هەینی قادر
ساطح الحصری بۆ خۆی مامۆستای خۆی بووە هەرچەندە لەقوتابخانەی سەرەتایی نەیخوێندوەو دەستی پێنەكردووە، بەڵام بەردەوام لەڕێگای خوێندنەوەو كۆشش كردن هەوڵی بەدەست هێنانی زانست و زانیاری داوە، لەئەستەمبۆڵ لەكۆمەڵگای عوسمانی پەروەردەو گەورە كراوە، باوكی لەماڵدا فێری خوێندن و نوسین و زمانی فەڕەنسی كردووە.
لەقۆناغی ناوەندی و دواناوەندی بەزمانی توركی خوێندویەتی، هەر ئەمەش وای لێ كردووە كەزمانی توركی بەسەر زمانەكانی تردا زاڵ بێت لەوانە زمانی عەرەبی، چونكە لەناو ماڵی خۆیان زیاتر قسە بەزمانی توركی كراوە، باوكی ساطع الحصری كە ناوی محمد هلال الحصری بووە جگە لە دایكی الحصری ژنی تریشی هەبووە كە چەركەسی بوەو منداڵیشی لێ هەبووە، زمانی گفت و گۆی ئەم خێزانە زیاتر توركی بووە، باوك و دایكی خەڵكی حەلەب بووینە باوكی ناوی محمد هلال الحصری بووە دایكیشی نوی فاطمه كچی عبدالرحمن الحنیفی بووە، شەجەرەی نەسەبیان دەگەڕێتەوە سەدەی حەوتەمی كۆچی بەبنەچە خەڵكی حیجازن، لەسەردەمی شریف احمد كوری ادریس الحسینی ساڵی 871هـ / 1472م هاتونەتە حەلەب لەسوریا. باوكی الحصری لەقوتابخانەی ((ئیسماعیلیە)) زاستەكانی شەرعی ئیسلامی خوێندووە، لەدواییدا لەزانستگەی ئەزهەر خوێندنی تەواوكردووە لەسەر دەستی زانا بەناوبانگەكانی ئەوكاتەی ئەزهەر ئیجازەی وەرگرتووە، دەستی شیعر نوسینی هەبووە دیوانێكی شیعری هەبووە، بەڵام بەهۆی كارەساتێكی ئاگر كەوتنەوە لەماڵیدا دیوانە شیعریەكەی فەوتاوە.
دوای دەرچوونی لەزانستگەی ئەزهەر لەشاری دێرەزور بەقازی شەرعی دامەزراوە، ئەو كاتەی كەدامەزرابوو هێشتا صاطع الحصری لەدایك نەببوو، ئینجا بەقازی چۆتە شاری حەما دوای ماوەیەك گواستراوەتەوە بۆ (محكمە الاستئناف) لەشاری سەنعای وڵاتی یەمەن ئینجا لەوێ ساطع الحصری لە 5/8/1880 لەدایك بووە باوكی بەهۆی وەزیفەكەیەوە لەیەك شوێنەوە نەماوەتەوە، بەڵكو لەنێوان ئەم شارانەدا گواستراوەتەوەو كاری كردووە (ئەدەنەو ئەنقەرە، تەرابلسی ڕۆژئاوا، قۆنیە).
صاطع الحصری لەساڵی 1893 لەتەمەنی هەرزەكاریدا (13 ساڵی) بەمەبەستی خوێندن ڕووی لەشاری ئەستەمبۆڵ كردووەو لەقوتابخانەی مەلەكی شاهانەی عوسمانی درێژەی بەخوێندن داوە، لەو كاتەدا دایك و باوكی لەتەڕابلسی ڕۆژئاوا دەژیان، صاطع الحصری تا تەمەنی 39 ساڵی هەر لەژینگەی كەلتوری توركیدا ژیاوە، بەڵام دوای ئەمە لەساڵی 1919 ئەم ژینگەیەی بەجێهێشتوەو ڕووی لەژینگەی عەرەبی كردوە لەوڵاتی شام لەسەر فەرمانی مەلیك فەیسەل بەرپرسیارەتی لەحكومەتە تازەكەی سوریای پێدراوە لەبواری پەروەردەدا.
