خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- خوێنەرێكی سەرسەختی كتێب مامۆستا (عەلی حاجی ساڵح تەها) ناسراو بە (عەلی ڕێژنە) لە ساڵی١٩٦٥ لە گەڕەكی سێتاقانی شاری هەولێر لەدایكبووە، وەك خۆی گوتەنی: لەبەر گرانیی و پەیداكردنی بژێوی ژیان. بەدرەنگەوە نێردراومەتە بەر خوێندن ، بۆیە لە ساڵی ١٩٧٣ چوومەتە قوتابخانەو لە قوتابخانەی (هەژار) ی سەرەتایی لە گەڕەكی سێتاقان لە هەولێر دەستم بە خوێندن كردووە ، ئێستاش مامۆستام لە قوتابخانەی (شكاك) ی بنەڕەتی كوڕان لە گەڕەكی برایەتی لە شاری هەولێرو پاش دەوامیش لە شێخەڵڵا لەسەرپشتی عەرەبانەیەك عەینەك دەفرۆشم .
مامۆستا (عەلی رێژنە) لە وەڵامی پرسیارێكدا گوتی: هەرلە قۆناغەكانی خوێندنمەوە عەوداڵی كتێب و خوێندنەوەی كتێب بووم، یەكەم كتێبیش كە خوێندوومەتەوە لە هەشتاكان كنێبی (ڕێژنە) ی شاعیرو نووسەری بەتوانا (د. ڕەفیق سابیر ) بوو ، هاوكات ئەو كتێبە زۆر سەنجی ڕاكێشام، هەربۆیەش ، ناز ناوی خۆشم. كردە (ڕێژنە) و تەنانەت ناوی كچەگەورەكەشم ناونا (ڕێژنە).

بەڕێزیان هەر لەسەر ناوی ڕێژنە (بە پێكەنینەوە ) گوتی: لەسەر شەقامی شەستی، بازاڕێكی سەردەمیانەم دانا ئەویشم. ناو نا ( بازاڕی ڕێژنە)، مامۆستا عەلی هەر لەسەر نازناوی (رێژنە) ئەو نهێنیەشی دركاند و گوتی: گەنج بووم، قیچێك دەنگم خۆشبوو، ئەوكات لە شایی و ئاهەنگەكانی بووكگواستنەوە دا گۆرانییان پێدەگووتم. قسەی خۆشمان بێت ئەودەمی لەگەڵ كیژێك یەكترمان خۆشدەویست، هەر كاتیش ئەوم دیتبا شیعری (ڕێژنە)ی (مامۆستا هێمن)م بە گۆرانی بۆ دەگوت كە (ماملێ‌) بە گۆرانی دەیڵێ‌: (تۆ بەڵێنم. پێ بدە تامن. بەرەو ژوان ببمەوە، بمدەیە ماچێكی تەڕ لەو لێوە تا جوان ببمەوە)

مامۆستا عەلی حاجی ساڵح لە وەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بە پیرۆزی كتێب و خوێندنەوە گوتی: من نە شاعیرم، نە نووسەرم ، بگرە من خوێنەرم خوێنەرێكی باش و سەرسەختی كتێبم ، دوابەدوای خوێندنەوەی كتێبی ( رێژنە) رەفیق دەستمكرد بە خوێندنەوەی چیرۆكەكانی نووسەری گەورە (عەزیز نەسین) هەڵبەتا كتێبیش لەلای من چاكترین هاوڕێ و باشترین مامۆستاو بە وەفاترین وەفادارە بۆ هۆشیار كردنەوەت.

هەروەها گوتی: ئەدەب بەگشتی بۆمن قوتابخانەی یەكەم. بووە ، بۆ ڕێنمایی و ڕاستە ڕێكردنم ، تا بتوانم وەك خۆی خوێندنەوەم هەبێ بۆ شتەكان ، بشتوانم لە ئاست مافەكانی خۆم. بێ دەنگ نەبم، وەك لەقسەكانیدا بۆم دەركەوت مامۆستا بەزمانێكی فەلسەفیانە لەگەڵمدا دوا بۆیە لە وەڵامی ئەوپرسیارەدا سەبارەت بە فەلسەفە گوتی: من زیاتر لە ( ٢٠) ساڵە فەلسەفە دەخوێنمەوە، بۆیە فەلسەفە فێری كردم. كە چۆن پرسیار بكەم و وەڵامە دروستەكانیش كامانەن، فەلسەفە فێری كردم چۆن گومان لە هەموو شتەكان بكەم. بەڵام بە بەڵگەوە گومانەكان. بسەلمێنم ، وەك (دیكارت) دەڵێت: (گومانت هەبێت بەڵام. بە بەڵگەوە گومانەكان هەڵسەنگێنە) فەلسەفە فێری كردم ، چۆن مرۆڤ دۆستبم و باوەڕم بە پێكەوە ژیان بێت.

بەڕێزتان بۆ شاعیرە كوردەكان چیی دەڵێن؟ هەموو ئەو شاعیرانە زمان و ئەدەب و نووسین و شیعریان لەلا شیرین كردم بۆ نمونە (مام هێمن) وەك شاعیریكی نیشتمانپەروەر فێری نیشتمانپەروەری كردم. نیشتمانی پێناساندم، (مام هەژار)یش بە ڕاستی زمانی شیرینی كوردی فێركردم، هاوكات بۆ كوردایەتیش مامۆستام بووە.

مامۆستا عەلی حاجی ساڵح تەها ناسراو بە (عەلی ڕێژنە)