نووسین و ئامادەکردنی: حەمە ئەحمەد جاف
بەرکوڵێکی مێژوویی
مامۆستای زاناو نووسەری ناوداری کورد (عەلادین سەجادی) لە پێشەکی کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)دا دەفەرمووێت:
[دەمێ ساڵە، بگرە ئەوەتەی هۆشم کردۆتەوە، لەکانگای دڵەوە حەزم لە(ئەدەب و ئەدەبیات) کردووە ،هەربۆیە زۆرجار خووم ئەدایە خوێندنەوەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی وئاشنایەتیان لەگەڵ ئەدەبداهەیە، ماوەیەکی باش ئەمە ئیشم بوو، هەروەها لە پەڕەگرافێکی تردا دەفەرمووێت: من چیم ؟ کوردم، کە کوردم ئەبێ لەنەتەوەی کوردبم، کە لەنەتەوەی کورد بووم، کە کورد ناوی لەلاپەڕەی ڕۆژگارو مێژوودا هەیه و ئەمیش ئمێکە بۆ خۆی، لەو خەیاڵەمدا کەوتمە سەر ئەوەی کە میللەت ، میللەت بوو، بێ گومان دەبێ زمان و ئەدەبیات و تاریخی (مێژووی) خۆی ببێت، ئەگەر نەبێ بەهیچ ناژمێررێ و هیچ نییە، لێرەداکە تەماشای خۆم ئەکەم هیچی تر نیم تەنها کورد نەبێ، تەماشای بارەکەی تری ئەکەم سەیر ئەکەم تەنیا کورد نەبێ هەموو شتێکی ترم! کسپەیەک لەدڵمەوە هات، بەوە دڵی خۆم دایەوە کە نەتەوەی قەومێکم کە لەبەرە بەیانی مێژووەوە بەم زمانە کە من قسەی پێ ئەکەم و پێی ئەنوسم قسە ئەکەن و هیچ کۆسپێک لای نەداون لەڕێگەی خۆیان]
ژیانی مامۆستا عەلادین سەجادی لەحوجرەوە بۆ ناو مێژووی ئەدەب و ئەدەبیات و ڕۆژنامەگەری
مامۆستای زاناو نووسەری ناوداری کورد ناوی تەواوی (عەلادین نەجمەدین عیسامەدین)ە و لەبنەماڵەی ناوداری (سجادی)یە، ساڵی (1907) لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بۆ ژیان هەڵێناوە و لەخێزانێکی ئایینی و ئایینپەروەردا پەروەردە بووە، ساڵی (1927) بۆ خوێندن چۆتە شاری سلێمانی و لەمزگەوتی شێخ جەلال و مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵ بەفەقێیەتی دامەزراوە، ساڵی (1938) مۆڵەتی مەلایەتی لای مامۆستا شێخ بابەعەلی وەرگرتووه و چووە بۆ بەغداو لەمزگەوتی نەعیمە خاتوون لە شاری بەغدا بووە بەپێشنوێژ، مامۆستا سەجادی لەساڵی (1974) وەک مامۆستایەکی وانەبێژ بۆتە مامۆستای ئەدەب و مێژووی ئەدەبی کوردی بووە لەکۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا، هەرلەهەمان ساڵیشدا کراوە بەئەمینداری گشتی ئەوقاف و (3) ساڵ لەو کارەدا ماوەتەوە، مامۆستا ئەندامی كارای كۆڕی زانیاری كورد بووەو چەندین بابەتی ئەدەبیو زمانەوانی زانستی لەگۆڤاری كۆڕی زانیاری بڵاو كردۆتەوە. مامۆستا سەجادی خاوەنی زیاتر لە (20) بەرهەمی چاپکراوی ئەدەبییو مێژووییو كەلەپوریو رەخنەیی بووە کە گرنگترینیان (مێژووی ئەدەبی كوردیو رشتەی مرواری وو گەشتێک لە کوردستاندا)یەکەیەتی، سەدحەیف و مخابن مامۆستای ناوداری کورد لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە کەدەکاتە 14-12-1984 کۆچی دوایی کردووه و لەگۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەشاری بەغدا لەتەنیشت (شێخ ڕەزای تاڵەبانی) شاعیری گەورەی کورد بەخاک سپێردراوە.
بەرهەمە چاپکراوەکانی مامۆستا:
ــ مێژووی ئەدەبی کوردی، (1952) و (چاپی دووەم 1971).