الحصری لەسەرەتای خوێندنیدا زۆر بایەخی بەزانستی بیركاری و زانستەكانی سروشتداوە لەڕادەبەدەر لەبیركاری زیرەك بووە هاوڕێیەكانی لەقوتابخانە بە ئەرخەمیدس ناویان هێناوە، لەساڵی 1900 خوێندنی تەواو كردوەو بەمامۆستای زانستەكانی سروشت ((مدرس علوم الطبیعیە)) لەشاری یانینا دامەزراوە، كە ئەوكات شارێك بوو لەچوار چێوەی دەوڵەتی عوسمانی بەڵام ئێستاكە سەر بەوڵاتی یۆنانە.
لەساڵی 1921 لەسەردانێكیدا بۆ وڵاتی میسڕ لەسەرداوای بەرپرسانی پەروەردە چەند قوتابخانەیەك لەم ووڵاتە بەسەر دەكاتەوە دەبینێ بایەخێكی ئەوتۆ بەزانستەكانی سروشتی ((علوم الطبیعیە)) نادرێت، ئەویش لەنامەیەكدا ئەم كەم و كورتیانە بۆ وەزیری مەعاریفی میسڕ ڕوون دەكاتەوە. داوای چارەسەری لێدەكات، لەبەر گرینگی ئەو بابەتەو پێداویستی خوێندنی هاوچەرخ بەم زانستە، خۆی تەرخان دەكات بۆ خزمەتی ئەم بوارە چەند كتێبێكی لەم بارەیەوە ئامادەكردوە لەوانە (معلومات زراعیە، دروس الاحیاو، علوم الحیوان، علم النبات، التطبیقات الزراعیە) ئەمانە هەندێكیان بوون بەپڕۆگرامی خوێندنی سەرەتایی و وەهەندێكی تریشیان بوون بەپڕۆگرامی خوێندنی دواناوەندی.
ساطع الحصری لەبەرئەوەی هەر لەزووەوە لەتەمەنی گەنجیدا بۆی ڕەخساوە گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپی بكات و لە نێوان سالانی 1910-1917 ژمارەیەك وڵاتی وەكو سویسڕەو ئیتالیاو فەڕەنساو ئەلمانیاو بەریتانیاو هۆلەندەو ڕۆمانیاو بوڵگاریا گەڕاوەو سودی لەم گەشتانە وەرگرتووەو شارەزایی و ئەزمونی ئەم وڵاتانەی بەچاوی خۆیەوە بینیوەو هەوڵیداوە بۆ ووڵاتانی عەرەبی بگوازرێتەوە، ئەمە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەڕۆشنبیركردن و تێگەیشتنی الحصریدا هەبووە.
لەبەرئەوەی سیستەمی خوێندن و پڕۆگرامی خوێندنی ئەم وڵاتانەی دیتووە هەوڵیداوە بەپڕاكتیكی لەوڵاتانی عەرەبیدا پیادە بكات بۆ گۆڕینی پاشماوەی سیستەمی دواكەوتووی خوێندنی عوسمانی، پێشكەوتنی ئەم وڵاتانە بەتایبەتی لەبواری خوێندن و فێربون زۆر كاری لە ساطع الحصری كردووە بۆیە زۆر بەجدی هەولیداوە گۆڕانكاری لەسیستەمی خوێندن بكات بەتایبەت لەعێڕاق و سوریا، هەرواشی كردووەو بوو بەڕێبەری فكری قەومی عەرەبی لەپڕۆسەی پەروەردەو فێركردن لەسەرەتای دروست بوونی هەردوو دەوڵەتی عێڕاق و سوریا.
لەم بارەیەوە ژمارەیەك كتێبی نوسیوە كە گەشەی بیری نەتەوەیی بەگشتی و بیری نەتەوەیی عەرەب بەتایبەتی پیشان دەدات، جەخت دەكاتەوە لەسەر بایەخدان بەبیری نەتوەیی عەرەب ((القومیە العروبیە)) وەكو كتێبی: یراو وأحادیث فی القومیە العربیە، یراو وأحادیث فی الوطنیە والقومیە، أبحاث مختارە فی القومیە العربیە… چەندان كتێبی تر.
