نووسینی: جەودەت هۆشیار – وه‌رگێڕانی: ئاكۆ عه‌بدوڵا:- بۆلشەفییەکان پێش ئەوەی لە ڕووسیا دەسەڵات بگرنە دەست، داوای ئازادی بیروڕا و گوزارشتكردنیان دەکرد، سانسۆری سەپێنراو بەسەر بڵاوکراوەکان و چه‌وساندنه‌وه‌ی نووسەران و شاعیران و بیرمەندانیشیان شەرمەزار دەکرد. به‌ڵام دوای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، دروشمه دیماگۆژه‌کانیان له‌بیرچوو، توندترین جۆری سانسۆریشیان له‌سه‌ر بڵاوکراوه دانا و هه‌موو ئه‌و بیرمه‌ند و داهێنه‌رانه‌شیان چه‌وسانده‌وه کە ملکەچی پێوەرە ئایدۆلۆژییەکانی حیزبی ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌بوون. زانا و نووسەرە ناسراوەکانی ڕووسیا هەڵوێستی جیاوازیان لەئاست ڕژێمی نوێ وه‌رگرت. ژمارەیەکی زۆریان بۆ وڵاتانی ئەوروپا سه‌ریانهه‌ڵگرت، زۆربەی ئەوانه‌ی ماشنه‌وه هەڵوێستی داچڵه‌كین و چاوەڕوانییان گرتەبەر. تەنیا ژماره‌یه‌كی كه‌میش له‌ڕۆشنبیر و نووسەران پشتیوانی شۆڕشی بۆلشەفییان دەکرد.
لە ساڵی ١٩٢٢ دەسەڵاتی سۆڤیەت کۆمەڵێک لە باشترین بیرمەند و فەیلەسوف و نووسەرانی ڕووسی، ئه‌وانه‌ی رژێمی نوێیان ڕەتکردبۆوە لەسەر کەشتییەک کە دواتر ناوی لێ‌نرا (کەشتی فەیلەسوفەکان)، ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد، ژماره‌یان ١٦٠ کەس بوو. دواتر کەشتی دیکەی هاوشێوەشی بەدوا دانێردرا. ترۆتسکی کە هێشتا یەکێک بوو لە سەرکردە گەورەکانی ڕژێمی بۆلشەفییەکان، پاساوی بۆ ئەو دیپۆرتکردنە بەکۆمەڵە به‌و جۆره هێنایەوە و وتی: “ئێمە ئەم خەڵکە ئاواره دەکەین؛ چونکە هیچ پاساوێك بۆ لەسێدارەدانیان نییە، بەڵام بەرگەی مانەوەیان ناگرین”.
ئامێری کوشتنی ستالینی
دوای مردنی لینین لەسەرەتاكانی ساڵی ١٩٢٤، جۆزێف ستالین کە یەکێک بوو لەسەرکردەکانی دەسەڵاتی نوێ، بەله‌ناوبردن و تەسفیەکردنی ڕکابەرەکانی، یەک لە دوای یەک، توانی وردە وردە چنگی بەسەر حوكمدا توند بکات. دەسەڵاتی تۆتالیتاری لەهەموو گۆشەیەکدا دوژمنێک و لەهەر وشەیەکی حەقیشدا پیلانێکی ئیمپریالی ده‌بینێ. چارەنووسی هەر نووسەر یان شاعیرێکیش کە ڕەخنە لە ڕژێم بگرێت، لە سێدارەدان یان گرتن و دوورخستنه‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری سیبیریابوو. لە 15ی ئابی 1934 ستالین ڕێنمایی نهێنی