ئامادهكردن و كۆكردنهوهی- سهنگهر حوسێن:
نووسەرو سیاسەتمەدارو سەرنووسەری پێشووتری رۆژنامەی خەبات فەلەکەددین کاکەیی، بەهۆی نزیکی لە کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو، هەروەها لەئاوارەیی و بەرەکانی شەڕو کۆڕو کۆبوونەوەکان زۆر جار یاوەری بەڕێزیان بووەو چەندین بابەت و یادەوەری دەگێڕێتەوە کە باس لە دووربینی و ڕۆشنفکریی ئیدریس بارزانی دەکات و پێشتر لە ڕۆژنامەکانی خەبات (بەزمانی کوردی) و خەبات و تەئاخی (بەزمانی عەرەبی) نووسیوە، دواتریش لە چەندین کتێب کۆکراوەتەوەو بڵاوکرایەوە.
بۆ یادی ۳۷ ساڵەی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، بەباشمان زانی هەندێک لەو وتارانە دووبارە بڵاوی بکەینەوە، بۆ ئاشنابوونی نەوەی تازە بە خەسڵەت و کارو کردەوەکانی شەهیدی هەمیشەزیندوو.
جێی باسە، فەلەکەددین کاکەیی لە رۆژی ۳۱ی تەمموزی ۲۰۱۳ بەهۆی نەخۆشییەوە لەشاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

ئیدریس بارزانی بەناوی خواو چەند دێڕی جوان له دەفتەری تۆماری بروسكە دەنووسێ، كە ئەمە یەكەمین جارە دوای نوشستی ئاداری 1975 تۆڕی بێتەلی شۆڕش دەكەوێتە خێرو سەركەوتنی كورد و كوردستان (ئەمەیان دەقی نووسینەكەی ئیدریس نییە، لێ شتێكی بەو مانایەی نووسی).
هاوینی 1980:
ئەمساڵ، لە سەرەتای زستانەوە، چەند هەنگاوی نوێمان ناوە. دوای دامەزراندنی بارەگای مەكتەبی سیاسی لە راژان، كەوتینە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەی نۆیەمی پارتی كە پایزی 1979 گرێماندا بوو. تا ئێستا بەچی رێگایەكا دەڕۆین؟ لەتەك لێكۆڵینەوەو چاودێری بارودۆخی كوردستان و دەوروبەری، بە ئارامی و هێمنی، بەجیدی، خەریكین دیواری ئەستووری ئەو گەماڕۆیەی دراوین دەشكێنین.
یەك: خەریكی پێكهێنانی (ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستانین) لە عێراق، دەزگایەكی هەماهەنگی كوردستانییەتی سەرانسەری (گشت پارچەكان).
دوو: پەیوەندی لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییەكانی كوردستان پتەو دەكەین.
سێ: ئێزگەی دەنگی كوردستان رێكوپێك دەخەین، كە لە بەهارەوە بەكارمان خستووە.
چوار: دەزگای تۆڕی (بێتەلی شۆڕش) دادەمەزرێنینەوە.
پێنج: لەشكر رێك دەخەینەوەو قسە لەسەر دانانی (یاسای لەشكری كوردستان) دەكەین.
شەش: ئاوڕێكی جیدی دەدەینەوە لە بونیاتنانەوەی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی پارتی. داڕشتنەوەی ئەم پەیوەندییانە بە ئیدریس بارزانی دەسپێردرێت. ئەمەو چەند فەرمانێكی گرنگی دیكەمان خستووەتە سەرشان:
رێكخستنەوەی حزب لە ناو وڵات و ریزی پەنابەران و، بژێوی پێشمەرگەو، دەركردنەوەی رۆژنامەی “خەبات”و بڵاوكراوەی دیكە. لە كاتێكدا بارودۆخی داراییمان خراپە، ژیانی پێشمەرگە سەخت و دژوارە.
دەبینم كە چەند كەسین لەسەركردایەتیدا، بۆ ئەو ئەركە گرنگانە لەوەختێكدا وەكو بڵێی لە سفرەوە دەست پێدەكەین. هەندێ لەوەی لە ساڵانی 1976-1979دا، كۆبووەوە، دەكەوێتە بەر (رەشەبا) و پەرش و بڵاودەبێتەوە! جارێكی دیكە ناوماڵ تێكدەچێت!
(با لەمەیان گەڕێین) . ئێستا چەند كەسین؟ بەڵێ! حەوت ئەندامی مەكتەبی سیاسی، بە سكرتێری پارتییەوە، جگە لە سەرۆك، چواردە ئەندامی مەكتەبی ناوەندیش هەن. واتە: جگە لە سەرۆك، هەموومان بیست و یەك ئەندامی كۆمیتەی ناوەندین. بەسەر ئەركە ناوەندییەكان و لقەكانی سەرانسەری كوردستان دابەش دەبین. (لە كەمتر، لە ساڵێكی دیكەدا، دوو ئەندامی مەكتەبی ناوەندی، هەریەك لەبەر هۆیەك، دەكشێنەوەو، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی كە رەئیس عەبدوڵڵایە، كۆچی دوایی دەكات. دەبێتە هەژدە ئەندام).
