شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، لێدوانەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەبارەی هاوكاریی عێراقی لەو بۆردومانەی دوێنێی بارەگایەكی حەشدی شەعبی، ڕەت دەكەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی 5/1/2024، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “لێدوانەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکاریی عێراقی لەو پێشێلکارییەی بارەگای حەشدی شەعبی بە ئامانج گرت، ڕەت دەکەینەوە، پێشێلکارییەکەی دوێنێ ڕاستەوخۆ و بێ ئەوەی هیچ لایەنێکی سەربازی یان ئەمنیی عێراق زانیاری هەبێت، ئەنجام درا.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “هێرشەکەی دوێنێ، زیان بە پەیوەندیی گشتیی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت.”

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق باسی لەوەش كردووە، هێزە چەکدارەکانی عێراق هەمیشە لە ئامادەییدان بۆ بەرگری لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە ژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا.