هەینی قادر
ئەم كتێبە دیوانێكی شیعری سولتانێكی ئەیوبی یە بەناوی (سولتان خلیل ایوبی) كە یەكێكە لەشاعیرەكانی ئەم بنەماڵەیە، لەلایەن توێژەرێكی سوری بەناوی (عبدالحسنین الخضر) ئامادەكراوە لەساڵی 1993 لەدیمەشق چاپ و بڵاوكراوەتەوە، ئەم كتێبە كەزیاتر بەناوی ساغكردنەوەی دیوانە شیعرەكەی ئەم شاعیرە ئەیوبی یە داندراوە، بەڵام نووسەر نەیشاردۆتەوەو هاتووە مەبەستە سەرەكی یەكەی خۆی لەم كتێبەدا دەرخستووە كە بەعەرەب كردنی بنەماڵەی ئەیوبیەكانە، گوایە تێگەیشتن و هەڵەیەكی مێژوویی هەیە لەسەر ئەسلی بنەچەی ئەیوبیەكان كە تائێستا لەلایەن بەشی زۆری مێژوو نووسەكانەوە بەكورد لەقەلەم دراون، ئەو وای بۆدەچێت كەغەدرێك لەم بنەماڵەیە كراوە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەم غەدرە هەڵبگیرێت و ئەم هەڵەیە ڕاست بكرێتەوە، (واتە لە كوردبونیەوە بكرێتە عەرەب) بۆ ئەم مەبەستەش پشتی بەڕاو بۆچون و لێدوانی هەندێ كەسایەتی ئێستای ئەم بنەماڵەیە بەستوە كە دانیشتوی شاری دیمەشقن وەلەگەڵ هێنانەوەی هەندێ بەڵگەی نادروست و نازانستی مێژوویی تاكو عەرەب بونی ئەم بنەماڵەیە بسەڵمێنێ.
لەم بارەیەوە نووسەر دووبەشی كتێبەكەی تەرخان كردووە بۆ لێكۆلینەوە لەسەر مێژووی ئەم بنەماڵەیە لەژێر ناونیشانی (أضواو علی النسب الایوبی) تیشكێك بۆ سەر بنەچەی ئەیوبی زانیاریەكانمان پێ دەڵێت و شەن و كەوی لاپەەڕەكانی هەندێ لەسەرچاوەی مێژووی ئیسلامی كردووە گوایە مەبەستیەتی هەڵەی مێژوویی ڕاست بكاتەوەو ئەم بۆچونەی تاكو ئێستا لەسەركوردبونی ئەیوبی یەكان هەیە بەبەڵگەی نادروست و نالۆژیكی ڕەتی دەكاتەوەو دەڵێت ئەیوبیەكان ئەسلیان عەرەبەو لەناو عەرەبیش لەبنەماڵەی ئومەویەكانن، بەڵام كاتی خۆی لەترسی كوشتن و لەناوبردنیان لەلایەن عەباسیەكانەوە بەناچاری ناوی بنەماڵەكەی خۆیان گۆڕیوە تاوەكو نەكەونە بەرچاوی پیاوانی عەباسیەكان.
بۆ ئەم مەبەستە نووسەر ڕاو بۆچونەكانی بەشێك لەمێژوو نوسانی كردۆتە سێ كۆمەڵەی جیاواز لەبەرامبەر هەر كۆمەڵەیەكیش ڕای خۆی لەسەر دەربڕیوە، وەكو لەخوارەوە پوختەكەی دەخەینەڕوو.
كۆمەڵەی یەكەم: دەڵێن ئەیوبیەكان كوردن.
كۆمەڵەی دووەم: دەڵێن عەرەبن، بەڵام لەبنەماڵەی ئومەوی نین.
كۆمەڵەی سێیەم: دەڵێن ئەیوبیەكان عەرەبن وباپیرە گەورەشیان مەڕوانی كوڕی محمدە.