(بێتەل) شادەماری پەیوەندی و رێكخستنەوە. بەهاری ساڵی (1980)، یەكەمین جار پەیوەندی وێستگەی بێتەلی لقی 1ی (بادینان) بەبارەگای سەركردایەتییەوە لە (راژان) تاقی دەكرێتەوەو سەردەكەوێت. رۆژێكی شادو شانازیمانە. بەرپرسی بێتەل بە خۆشییەوە دێتە ژوورەوە، مزگێنی بۆ ئیدریس دێنێ، كە دەپرسێ:
– كەی تۆماری بروسكە دەكەنەوە؟
– هەر ئەڤرۆ!
– دەفتەرەكە بهێنە، شتێك بەم بۆنەوە بنووسم.
دەفتەری تۆماری بروسكە دێنم. ئیدریس بارزانی بەناوی خواو چەند دێڕی جوان دەنووسێ، كە ئەمە یەكەمین جارە دوای نوشستی ئاداری 1975 تۆڕی بێتەلی شۆڕش دەكەوێتە خێرو سەركەوتنی كورد و كوردستان (ئەمەیان دەقی نووسینەكەی نییە، لێ شتێكی بەو مانایە نووسی).
ئەو رۆژە هەستمان كرد كە لایەكی دیواری ئابلۆقەكەمان رماندووە. بارزانیی نەمر لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولی 1961وە گرنگی بە دەزگای بێتەل داوە، وابزانم، بێتەلكارێكی نیشتمانپەروەری ئەندامی پارتی، ساڵی 1961 بە دەزگایەكەوە دێتە ریزی شۆڕش و، یەكەمین بنكەی بێتەل دادەمەزرێنێ، دەبێ بە یەكەمین رەئیسی دەزگاكە.
لە ساڵانی دواییدا دەزگای زیاتر، لەشكری عێراق، بەدەست دەكەوێ و، بێتەلزانی زۆرتر دێنە سەنگەری پێشمەرگە. تا ساڵی 1970 شۆڕش دەبێت بە خاوەنی تۆڕێكی فراوانی رێك و پێك كە سەرانسەری كوردستان دەگرێتەوە، رەنگە لە هەندێ بوارەوە، لە هەندێ وڵاتانی دەوروبەر پێشكەوتووتر دەبێت.
لە رێگەی بێتەلەوە، لە حزبەوە بە لەحزە، پێشمەرگەو خەڵكی ناوچە ئازادكراوەكان، ئاگایان لەیەك دەبێ جگە لە پەیوەندی. دەزگای بێتەل، سەركەوتووانە، چاودێری بێتەلی رژێمیش دەكات و خۆی دەدزێتە ناوی و، دەست دەكات بە هەندێ نهێنی چیفرەكانی لەشكرو دەزگاكانی رژێمی بەعس.
لە ئاداری 1975، دوای كارەساتەكە، ئەو تۆڕە مەزنە لە كار دەكەوێت. كادر و پێشمەرگەكانی بێتەل هەمیشە دڵسۆزو نهێنی پارێزو فیداكاربوونە. لە خەباتگێڕە سەربەرزەكانمان كەمبووە بە تەواوی رێزیان لێ بگیرێت ئەوە جارێكی دیكە دەكەونە خەبات.
بەدرێژایی ساڵی 1980 خەریكی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەی نۆیەمین دەبین كە لە تشرینی دووەمی 1979دا، بەستراوە. لەو بڕیارانەش، لەرووی پەیوەندی جەماوەری و كوردستانییەوە:
– پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانی و، بەرەیەكی سیاسیی عێراقی.
– دامەزراندنی (ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان).
– پێكهێنای دەستەیەكی باڵا (دەزگایەكی) هاوئاهەنگی نێوان حزب و هێزو كەسایەتییە بەرزەكانی سەرانسەری كوردستان، تێیدا نوێنەری گشت پارچەكانی كوردستان بەشدار ببن.
لەبارەی بەرەیەكی كوردستانی، یا هاوپەیمانێتی لە گۆڕەپانی كوردستاندا، پەیوەندی بە گشت لایەنەكانی كوردستانی عێراقەوە، دەكەین.
یەكەمین حزب كە بە دەنگمانەوە دێ حزبی شیوعی عێراقی، ئینجا حزبی سۆسیالیستی كوردستان كە تازە دامەزراوە، هاوین بەیاننامەیەكی هاوبەشمان لەگەڵ سۆسیالست دەردەچێ، تێیدا بەڕابردوودا دەچینەوەو، شەڕی ناوخۆ تاوانبار دەكەین و، لاپەڕەیەكی نوێ دەكەینەوە. قوربانیانی پێكدادانە ناوخۆیەكانی ساڵانی رابردوو، بە شەهید دادەنێین. بەم بەیاننامەیە، لە هاوینی 1980 دا، یەكەمین بەردی بناغەی بەرەیەكی كوردستانی دادەنێین (دوای ئەوە بە چەند ساڵ شین دەبێ و لە 1988 دا گەورەترین بەرەی كوردستانی پێكدێت).
