
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ساڵی رابردوو له‌چاپخانه‌ی سه‌رده‌م و به‌تیراژی 1000 دانه، كتێبی (ده‌رباره‌ی شیعری گۆران) بڵاوكراوه. ئه‌و كتێبه له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د نووسراوه. ناوبراو وه‌ك گۆرانناس ساڵانێكی درێژه له‌داڵانه درێژه‌كه‌ی ئه‌و گوزه‌ر ده‌كات. ئه‌و كتێبه‌شی ده‌ره‌نجامی هه‌وڵ و تێگۆشانی زۆره. گۆران به‌هۆی گۆڕان و كاریگه‌رییه گه‌وره‌كه‌ی له‌شیعردا، زۆری له‌سه‌ر نووسراوه، به‌ڵام هه‌موو نووسینه‌كان به‌ره‌و قوڵایی جیهانبینی و ئه‌ده‌بی ئه‌و نه‌چوون، یاخود به‌گوته‌ی ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د (زۆر كه‌م توخنی لایه‌نی ئیستێتیكی شیعری ئه‌و كه‌توون). ئه‌و كتێبه له‌چه‌ندان ته‌وه‌ره پێكهاتوووه. له‌سه‌ره‌تادا شعرێكی شاعیری ناوداری عێراقی (عبدالوهاب البیاتی) به‌زمانی عه‌ره‌بی دانراوه كه به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی گۆران نووسیویه‌تی. دواتر ئه‌و بابه‌تانه ده‌بینین: (پێشه‌كی و ڕانانێكی كورتی میتۆده‌كه و سه‌رچاوه‌كانی) و (توێژینه‌وه‌ی پێنج شیعری گۆران له‌دیدی شێوازناسیی هاوچه‌رخه‌وه) و (پایه‌ی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند له شیعرێكی پووشكین و شیعرێكی گۆران‌دا) و (شیعری شاعیری هاو چه‌رخی كورد عه‌بدوڵڵا گۆران) .
له‌پێشه‌كی بابه‌تی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 9 بۆ دیاریكردنی پێگه‌ی گۆران نووسیویه‌تی (نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت شیعری گۆران له ئه‌ده‌بی كوردیدا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می شاعیرانی وه‌ك شێخ نووری و هاوڕێكانیدا بوونه‌ته ئێستگه‌یه‌كی گواستنه‌وه له شیعری كلاسیك و دواكلاسیكه‌وه بۆ قۆناغی شیعری نوێ- هاوچه‌رخ و زۆر جاریش وه‌ك قۆناغی شیعری گۆران ده‌ناسرێت). له‌لاپه‌ڕه‌ی دواتریش هاتووه (ئامانج له‌و كتێبه ئه‌وه‌یه تێكست ببێته چه‌قی شیكاری و لێكدانه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی سووڕانه‌وه به ده‌وریدا و بایه‌خدان به لایه‌نی ده‌ره‌كی). كه‌واته مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی نووسه‌ر له‌و به‌رهه‌مه‌ی ئه‌وه‌یه شیكار بۆ تێكست بكرێت نه‌ك به‌ده‌وری شیعر و شاعیردا خول بخواته‌وه. به‌وه‌ش ده‌بینین له (ڕانانێكی كورتی میتۆده‌كه و سه‌رچاوه‌كانی) زۆر به‌وردی و زانستییانه چۆته ناو میتۆده‌كه و تیۆریه‌كانی روونكردۆته‌وه و به‌كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامیش گه‌یشتووه، له‌وانه له‌لاپه‌ڕه 206 هاتووه (له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌مه هه‌وڵێكی توێژه‌ره بۆ دوان ده‌رباره‌ی پوخته‌ی ئه‌زموونی له ڕه‌وتی نووسین و توێژینه‌وه‌دا).
بابه‌تی (توێژینه‌وه‌ی پێنج شیعری گۆران له‌دیدی شێوازناسیی هاوچه‌رخه‌وه) بریتییه له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی ئه‌كادیمیانه‌ی پشت ئه‌ستوور به‌و میتۆده‌ی كه پێشتر روونیكردۆته‌وه. له‌ناویاندا نووسه‌ر زۆر به‌وردی دێڕه‌كانی پێنج شیعره‌كه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندووه. شیعره‌كانیش ئه‌وانه‌ن : (ده‌روێش عه‌بدوڵڵا، دوا سه‌رنج، بۆ هیوای كوڕم، دارچواله‌ی پشكووتوو، گه‌شت له هه‌ورامان). نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 60 ئاماژه‌ی به‌وه داوه شاعیر له‌سێ شیعره‌كه‌ی یه‌كه‌م رووی قسه‌ی له‌كه‌سی به‌رامبه‌ره. به‌ڵام دووه‌كه‌ی دیكه وه‌سفه و كێشانی دیمه‌نی جوان و كاریگه‌رن كه به‌چاوی گه‌ش و به‌سه‌رنجی ورد و هه‌ستی جوان بینراون.
