی ئەدەبی و ڕۆشنبیری خۆیان، بەردەوام بوون . مەخابن یەكێتیی نووسەرانی كورد لە دوای مۆركردنی پەیمانی شوومی جەزایر لە 1975/3/6 هەنگاوی چالاكیەكانی سست بوو، لەبەرئەوە حكومەتی بەعس دەیەویست ڕێكخراوی یەكێتیی نووسەرانی كورد، بكاتە پاشكۆی یەكێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق، بۆیە ژمارەیەك لەقەڵەمە ڕەسەن و نووسەرە بەهەڵوێستەكان ئەوەیان پێ قبوڵنەكرا مل بۆ ئەو بڕیارە بدەن و ببنە پاشكۆی ئەوان و بچنە ژێر ڕكێفی یەكێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراقەوە، بۆیەكەوتنە ململانێ لەگەڵیاندا، ڕژێمی بەعسی ڕووخاویش بەوە نەوەستا لە بەرامبەردا كەوتە ڕاوەدوونان و گرتن و ئازاردان و مەنفیكردنی نووسەرە قەڵەم بەهەڵوێستەكان بۆ خوارووی عێراق .
خۆشبەختانە لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان، دەرگای نووسەران بەڕووی نووسەرانی قەڵەم خاوێندا كرایەوە و كۆنگرەی حەوتەم لەشەقڵاوە بەستراو تێیدا، مەڵبەندی گشتی نووسەران هەڵبژێردرا و لقەكانیش خۆیان ڕێكخستەوە و ئازادانە كەوتنەوە كارو چالاكی ئەدەبی و ڕۆشنبیری خۆیان، وەلی مەخابن شەڕی ناوخۆ كاریگەری خستەسەر سەرجەم ڕێكخراوەكان بەتایبەتی ڕێكخراوی یەكێتیی نووسەرانی كورد، بەهۆی نەهامەتییەكانی شەڕو دووئیدارەیی و كەمدەرامەتی دارایی كارو چالاكییەكان سست بوون، بەڵام خۆشبەختانە دوای تەواو بوونی شەڕو دروستبوونەوەی پردی پەیوندیەكان و ئاشتبوونەوەی گشتی، كارو چالاكییەكانی نووسەران دەستیپێكردەوە كەوتەوە سەرپێی خۆی،هاوكات لەو نێوانەدا لقەكەمان، جگە لە بەستن و سازدانی بەسەدان كۆڕو چالاكی و سیمیناری ئەدەبی و ڕۆشنبیری توانرا (چل) كتێب و (یانزە) ژمارە لەگۆڤاری (نووسەر) چاپ بكرێت و بڵاوبكرێنەوە. ئێمە وەك لقی سلێمانی نووسەران جگەلەوەی كۆڵمان نەدا و لەكارو چالاكیەكانمان بەردەوام بووین، هاوكات لەو قەیرانە داراییەشدا نەمانهێشت كارو چالاكی یەكێتییەكەمان تووشی شكست و ئیفلیجی ببێت، واتە لەكارو چالاكی خۆمان بەو بێ دەرامەتییەوە بەردەوام بووین و بەردەوامیش دەبین، هەرچەندە ئێستا نووسەران پێویستییان بە خۆ كۆكردنەوە و خۆ نوێكردنەوەیە كە ئەویش لە بەستنی كۆنگرەیەكی نەوعیدا خۆی دەنوێنێ، چونكە لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا زیاد لە سەد كەس داوای ئەندامبوون دەكەن و مافی رەوای خۆیانە، گەرچی لە ساڵی 2019 لە لایەن بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی، بودجەی بەستنی كۆنگرە زامن كرابوو، بۆیە لێرەدا بە ڕاشكاوی دەڵێم : دواكەوتنی كۆنگرە خاڵێكی نێگەتیڤە، پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندارەكان لە حكومەتی هەرێم ئاوڕێكی خێراو شایستە لە نووسەرانی كوردستان بدەنەوە و هەرچی زووە بەستنی كۆنگرەی نووسەران بكرێتە بەرنامەی كارەوە.چونكە ئەو رێكخراوە، خاوەنی پێگەو مێژووی درەوشاوەی ( 54) ساڵی تەمەنی خۆیەتی . ماوە بڵێم : دە وەرن با پێكەوە هەموو رۆشنبیران و نووسەران لە ماڵی نووسەران كۆبكەینەوە نەك وا پەرش و بڵاو بن، بە هیوای بڕیاردان بۆ بەستنی كۆنگرەی نووسەران . لەكۆتاییدا دەڵێم : ئەركی ئێمەی نووسەران و قەڵەم بەدەستانە، ئازادانەو بوێرانە كاربكەین،بۆ بە زیندوو هێشتنەوە و پیرۆزیی و گەورەیی و پاراستنی مێژووی پەنجاو چوارساڵەی تەمەنی پڕشنگداری یەكێتیی نووسەرانی كورد، تاگیانی نەمران و شەهیدانی قەڵەمی پاك شادبكەین و گەلەكەمان سەربەرز بكەین

• بەڕێز نیازی حەمە عەزیز
ئەندامی یەدەگی مەڵبەندی گشتی یەكێتیی نووسەرانی كورد گوتی:
– بەبۆنەی یادی (54) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نووسەرانی كورد پیرۆزبایی لە خودی ئەو رێكخراوەو سەرجەم نووسەرە بە ئە مەك و ڕەسەنەكانی كوردستان دەكەم بەتایبەتی ئەو نووسەرانەی كە لە هەرحاڵ و بارێكدا بەرەنگار بوونەتەوە و بەرەنگاری ستەم و زۆری داگیركەران بوونەتەوە و بوونەتە هێمای بەرەنگاری و فیداكاری بەتایبەتی، نووسەرانی كوردی شەهید كە لەو رێگایەدا شەهید بوون و گیانی خۆیان بەختكردووە .
سەبارەت بە یەكێتی نووسەرانی كورد و لەو یادەدا من تەنیا چەند خاڵێك باس دەكەم كە ڕەنگە كەمتر لەلایەن نووسەران و لەیادەكاندا باسكرابێ
1 – یەكێتی نووسەرانی كورد، كە لەساڵی (1970) دامەزرا لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول حكومەتی بەعسی ڕووخاوی عێراق، ویستی ئەو رێكخراوە بچووك بكاتەوە بەشێوەیەك كەجێگای ناڕەزایی و توڕەبوونی نووسەران و رۆشنبیرانی كورد بوو . ئەوە بوو یەكێتیی نووسەرانی كوردی كرد بە ( دەستەی كورد) لە یەكێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق (الاتحاد الادباو والكتاب العراقی ) زۆر بەداخەوە ئەو هەوڵە تا ڕادەیەك هەرچەند سەری نەگرت بەڵام مایەی ناڕەزایی و سەغڵەتی و ناڕەحەتی نووسەرانی ڕەسەنی كورد بوو وە حزبی بەعسی ڕووخاو بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی زۆر شۆڤێنیانەی هاویشت، وە ناوی یەكێتیی نووسەرانی كوردی بچووككردەوە بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە نووسەران هەر لەبەغداوە تا دەگاتە شارەكانی كوردستان بەرەنگاری ئەو هەڵمەتە بوونەوە و ئامادە نەبوون ملكەچ بكەن بۆ داواكەی رژێمی بەعسی ڕووخاو ئەمە شانازییەكە دەبێ بە ئاوی زێڕ بنووسرێتەوە.