لە ساڵی پارەوە (1979) پەیوەندیی نێوان پارتی و شیوعی چاك دەبێتەوەو، نوێنەریان لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتی بەشدار دەبێ و، وتار دەخوێنێتەوە. بڕێك لەسەر (ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان) بدوێم، كە ئەو بڕیارەمان ساڵی (1979) وەرگرتووە.
بەپێی ئەو بڕیارە (ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان) لە كەسایەتییە نیشتمانییەكان و نوێنەری ئەو حزب و لایەنانەی، كە دەبنە هاوپەیمان، لەگەڵ نوێنەرانی رێكخراوە جەماوەرییەكان و، ئەندامانی رێكخراوە جەماوەرییەكان و، ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی و ئەندامانی یهدهگ، پێكدێت. ئەنجوومەنەكە بۆ لێكۆڵینەوەو بڕیاردان دەربارەی مەسەلە سەرەكی و چارەنووسسازەكانی كوردستان كۆدەبێتەوە.
بڕیارەكە بەلامانەوە ئێجگار گرنگە، ئیدریس و سەرۆك و مەكتەبی سیاسی، ماوەیەك خەریكی داڕشتنی شێوەی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دەبن.
(دواجار بەهۆی هەڵایسانی شەڕی عێراق و ئێران و تێكچوونی باری ناوخۆی بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان.. بیرۆكەی ئەنجوومەنەكە دەبێت بە قوربانی و، دوا دەخرێت. تا ساڵی 1988 لەكاتی دانانی بەرنامەی بەرەی كوردستانی سەرهەڵدەداتەوەو، دەبێ بە ئامانجێكی بەرە. كە دوای راپەڕینی 1991 دەكەوینە جێبەجێكردنی و، ئەم پەرلەمانەی لێ دەردەچێت، ئەویش لەژێر هەمان ناوونیشان كە ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستانە).
لەسەرێكی دیكەوە. لە دوای ساڵی 1975ەوە هەوڵدەدەین پەیوەندیمان بە قووڵایی نەتەوەییەوە پتەوتر بكەین. بەبێ پشتیوانی نەتەوەیی پارچەكانی دیكە، دەرباز بوون لە ئاسەواری شكستی 1975 سەخت و دژوارە.
كوردی رۆژئاوا، بە گەرمی یارمەتی مەعنەوی و ماددیمان دەدەن. لە پاییزو زستانی 1975وە كۆمەكی پێشمەرگەو كادیران دەكەن تا لە سنوورەوە دەربازی دیوی كوردستانی توركیا دەكەن، لەوێوە بۆ كوردستانی عێراق. هەر كوردی رۆژئاواش دەبن كە بە كۆڵ دەزگای ئێزگەی دەنگی كوردستان لە لوبنانەوە بە ناوچەیەكی رزگاركراوی كوردستانی عێراق لە ساڵی 1977دا دەگەیەنن. خەڵكی كوردستانی توركیاو حزبەكانیان، بە دڵسۆزی و حەماسەتەوە، رۆڵی نەتەوەیی خۆیان دەبینن و پشتگیری لە پێشمەرگەی كوردستانی عێراق دەكەن. هەندێ جار دێن و راستەوخۆ بەشداریش دەبن. (بەخۆم لە بەهاری 1979دا، شایەدی ئەوە دەبم كە چۆن لاوانی كوردستانی توركیا، بە كۆڵەپشت، نان و میوەمان بۆ دێنن، بۆ دیوی باشوور) . هەروەها كەسانێك و گرووپگەلێكی كوردستانی ئێرانەوە، ئەمە جگە لە هاوكاری و هەماهەنگی سیاسی و راگەیاندن لە ئەورووپا.
نەتەوەی كورد، بەگشتی لە 1975 بریندار بووە، دەیەوێ وەڵامی ئەو نوشوستیە و ئەو زەبرە بداتەوە. رووناكبیران و هونەرمەندانی هەر سێ پارچەكەی دی، بەدڵ و گیان، دەكەونە چالاكی بۆ پشتیوانی موقاوەمەتی تازەی كوردستانی عێراق. چ بە نووسین، یا سروودو گۆرانی، یا كۆمەكی ماددی، جەژنێكی نەتەوەییە.
پارتی كۆنفرانسی ئابی 1976 كە لە بەرلین گرێی داوە، بڕیار دەدات تا ئەو هەلومەرجە نەتەوەییە بقۆزێتەوە، هەربۆیەش بڕیاری پێكهێنانی (دەستەیەكی نهێنی باڵای نەتەوەیی لە نوێنەرانی هەموو پارچەكان) دەدات. ئەو دەستەیە، وردە وردە، بە عەمەلی پێك دێت، هەرچەندە هێشتا شێوەیەكی تەنزیمی بەخۆیەوە وەرناگرێت. لە مەیداندا ئەو سەتەیە هەیە. لە هەر كوێ كوردێكی هۆشیاری نیشتمانپەروەر هەبووبێت، دانیشتووی هەر پارچەیەك، یا لە هەر وڵاتێكی ئەوروپادا بێت، بەپێی توانا پشتگیری هەڵسانەوەی خەباتی كوردی عێراق دەكات.