سه‌باره‌ت به شیعره‌كه‌ی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا، نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 56 نووسیویه‌تی (هۆنراوه‌كه (ماسك) ده‌مامكه و شاعیر بۆ ده‌ربڕینی موعانانی خۆی و پایه‌ی هونه‌رمه‌ند كه له ده‌وروبه‌رێكی دواكه‌وتوودا نرخی نه‌زانراوه- به‌كاری هێناوه). ئه‌وه‌شی له‌لێكدانه‌وه‌ی دێڕه‌كان روونكردۆته‌وه كه چۆن گۆران خۆی له‌ناو ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئاوێته‌كردووه كه وه‌سفی ده‌كات. بۆ پێگه‌ی زمانه‌وانی شیعره‌كه‌ش له‌لاپه‌ڕه 59 نووسراوه (له ڕووی فه‌رهه‌نگی وشه‌وه شیعری ده‌روێش عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ زمانی شیعری شاعیردا جیاوازن، به‌ڵام لێره‌شدا گۆران وه‌ك كیمیاگه‌ری وشه، داهێنه‌رانه و له جێگه‌ی خۆیاندا به‌كاری هێناون و له ته‌ونی ده‌قه‌كه‌دا شوێنی خۆیانیان گرتووه). ئینجا هه‌موو ستانزاكانی هۆنراوه‌كه‌ی تاوتۆ كردووه و له‌هه‌ندێك شوێنیش به‌شێوه‌ی هێلكاری وشه‌كانی روونكردۆته‌وه. به‌پشت به‌ستن به‌و تیۆریانه‌ی پێشتر باسی كردوون، لێكدانه‌وه‌ی وردی بۆ بونیادی مه‌عنه‌وه‌ی و ماددی وێنه جۆارجۆره‌كانی ناو دێڕه‌كان كردووه تایبه‌ت به ستانزای یه‌كه‌م له‌لاپه‌ڕه 60 و لاپه‌ره‌ی دواتریدا هاتووه (شاعیر بۆ سازدانی ڕاكێشانی خوێنه‌ر بۆ ناو هۆنراوه- دیاڵۆگییه‌كه‌ی، سه‌ره‌تایه‌كی كاریگه‌ری داڕشتووه، كه هێڵكاریی پۆرترێتی شمشاڵژن- هونه‌رمه‌ندی كێشاوه.
به: ڕه‌نگی زه‌رد + شێوه‌ی ده‌ست و + شمشاڵی كزا+ ده‌روێش
سه‌یری توانای داهێنه‌رانه گۆران بكه، كه چۆن به جێگۆڕكێیه‌كی هونه‌ری ئه‌و وێنه‌یه‌ی له جوغزی زمانی ئاسایی ده‌رباز كردووه، ڕه‌نگه خوێنه‌ر له یه‌كه‌م نیگادا پێی وا بێت كه ده‌بوایه ئاوا بێت:
به ڕه‌نگی زه‌رد و شمشاڵی ده‌ست و شێوه‌ی كزا، ده‌روێش).
به‌و جۆره ستانزاكانی دیكه‌ی تاوتۆ كردووه. له‌لاپه‌ڕه 80 و لاپه‌ڕه‌ی دواتریش سه‌باره‌ت به‌به‌شه‌كانی ئه‌و شیعره، نووسه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه داوه (له ڕاستیدا هه‌ر ستانزایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای “تابلۆی ئه‌لیگۆری” دامه‌زراوه و جۆری پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌كه‌شیان “سووژێتێكی ئه‌لیگۆری”ی سه‌ركه‌تووی پێك هێناوه). ئینجا له‌ژێر ناونیشانی پارالێلیزمی ئاوا‌زه‌یی، شیكاری هۆنراوه‌كه‌ی كردووه.
