روكار شێخ تەها
لە ڕابردوودا کۆمەڵگەکەمان، بۆ پاراستنی ڕهوشت و بەهاکان و نەریتە جوانەکان سەلامەت بوو، وەکو یاسایەک وابوو پەیڕەو دەکرا، لە گشت کایەکانی ژیان شەرم و حەیا و لادان لە بنەماکان عەیبە بوو، لە ڕابردوودا کۆمەڵگە تا ڕادەیەکی زۆر یەکگرتوو بوو، لێبوردەیی و لێبوردن و بوونی چاکسازیخوازە باشەکان لە نێو خەڵکدا، دیارترین لایەنە زاڵەکانی کۆمەڵگە بوون. لەو سەردەمەدا، شەرم و حەیابوون لە نێوان ئافرەت و پیاو و گەنج و پیر و پرەنسیپێکی بنەڕەتی بوو. ڕێزگرتن لە کەسانی بەساڵاچوو جا پێشتر بتناسیبێت یان نا، بە واجبێکی گهوره دادەنرا، کە مەحاڵ بوو وازی لێبهێنیت.
سەرەڕای سەختی ژیان لەو سەردەمە کۆنەدا، کاتێکی جوان بوو کە گوزارشتی لە ژیانێکی شایستە دەکرد و پێگەی خۆی بە مرۆڤ دەبەخشی، کەشێکی خۆشی و ئاسوودەیی هەبوو، شتەکان سەرەڕای کەمی و دەگمەنی و سادەیی، مانای خۆیان هەبوو. لە بیرمە كە دایكم دەچوو لە دەرگای دراوسێكانمانی دەدا، تا لە بارەیانەوە بپرسێت و بارودۆخیان بزانێت و چ پێداویستییەکیان نییە؟ ئێستاش لەبیرمە دراوسێکان چۆن لە نێوان خۆیاندا سینیە خواردنیان ئاڵوگۆڕ دەکرد، هەرچەندە باری دارایی خەڵک خراپ بوو، بەڵام دڵیان سەخی بوو نەفسیەتیان بەرز بوو، خواردنەکەش ئەگەر بێ تام و چێژ بوایە یان خواردنی خۆش بوایە، بەڵام چرپەی ئەو سینیانە تام و چێژێکی هەبوو و چێژێک کە لەبیر نەکرابوو، لە ڕابردوودا بۆنەکان شکۆمەندی خۆیان هەبوو.
ئەوەی هێندەی تر ڕەنگە سەرسامت بکات ئەوەیە، کە لەو سەردەمە کۆنەدا، پەروەردە لە نێو مرۆڤەکاندا، ئەوەندەی ئەمڕۆ لە نێویاندا باو نەبووە و قوتابخانە و زانکۆکان بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ بەردەست نەبوون، خوێندەوارەکانیش ژمارەیەکی زۆر گەورە نەبوون، مزگەوتەكان لە پێكهاتەدا سادە بوون، حوجرە لە هەموو گۆشەیەکی شار، گوند، یان ناوچەکاندا نەبوو.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە ڕابردوودا کۆمەڵگا هێمنی و بەزەیی و خۆشەویستی و ڕێز زاڵ بووە، ئەگەر یەکێکیان نەخۆش بکەوتایە، هەمووان بە دەنگیەوە دەچوون و لە خەمیدا بوون، ئەگەر یەکێکیان ئاهەنگێک، یان بۆنەیەکیان بگێڕایە، ئەوانیش لە گەڵیدا شاد دەبوون، زۆرجار بەهۆی چڕی پەیوەندییەكەیانەوە، بەزەحمەت دەتتوانی بزانیت کێ خزمی نزیكی خاوەن ئاهەنگەکەیە و کێ لە بنەماڵەی مردووەكەیە!!