هەروەكو گوتمان نووسەر لەسەر هەرسێ كۆمەڵ ڕاوبۆچونی خۆی لەكتێبەكەیدا خستۆتەڕوو، سەرەتا زۆر بەمتمانەوە ڕای یەكەمی مێژوو نووسانی ڕەت كردۆتەوە كەدانیان بەكورد بوونی بنەماڵەی ئەیوبیەكان ناوە، لەم بارەیەوە كۆمەڵێك هۆكاری هێناوەتەوە كەئەیەوێت بیسەڵمێنێت كە ئەم بنەماڵەیە كورد نین، منیش بەپێویستی دەزانم یەكە یەكە ئاماژە بەهۆكارەكانی بیرو بۆچونی نووسەر بكەم تاكو خوێنەری كورد لەبۆچونە شوفێنیەكانی ئەم نووسەرە ئاگاداربێت و دڵنیاشم سەرجەم ئەم بیروبۆچونە شۆڤێنیانەی لەلایەن ڕۆشنبیرانی كوردەوە ڕەت دەكرێتەوە
1- گوایە ئەیوبیەكان بۆخۆیان كورد بونی خۆیان ڕەت كردۆتەوە، بەڵگەشی وتەیەكی (ئیبن واصل)ی مێژوو نووسە كەدەڵێت: (هەندێ لەمەلیكەكانی ئەیوبی نكولیان لەكورد بوونی خۆیان كردووەو گوتویانە ئێمە عەرەبین، بەڵام لەناو كوردان ژیاوین و بەژن و ژنخوازیەوە تێكەڵاویمان لەگەڵ یەكتردا هەیەو خال و خوارزای یەكترین).
2- هەندێ لەمەلیكەكانی ئەیوبی رەچەڵەكی خۆیان بردۆتەوە سەر ئومەوییەكان، وەكو ملیك (معز اسماعیل بن سیف الاسلام ظهیرالدین طغكین) كەلەدوای باوكیەوە بۆتە پاشای یەمەن.
3- ووتەیەكی مەلیك عادل بەنموونە دەهێنێتەوە كە گوایە لەوەڵامی برازایەكەیدا گوتویەتی ئێمە لەبنەچەی ئومەوی نین، واتە نەیگوتووە ئێمە عەرەب نین بەلكو تەنها گوتویەتی ئێمە ئومەوی نین، ئەمەش بەڵگەیەكی لاوازە.
4- سەلاحەدینی ئەیوبی لەدوای ڕزگاركردنی شاری قودس لەمزگەوتی ئومەوی ووتارێك پێشكەش دەكات، لەوكاتەدا یەكێ لەئامادەبوان دێتە قسەو دەڵێت: (الحمدلله الذی نصر الاسلام بسیف الاكراد) واتە (سوپاس بۆ خوا ئیسلام بەشمشێری كوردان سەركەوت) سەلاحەدین دێتە وەڵام ودەڵێت: بڵێ: (الحمدلله الذی نصر الاسلام بسیف الاسلام) واتە بڵێ: (سوپاس بۆ خوا ئیسلام بەشمشێری ئیسلام سەركەوت).
5- شیعرێكی سولتان خەلیل ئەیوبی بەنمونە دەهێنێتەوە كە لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی یەوە بەسەر مەلیك ئەشرەفی باوكی یەوە هەڵیگرتووە كەتێیدا بنەچەی بنەماڵەی ئەیوبی یەكان دەباتەوە سەر (عَبْدُ مَناف)ی باپیرە گەورەی هاشمی یەكان و ئومەویەكان.
لن یبقَ فی الدنیا ملاذ یرتجیِّ فی العالمین، ولانصیرٌ كافَّ
الا ابنُ أیوب الذی صدق الوعو دَ، هَو الامینُ ومجمعُ اڵالطافَّ
اڵاشرفُ السلطان بالنسب الذیَّ بالنقلِ متَّصِلٌ بعبدِ مُنافُّ
6- ئەیوبی یەكان بەكوردی قسەیان نەكردووە، هەتا لەڕۆژگاری حوكمداریشیاندا زۆر خەمخۆرو پەرۆشی زمانی كوردی نەبوینە، منداڵەكانیشیان فێری كوردی نەكردووە.
7- كوردەكان لێیان نزیك نەبوینەتەوە تاكو شان و شكۆیان بەرزنەبێتەوە.
8- پەیڕەوی داب و نەریتی كوردانیان نەكردووە.
9- لەڕۆژگاری نەجمەدین ئەیوبیدا كەسیان بنەچەكەی خۆیان نەبردۆتەوە سەر كوردان، ئەمە قەت ڕووی نەداوە، تەنها دوای ڕوخانی دەوڵەتەكەی نورالدین زەنكی نەبێت.
10- ئەم ڕەچەلەكەی مەلیك ئەمجەد حەسەن نوسیویەتیەوە هیچ گومانێك ناهێڵێتەوە لەسەر عەرەب بونی ئەیوبی یەكان.