لە نۆیەمین كۆنگرەیەدا ساڵی 1979، پارتی جارێكی تر، بڕیارەكە وەردەگرێتەوە، ساڵی 1980 هەوڵ دەدات، بە كردەوە، ئەوا (دەستەی باڵا نەتەوەییە) دابمەزرێنێ، بۆ ئەم مەبەستە لیستێك ئامادە دەكرێت بەناوی كەسایەتی و نوێنەرە سیاسییەكانی هەر چوار پارچە، تا دەستكە (بە نهێنی دابمەزرێت، چەندین كەس لە توركیاو سوریاوە خۆیان بە بارەگای مهكتهبی سیاسیی پارتی دەگەیەنن. لەم لاشەوە، لە عێراق و ئێرانەوە، كەسایەتییەكان ئامادە دەبن. لەبەر باری ناسكی نهێنی پارێزی، كارەكە لەسەرخۆ و بەهێمنی دەڕوا، تا بەداخەوە گەر داوی شەڕی عێراق و ئێران بارودۆخەكە تێكوپێكدەدات و شێوەی خەباتمان دەگۆڕێت و، ئەركی دیكەی رۆژانە دێتە پێش و، تەنزیمی (دەستەی باڵای نەتەوەیی) بەشێوەیەكی كاتی، دوادەخرێت. بەڵام بیرۆكەكەی بەكردەوە، دەمێنێ و هاوكاریی نەتەوەیی بەشێوەیەكی دیكە بەردەوام دەبێت و پەرەدەسێنێت.

فهلهكهددین كاكهیی: كۆنگرەی نەتەوەیی، پێشكەوتنی گەورەی بیری سیاسیی كوردە
لەو سەردەمە هەندێ كەس رەخنەیان لە ئیدریسی نەمر دەگرت كە گوایە حیزبی نییە، پەیڕەوی پڕۆگرامی حیزب نییە و ناهێڵێ حیزب دابمەزرێت! لە واقیعیشدا ئیدریس كۆڵەگەی حیزب بوو، دەیویست بەهێزبێ و، لەهەموو كەس جەماوەریتر بوو، بەشێوەی خۆی لە هەموومان زیاتر خەڵكی بە دەوری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردا كۆدەكردەوە، ئەو، گرنگیی بە بڕیارە سیاسییەكان دەدا.
بیرمهندو نووسهرو سیاسهتمهداری كورد فهلهكهددین كاكهیی له چهندین بیرهوهریدا، باس له رۆڵی گهورهی شههید ئیدریس بارزانی دهكات لە هەوڵ و كۆششی بۆ بەدیهێنانی خەون و ئامانجی هەزاران خەباتگێڕی كوردایەتی. لهمبارهیهوه دهنووسێت:
بیری سیاسیی كورد لە سەدەی بیستەم بەدوو پێشكەوتنی گرنگی گەیشت، یەكەم دوای جەنگی یەكەمی جیهانی (1914 ـ 1918)، دووەم لەگەڵ كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی (1940 ـ 1945) وەختێ تەوژمی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و، سیستەم و بیر و بۆچوونی دیموكراتی بە دنیا بڵاوبووەوە، ئەوە ئیتر بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان كەوتە بایەخدان بە هەردوو لایەنی رزگاری كۆمەڵایەتی و رزگاری سیاسی.
لەو میانەدا ناوەبەناوە باس لە رزگاری و سەربەخۆیی دەهاتە پێش، چ لەرێگەی هەندێ كەسایەتییەوە یالە رێگەی هەندێ رێكخراوی سیاسییەوە.
بیری سیاسی كورد، بەدرێژایی سەدەی بیستەم وسەرەتای ئەم سەدەیە (بیست و یەكەم)، هێشتا مەلۆتكە مایەوە، نەهاتە بەر، تا ئێستا یەكسەرو، كوتوپڕ، ئەم كۆرپە جوانە خەریكە دەردەكەوێ، مەبەستم هەوڵدانە بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی.
ئەوەش، لە راستیدا كتوپڕ نەهاتووە، بەڵكو بەرهەمی دەیان ساڵی بیركردنەوەی سەدان زانا و ژیری كورد و وانەو دەرئەنجامی دەیان ساڵی خەبات و قوربانیدانی خەڵكی كوردستانە، كە چەند نوشستی و كارەساتیان دووچاربووە و، هەرجارەكی، كە لێیان كۆڵیبێ بۆیان دەركەوتووە كە هۆكاری ئەساسی مەینەت وكارەساتەكانیان بۆ دابەشبوونی كوردستان و، دووبەرەكی وچەند بەرەكیی ناوخۆبووە.
