خه‌بات: سه‌نگه‌ر حوسێن:- لەم هەفتەیەدا کورتە فیلمی سکاڵا، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئوتساڤ، لە بۆمبای/ هیندستان خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا، ئەمە لەکاتێکدا کە سکاڵا لە مانگی ڕابردوو خەڵاتی باشترین چیرۆکی ڕەسەنی وەرگرت لە فیلم فێستیڤاڵی ئینفێست لە شاری نیویۆرک، لە ئەمەریکا، هەر لەم مانگەدا، فیلمی سکاڵا، بۆ دوو فێستیڤاڵی دیكه‌، لیفت-ئۆف گلۆبال لە لەندەن، بەڕیتانیا، و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی زە فیلمی مۆنکیس دووبارە لە هیندستان هەڵبژێردراوە.

له‌مباره‌یه‌وه‌، دەرهێنەری فیلمه‌كه‌ کەی بەهار دەڵێت: هەواڵێکی دیكه‌ی دڵخۆشکەر ئەوەیە کەوا فیلمی سکاڵا هەڵبژێردراوە لە بەشی پێشبرکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەمنیست ئینتەرناشناڵی فەرەنسا – کە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ مافی مرۆڤ و نزیکە لە ناوەڕۆکی فیلمەکەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەم فێستیڤاڵە لە دەیان شاری فەرەنسا نمایش دەکرێت و هەروەها لە دوورگەی کۆرسیکا.

شایه‌نی باسه‌، سکاڵا، کورتە فیلمێکی پانزە خولەکی فیکشنە، لە نووسین، بەرهەمهێنان و دەرهێنانی کەی بەهار، فیلمکاری کوردی دانیشتووی بەڕیتانیا. فیلمەکە لە مانگی دوانزەی ٢٠٢٢ لە هەولێر هاتە فیلمکاری بە بەشداری گشتی کاست و کڕوی کورد و بەزمانی کوردی. هەروەها، بە پشتگیری سەرەکی میران دزەیی، کە بەخۆی هاو-بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە.

پێچانەوە، ڕەنگکاری، داڕشتن موزیک و تێکەڵی دەنگی فیلمەکە لە بەڕیتانیا ئه‌نجامدرا و لە مانگی نەورۆز ٢٠٢٣ کۆتایی پێهات. لەوێوە سکاڵا دەستی کرد بە گەشتکردن بە نێو فێسیڤاڵەکان و تاکو ئیمڕۆ لە پانزە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە، هه‌ر لە ئەمەریکا، بەڕیتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، یۆنان، ئیسپانیا، پۆلۆنیا، پۆرتوگال، ئیتاڵیا، هیندستان و هتد. لە سێ فێستیڤاڵ هەڵبژاردەی خەڵات بوو.

کەی بەهار دەشڵێت: وەرگرتنی خەڵات لە ئینفێست فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شاری نیویۆرک لە ئەمەریکا بۆ چیرۆکی ڕەسەن زۆر گرنگە بۆ کورد، چونکە لە زۆربەی فیلمە کوردییەکان لایەنی چیرۆک و سکریپت لاوازی تەواو بەخۆیانەوە دەبینن. کەچی لێرەدا کەی بەهار توانیویەتی کێبرکێ لەگەڵ چیرۆکبێژان و سکریپتنوسانی ئاست بەرزی ئەوروپی و ئەمەریکی بکات و خەڵاتیش بەدەستبهێنێت لە ئەمەریکا.

شایانی باسە، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، کاک حەمەی حەمە سەعید گرنگی زۆری دا بەم هەواڵە و بردنەوەی فیلمی دەرهێنەرێکی کورد لە ئەمەریکا و به‌ تەلەفۆن په‌یوه‌ندی به‌ ده‌رهێنه‌ر کەی بەهار كردو دەستخۆشی لێکرد و بۆ دڵنیاکردنەوەی کە وەزارەتی ڕۆشنبیری پشتگیرن و ڕێزیان بۆ کارەکانی هەیە و بەمزووانەش ڕێزلێنانی تایبەتی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە بەدەستدەگات.

گرنگە بڵێین کەوا زۆربەی زۆری فیلمەکانی کەی بەهار بەبێ پاڵپشتی حکومەتی هەرێم هاتونەتە بەرهەم، و زیاتر یاخود بە دارایی کەسی خۆی یان هاوڕێ و خێزان پشتگیری بوونە. بەڵام، ئیمڕۆ کەی بەهار دەڵیت کاتی هاتووە کەوا دوای چڵ و سێ ساڵ فیلمکاری لە هەندەران، و دوای بەرهەمهێنانی بیست و دوو فیلم، کە حکومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراسیۆنی رەوه‌ندی کوردستانی پشتگیری تەواوی بکەن لە بەرهەمهێنانی فیلمە سینەماییەکەی، (ڕۆمیۆ و جولیت کوردستان) – کە دەبێتە یەکەم فیلم لە میژووی کورد خۆی بگەێنێت بە بازار و بە هەمان ئاست و ستانداردی فیلمەکانی ئەوروپا، بەڕیتانیا و ئەمەریکا، هەروەها، کەی بەهار ئەوەش دەخاتە ڕوو کە (ڕۆمیۆ و جولیت کوردستان) بەرزترین لۆبی دەبێت لەم سەردەمەدا لەناو کۆمەڵگای جیهانی بۆ کورد و کوردستان بۆ بەدەستهینانی مافی رەوای ئازادی و سەربەخۆیی.

ناوه‌رۆكی فیلمی سکاڵا، دەربارەی بوارێکی کۆمەڵایەتیە و لە ژیانی ژن و پیاوێکی گەنج دەکۆڵێتەوە و بەربەستەکانی ڕێگر لەوەی بتوانن بەیەکەوە ژیانێکی ئاسوودە بەسەربەرن. بیست و دووه‌م فیلمی کەی بەهار-ە، مەبەستی سەرەکی کەی بەهار لە بەرهەمهێنانی فیلمەکانی و بەدەستهێنانی لەم جۆرە سەرکەوتنانە هەردەم لە پێناوی زیاتر پێشخستن و ناساندنی کورد و کوردستانە بە جیهان. بۆیە لە فیلمی دۆکومێنتەری (خەونی کورد – جەنگ یان ئاشتی)، کەی بەهار دەڵیت؛ (ئەگەر نەتوانم جیهان بێنمە کوردستان، ئەرکی من ئەوەیە کوردستان بەرم بۆ جیهان).