ئەوەی شایانی باسە ماوەیەك لەكاری ئیداری كاری كردووە بەتایبەت لەو ساڵانەی كە لەقوتابخانەی یانینا بووە هەندێ كاری ئیداریشی پێ سپێردراوە وێرای وانە گوتنەوەی خۆی چونكە دەرچوانی قوتابخانەی مەلەكی شاهانەی عوسمانی بابەتی زانستی سیاسی و یاسایشیان پێ خوێندراوە بۆ ئەوەی لەكاتی پێویست ئەركی ئیداریان پێ بسپێردرێت، هەر لەم ڕوانگەیەوە لەویلایەتەكانی مەكدۆنی سەر بەدەوڵەتی عوسمانی لە (قوصوە، مەناستیر، سلانیك) ئەركی ئیداری وەرگرتووە لەقەزای رادویشتەی سەر بەولایەتی ((قوصوە)) بۆتە قائیمقام پاش دوو ساڵان بەپلەی خۆی گواستراوەتەوە بۆ قەزای فلۆرینای سەر بەویلایەتی (مەناستیر) لەوێ ماوەتەوە تاكو كودەتای ئیتحادیەكان كە ساڵی 1908 لەسەر دەسەڵاتی سولتان عبدالحمید كرا، وادیارە بەشداریەكی كارای هەبووە لەم كودەتایە بەپێشكەش كردنی وتاری پڕ لەحەماس لەناو جەماوەری ڕاپەڕیوی دژی دەسەڵاتی سوڵتان لەوكاتەدا مەكدۆنیا بەشێوەیەكی گشتی ببووە ڕووگەی ناڕەزایەكانی دەسەڵاتی عبدالحمید بەتایبەتی سلاتیك ببووە بنكەی بەرهەڵستكارانی سوڵتان عبدالحمید، هەر لەوێش لەلایەن پیاوانی توركیای لاو كۆمەڵەی (الإتحاد الترقی) دروست بوو پەرەیان بەكاری شوڕشگێڕی دا دژی دەسەڵاتی سولتانی عوسمانی كەبەدیدی ئەوان دەسەڵاتێكی زالم و چەوسێنەر بووە. بەڵگەی ئەندام بوونی ساطع الحصری لەم كۆمەڵەیە لەبەردەست نییە، بەڵام لەبیرۆكەی ئەوانەوە نزیك بووە، چونكە لەبەرژەوەندی ئەوان لەڕۆژنامەكانی ئەوكات وەكو ڕۆژنامەی ((نیرحقیعت)).
((الحقیقەت النیرە)) ڕاستی پڕشنگدار كە لەپێش كودەتا بەنهێنی لەویلایەتی مەناستیر دەردەچوو ووتاری سیاسی بەحەماسی نوسیوە، دوای كودەتاش هەر بەردەوام بووە لەنوسینی وتارە سیاسیەكان، دوای سەركەوتنی كودەتایەكە ساڵی 1908 الحصری گەڕاوەتەوە ئەستەمبۆڵ و درێژەی بەكاری پەروەردەو فێركردن داوە لەم بوارەدا زۆر ڕۆڵ و ئەركی جیاوازی بینیوە لەپەیمانگا باڵاكانی ووڵات مامۆستایەتی كردووە وەكو پەیمانگای (دار الفنون) وەقوتابخانەی (العلوم الاداریە سیاسیە) كەهەمان قوتابخانەی مەڵەكی شاهانەیی بوو كە بۆخۆی لێی دەرچوو بوو، هەروەها قوتابخانەی (دار الخلافە العلیە) وەقوتابخانەی (دار المعلمین العالیە) كە لەدواییدا بوو بە بەڕێوەبەری ئەم قوتابخانەیە لەساڵی 1909.
یەكەم كاری لەم قوتابخانەیە كە ئەنجامی دا پێداچوونەوەبوو بەئاستی زانستی و پەروەردەیی ئینجا لەسەر بنەمای زانستی و پەروەردەیی هاوچەرخ سیستەمی خوێندنی گۆڕی قوتابخانەی (دار المعلمین العالیە)ی كردە سێ بەش، بەشی یەكەم تایبەت بوو بەئامادەكردنی مامۆستایانی دواناوەندی، بەشی دووەم تایبەت بوو بەئامادەكردنی مامۆستایانی سەرەتایی، بەشی سێیەم بۆ ئامادەكردنی مامۆستایانی (دار المعلمین) واتە ئەو مامۆستایانەی كە وانە دەڵێنەوە (دار المعلمین)ەكان كە بڕیار وابوو لەویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی بكرێتەوە.
