شكار نەقشبەندی
له كۆتایی په‌نجاكان و بەدیاریكراوییش دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی قاره‌مانانی كۆماری كوردستان بۆ نیشتمان، خەبات لە بەغدا بە ئاشکرا دەستی کرد بە تۆمارکردنی خەباتی نەتەوەیەك، خەبات بووە دەنگ و زمانی گەلێکی ستەمدیدە و مافخوراو.
ئازیزەكەم خەبات..
تۆ مینبه‌رێك بوویت بۆ داواكردنی ماف و ئازادیی و دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان له وڵات، بەڵام دوژمنانت هاتنە سەر ڕێت و بارەگەکەتیان داخست، ویستیان ده‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌ت كپ بكه‌ن، بەڵام تۆ به به‌رگێكی سادە و بڕنەولەشان لە چیاکان دەستت بە نووسینەوە و تۆماری مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له ژێر تۆپ و بۆردوومانی فرۆكه کرد، سه‌دان چالاكی و نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه‌كانت تۆمار كرد و ده‌نگی نه‌به‌ردییان و شۆڕشه مه‌زنه‌كه‌ت به كوردستانه پارچه پارچه‌كراوه‌كه‌ت بڵاوكرده‌وه، ناوی باره‌گای پارته مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان بووه ناو و پێناسەت.
ئازیزەکەم خەبات..
لە چیاكان ویستیان بتبەنەوە باوه‌شی دوژمن و لەتله‌تت بکەن، بەڵام تۆ بەرگەت گرت و لە خزمەت بارزانیی نەمر مایتەوە و بەردەوام بوویتەوە بۆ تۆماركردنی مێژووی نه‌ته‌وەکەت.
به‌داخه‌وه دوژمنانی كورد‌و كوردستان وازیان لێ نه‌هێنایت و خیانەتیان لە ڕابەرو سه‌رۆكه مه‌زنه‌كه‌ت کرد، نسكۆیان به شۆڕش هێنا و ویستان به یه‌كجاری له‌ناوتبه‌رن، بەڵام ئازیزه‌كه‌م تۆ لە تۆمارکردن ڕانەوەستایت و له شۆڕشی (گوڵان)ـیشدا وەک شۆڕشگێڕێکی گه‌نج له ده‌ستی سه‌رۆك و پێشمەرگەیه‌ك دەستت به تۆماركردنی چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه و داوای مافی ره‌وای میلله‌ته‌كه‌ت کردەوە، ده‌نگیانت گه‌یانده هه‌موو ڕۆشنبیر و ئازادیخوازانی جیهان، تا پێیان بڵێیت نه‌ته‌وه‌كه‌م مافی ژیان و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه.
ئازیزەکەم خەبات..
گەل ڕاپەڕی له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆكه‌كه‌ت و به هه‌موو دونیای گوت: كورد مافی ژیان و ئازادی و توانای خۆبه‌ڕێوه‌بردنی هه‌یه، دووبارە دەستتپێکردووە و بۆ پاراستن و تۆماری مێژووییه‌كی جیاواز له مێژووی شاخ دەستت پێكردەوە، ئه‌مجاره تۆماری چالاكی و هه‌واڵی پەرلەمان و حکوومەتێكی ساوا، بونیاتنانی وڵاتێكی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان، بوویته قۆتابخانه‌یه‌ك بۆ پێگه‌یاندنی ده‌یان نووسه‌ر و ڕۆشنبیر كه له‌سایه‌ی تۆدا ده‌یان ده‌زگا و ڕۆژنامه و گۆڤار له دایكبوون، بەداخەوە دیسانه‌وه ناحەزانت شه‌ڕێكی نه‌گریسی ناوخۆیان دروستكرد و تۆ هه‌ر داوای ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و ده‌وڵه‌تداریت بۆ كوردستان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وانت له كۆتایی ساڵ و له زستانێكی سارددا تۆیان سووتاند و سووتانی تۆ گه‌رمیی به جه‌سته‌ی سارد‌و شه‌كه‌ت و بێ هه‌ستی ئه‌وان به‌خشی، له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگگێڕانی جیهان به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێوه، ئه‌وان بارەگاکەتیان تاڵان کرد و ڕۆڵه‌كانتیان ئاواره كرد، بەڵام له‌به‌ر گه‌وره‌یی و پیرۆزییت، ئه‌رشیفی تۆیان له باره‌گاكانی خۆیان پاراست.!