بۆ لازار کاگانۆڤیج نارد كه ناوبراو یەک لەجه‌مسه‌ره‌کانی ڕژێمی سۆڤیەتی بوو، سەبارەت بەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نووسەران ، تێیدا وتویه‌تی: “پێویستە بۆ هەموو نووسەران ڕوونبکرێتەوە تەنها کۆمیتەی ناوەندی حیزب لەئەدەبدا وەک چۆن لەبوارەکانی دیكه‌دا، خاوه‌نی فەرمان و قەدەغە كردنه، دەبێت ئه‌وانیش بەبێ گفتوگۆكردن ملکەچی ببن”. بەڵام ستالین لەبەردەم جیهاندا پێویستی بەڕوویه‌كی (واجهه) که‌لتووری بوو، لە گۆرکیش باشتری نه‌دۆزیه‌وه بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. ئه‌ویش ساڵی ١٩٢١، دوای ناکۆکی لەگەڵ لینین، ڕووسیای بەجێهێشتبوو. ستالین توانی ڕازی بکات بگەڕێته‌وە ڕووسیا. گۆرکی لەدوا ساڵانی ژیانیدا تەندروستی باش نەبوو و ساڵی ١٩٣٦ کۆچی دوایی کرد. ئەمەش شۆکێکی گەورە بوو بۆ نووسەران و شاعیره بێلایه‌نه‌كان، چونکە گۆرکی – بەکەسایەتییه کاریزماكه‌ی و هێزه مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی و پەیوەندییه‌كه‌ی لەگەڵ ستالین – پارێزەری ئەوان بوو لەبه‌رامبه‌ر چه‌وساندنه‌وه. ئەوەی نووسەره بێلانه‌كان لێی دەترسان ڕوویدا. ئه‌وه‌بوو له‌ساڵانی دواتر ئامێری کوشتنی ستالینی نووسەر و شاعیر و هونەرمەنده ئه‌زموونداره‌كانی هاڕی و دەسەڵاتیش بەرهەمەکانیانی قەدەغە کرد و لەهەر شوێنێکیش ناویان هاتبا ده‌یسڕیه‌وه.
ماوەی توانەوەی به‌سته‌ڵه‌ك
دوای مردنی ستالین به‌چەند ساڵێک، قۆناغی (توانەوەی به‌سته‌ڵه‌ك) داهات، کە ئه‌وه ناوی نافەرمی ئەو دە ساڵەی نێوان (١٩٥٤-١٩٦٤) کە تێیدا نیکیتا خرۆشۆڤ (١٨٩٤- ١٩٧١) دەسەڵاتی گرتبووەدەست. ئه‌وه‌ش ماوەیەکی کورت بوو کە به‌ستنی (کۆنگرەی بیستەمی حزبی كۆمونیستی) لەساڵی ١٩٥٦ و وتارە بەناوبانگەکەی خرۆشۆفی به‌خۆوه‌بینی کە تێیدا پەردەی لەسەر تاوانەکانی ستالین لادا، ئەو قۆناغە لەژیانی ڕۆشنبیریدا بەگه‌ڕانه‌وه‌ی ئیعتیبار بۆ زۆربەی قوربانیه‌كانی سەردەمی تۆتالیتاری ده‌ناسرێته‌وه، لەناویشیاندا شاعیران و نووسەران و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوكانیان و سووککردنی سانسۆریش لەسەر بڵاوکراوەكان و شانۆ و سینەما و هونەرەکانی دیکە.ئه‌وسا ده‌توانرا هەندێک ڕۆشنایی بخرێتە سەر لایەنە نەرێنییەکانی واقیعی سۆڤیەتی.