بۆ یەكەمین جار بابەتی هونەری پەروەردەو فێركردن لەم سیستەمەدا خستە ناوپڕۆگرامی خوێندن، هەروەها بەشێكی پیشەیشی خستە پاڵ ئەم قوتابخانەیە ئەویش بەپڕاكتیك كردنی بابەتە تیۆریەكان بوو، بەوەش گۆڕانێكی ڕیشەیی لەبواری خوێندندا ئەنجامدا هەروەكو بۆ خۆی باسی دەكات، هەر لەوسەردەمەدا لەكاری نوسینی ڕۆشنبیری و پەروەردەیش دانەبڕاوە بەردەوام بەشداری نوسین و دەركردنی ڕۆژنامەو گۆڤاری پەروەردەیی كردووە وەكو گۆڤاری (تدریسات إبتدائیە) و گۆڤاری (التدریس اڵابتدائی) ئەمەیان بەزمانی توركی دەركردووە كەیەكەمین گۆڤاری پەروەردەیی بووە بەزمانی توركی، هەروەها گۆڤارێكی تریشی دەرگردووە بەناوی (مجلە التربیە) بەفەرمانی وەزارەتی مەعاریفی دەوڵەتی عوسمانی ئەم گۆڤارە بەسەر هەموو قوتابخانەكانی ویلایەتەكان بڵاوكراوەتەوە، لەبواری كۆمەڵەی مامۆستایانی ئیسلامیش كاری كردووە بنكەیەكیان هەبووە بەناوی (دار الشفقە) چاكسازی تێداكردووەو گۆڕانكاری بەسەردا هێناوە، هەروەها قوتابخانەیەكی تایبەت دەكاتەوە بەناوی قوتابخانەی هاوچەرخ (المدرسە الحدثیە) لەپالیدا باخچەیەكی مندالانیشی بەناوی (عش الاطفال) هێلانەی منداڵان و بەشێكی تایبەت بەبەخێوكاران (المربیات) دەكاتەوە كە خێزانەكەی خۆی كەژنێكی تورك بوو كچی فەرماندەیەكی سوپای دەریایی عوسمانیەكان بوو دەكاتە بەڕێوەبەری ئەم بەشە، ئامانجی الحصری لەكردنەوەی (دار المربیات) پێگەیاندنی مامۆستای باخچەو بەخێوكاران بووە.
گەشتكردن بەووڵاتانی ئەوروپاو دیدارو چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ كەسایەتە ناسراوەكانی پەروەردەو فێركردنی لەگۆنگرەو كۆنفِانسەكانی پەروەردەیی لەئەوروپا ئاسۆی بیری الحصری فرەوانتر كردوەو زانست و زانیاری زیاتر وەرگرتووە، ئەم ڕۆشنبیرە فرەوان و دەوڵەمەندەی ساطع الحصری لەبەرهەمەكانی ڕەنگی داوەتەوەو ئەوەی پیشانداوە كەچەندە خەمخۆری میللەتەكەی بووە بەردەوام هەوڵیداوە پەروەردەو فێركردن لەووڵاتانی عەرەبی بخاتە سەر ڕێگایەكی ڕاست و دروست، چونكە بەكۆڵەگەیەكی سەرەكی بوندیادی شارستانی عەرەبی زانیوە، بەپلان و بەرنامە ئەم كارەی كردووە سلی لەهیچ شتێكیش نەكردۆتەوە، هەرچەندە ڕكابەرو دژی هەبووە لە عێڕاق و سوریا.
نوسین و بڵاوكراوەكانی سەرەتا بەزمانی توركی بووە، بەڵام دوای نەمانی دەوڵەتی عوسمانی و گەڕانەوەی بۆ ووڵاتی سوریا و لەوێوە بۆ عێڕاق ئیتر نوسین و بەرهەمەكانی بەزمانی عەرەبی دەبێت بەڕادەیەك هەستی قەومیەت و عروبیەت لەنوسین و كتێبەكانیدا بەزەقی بەدیاردەكەوێت، لەسەر ڕەئی و قسەكانی خۆشی زۆر توندو سوربووە بەجۆرێك لەهەر شوێنێك هەستی كردبێت پێچەواەی ڕەئیەكانی ئەو كار دەكرێت تاپێی كرابێت قبولی نەكردووە ئەگەر هەر نەشیتوانی بێت كاری خۆی بكات ئەوا دەستی لەكارو پۆستەكەی كێشاوەتەوە، هەروەكو لە عێڕاق و ئەستەمبۆڵ كردی، ساطع الحصری لەژیانیدا هەوڵی جدی داوە بیروباوەڕی (عروبیەت) لە پڕۆگرامی خوێندنی لەهەموو نیشتمانی عەرەب بچەسپێنێ، بۆیە زۆر لەنەتەوە پەرستانی عەرەب (الحصری) بەپێشەنگی (عروبیەت) دادەنێن و شانازی پێ دەكەن.