ــ ناوی کوردی، (1953).
ــ ڕشتەی مرواری /بەرگی یەکەم (1957)
هەتا بەرگی هەشتەم،
ــ گەشتێک لەکوردستاندا، (1956).
ــ شۆڕشەکانی کورد (1959) و (چاپی دووەم 2005).
ــ هەمیشە بەهار (1960).
ــ دەستوورو فەرهەنگی زمانی کوردی، (1961).
ــ ئەدەبی کوردی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی، (1968).
ــ نرخ شناسی، (1970).
ــ دوو چامەکەی نالی و سالم، (1973).
ــ کوردەواری، (1974).
ــ دەقەکانی ئەدەبی کوردی (1978).
ــ خۆشخوانی، (1978).
مامۆستا سەجادی و مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی
هەردووگۆڤاری (گەلاوێژ و نزار) وەک نموونە، مامۆستای زاناو نووسەرو ڕۆژنامەنووسی ناوداری کورد (عەلادین سەجادی) جیا لە نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردی ،ڕشتەی مرواری، لەبواری رۆژنامەگەریشدا ڕۆڵێکی کارامەو بەرچاوی گێڕاوە و هاوکات خزمەتێكی گەورەشی بەم بوارە كردووەو لەو مەیدانەشدا ئەسپی خۆی تاوداوە ، ئەوەتا لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد (بلە) لەنێوان ساڵانی (1939-1949) (گۆڤاری گەلاوێژ)یان دەركردووە، لەهەمانکاتداو لەگەڵ دەركردنی ئەو گۆڤارەشدا (گۆڤاری نزار)ی بەزمانی كوردیو عەرەبی دەرچواندووە، مامۆستا سەجادی لەماوەی 10 ساڵی کارکردن لەگۆڤاری (گەلاوێژ ) بەڕێوەبەری نووسین و سەرنووسەری گۆڤارەکە بووە.
گۆڤاری گەلاوێژ (1939-1949)
گۆڤاری گەلاوێژ، گۆڤارێکی سیاسی، کلتوری، وێژەیی و کۆمەڵایەتی بووە، مانگی جارێک لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاوکراوەتەوە، یەکەم ژمارەی لە 1939/12/1ز دەرچووە و خاوەنی ئیمتیازو سەرنووسەری گۆڤارەکە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و بەڕێوەبەری نووسین و ئیدارە مامۆستا عەلادین سەجادی بووە، بەڵام دوای ئەوەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بە کاری وەزیفی گواسترایەوە بۆ شاری بەغدا، کاری گۆڤارەکە ، بەتەواوی کەوتۆتە ئەستۆی مامۆستا سەجادی، زۆر لە نووسەران و شاعیرانی ئەو سەردەمە بابەتیان بۆ گۆڤارەکە ناردووە و بەشێک لە بابەتەکانی گۆڤارەکەش بۆ هەواڵ و ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی تەرخانکراوە.
گۆڤاری گەلاوێژ بۆ ماوەی 10 ساڵ لە دەرچواندن و بڵاوبوونەوەی 105 ژمارەی لێدەرچووە.
لێ مەخابن گۆڤارەکە لە ساڵی 1949/8/1 بە فەرمانی حکومەتی مەلەکی بەغدا داخرا و خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکەش بە ساڵ و نیوێک زیندانی حوکمدرا.
گۆڤاری نزار (1948 ــ 1949)
گۆڤارێکی هەفتانەی سیاسی گشتیی بووەو بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەرچووە و لە30 ئازاری ساڵی 1948 یەکەم ژمارەی لێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە ، خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەکەی مامۆستا عەلادین سەجادی و بەڕێوەبەری لێپرسراوەکەشی (مەحمود السنوی(سنەیی) بووە و مامۆستا (ڕەفیق چالاک )یش پەیامنێری گۆڤارەکە بووە وەک مامۆستا عەبدوڵڵا زەنگەنەش دەڵێ : لەڕاستیدا ئەم گۆڤارە نیومانگ جارێک بەبەردەوامی دەرچووە هەروەها دەڵێ :ئەو گۆڤارە دەکرێ بەیەکەم گۆڤاری سیاسی کوردی لەسەردەمی خۆیدا ، دابندرێ کەلەلایەن حکومەتی ئەوسای عێڕاق بە فەرمی ڕێگەی دەرچواندنی پێدراوە
شایانی باسە ئەو گۆڤارە لە ئاداری 1948 تا 1949/2/15 تەنها (22) ژمارەی لێ دەرچووە ، کە بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوام بووە.