گۆڤاری ئەدەبی (جیهانی نوێ) بووه سەکۆی سەرەکی بۆ نووسەره سه‌ربه‌خۆیه‌كان. گۆڤارەکە چەندین بەرهەمی ئەدەبی سه‌نگینی بڵاوکردەوە؛ لەوانه: ڕۆمانی (مرۆڤ تەنیا بەنان ناژی) ی ڤلادیمێر دودینتسۆڤ و ڕۆمانی (یه‌ك ڕۆژ لەژیانی ئیڤان دێنیسۆڤیچ) ی ئەلێکساندەر سۆلجینیتسین، کە ئه‌وانه بۆ زۆر زمانی جیهان وەرگێڕدران. ساڵی ١٩٥٧ لەشاری میلانۆ ڕۆمانی (دکتۆر ژیڤاگۆ) ی بۆریس پاسترناک بڵاوکرایەوە كه بۆ ساڵی دواتر خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێدرا. بەشێک لەتوندڕەوەکانی بەشی ئایدیۆلۆژیی حزبی كۆمونیستی هانی خرۆشۆفیان ده‌دا لەدژی نووسەره ئازاد‌خوازه‌كان و هەموو هەڵەیەکی ئه‌وا‌نیان دەقۆزته‌وه تاكو تۆڵه‌یان لێبكه‌نه‌وه. دەرفەته زێڕینه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵكه‌وت و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەیان لە دەرەوەی وڵات وەک بیانوویەک بۆ دەستپێکردنی هەڵمەت دژی پاسترناک و ناچاركردنی ره‌تكردنه‌وه‌ی خەڵاتەکە گرته‌به‌ر. بەڵام ڕەوتی لیبراڵی لەئەدەب و هونەردا ڕۆژانە پێگەی نوێیان بەدەستدەهێنا كه لە سەرەتای شەستەکاندا کۆمەڵەیەکی بەتوانا له‌نووسەر و شاعیرانی گەنج ده‌ركه‌وتن و دیاردەیەکی ئەدەبییان پێکهێنا کە بووه مایه‌ی سەرنج ڕاکێشان. ڕەخنەگران ناویان نا (نەوەی شەستەکان). ئه‌وانه بوونە سەکۆی داهێنەرانە بۆ دەربڕینی هیوا و خواستەکانی گەنجانی سۆڤیەتی و روانینه‌كانیان، سەرەڕای جیاوازی ڕێڕەو و شێوازی ئەدەبی ئەو نووسەرانە. من بەختم هه‌بوو به‌ئاماده‌بوونم لەزۆرێک لەو کۆبوونەوە ئەدەبییە جه‌ماوه‌ریانه‌ی ناو هۆڵ و شانۆ و یاریگا وەرزشییەکان کە هەزاران گەنج کە لە هەموو لایەکەوە روویان تێده‌كرد بۆ گوێگرتن لە شیعرەکانی ئەو ده‌سته داهێنەرانه‌ی شاعیرانی گەنج، له‌وانه (ئێڤگێنی یه‌ڤته‌شینکۆ، ڕۆبەرت ڕۆژدێستڤێنسکی، ئەندرێ ڤۆزنێسنسکی، بێلا ئەحمەدولینا) و چیرۆکەکانی ڤلادیمێر تێندریاکۆڤ، ڤاسیلی ئەکسیۆنۆڤ و ڤیکتۆر ئەستافیڤ.
ئەو قۆناغە لەکاروباری فەرهەنگیدا بێ دەستێوەردانی کرێملین نەبوو، خرۆشۆف ساڵی ١٩٦٣ لەیەکێک لەهۆڵەکانی کرێملین بەئامادەبوونی کۆمه‌ڵێكی گەورەی نووسەره دیاره‌كانی سۆڤیەت، نووسەره گەنجه‌كانی کۆکردەوە. تاكو هەڕەشەیان لێبكات ئەگەر پابەند نەبن بەقوتابخانەی ڕیالیزمی سۆسیالیستی. دواتر خرۆشۆف لەبیرەوەرییەکانیدا کە لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەدەرەوە بڵاوکرایەوە، دانی بەوەدانا به‌رپرسی ئایدۆلۆجی له‌حیزب هانیدابوو دژی نووسەرانی گەنج بوه‌ستێ، پەشیمانیش بوو له‌و كاره‌ی. سانسۆری حزبی و حکومی له‌سه‌ر بەرهەمە هزری و داهێنانیه‌كان بەردەوام بوو، هەرچەند بەشێوەی سووکتر بوو. بۆ نموونە سانسۆر زۆر بڕگەی بیرەوەرییەکانی ئیلیا ئێهرنبۆرگ (مرۆڤ و ساڵه‌كان و ژیان) ی سڕیەوە. هه‌روه‌ها هی هەموو ئەو بەرهەمانەش کە ڕاستگۆیانە گوزارشتیان لە واقیعی تاڵی سۆڤیەتی دەکرد.
وەستان و ئەدەبی نهێنی
لەئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٦٤ خرۆشۆف لەدەسەڵات دوورخراوە و لیۆنید برێجينێڤ (١٩٠٦- ١٩٨٢) شوێنی گرت. برێجینێڤ سەردەمی خۆی بە بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین دەستپێکرد. لەنێوان پایزی ساڵی ١٩٦٥ و شوباتی ١٩٦٦ دادگایی‌کردنی هه‌ر دوو نووسەر (سینیاڤسکی) و (دانیال) ڕوویدا. بەبیانووی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی بەشێک لە بەرهەمە ئەدەبییە قەدەغەکراوەکانیان و چاپکردنیان له‌دەرەوەی وڵات، یه‌كه‌میان حوكمی حەوت ساڵ و دووەمیشیان پێنج ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا. ئەو قۆناغە دوو جۆری ئه‌ده‌بی به‌خۆوه بینی: یەکەمیان – ئەدەبی ئاشكرای پابەند بەڕێساکانی ڕیالیزمی سۆسیالیستی. دووەمیشیان: ئەدەبیاتی نهێنی کە بەنهێنی دەستاو ده‌ستی ده‌كرد و چاپ دەکرا یان بەئامرازه سەرەتاییه‌كان كۆپیده‌كرا، چونكه ئامێری كۆپیكردنی نوێ و کۆمپیوتەر هێشتا بڵاونه‌بوون. لە بەناوبانگترین بڵاوکراوە نهێنییەکانی ئەو ماوەیە گۆڤاری (مێترۆپۆل) بوو کە یەکەم ژمارەی لەساڵی١٩٧٠ دەرچوو. گۆڤارێکی ڕۆشنبیری و ئەدەبی نامانگانه‌بوو… ببووه مایه‌ی ناڕەزایی دەسەڵات، بۆیە پەنای بۆ دەرکردنی بەشێک لەسەرپەرشتیاران یان به‌شداربووانی بۆ دەرەوەی وڵات برد و هەندێکی دیکەشی هاویشته نه‌خۆشخانه عه‌قڵانی و دەروونییه‌كان.
چه‌وساندنه‌وه‌كه تەنیا كۆمه‌ڵه‌ی (مێترۆپۆل) ی نەگرته‌وه، به‌لكو لەساڵی ١٩٧٢ سزای دەربەدەركردن بۆ گوندێکی دوورەدەستی ئەوپه‌ڕی باکووری ڕووسیا بەسەر جۆزێف برۆدسکی (١٩٤٠-١٩٩٦) شاعیردا سەپێندرا. دوای تەواوبوونی ماوەی دەربەدەرییەکەشی، ڕەگەزنامە سۆڤیەتییەکەی لێسەندرایەوە و لەوڵات دەرکرا. ئه‌مه‌و دەسەڵات بەئەنجامدانی سیمیناری جەماوەری (رۆشنبیریی) لەکارگە و دامەزراوەكانی دەوڵەت بۆ ئیدانەکردن و ناشرینکردنی نووسەره یاخییه‌كان، هەوڵی سڕینەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بڵاوکراوه نهێنیه‌كانی دەدا. جێگه‌ی سه‌رسامییه ئەو سیمینارانە ریكلامی به‌خۆڕایی بوو بۆ نووسەره یاخییه‌كان. هەر کەسێک كه بەرهەمەکانی ئه‌وانی نەخوێندبۆوه، هەوڵی دەدا بەهەر نرخێک بێت دەستیان بکەوێت.
پێرێسترۆیکا و بڵاوکردنەوەی قەدەغەکراو
میخائیل گۆرباچۆڤ کە ساڵی 1984 دەسەڵاتی گرته‌ده‌ست، ده‌ركی به‌وه‌كردبوو قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی هەر نووسەر و شاعیرێک دەبێتە هۆی گه‌وره‌بوونی ڕۆڵ و زیادبوونی كاریگه‌ریه‌كه‌ی لەکۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی ڕووسی کە شه‌یدای خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانن، بۆیه سانسۆری حکومەتی لەسەر بڵاوکراوەکان سووككرد دواتریش لایبرد. لەماوه‌ی پێرێسترۆیکاشدا گرنگترین بەرهەمە ئەدەبییە قەدەغەکراوەکانی سەردەمی سۆڤیەتی پێشووی ئەو نووسەر و شاعیرانە چاپ کران کە ستالین کوشتبوونی یاخود جوانترین ساڵانی تەمەنیان لەزیندانەکانیدا بەسەر بردبوو. هەروەها هەموو بەرهەمە داهێنەرانەكانی نووسەرانی تاراوگه، ئه‌وانه‌ی لەقۆناغەکانی پێشوو لەلایەن دەسەڵاتداران بەکەم سەیر دەکران و ڕێگری بڵاوبوونەوەی کتێبەکانیان لەناوه‌وه‌ی وڵات‌دا دەکرا، بۆ خوێنەری ڕووسی گەڕێنرانەوە.
دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩١ بۆریس یەڵتسین هاتە سەر دەسەڵات، ویستی ئەزموونی ڕۆژئاوایی لەبه‌ره‌و لیبرالیزمی و ئابووریی بازاڕ كۆپیبكات، بەبێ ئەوەی زه‌مینه‌سازی زه‌رووری بۆ ئەوە ده‌سته‌به‌ر بكات، بۆیه ئاژاوە لەجومگەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەتدا روویدا. ئاژاوەكه ژیانی کولتووریشی گرته‌وه، نه‌شزانراوه یه‌ڵتسین بایه‌خی به‌ئەدەب و هونەر دابێ. ئەدەبی جەماوەری ئەمریکی یان میللی لەپێشەنگی گرنگیپێدانه‌كانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕووسیبوو، کە بەبیانووی ئەوەی له‌بازاڕ خواستیان له‌سه‌ر نییه، ئامادە نەبوون بەرهەمی سه‌نگینی ڕووسی بڵاوبکەنەوە. ڕێگاش له‌به‌رده‌م هەموو ئەو کەسانەی كه چیرۆکی سووك له‌ڕووی هونەری و شیعری چروكیان ده‌هۆنینه‌وه كرابۆوه. پشتیوانی حکومەتیش بۆ یه‌كێتییه ئەدەبی و هونەرییەکان هەڵوەشایەوە. قۆناغی راگوزاری سەخت بوو، ڕووسەکان بەتاڵی به‌بیریان دێته‌وه.
پوتین ده‌ستی نایه بینه‌قاقای نووسه‌ران
لەوەتەی ڤلادیمێر پوتین هاتۆتە سەر دەسەڵات، ئازادی ڕادەربڕین ورده ورده بەرتەسک بووەتەوە. ئەمڕۆ هەموو هۆكاره‌كانی میدیاکان ملکەچی ڕێنماییه فەرمییه‌كانن. هیچ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی تایبەت یان سەربەخۆ لەوڵاته‌كه‌دا نەماوە، هەموویان بوونەتە حکومی و سانسۆری توندی سیاسیش بەسەر بەرنامەکانیاندا سەپێنراوه. ئەو کەناڵانە گومڕاكردنی میدیایی بەرفراوان بۆ ڕای گشتی پیاده ده‌كه‌ن، و له‌رێگای پیاهه‌ڵدانیش به‌دەوڵەتی مه‌زن و شکۆمەندی ئیمپراتۆری باوباپیران، هەستی مرۆڤه سادەکان ختۆكه ده‌كه‌ن. بەشی زۆری بەرنامەکانیشیان ته‌رفیهین، هه‌تا ئەگەر جارجارە چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەرانی سه‌ر به‌دەسەڵاتیش پێشکەش بکەن، یان ئاهەنگە تایبه‌تییه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی خەڵاته‌كانی رێزلێنانی دەوڵەتیان بگوازنەوە، ئەو نەوە نوێیەی دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتیش پێگه‌یشتووه، چیتر گرنگی زۆر بەکتێبه سه‌نگینه‌كان ناده‌ن، بەڵکو بەتامەزرۆییەوە بەدوای بەرنامەی تەلەڤزیۆنی دژ به‌ڕۆژئاوا و درامای تەلەڤزیۆنی و پێشبڕکێی وەرزشی و تۆڕەكانی سۆشیال میدیا و ناوه‌نده جۆراوجۆره‌كان دەگەڕێن و ڕۆڵی نووسەر یان شاعیریش لەکۆمەڵگادا دابەزیوه.
