ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەردەوام کۆسپ بۆ ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن، بەڵام سەرەڕای ئەو کۆسپانەش بڕە پارەکە هەر دەگات.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی كوردستان24، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، “بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەردەوام کۆسپ دروست دەکەن بۆ ئەوەی ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دوابکەوێت یان هەر نەنێردرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو کۆسپانەش، بڕە پارەکە لەم چەند رۆژەدا دەگات”.

وتیشی: “عێراق سەدان هەزار مووچەخۆری وەهمی هەیە و ساڵانە لە کابینەیەکی حکومەتەوە بۆ کابینەیەکی دیکە ئەو ژمارەیە زیاد دەکرێت، کەچی کەس نییە لێکۆڵینەوە لەو گەندەڵییە بکات، دێن باسی مووچەخۆری وەهمی هەرێمی کوردستان دەکەن”.

  خەلیل غازی ده‌لێ :  بەردەوام لایەنە سیاسییەکانی عێراق کار بۆ بڕینی قووت و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەردەوام فشار لە وەزیر و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت، بۆیە ئێمەش وەک کورد دەبێت لە دژی ئەو هەوڵانە یەک دەست و هاوهەڵوێست بین”.