خەبات – ساسان دەروێش

لە دوای هێرشکردنە سەر شاری هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران بەمووشەک ودرۆن بۆ سەرباڵەخانەی ماڵی سەرمایەدارێکی کورد و شەهید کردنی خۆی ومنداڵەکەی وبریندارکردنی هاوژین وکوڕەکانیشی لێکەوتەوە ، کەئەمەش توڕەیی خەڵکی کوردستان وکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی وڵاتانی بەدوای خۆیداهینا، بۆ پاساوهێنانەوەی ئەم کردەوە تیرۆریستییەش هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو نەخرایە بەردەست. هەروەها دوای بەدواداچوون ولێکۆڵینەوەکان لە تەلاری ڕووخاوی شوێنی مووشەکەکان دەرکەوت دەنگۆیەکانی بکەری مووشەکەکان بێ بنەماو چەواشەکاری بوون و ئامانجی تریان لەپشت بووە. هاوکات ڕەوەندی کوردستانی لەهەرچوارپارچەی کوردستان لە ئەورووپاو وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا وئەمەریکاو کەنەدا ڕژانە سەرشەقامەکان وخۆپیشاندانیان ئەنجام داوئەو کردەوەیەیان ئیدانەو شەرمەزارکرد وکۆمەڵگەی نێو دەوڵەتییان لێ ئاگادارکردەوە وهاوسۆزی وپشتیوانیان بۆ گەلی کورد بەدوای خۆیدا هێنا .

چاویان بەئازادی وئاوەدنی کوردستان هەڵنایە

ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی 6ی ئەورووپا لەوبارەیەوە بۆ خەبات گوتی : لەناخی دڵمانەوە سوپاسی گەرمی ڕەوەندی کوردستانی لەهەرچوار پارچەی کوردستان لە ڕێکخراو کۆمەڵە کوردییەکان کەلەنێو کۆنفدراسیۆنی کوردستانی خۆیان دەبیننەوە دەکەین ، بۆ ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیان کەلەکەش وهەوایەکی ساردوسەخت وبەفراوی بەیەکدەنگ ویەکهەڵوێست ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ گەیاندنی پەیامی گەلی کوردی مەزڵوم کە بەهەموو شێوەیەک و بەپلان وپیلانی داگیرکەران کوردستان کاول و وێران دەکەن و چاویان بەئازادی وئاوەدانی کوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێت کوردستان لانکەی پێکەوەژیان و مەڵبەندی ئاشتی وبرایەتی بسڕنەوە، بەڵام نازانن لەشکرێکی ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە پاڵپشت وپشتیوانی کوردستانن ناتوانن دەنگ و ئازادی خەڵکی کوردستان بخنکێنن ولە ئاوەدانی وپێشکەوتن بیوەستێنن .

هەروەها قەهرەمان عوسمان لەم بارەیەوە لەپێگەی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی : لە هەنگاوی یەکەمیدا کۆنفیدراسیۆن سەرکەوتوو بوو. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە کات وساتێکی دیاریکراودا، لەسەرجەم وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا وئەمەریکاو کەنەدا و ئەو شارانەی کوردستانییان تێیدا نیشتەجێن، بەبێ ئەوەی خەڵک لە شوێنی ترەوە بهێنرێن، لە ئاووهەوایەکی سارد و تاقەتپڕوکێندا، کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی توانی بوونی خۆی بسەلمێنێت. پێشتر هەر چالاکییەک لە ئەورووپا کرا بێت بە تەحەداوە نە لە هەموو ئەورووپا بووە لە تەوقیتێکی دیاریکراو، و پاسیش بۆ خەڵکی دابینکراوە و لە سەرجەم وڵات و شارەکان هێنراون بۆ شوێنی گردبوونەوەکان، ئەوجا توانیویانە چالاکی بکەن.

لەکۆتاییدا شێرزاد یونس ڕۆژبەیانی گوتی : لەدوای ئاشکراکردنی شەهیدکردنی ژینای کۆرپەلەو باوکی و بریندارکردنی دایک وبراکانی کەهەڵگری ڕەگەزنامەی هۆڵەندان ، “هانکە بروینز سلۆت” وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لەبەرامبەر ئاژانس ومیدیاکانی هۆڵەندا ئیدانەی ئەو هێرشەی ئێرانی بۆ سەرهەولێر کردو شەرمەزاری کردن وباڵیوێزی وڵاتەکەیانی لەلاهای بانگهێشت کرد بۆ لێپرسینەوە و بەدوادچوون بۆ شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل بەبڕوبیانووی بێ بنەما . ڕۆڵی ئەم ئافرەتە و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و لێدوانەکانی بەچڕوپڕی بۆ میدیاکانی هۆڵەندا ڕەنگدانەوەی هەبوو لەنێو ئاژانس و ڕاگەیاندنەکان وبڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرشکردنە سەر هەولێر کەئەمەش ڕای گشتی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ هاوسۆزی وپشتیوانی گەلی کورد وشەرمەزارکردن وئیدانە کردنی ئەوکارە تیرۆریستییە . بکەرانی ئەم کارە تیرۆریستیییە ناتوانن حاشا بکەن لە تاوانەکەیان ، ئێمە وەک ڕەوەندی کوردستانی هەرچوارپارچەی کوردستان سوپاسی گەرمی ئەم خانمە دەکەین بۆ هەڵەکان و بەدواداچوونەکانی ولێپرسینەوە لە تیرۆریستان .