لەدوای ڕاپەڕینی (1991) و لە شەقڵاوە لە حەوتەمین كۆنگرەی یەكێتیی نووسەرانی كورد، یەكێتیی نووسەرانی كورد دامەزرایەوە،وەكو خۆی زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی یەكێتیی نووسەرانی كوردی لەباوەش گرتەوەو كۆمەڵێكی باشیش لەو نووسەرانەی لە ساڵانی هەشتا و پێش نەوەتەكان (پێش ڕاپەڕین) پەروەردە ببوون وپێگەیشتبوون توانی ئەوانیش لەخۆ بگرێت و ئامێزی بۆ ئەوانیش كردەوە، تا ئێستا یەكێتیی نووسەرانی كورد وەكو خۆی بەسەربەرزی ماوە، بەڵام بە داخەوە دەبینین ئێستا كاركردنی ئەو رێكخراوە سست بووە و تووشی جۆرێك لە ئیفلجی بووە كە یەكێك لە هۆیەكانی لەڕووی ماددی و داراییەوە كەم و كوڕیی هەیە كە هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەم و كوڕییە نەهێڵێت و روحێك، گیانێكی زیندوو بخاتەوە بەر جەستەی یەكێتیی نووسەرانی كورد، هۆی دیكەش هەیە كە یەكێتیی نووسەران ئێستا وەكو گوتم نیوە ئیفلج بووە یان ئیفلیج بووە و بەجارێك لەكار كەوتووە كە ئەویش كەمتەر خەمیی و بەهەند هەڵنەگرتن و فەرامۆشكردنی خودی برادەرانی مەڵبەندی گشتیی یەكێتیی نووسەرانی كوردە، كە هیوادارم ئەوانیش هاوكار بن بۆ ئەوەی ئەم رێكخراوە بكەوێتەوە سەركار و هەروەكو لقەكانی خۆی لەپارێزگاكان بكەوێتەوە چالاكی و جۆرێك لە جمجۆڵی بزاڤی رۆشنبیری.
2 – ئەوەی جێگای شانازیە لە ڕووی مێیژووییەوە لەشەڕی ناوخۆ ی هەرێمی كوردستان لە ڕاستیدا ئەو رێكخراوە كەیەكێتی نووسەرانی كوردە وەكو هێندێك لە ڕێكخراوەكان دوو لەت نەبووە، دەتوانم بڵێم : یەكێتیی نووسەران تاكە رێكخراوە كە حیزبایەتی بە سەریدا زاڵ نەبووە، واتە نەبووە بەهۆی ئەوەی كە یەكێتی نووسەران دوو كەرت بێ هەر بە بەیكگرتوویی مایەوە تاكە رێكخراوێك بەیەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی مایەوە (یەكێتی نووسەرانی كورد) بوو . خۆشبەختانە لە دوای تەواوبوونی شەڕی ناوخۆ و یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێم وپەڕلەمان، ئەو رێكخراوە چالاكانە هاتە مەیدان و كۆنگرەی خۆی بەست و بەڵام بەداخەوە قەیرانی دارایی جارێكی تر بەرۆكی ئەو رێكخراوەی گرتەوە و هەتا بارەگاكەشی داخرا . كە ئەویش جۆرێك لە كەم ئیرادەیی هەندێك لە برادەرانی مەڵبەندی گشتی پێوەیە هەندێكیشیان كۆچی دواییان كردووە، یان بەهۆی نەخۆشی یان دەستیان لە كار كێشاوەتەوە، تەنانەت ئەو بۆشایانەش پڕنەكراوەتەوە، كەسانی شایستە یان كەسانی بڕیار لێدراو لە جێگایان دابندرێن، ئەمەش كەم و كوڕییەكە مایەی سەرنج و ناڕەزاییە بە راستی .
لە كۆتاییدا هیوادارم ئەو هەنگاوانە ئەنجامبدرێن كە یەكێتیی نووسەرانی كورد بكەوێتەوە سەر پێ، چونكە یەكێتیی نووسەرانی كورد، خاوەنی مێژووێكە كە جێگەی شانازییە، چونكە ئەو رێكخراوە رۆژێك لە رۆژان كەڵە پیاوی نووسەرو رۆشنبیری جوانی لێهەڵكەوتووە وەكو (مامۆستا هەژاری موكریانی و سەعید ناكام و شوكور مستەفا و عەلادین سەجادی و دەیانی دیكە ) كاریان تێدا كردووە .