گەردەلوولی تۆڵەی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، لە عێراق و سووریا دەستیپێکرد و 85 پێگەی ئەو گرووپانەیان بۆردوومانکرد. پێنتاگۆنیش دەڵێت، “ئەمە تەنها سەرەتایە.”
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە شەوی رابردووەوە 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانیان لە عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە، چەندین کۆگای درۆن و مووشەکی فەیلەقی قودسی پاسداران و دارودەستەکانیان لە عێراق و سووریا وێرانکردووە.
سێنتکۆم جەخت لەوەش دەکاتەوە، فەیلەقی قوودسی سوپای پاسداران و دارودەستەکانی هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراق، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێکار بۆ پاراستنی هێزەکانیان.
هاوکات جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشەکە بە فەرمانی ئەو ئەنجامدراوە. جەختیشەدەکاتەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای شەڕەوە نین، بەڵام هەر کەسێک زیانیان پێبگەیەنێت، وەڵامی دەدەنەوە.