دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند، ساڵی 2023، 19 کێڵگەی مینیان پاککردووەتەوە، هەروەها بەهەزاران مینی دژە کەسی و دژە تانک و بۆمبی چێندراوییان لەناو بردووە.

دەزگای گشتی کاروباری مین لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئامارو داتاکانی ساڵی رابردووی راگەیاند، کە بەپێ ئامارەکان ساڵی رابردوو، دوو ملیۆن و 803 هەزار و 326 مەتری دووجا لە مین و پاشماوەی جەنگی پاککراوەتەوە، دەشڵیت: 19 کێڵگەی مین لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە پاککراوەتەوە، هەروەها لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە 14 کێڵگە پاککراوەتەوە.

لەکۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا ئاماژە بەوەشکرا، چوار شەرگە لە لایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە پاککراوەتەوە، لەلایەن رێکخراوەکانیش حەفت شەرگە پاککراوەتەوە، هەروەها ساڵی رابردوو کۆی گشتی کێڵگەی پاککراوەوە لە مین گەیشتووەتە 44 کێڵگە.

هەر بەگوێرەی ئامار و داتاکان، لەساڵی رابردوو سێ هەزار و 326 مینی دژە کەسی لە لایەن دەزگاوە لەناو براوە، هەروەها لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە 514 مینی دژە کەسی لەناو براوە.

راشیگەیاند، دەزگای گشتی کاروباری مین شەش مینی دژە تانک لەناو براوە، لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە سێ مینی دژە تانک لەناو براوە. واتە کۆی گشتی مینی لەناو براو سێ هەزار و 849 مینە.

باسی لەوەشکرد، دەزگا چوار هەزار و 395 پارچەی تەقەمەنی نەتەقاوە کە پێی دەڵێن”یو ئکس ئۆ” لەناو براوە، لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە هەزار و 872 دانە لەناو براون، هەروەها دەزگا یەک بۆمبی چێنراوی لەناو بردووە، رێکخراوەکانیش 16 بۆمبی چێندراویان لەناو بردووە.