11- ئەیوبی یەكان لەڕۆژگاری ئێستادا بەكوردی قسە ناكەن و پەیڕەوی داب و نەریتی كوردان ناكەن.
لەخاڵی كۆتاییدا (خالی 11) نوسەر ڕاپرسیەكی لەناو ژمارەیەك كەسایەتی بەناوبنەماڵەی ئەیوبی لەناو شاری دیمەشقدا كردووە كە لەكتێبەكەیدا ناویشی تۆمار كردوون، ئەم سێ پرسیارەی خوارەوەی ئاراستە كردوون لەسەر هەڵوێستیان لەبارەی ڕەچەلەك و زمانی كوردی و داب و نەریتی كوردی:
– پێتان ناخۆشە ڕەچەڵەكتان بگەڕێتەوە سەر (عبدمناف)؟
– بەزمانی كوردی قسە دەكەن؟
– پەیڕەوی داب و نەریتی كورد دەكەن؟
وادیارە لەوەڵامدا سەرجەمیان وەڵامەكانیان بەدڵی نووسەر داوەتەوەو گوتویانە:
– جێگای شانازیمانە ڕەچەلەكمان بچێتەوە سەر عبدمناف.
– بەزمانی كوردی قسە ناكەین.
– پەیڕەوی داب و نەریتی كورد ناكەین، لەوەش زیاتر گوتویانە بەهیچ شێوەیەك شارەزای داب و نەریتی كوردنین، هەندێكی تر لەمەشیان تێپەڕاندووە گوتویانە هەر گوێمان لەم داب و نەریتە نەبووە تەنها لەم چەند ساڵەی دوایی نەبێت.
بەڕاستی نوسەر زۆر بەنازانستی و نالۆژیكی مامەلەی لەگەڵ ئەم بابەتە كردوە دەیەوێت بیسەڵمێنێت كەمادام ئەم بنەماڵەیە بەخۆیان نەیانگوتووە كوردین كەواتە ئەمانە عەرەبن بەخوێن و بەڕەچەڵەك، ئەمە ئەو پەڕی شوفێنزمی ئەم نووسەرە دەردەخات، چونكە بەنكولی كردنی چەند كەسێك لەئەسل و بنەچەكەی خۆی مانای وانیە مێژووی بنەماڵەیەك لەڕیشەوە بگۆڕدرێت و بسڕێتەوە، ئەم دیاردەیە واتە دیاردەی حاشاكردن لەئەسل و نەتەوەی خۆت لەناو ڕژێمە دیكتاتۆریەكان و شمولی یەكان شتێكی ئاساییە، چونكە ئەم كارەیان بەپلان و بەرنامەی درێژخایەن ئەنجامداوە كەئامانجیان تواندنەوەی نەتەوە بچوكەكانە نمونەش لەم بارەیەوە زۆرە لەمێژووی هاوچەرخدا، لەعێڕاق و سوریا حزبی بەعس لەم كارەدا سەردەستەی هەموو حزبەكانی عەرەبیە، سیاسەتی قڕكردن و سڕینەوەی نەتەوەی كوردیان بەپلان پەیڕەو كردووەوبڕواشیان پێبووە كە بەردەوام هەوڵیان داوە بەكوشتن و بڕین ئەم ئامانجەیان بێننەدی.