وەک مامۆستا زەنگەنە لە نووسینەکەی خۆیدا ئاماژەی پێداوە ، بەمەبەستی پیرۆزبایی دەرچوونی ئەو گۆڤارە ، کۆمەڵێک نووسەری دیارو کەسایەتی عێڕاقی بە کوردو عەرەبەوە پەیامی پیرۆزباییان بۆ گۆڤارەکەو مامۆستاسەجادی ناردووە یەکێک لەوانە ( شاعیری ناسراوی عەرەب و دۆستی نزیکی کورد (محەمەد مەهدی جەواهیری) بووە.
جگەلەوەش کۆمەڵێک شاعیرو نووسەری کوردو عەرەب نووسینیان لەو گۆڤارەدا بڵاوکردۆتەوە لەوانە ( کامل چادرچی ، محەمەد ئەمین زەکی بەگ ، شاکرفەتاح ،حسێن جەمیل مەحامی ، عەلی حەیدەر، پاکیزە ڕەفیق حیلمی ، عەزیز شەریف ، محەڕەم محەمەد ئەمین ، ئەحمەد شاڵی ……تاد)
مامۆستا سەجادی گەورە نووسەرو ڕۆژنامەنووس لە ژمارە (1) ی گۆڤاری (نزار) دا کەلە 30ئاداری1948 دەرچووە لەژێر ناونیشانی (عەفوی بارزانیییەکان ) نووسیویەتی: وەکو بۆمان دەرکەوتووە ، وەزارەتی عەدلیە لەبارەی عەفووی ئەو بارزانییانەوە کە مەجلیسی عورفی عەسکەری حوکمی دابوون ئیقتڕاحێکی داوە بە وەزارەتی دیفاع کە چووینە بنج و بناوانیەوە ئەویش موافەقەی لەسەرکردووە و ئەینێرێ بۆ مەجلیسی وزەرا بۆ ئەوەی لەپاش ئەوە ، ئەویش موافەقەی لەسەرکرد بیبەنە بەردەم (وەصی ) گەوره بۆ دەرچوونی فەرمانی شاهانە، هەرلە ژمارە( یەکی) ئەم گۆڤارەو لە هەواڵەکانی ناوخۆی دا باسی
چوونی وەفدێک دەکات کەلەسلێمانیەوە چوونەتە بەغدا و کۆمەڵێک داوایان داوەتە سەرەک وەزیران کە بۆیان جێبەجێ بکات لەوانە:
1 هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی 1930
2 دەرچوونی لەشکری بێگانە لەوڵات
3 هەڵوەشانەوەی ئەو پەیمانانە کە حکومەتی نووری سەعید بڕیاری لەسەرداوە
4 بەرەڵا کردنی ئەوکەسانەی کە حەپس و دوورخراوەی سیاسین
5 ئازادکردنی بارزانییەکان و جێبەجێکردنی ئیش و کاریان.
6 زۆرکردنی نان و بەرگ بۆ میللەت و بەجەزاگەیاندنی قاچاخچی و موحتەکیرەکان
7 جێبەجێکردنی کێشەی زەوی و زار لە هەموو عێڕاق
8 پاککردنەوەی مەکینەی حکومەت لەو پیاوانە، کەیارمەتی وەزارەتی پێشوویان داوە بۆ تاڵان و خراپەکردن
9 بەرەڵا کردنی سەربەستیی دیموکراسی و ڕێگەدان بە ڕێکخستنی ئەحزاب و نەقابات و نەهێشتنی پۆلیسی نەهێنی و وازهێنان لە ئازادیخوازان .
سەرچاوەکان:
ــ مێژووی ئەدەبی کوردی / عەلادین سەجادی/ چاپی دووەم /بەغدا1971
ــ مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی / جەبار جەباری /بەغدا 1970 سلێمانی
ــ گۆڤاری نزار / عەبدوڵڵا زەنگەنە / گۆڤاری سەنتەری برایەتی ژمارە (5)لە1998/4/22ـ هەولێر
ــ ڕابەری ڕۆژنامەگەری کوردی /جەمال خەزنەدار/بەغدا 1973
ـــ چەند ژمارەیەک لە گۆڤاری گەلاوێژ