ئازیزەکەم خەبات..
تۆ به‌جه‌سته‌ی سووتاو هەر خه‌می شه‌ڕه نه‌گریسه‌كەت بوو، لەنزیك سەری بڵندەوە به‌بێ ماندووبوون بە شێوەیەکی جوانتر و بەهێزتر و به ته‌كنیكێكی هونه‌ریی سه‌رده‌مییانه دەستت کردەوە بە تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژووی نەتەوەکەت.
ئازیزەكەم.. دیارە قه‌دەری تۆ هه‌ر وایه، كه ده‌بێ ئازار بچێژی و بێ‌ناز و ته‌نیابیت و به‌رگه‌ی تیر‌و ئازاری دوژمنان و ناحه‌زان و بێوه‌فایانیش بگریت، تا ویستیان نه‌زانانه و به خه‌مساردییه‌وه مێژووت بشێونن، بەڵام نەیانزانی تۆ چیایەکت لە پشتە، له هه‌موو یاده‌كانی تۆدا جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ده‌یفه‌رموو: (یادكردنه‌وه‌ی خه‌بات، به ته‌نیا یادكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌ك نیه، یادكردنه‌وه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌كه)، تۆ یادگاری و ئازیزی ڕابەرێکی مەزن و نەمرییت، بۆیە (تا ژیان بەردەوام بێ، تۆیش هەر بەردەوام ده‌بیت) له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو رێگریی و ناخۆشییانه‌ی ژیانت هه‌ر به‌رده‌وام و پێشه‌نگیت، هه‌ر ژمارەیەكی رۆژانەت مێژووییه‌كی دوور و درێژ دەگێڕێتەوە و سەروەرییەكی نوێ تۆمار دەكات.
ئازیزەکەم خەبات..
ئازاره‌كه‌ت ئه‌مجاره زۆر قورس و به ئێشه، چونكه ئه‌وانه‌ی له سایه‌ی تۆدا پێگه‌یشتن بووه‌نه سه‌ركرده و رێبه‌رانی ڕێكخراو و سه‌ندیكاكانی مامۆستایان و ڕۆژنامه‌نووسان و مافپه‌روه‌ران و ئه‌ندازیاران و … هتد، دیسانه‌وه بە نەزانانە بێ‌ڕێزییان پێ كردیت و له جیاتی له لاپەڕەكانی تۆوە ئیدانه‌ی هێرشە درۆنییه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان بكه‌ن، تۆیان خسته ژێر پێیان تا باڵایان به‌رزبێته‌وه، به‌ڵام نه‌یانزانی ئه‌وه‌ی به مه‌به‌ست و به‌بێ مه‌به‌ست، بە زانایی و بە نەزانیی بێڕێزیی به پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه بكات، بچووك و بچووكتر ده‌بێته‌وه و ده‌نگیشی نابیسترێت.
ئازیزەکەم خەبات..
به‌داخه‌وه، بەشێك لەوانەی له سایه‌ی تۆدا بوونه نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و خاوه‌ن ڕۆژنامه و دەزگای میدیایی و…. هتد، له‌م ئازاره قورسەتدا بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵویست بوون و ده‌ستیان قه‌ڵه‌می نه‌گرت تا به وشه‌یه‌ك ئیدانه‌ی ئه‌و بێڕێزییه و داكۆكی له ڕۆڵی مه‌زنت بكه‌ن، كه پێتكرا.. ببووره خەبات.. له‌و بێده‌نگییه‌ی ئەوان ئێمە شه‌رمندەین، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستییان بۆ ئه‌و مێژووه پڕ شكۆكه‌ت هه‌یه، هاتنه ده‌نگ و بێده‌نگییان شكاند و له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌كی تۆ دا هیوا و هێز و توانایان پێ ده‌به‌خشیت و شانازی به بوونت ده‌كه‌ن، دڵنیابه ئازیزەکەم.. ئەمجارەش کە چیاكه‌ی پشتی تۆیان بینی، كه هه‌ر له پشتته و هه‌ر پیرۆزیت لەلای، له ئاست تۆدا كڕنووش ده‌بەن و کەسیان له تۆ بەرزتر نابێت و تا ژیانیش به‌رده‌وام بێت، باڵات هه‌ر به به‌رزیی ده‌مێنێته‌وه‌و هه‌ر شكۆدارو مه‌زنتر ده‌بێت.