ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا، داوای لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان كرد، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: “وەک هەموو لایەک ئاگادارن شەوی 15ى ئەم مانگە، لە ئاکامى هێرش و پەلامار و مووشەکبارانى ناڕەوا و زاڵمانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شارى هەولێر، کە بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەک خەڵكی سڤیل و بێتاوانیان لە شوێنى نیشتەجێبوون کردە ئامانج و بە داخەوە جگە لە شەهیدبوونى پێشڕەو دزەیی کە سەرمایەدارێکی ناودار و دیاری شارەکەمان و ئەندامێکی کارای ژوورەکەمان بوو، ژیناى تەمەن کەمتر لە یەک ساڵەى کچى و کەرەم میخائیل کە بازرگانێکى عێراقی بوو شەهید بوون و چەندین کەسى دیکە بێتاوان و ئەندامانی خانەوادەکەشى بریندار بوون، ئەو هێرش و پەلامارانەى هێزەکانى ئێران کە چەندین جاری دیکەش بەبێ پاساو و بەبیانووی جۆراوجۆر و بە بێ گوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانى مافەکانی مرۆڤ کراوەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، مەبەست لێى تەنها شێواندن و تێکدانی ئەو ئاسایش و ئارامییە کە لە هەرێمی کورستان بەرقەرارە.”
هەروەها تیایدا هاتووە: “وێڕاى ئەوەى بە توندی سەرکۆنە و ئیدانە و شەرمەزاری ئەو پەلامار و هێرش و تاوان و زوڵم و تەعدایەى هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەین بۆ سەر خاکى نیشتیمان، داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەکەین، ئەگەرچی هەرێمى کوردستان بەتایبەتى هەولێرى پایتەخت بازاڕێکی گرنگی ساغکرنەوەی بەرهەمەکانى ئێرانە کە ڕۆژانە هاوردەی کوردستان و عێراق دەکرێت، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.”