بەختیار عومەری گوڵفرۆش

خەبات:سولین سلێمان:- بەختیار عومەر کە خاوەنی فرۆشگایەکی گوڵە لە هەولێر، چەندەها گوڵی سروشتی جۆراوجۆری هەیە، بێجگە لە فرۆشتنی گوڵ بۆکسی دیاریش لە شوێنەکەیان ئامادە دەکەن ، ئەو لە دیدارێكدا بۆ  خەبات بەم شێوەیە باس لە کارەکەی دەکات.

لەبارەی ئەوەی ئایا ماوەی چەند ساڵە ئەم کارە دەکەن، بەختیار عومەر خاوەن فرۆشگای گوڵ گووتی: حەزێکی زۆرم بۆ گوڵ هەیە، لەبەر ئەوە شوێنێكی تایبەت بە فرۆشتنی گوڵەكانم لە هەولێر كردەوە، نزیکەی ٧ ساڵ دەبێت ئەم کارە دەکەم.

بەختیار لەبارەی سەردانیكەرانی هاوڵاتیان و دیاری بۆنە تایبەتییەكان گووتی: زیاتر گەنجان سەردانمان دەکەن بە تایبەت خانمان بۆ زۆر مەبەست، هەیە بۆ رۆژی لە دایک بوون یا بۆ بۆنەکان یانیش دروستکردنی گوڵی دەستی بووک یان بۆ سەردانی نەخۆش، یاخود خۆشەویستەکان بۆ یەکتری دەبەن و زۆر مەبەستی تر.

خاوەنی فرۆشگای گوڵ لە هەولێر بەختیار عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە رۆژانی دەرچوونی قوتابیان و ڤالانتاین زۆرترین کەس سەردانیان دەکەن، گوڵ و بۆکسی دیاری بۆ یەکتری داوا دەکەن، ئێمەش بە جوانترین شێوە لەسەر خواستی کریار بۆیان ئامادە دەکەین، بەختیار باسی لەوەشكرد، ئەم کارە بێجگە لەوەی کە سەرچاوەییەکی داراییە بۆ من، حەزێکی زۆرم بۆ کارەکەم هەیە چوونکە هەر کارێک کە حەزت بۆی هەبوو هەمیشە تێیدا سەرکەوتوو دەبیت.