بەڕای من هۆكاری سەرەكی دروست بونی ئەم جۆرە ڕاوبۆچونانەی نوسەرانی عەرەب ئەمە جگە لەهەستی شۆڤێنی ئەم نوسەرانە هەر بۆ خۆی هەڵوێستی هەندێ مالبات و عەشیرەتی كورد هۆكارن چونكە بۆ هەندێ مەبەستی تایبەتی خۆیان یاخود بەهۆی دەمارگیری ئایینیا بۆ ئیسلام بنەچەو ڕەچەلەكی خۆیان بردۆتەوە سەر كەسایەتی و بنەماڵە بەناوبانگەكانی عەرەب و ئیسلام كەپێیان وابووە بەم كارەیان دەتوانن لەخەڵكانی تر جیا ببنەوە شوێن و پێگەیەكی باشترو جیاوازتر لەناو كۆمەڵگادا وەربگرن، بێ ئاگا لەوەی كەزیان بەمێژووی سەروەری میللەتەكەیان دەگەیەنن و لەناو خزم و بنەماڵەی خۆشیان ئەم جۆرە كەس و مالباتە بێ بەری دەكرێن و حاشایان لێ دەكرێت، چونكە ئەم میللەتە ڕووبارێك خوێنی ڕشتووە لەپێناو پاراستنی ڕەگەزو ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بەدرێژایی مێژوو خەبات و بەرگری كردووە لەبەرامبەر داگیركەران تاكو نەتوانن خاك و نیشتمان و نەتەوەكەیان رەش بكەنەوەو لەناوببەن، ئەیمڕۆكەش بەئاسانی هەندێ كەسی قین لەدڵی بەناو نووسەرو توێژەر نەك تەنها عەرەب بەلكو لەناو تورك و فارسیش ئەم ئەم جۆرە فەریكە نوسەرانە هەیە كە بەئارەزووی خۆیان لەكون و كەلەبەرەكان مێژوو دەگەڕێن ڕاو بۆچون و هەڵوێستی ئەم جۆرە نوسەرو مالیات و بنەماڵەی كورد دەقۆزنەوەو دەكەنە بەڵگە بەدەستیانەوەدەڵێن ئەوەتا فلان مێژوونوس و فلان مالبات و بنەماڵەو فلان كەسایەتی كورد بۆخۆیان دان بەكورد بوونی خۆیان دانەناوە ئێمە چۆن ئەمانە بەكورد دابنێین.
بەڕاستی ئەم بەڵگەو بۆچونانەی نووسەر زۆر كرچ و كاڵ و لاوازن هی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێت چونكە هەڵسەنگاندنێكی واقعیانەی ڕۆژگاری سەلاحەدین ئەیووبی نەكردووە لەبەر بیری تەسكی قەومیانەی خۆی بەحسابیی ئەمڕۆ هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ڕۆژگارە كردووە بێ ئاگا لەوەی كە ئەو كات ناكۆكییەكانی ئەم ناوچەیە ناكۆكی ئایینی بوون نە وەك قەومی و نەتەوەیی وە ململانێیەكان لە نێوان ۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا بوو لەسەر دەست بە سەر داگرتنی شوێنە پیرۆزەكان بە تایبەت شاری قودس كە پیرۆزی لای هەر سێ ئایینەكە( ئیسلام و مەسیحی و یەهوودی) هەیە، دروشمەكان لە هەر دوو بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئایینی بوو نەوەك نەتەوەیی واتە بیری قەومی و نەتەوەیی هێشتا ئەو ڕۆڵەی نەبوو.
سەبارەت بە گۆڕینی ڕەچەڵەكی خۆیان لە لایەن هەندێ لە مەلیكەكانی ئەیووبی، ئەمەش بەڵگەیەكی لاوازە، چونكە تا ئێستا بەڵگەیەكی نووسراوی لەم بارەیەوە باوەڕ پێكراو نییە ئەوەی هەیە تەنها قسەیەو ڕیوایەتی سەر زارە كییە هەندی كەس لە بارەی وتارەكەی سەڵاحەددینی ئەیووبی كە لە مزگەوتی ئومەوێ كەلە شاری قودس پێشكەشێ كردوە ((خالێ 4)) بۆ خۆی گەورەترین بەڵگەیە لەسەر هەڵوێستی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە بەرامبەر ئایینی ئیسلام و پێكهاتەی لەشكرەكەی لەو سەردەم كە تەنها كورد نەبوو بەڵكوو پێهكات بوو، لە كوردو تورك و عرەب و شەڕكەری ترئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ كە چۆن سەڵاحەددینی ئەیووبی نەیویستووە ئەم شانازییە تەنها بۆ كورد بێت هەر چەندە بەشی زۆری لەشكرەكەی لە جەنگاوەرانی كوردو هۆزەكەی خۆی بووە، بەڵام ئەو جیاوازی لە نێوانیان دا نەكردووە، چونكە هەستی دینەكەی لە هەستی هۆزگەری و نەتەوەیی بەهێزتر بووە.