ژمارەیەکی زۆریش دەزگای چاپ و ڕۆژنامە و گۆڤار هەن، لەوانە گۆڤاره ئەدەبییه (ئەستووره‌كان) کە بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەن، بەڵام خۆیان لەبڵاوکردنەوەی ئەو شتانە بەدوور ده‌گرن کە دەسەڵات توڕە دەکات. ئه‌مه‌و ده‌یان رێگا هه‌یه بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی خانه‌ی چاپ یان رۆژنامه یاخود گۆڤار، یاخود په‌راوێزكردنی نووسه‌ر، گرنگترینیان یاسای چاپكراوه‌كانه به‌مادده مه‌تاتییه‌كانی كه ده‌كرێت به‌پێی خواستی حكومه‌ت راڤه بكرێن. ئه‌مه‌و خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیش هه‌یه كه ته‌نیا ده‌درێته ئه‌وانه‌ی كه سێبەری فەرمانڕەوان و مامه‌حه‌مه‌ییان بۆ ده‌كه‌ن. ئەمەش بەو مانایە نییە کە كۆتی ڕاستەوخۆ بۆ نووسەر هەبێت. به‌لكو هەر نووسەرێک دەتوانێ هەرچی بیەوێت بینووسێت، بەڵام ڕەنگە بەرهەمەکەی ڕووناکی نەبینێت، یاخود لەبەرتەسکترین سنوور چاپ بکرێت و نەگاتە سه‌رتاسه‌ری وڵات.
جارجارە پوتین، لەگەڵ ژمارەیەکی هەڵبژێردراو له‌نووسەره ناسراوه‌كان کۆده‌بێته‌وه كه لەلایەن ئۆفیسی میدیایی خۆی ڕێکدەخرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک بابەتی ئەدەبی، له‌وانه چۆنیەتی پاراستنی پاراوی زمانی ڕووسی لەشێواندن و قسەی بازاڕی، یاخود گەشەپێدان به‌مەنهەجی تایبه‌ت به‌ئەدەب لە قوتابخانەکان، یان کێشەکانی یەکێتی نووسەران کە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بۆ چەندان سەندیکا دابەشبووه. هه‌روه‌ها بەربەستەکانی بەردەم خانه‌كانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکان. وه‌ك هه‌موو جاریش بانگهێشتنامەكان بۆ ئامادەبوون لەو جۆرە کۆبوونەوانە ئاراستەی نووسەرانی لایەنگری ده‌سه‌ڵات و هەندێک نووسەری ئۆپۆزسیۆن دەکرێت. بۆ ئەوەی کەشێکی زیندوویی بەکۆبوونەوەکە بدرێت، چونکە نەبوونی هیچ دەنگێکی ئۆپۆزسیۆن، هەر کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە دەکاتە دیالۆگ كردنی دەسەڵات له‌گه‌ڵ خۆیدا. لەترسی ئەوەی بەهاوکاری كردن لەگەڵ دەسەڵاتدایش تۆمەتبار نه‌کرێن، زۆربەی نووسەرە ئازادەکانیش ئەو بانگهێشتەی ئاراسته‌یان ده‌كرێت بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت ڕەتیدەکەنەوە. هەندێک نووسەری ئۆپۆزسیۆن له‌وانه (بۆریس ئاکونین، ئێدوارد لیمۆنۆڤ) پێیان وایە پێویستە دەرفەتی دەگمەنی له‌و جۆره له‌به‌رچاو بگیرێت بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و پرسە زه‌روریانه‌ی كه به‌لای ڕای گشتی گرنگن له‌وانه: ئه‌و سانسۆرە سیاسییه‌ی کە بەسەر تەلەڤزیۆندا سەپێنراوە. هه‌روه‌ها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دادگایی‌کردنی هەندێک لە نووسەران، لەوانە (یوری پێتوخۆف، ترێوکلێبۆڤ، و میرۆنۆڤ) و کشانەوەی کتێبەکانیان لەبازاڕ و دەستبەسەرداگرتنیان لەبەر ئەوەی بۆچوونی نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینی توندڕەویان تێدایە.