هەر بۆیەش لە ساڵی 1980 چەند پارتی سەرەكیی باكوور و باشوور، بەتایبەتی پارتی كارێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی دیموكراتی كوردستان، هاتنە سەر ئەوەی ئیتر ئەو قۆناغەنا دروستانە ببەزێنن و بیر لە قۆناغی یەكڕیزی نەتەوەیی وخەباتی رزگاری وسەربەخۆیی، بكەنەوە.
دوای چەند تەقەڵڵای چەند قۆڵی بۆ بەستنی گردبوونەوەی نەتەوەیی گشتی وگەیشتن بەكۆنگرەیەكی گشتگیری نەتەوەیی، هەردوولا هاتنە سەر ئەو باوەڕە كە، هیچ نەبێ هەردوولا پەیمانی خەباتی هاوبەش و هاو ئامانجی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی كوردستان، ببەستن.
لە 1983، لە چەند كۆبوونەوەی دووقۆڵیدا لە شاری دیمەشق، هەردوو سەركردە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن پەكەكەوەو، ئیدریس بارزانی لەلایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پرۆتۆكۆلی پرۆژەی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی ئیمزا بكەن، ئەویش لەسەر بناغەی خەباتی هاوبەشی هەمەلایەنە بۆ رزگاری وسەربەخۆیی كوردستان و، لە چوارچێوەی ئامانجە سەرەكییەكانی دیموكراتی و دادپەروەری ورزگاربوونی ملیۆنان كوردی چەوساوە و، گرتنە دەستی ئیرادەی میللی.
بەو بۆنەوە بانگی گشتیان هەڵدا و، گشت پارت و رێكخراوەكانی چوار لایەنی كوردستانیان بۆ ئەو گردبوونەوە نەتەوەییە بانگ كرد.
هەرچەندە ئەم رێككەوتنە، لە سەرەتاوە تووشی كۆسپ و تەگەرە بوو، دڵ و ویژدانی نەتەوەی كوردی هەژاند و، لە هەموو لایەكەوە كەوتنە دیالۆگی چەند لایەنە و،هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی باشتر و خێراتر لە پێنا وسەرخستنی ئەم پرۆژەیە.
لە 1983وە چەند هەوڵ و كۆششی دیكە هاتنە ئەنجامدان، تا ئەمساڵ (2013) لەپڕدا نوێنەرانی گشت پارت و رێكخراوە سیاسییەكان پێكەوە لە سەلاحەددین دانیشتن، بۆ بەدیهێنانی خەون و ئامانجی هەزاران خەباتگێڕی كوردایەتی.
كەواتە رووداوی مێژوویی گردبوونەوەی ئەو هەموو لایەنانە، هەم كوتوپڕ هاتە پێش، هەم ئەنجامی تەبیعی تێكۆشانی سەدەی بیستەم وسەرەتای سەدەی بیست و یەكەمە.
یەكەمین جارە هەموو لایەنێك لە دەوری مێزێك جەمدەبن، كە مێزی بڕیاردانی چارەنووسازی رزگاری سیاسی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیە.
هەر بۆیەش ناوی لێ دەنێین گرنگترین پێشكەوتنی بیری سیاسی كورد لەم دوو سەدەیەدا.
نووسهر فهلهكهددین كاكهیی سهبارهت به بڕیاری كۆنگرەی پارتی 1979، كە ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان وەكو بەرەیەكی نەتەوەیی كوردستانی فراوان دابمەزرێت و رۆڵی شههید ئیدریس بارزانی لهم بارهیهوه، دهنووسێت:
لە مێژووی نزیكدا، بەناوبانگترین بەرەی سیاسی لەم هەرێمەدا، بەرەی كوردستانی (1988 ـ 1992) بوو، كە ئامانجە سەرەكییەكانی خۆی پێكا. سەركردایەتیی راپەڕینی مەزنی ئاداری 1991 كرد و، دەسەڵاتێكی كاتیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی ئازادكراوی كوردستان دامەزراند، تا هەڵبژاردنی 1992 و دامەزراندنی یەكەمین پەرلەمان و یەكەمین حكوومەتی هەرێم، دوای ئەوەش بەرەی كوردستانی خۆی هەڵوەشاندەوە و گشت دەسەڵاتەكانی بە پەرلەمان و حكوومەت بەخشی.
بەرنامە و پەیڕەوی (بەرەی كوردستانی) دەرەنجامی بیر و ئەزموون و شارەزایی 40-50 ساڵەی تێكۆشەرانی پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور بوو، بەرنامەكەی هەمەلایەنە بوو: ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی، رۆشنبیری، راگەیاندن و پەیوەندی و دیپلۆماسی.
ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان (پەرلەمان) لەبەرنامەی بەرەدا هاتبوو كە ساڵی 1988 پەسەند كرا، بەرلەوەش، لە بڕیارە سیاسییەكانی كۆنگرەی پارتیدا هاتبوو، كە تشرینی دووەمی ساڵی 1979 لە مەرگەوەری كوردستانی رۆژهەڵات بەسترابوو.