خاڵی پێنجەم كە بەیتە شیعرێكی سوڵتان خەلیل ئەییووب بە بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەر بردنەوەی بنەماڵەی ئەیووبی بۆ سەر بنەماڵەی (عبد المناف) بە ڕای من ئەمەش نابێتە بەڵگەی كۆتایی لەسەر بە عەرەب بوونی ئەم بنەماڵەیە، چونكە خۆشەویستی كورد بۆ ئایینی ئیسلام بە ڕادەیەك بووە كە هەموو سنوورێكی ئاسایی تێپەڕاندووە بڕوابوون و خۆشەویستی هەندێك بنەماڵەی كورد بۆ پێغەمبەر و ئالی بەیت بە جۆرێك بووە كە گۆرینێ ڕەچەڵەكیش كۆسپ نەبووە تاكو ئەم شانازییەیان بەر بكەوێت و خۆیان لەم بنەماڵەی پێغەمبەر نزیك بكەنەوە، ئەم گۆڕینەی بنەچەو ڕەچەڵەك بۆ هەندێ بنەماڵەی كورد ئاسایی بووە لە مێژووی هەزار و چوار سەد ساڵەی ئیسلام دا ئەمڕۆش لەناو كورد هەندێك بنەماڵە شانازی بەوە دەكەن ڕەچەڵەكی خۆیان ببەنەوە سەر ئالی بەیت بەڵكو شەجەرە بۆ بنەماڵەی خۆیان دروست دەكەن، هەر بەهۆی ئەمەشەوەیە كە تا ئەمڕۆ كەشی لەگەڵ دا بێت هەندێ نووسەر و مێژوونووسی عەرەب ژمارەیەك لە هۆز و عەشیرەت و ماڵباتی كورد دەبەنەوە سەر عەرەب، خودی گوتەی هەندێ لە سەرۆك عەشیرەت و پیاوانی دەست ڕۆیشتووی ئەم عەشیرەتانە دەكەنەوە بەڵگە بەدەستیانەوە پێیان نیشان دەدەن كەوا چۆن بنەچەی خۆیان دەبەنەوە سەر عەرەب و دەڵێن فلان هۆز یان فڵان عەشیرەت بنەچەیان عەرەبە.
سەبارەت بەو خاڵەی كە دەڵێت بنەماڵەی ئەیووبی لە ڕۆژگاری سەڵاحەددینی ئەیووبی بەكوردی قسەیان نەكردووەو داب و نەریتی كوردیان پەیڕەو نەكردووەو كوردەكان لە دەوریان دا كۆ نەبونەتەوە (خالەكانی 11،10،9،8،7،6) بە ڕای من ئەمانە هیچی نابنە ئەو بەڵگە سەلمێندراوانە كە كوردبوون و یان كورد نەبوونی سلاحەدینی ئەیووبی بسەلمێنێ یان ڕەت بكرێتەوە، چونكە هۆكار زۆرن ئەگەر بمانەوێت باسی بكەین كە بۆچی سەڵاحەدینی ئەیووبی بە كوردی قسەی نەكردووە یاخود پەیڕەوی داب و نەریتی كوردی نەكردووە یان منداڵەكانیان بۆ فێرە كوردی نەكردووە.
هۆكاری هەرە بەهێز و سەرەكی كە بتوانین ئەم رایەی نووسەری پێ ڕەت بكەینەوە دەتوانین لەچەند خاڵێكدا چڕ بكەینەوە وەكو لەخوارەوە ئاماژەم پێ كردووە:
1- لەڕۆژگاری حوكمڕانی سەلاحەدینی ئەیوبی زمانی ڕەسمی دەوڵەتی عەباسی زمانی عەرەبی بووە.
2- حوكمداریەتی سەڵاحەددینی ئەیووبی لە دەرەوەی خاكی كوردستان بووە.
3- سلاحەدینی ئەییوبی دەمارگیری نەتەوەیی نەبووە ئەو خزمەتەی كردویەتی بۆ بۆ بەرزی پە یامی ئیسلام بووە.
4- زمانی عەرەبی چونكە زمانی قورئان بووە لای هەموو میللەتانی موسڵمان و جیهانی ئیسلام پیرۆز بووە بەتایبەتی لای میللەتی كورد.
6- حكوومەتەكانی عەرەبی ئیسلامی بە زۆر ئەم سیاسەتەیان سەپاندووە واتە سیاسەتی فێركردنی زمانی عەرەبی پێویست و گرنگ بووە، بەجۆرێك خەڵكیان تێگەیاندووە كەزمانی عەرەبی مادام زمانی قورئانە، واتە زمانی ڕۆژی حساب و كۆتاییە (زمانی قیامەتە).
سەرچاوە:
– عبدالحسنین الخضری: الشعراو الایوبیون، دیوان السلطان خلیل الایوبی (نجوم الفلك من نظام الملك) المجلد الاول، دمشق 1993.










