فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەئامانجکردنی 36 بنکەی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە 13 ناوچە و تێکشاندنی مووشەکێکێ کرووزی رایگەیاند. وتەبێژی حوسییەکانیش دەڵێت، هێزی ئاسمانی ئەمریکا و بەریتانیا 48 هێرشیان کردووەتە سەر پێنج پارێزگای یەمەن.
سێنتکۆم بڵاویکردووەتەوە، درەنگانێکی شەوی شەممە 3ی شوباتی 2024، لە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانیدا دژی چەکدارە حووسییەکانی نزیک لە ئێران، کەبوونەتە هۆکاری ناسەقامگیریی رێڕەوی دەریای سوور و ناوچەکە، بەهاوبەشی بەریتانیا و پشتیوانی هەریەکە لە هۆڵندا، بەحرەین، دانیمارک، ئوسترالیا و کەنەدا 36 پێگەی حوسییەکانیان لە 13 ناوچەی جیاواز بۆمبارانکردووە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بهوهشداوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا سەرنجی زیاتر خراوەتە سەر ئەو پێگانەی حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەکاریانهێناوە، لە ناویاندا چبەخانە، کۆگای درۆنەکان، سیستەمی رادار و هێلیکۆپەر لەناوبراون، کە لەژێر زەویدا حەشاردرابوون.
سێنتکۆم راشیگەیاندووە، ئامانج لەهێرشەکان لاوازکردنی توانای سەربازی چەکدارە حوسییەکانە بۆ نەهێشتنی مەترسیی و هەڕەشەکان لەسەر جووڵەی کەشتییەکان لە دەریای سوور.
هەر لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکان، یەحیا سەریع، وتەبێژی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا 48 هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە پێنج پارێزگای یەمەن.