(مەبەستم تەنیا رووداوێكی مێژووییە، نامەوێ هەموو شتێك بدەمە پاڵ پارتی، بەڵكو خەباتی گشت حزب و رێكخراوە كوردستانییەكان، نرخ و جێگە و رێزی خۆیان لە دڵی مێژوودا هەیە).
ئەو بڕیارە، وەكو بڕیارێكی سیاسی كۆنگرە، دەبوا جێبەجێ بكرێت. بەڵام یەك دوو مانگ، دوای كۆنگرە، بڕیارەكە لەبیری زۆربەمان، لە مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی نەما. تەنیا كەسێك خەمی دەخوارد سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی بوو.
بەهاری 1980، كە 3-4 مانگ بەسەر كۆنگرەی نۆیەمدا رەت ببوو، رۆژێك ئیدریس بارزانی بانگی كردم، گوتی ئەم ناوانە لەلای خۆت تۆمار بكە تا دواجار كاریان لەسەر بكەین.
هەوەل لەمەبەستی تێنەگەیشتم كە روونكردنەوەی زیاترم ویست، گوتی: دەمەوێ ناوی ئەم كەسایەتییانە بنووسین كە رەنگە ببن بە ئەندامی (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان). گوتی: لەبیرتان چوو كە بڕیارێكی كۆنگرەیە؟! هەروەها بە پێكەنینەوە گوتی: من بڕیارەكەم لە یادە و دەبێ جێبەجێی بكەین.. كامەتان لە یادتان ماوە؟.. پێم بڵێ: من حزبیم، یا ئێوە؟ گوتم: سەلماندت كە تۆ.. حزبیتری.. (واتە: پابەندتری بە بڕیارەكان)…
لەو سەردەمە هەندێ كەس رەخنەیان لە ئیدریسی نەمر دەگرت كە گوایە حیزبی نییە، پەیڕەوی پڕۆگرامی حیزب نییە و ناهێڵێ حیزب دابمەزرێت! لە واقیعیشدا ئیدریس كۆڵەگەی حیزب بوو، دەیویست بەهێزبێ و، لەهەموو كەس جەماوەریتر بوو، بەشێوەی خۆی لە هەموومان زیاتر خەڵكی بە دەوری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردا كۆدەكردەوە، ئەو، گرنگیی بە بڕیارە سیاسییەكان دەدا.
لەوەش گرنگتر لە روانگەی نەتەوەیی فراوان و قووڵەوە بۆ مەسەلەكان دەچوو، هەربۆیەش بایەخی بە بڕیاری پێكهێنانی (بەرەی نیشتمانی كوردستان) دەدا، بەتایبەتی بەو ناوەڕۆكە نەتەوەییەوە.
لەچەندین هەڵوێستی دیكەدا، ئیدریس بارزانیی نەمر، بیروبۆچوونی بەرزی نەتەوەپەروەریی دەنواند، كە دواجار بۆم دەركەوت، كە ئەو، بەبێ ئەوەی بە قسە و وتار، یا بە شێوەی تیۆریی دەریبڕێت، لەناخەوە نەتەوەپەروەرێكی بێگەرد و پاكە، كەمتر سەبارەت بەو بیروبۆچوونە دەدوا، بەڵكو زیاتر بە كردەوە و، لە هەڵوێستی رۆژانەیدا، ئەو رۆڵە نەتەوەییەی پیادە دەكرد.
لە بیستەمین ساڵرۆژی كۆچی دواییدا (31/1)، لەیەك دوو جێگە ئاماژەم كرد بەو لایەنەی كەسایەتیی ئەو، تەنانەت گوتم: هەندێ هەڵوێستی نەتەوەیی بەرزتری هەیە، كە هێشتاش وەختی نەهاتووە باسی بكەین، چەمك و بەرنامەی (بەرەی كوردستانی) لە بیروبۆچوونی ئەوەوە دوورنین، (هەرچەندە بەرە، دوای ماڵئاوایی ئەو، دامەزرا).
ئیمڕۆ، بەشێوەیەكی دیكە پێویستمان بە (جەمبوونێكی) نەتەوەییە، بێگومان بارودۆخی ئێستا جیاوازە لەگەڵ ساڵی 1976 (كە یەكەمین پڕۆژەی بەرەی كوردستانی هاتە ئاراوە)، هەروەها جیاوازە لەگەڵ ساڵی 1979 و ساڵی 1988 و ساڵی 1991-1992.
ئیمڕۆ كۆمەڵێك شارەزایی و ئەزموون و زانیاری گرنگ، لەلای پارت و رێكخراوە و كەسایەتییە سیاسیی و رۆشنبیرەكان لە گشت هەرێم و پارچەكانی كوردستان كۆبووەتەوە، كە دەتوانین بەشێوەیەكی زانستی تر و رێكوپێكتر دەزگایەك، یا ماڵێكی نەتەوەیی، یا چەترێكی ئاوەها فراوان، دابمەزرێنن.