وەڵامەکانی پوتین بۆ پرسیاری نووسەران بەزۆری ڕوون و هێمن و هەندێکجاریش به‌پێچ و په‌نایه، بەدەگمەنیش یه‌كلاكه‌ره‌وانه‌یه، بەڵام پێویسته بڵێین: له‌هیچ پرسیارێک بێزار نابێت، هەروەها وەڵامه‌كه‌شی ڕەت ناکاتەوە. بەشێک لەنووسەرانی ئۆپۆزسیۆن پێیان وایە مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوانە، پێش هەر خولێکی هەڵبژاردن، بۆ گرنگیدان به‌ئەدەب و ئه‌دیبان نییە، بەڵکو بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەییە بۆ بەدەستهێنانی دەنگدەران. نووسەرێکی بوێریش ئامۆژگاری پوتینی كرد تەنها لەپێش مووشەکی (تۆپۆل) وێنه نه‌گرێ، بەڵکو لە پاشخانی ڕەفەی کتێب یان شتێکی پەیوەندیدار بەئەدەبەوە وێنە بگرێت.
زۆربەی نەوەی نوێی نووسەرانی ڕووس بەدوای مۆدە بڵاوه‌کانی ئەدەبیاتی مۆدێرنی ڕۆژئاوادا دەگەڕێن. لەڕووسیای ئەمڕۆ تەنها ژمارەیەکی سنووردار نووسەرانی نایاب هەیه. ڕەخنەگرانیش له‌ڕۆژئاوا دەپرسن: “ئایا ئەدەبیاتی ڕووسی مردووە؟” ئه‌ی بۆچی لەڕووسیا ئەمڕۆدا نووسەری مه‌زنی هاوشێوه‌ی تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکیدا نییە؟ ڕەخنەگران لە لێکدانەوەی ئه‌وه‌دا بۆچوونی جۆراوجۆر ده‌خه‌نه‌ڕوو. بەڵام دەبینین هۆکاری سەرەکی دواکەوتوویی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ڕووسی تەنیا بۆ سەرهەڵدانی ئامرازی نوێی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەدەبی ناگه‌ڕێته‌وه، یاخود بازاڕ دەستی کردووه بەسەپاندنی جۆرێکی دیاریکراوی بەرهەمی سووک، کە به (خواردنی خێرا) بچێت وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤ خێرا ده‌یخوات و خێراتریش لەبیری بکات، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی رژێمی پوتین لەسه‌ر ئازادی بیروڕا و دەربڕین ده‌گه‌ڕێته‌وه. هیچ ئەدەبێكی ڕاستەقینە و مه‌زنیش نییە بەبێ ئازادی وشه.
سه‌رچاوه : https://www.alfaisalmag.com
رۆژی ١ی ئازاری ٢٠١٧