به‌هه‌مان شێوه‌ی شیعره‌كه‌ی پێشوو، ستانزا له‌دوای ستانزا تاوتۆی شیعری (دوا سه‌رنجی) كردووه و تێیدا كاریگه‌ری وشه‌كان و وێنه‌كانی له‌ده‌ربڕینی بارودۆخی شاعیر و كچه قژ زه‌رده‌كه، دیاری كردووه و بونیاتی جوانی شیعره‌كه‌ی و به‌ڵگه نوێخوازیه‌كه‌شی، ده‌ستنیشان كردووه. بۆ نمونه له‌لاپه‌ڕه 94 نووسراوه (زمانی هۆنراوه‌كه: ئه‌وه‌یه كه له‌و سه‌روه‌خته‌دا پێی گوتراوه “كوردیی په‌تی”، بۆ نموونه ئه‌و وشه عه‌ره‌بییانه‌ی له ده‌روێش عه‌بدوڵڵا دا هه‌ن ، لێره‌دا نین). له‌لاپه‌ڕه‌ی دواتریش بۆ روونكردنه‌وه‌ی ستانزای یه‌كه‌م هاتووه (ده‌ربڕینی “ئه‌ی قژزه‌رد!..” وه‌ك ده‌بێته سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه، ئاوه‌هاش ده‌بێته ئامرازی لێكدانی ستانزاكان و ده‌ورێكی كاریگه‌ر له بره‌و به به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی داڕشتنی سه‌رجه‌م شیعره‌كه ده‌دات، ڕه‌نگه خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌و ئیسته‌ی نه‌كردایه و شاعیر به (ی) ی په‌یوه‌ندی بیوتایه “ ئه‌ی قژزه‌رد‌ی به‌ژن و باڵا كه‌ڵه‌گه‌ت”، به‌ڵام ئه‌م بۆ زیاتر وریاكردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و زیاتر سه‌رنجڕاكێشانی، دیسان به “ئه‌ی” ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و ئاوازێكی جووڵێنه‌ری داوه به شیعره‌كه، هه‌روه‌ها (ی) ێكی داناوه كه له زمانی ئاسایی‌دا ناگوترێت…) له‌لایه‌كی دیكه نووسه‌ر بۆ نرخدان به‌و نیوه دێڕه (ئاره‌قی سه‌ر كوڵمی دڵۆپی زیوه!) له‌لاپه‌ڕه 106 ئاماژه‌ی به‌وه كردووه (شاعیر له بیری نه‌چووه و كه ئاره‌ق هه‌ندێك جار له شه‌رمكردنی نازدارانه‌وه په‌یدا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كی هونه‌ریی تر ده‌به‌خشێته زمان و شیعرییه‌تی دیمه‌نه‌كه… له ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵشێڵان و داڕشتنه‌وه ئیستێتكییه له‌ده‌ست هه‌موو شاعیرێك نایه‌ت…) له‌لاپه‌ڕه 110 هاتووه (شاعیر به شێوه‌ی زنجیرێكی ئه‌ڵقه ئه‌ڵقه ستانزاكان ده‌به‌ستێت به‌یه‌كه‌وه، له ڕاستیدا ئه‌مه یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته داهێه‌ره‌كانی بونیادی هونه‌ری… كه گونجان و تێكچڕژان و هارمۆنی دێنێته كایه)
سه‌باره‌ت به‌شیعری (بۆ هیوای كوڕم) له‌لاپه‌ڕه 119 ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د نووسیویه‌تی (شاعیر داد و بێدادیه‌تی له‌ده‌ست بێده‌سه‌ڵاتیی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و گریان و شینه‌ی كوڕه‌كه‌ی). پاش لێكدانه‌وه‌ی دێڕه‌كانیش له‌لاپه‌ڕه 124 ئاماژه به‌وه ده‌دات (بونیادی بۆ هیوای كوڕم له‌سه‌ر بنه‌مای “دوانه‌ی دژ” داڕێژراوه، چ له ڕووی ناوه‌ڕۆك و چ له ئاستی شێوازی شیعرییه‌وه). سه‌باره‌ت به‌حاڵه‌ته‌كانی ئه‌رێنی و نه‌رێنی و لێكچووه‌كانی ناو دێڕه‌كان، بۆ نیوه دێڕی (له چاوی بێ قه‌رارم بۆچی ده‌رمانی وه‌نه‌وز ئه‌بری؟) له‌لاپه‌ڕه 125 هاتووه (هه‌ر له‌م نیوه دێڕه‌دا وێنه‌یه‌كی نامۆكراو و ناباو: ده‌رمانی خستۆته پاڵ وه‌نه‌وز، دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش هه‌ر زمانی خوازه‌یه، چونكه ده‌رمان له‌م حاڵه‌ته‌دا نامۆیه و ده‌وره ئاساییه‌كه‌ی خۆی نابینێت و له زمانه ئاساییه‌كه‌وه بووه به وێنه‌یه‌كی شیعریی تازه و ده‌گمه‌نیش..) له‌لاپه‌ڕه 140 سه‌باره‌ت به‌نیوه دێڕی (به‌حر پڕكه‌ی له تف، بیده‌ی به ناوچاوانی باوكیما) نووسیویه‌تی (به به‌كارهێنانی وشه‌ی “باوكی” له باتی “باوك” حاڵه‌ته‌كه‌ی گواستووته‌وه ئاستێكی مه‌عنه‌وی و وێنه‌ی شیعریی پێ دروست كردووه، ئه‌مه‌ش ئه‌و شێوازه‌یه كه ته‌نیا شاعیری داهێنه‌ر ڕه‌چاوی ده‌كات و به‌رهه‌مه‌كانی پێ ده‌نه‌خشێنێت).