ئیدریس، پیرۆزە
ئیدریس، وردبین بوو، بەبێ شڵەژان و شپرزەبوون، ناو بەناو وەبیری دەهێناینەوە تا بەهیچ شتێك خۆش باوەڕ و دڵنیا نەبین، تەنیا بە بیروهۆش و توانای خۆمان نەبێ.
(1)
ویستم دەربڕینێك بدۆزمەوە بۆ پیرۆزبایی لە خۆمان و لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بە بۆنەی وەرگرتنی بڕوانامەی شانازیی دكتۆرا لە كۆلیجی واشنتۆن و جیفرسۆن، یەكسەر ئەوەم بە زەینداهات كە پیرۆزبایی لە گیانی پاكی ئیدریس بارزانی بكەم، چونكە كەسایەتیی سەركەوتووی نێچیرڤان بەرهەمی پەروەردەی ئەوە.. ئەو مرۆڤە ژیرودانایە كە هەوڵیدەدا نێچیرڤان و براكانی بە سەربەخۆیی فیكری و سەربەستی رابهێنێت، تا ئامادەی ئاییندەی دژوار ببن، پشت بە تواناو هزری خۆیان ببەستن و، لە ژیاندا سەربەخۆ بژین.
ئەو بەخۆی نموونەی سەربەخۆیی بوو، وەكو مەلا مستەفا، هەوڵیدەدا(خۆی)بێ و، خۆی بمێنێ، نەچێتە ژێر كاریگەرێتیی دەسەڵاتی هیچ دەوڵەت و رژێمێك و، هیچ بیرو ئەیدیۆلۆجییەتێك ئەگەر تۆزقاڵێك لە سەربەخۆیی بزاڤی كوردایەتیی كەمبكاتەوە.
گەلەك جار نووسیومە كە ئەو شێوە سەربەخۆبوونە فیكرییە كلیلێكی سەرەكیی كەسایەتی و ژیان و خەباتی بارزانییە. ئەوەی لە نزیكەوە نێچیرڤان بناسێت دەزانێ كە یەكێكە لەو كەسانەی بەو رۆحە سەربەستییە گەورەبووە.
لە سەرانسەری ماوەی پەنابەرێتی و پەیوەندیمان بە دەوڵەتی ئێرانەوە، چ زەمانی شانشا یا پاش ئەو، كەم و زیاد لەژێر فشاری جۆراوجۆر بووینەو بارودۆخی ژیانمان نالەبار بووە، هەرچەندە بەشێوەی خۆیان رێزیان لێناوین. دەبێ ئەوەش بڵێین. بەڵام لەلایەنی خۆمانەوە دڵنیا نەبووینە، هەمیشە بەرامبەر ئاییندە دوودڵ و بەدگومان بووینە.
(2)
ئیدریس، وردبین بوو، بەبێ شڵەژان و شپرزەبوون، ناو بەناو وەبیری دەهێناینەوە تا بەهیچ شتێك خۆش باوەڕ و دڵنیا نەبین، تەنیا بە بیروهۆش و توانای خۆمان نەبێ.
بەڵێ.. زۆریش هەوڵمان دەدا دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتانی تر پشتگیرمان ببن و یارمەتی بزاڤەكەمان و پەنابەرو خەڵكی ناو كوردستانیش بدەن، بەڵام ئیدریس، هەمیشە وتەو ئامۆژگارییەكانی بارزانیی وەبیردەهێناینەوە كە پشتیوانی و یارمەتی دەرەكی كاتی و زوو گوزەرە، ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە خۆمانین، تواناو عەقڵ و لێهاتوویی خۆمان و خەڵكی خۆمانە.
ئەو، بەو گیانە مرۆڤدۆستانە نێچیرڤان و براكانی پەروەردە دەكرد. فڕێی دەدانە ناو كاری زەحمەتەوە، فێری دەكردن لەگەڵ خەڵكدا بژین. نێچیرڤان زوو چووە ریزی چالاكیی قوتابیان و لاوان و پارتی و، بە سەربەستی تێكەڵاوی خەڵك دەبوو، راهات لەسەر ئەوەی خۆی بە یەكێك لە پەنابەرو پێشمەرگەو رۆڵەكانیان بزانێت، نە زیاتر…
لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا بارودۆخمان خراپتری لێهات. رۆژێك ئیدریس گوتی:
– دەزانی بیر لەچی دەكەمەوە?!
دوای بڕێك رامان، بەخۆی وەڵامی دایەوە:
– ئەگەر وەزعمان لەمە خراپتری لێبێت، دەبێ پشتی خۆمان قایم ببەستین، ئامادە ببین تا بەخۆمان رێگەی خۆمان بكەینەوە.
ئەمجا گوتی:
– هەموومان باش بیری لێبكەینەوە. بەرچاومان روون بێ باشترە لەوەی خۆ فریو بدەین. ئایا دەزانی بۆ نێچیرڤان و براكانیشی لەو ئاییندەیە بیر دەكەمەوە? هەر لە ئێستاوە پێم گوتوون تا هەوڵبدەن پشت بە خۆیان ببەستن، فێری چەندین پیشەی شەرافەتمەندانە ببن، تەنانەت بۆ بژێوی خۆیان.. پێم گوتوون: فێربن چۆن خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوەببەن، چاویان لە دەستی كەس نەبێ، چاوەڕوانی كەس نەبن خوای پەروەردگار نەبێ.. بۆ ئەوەی سەربەست و سەربەخۆ بمێنن. هەموو كارێكی شەرافەتمەندانە بكەن، لە كرێكاریی سادەوە تا میكانیك و هی تر، بەڵام قەت و قەت سەربەستی خۆتان لە دەس نەدەن.
(3)
تا ئەوكاتە نەمدەزانی ئیدریس تا ئەو رادەیەی دوور دەڕوانێت. هەرچەندە بارودۆخی سیاسی و ژیانمان بەو رادەیە خراپ نەبوو، بەڵام ئەو هەمیشە حسێبی خراپترین ئەگەری دەكرد. هەر وەختێك هەڤاڵێكمان تووشی گرفت و دژواری دەبا، دەهات لە ئیدریس یارمەتیدانی دەویست، ئەم درێغیی نەدەكرد، بەڵام پێیشی دەگوت: بیر بكەرەوە، ئایا بە خۆتیش هیچت پێدەكرێت بۆ چارەسەری باشتری كێشەكەت?!
نێچیرڤان پەروەردەی ئەو كولتوورەیە. هەربۆیەش دبێژم: ئیدریس، پیرۆز بێت بێگومان هاوكاریی خەڵك و حكومەت و پارتی هۆكارێكی گرنگی سەركەوتنی ئەوە. بەڵام دڵنیام كە ئەگەر خۆی بیروتوانای ئەوتۆی خۆی نەبا ئەوا بەو سەركەوتنە نەدەگەیشت. سەرۆك بارزانی و، هەڤاڵانی پارتی و پێشمەرگەو دڵسۆزانی خەڵك و حكومەت، پشتیوانی ئەو بوونە، هەروەكو پشتیوانیی هەر خزمەتگوزارێكی لە خۆبوردوون.
واتە: نێچیرڤان بەخۆی هەوڵیداوە، پشتی بە تواناو هۆش و بیری خۆی بەستووە، بڕوای بەخۆی هەبووەو، لە دووربینی ئیدریس تێگەیشتووە. هەر لە ئەویشەوە رێبازی میانەڕۆیی گرتووەتەبەر، كە هەمان رێبازی بارزانی نەمرە.
(4)
نێچیرڤان رۆڵەی نەوەی سێهەمی شۆڕشی ئەیلوولە، نموونەیەكی گەشی نەوەی گەنجانە، وانەیەكی ئەزموونی كوردستانە، كە لاوان ئەگەر سەربەست و ئازاد ببن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، ئەوا موژدەبەخشی ئاییندەی نیشتمانن. واتە: دەبێ بڕواو متانەو دەرفەتی كارو كۆشش بۆ نەوەی تازە دابین بكەین.
بڕوانامەكەی، بڕوای كۆڕو كۆمەڵەی نێودەوڵەتییە بە ئەزموونی سەركەوتووی كوردستان (هەرچەندە هەندێ كەس وەهای نابینن، یا نایانەوێ بیبینن).
گەلانی زیندوو و پێشكەوتوو شانازی دەكەن بە سەركەوتنی رۆڵەكانیان لە هەر بوارێكدا. رۆژانە پێشوازی و ئاهەنگی خەڵكی دنیا بە وەرزشوان و هونەرمەندو زانای سەركەوتووی هاووڵاتیانیان دەبینین.
ئێمەی كورد بۆچی وەهاین?!
خۆ ئەگەر لە هەندێ لایەنی ژیانمان گرفت و كەموكوڕی هەبێت، بە مانای ئەوە نییە چاوی خۆمان ببەستین و تروسكایی هیچ سەركەوتن و پێشكەوتنێك نەبینین، هەرچەندە بچووكیش بێت!
لە ئاستی هەندێ نووسین و ئاخاوتندا كە بەبێ هۆ و پاساودان، لە وەرگرتنی ئەم بڕوانامەیە كەمدەكەنەوە، دڵی مرۆڤ دەیەشێت، نە لەبەر قسەكان، بەڵكو لەبەر رادەی تێنەگەیشتن و دواكەوتن لە كۆمەڵگاكەماندا.
* نووسهرو سیاسهتمهداری كوردی فهلهكهددین كاكهیی، ئهم بابهتهی كاتی خۆی نووسیوه، بە بۆنەی وەرگرتنی بهڕێز نێچیرڤان بارزانی، بڕوانامەی شانازیی دكتۆرا لە كۆلیجی واشنتۆن و جیفرسۆن.