سهرهتا وتار پارتی شوناسی نەتەوەیەكە، بۆیە دەنگ بە لیستی 197ی پارتی دەدەم
مستەفا خۆشناو
ئەگەر بە شێوەیەكی زانستی و واقیعبینانە سەیری ئەو دروشم و كارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین كەوا هەر لەسەرتای دامەزراندنییەوە هەڵی گرتوون، بۆمان دەردەكەوێ كەوا بیری نەتەوەیی لە ناو پەیڕەو و پڕۆگرامەكانی پارتیدا پانتاییەكی فراوانی داگیركردووە بە لەبەرچاو گرتنی مافی هەموو ئەو پێكهاتانەی كەوا لەگەڵ نەتەوەی كورد لە كوردستاندا دەژین و، هەردەم پارتی داكۆكیكاری مافەكانیان بووە و پێداگری لێ كردوون، بۆیە دەكرێ بڵێین پارتی شوناسی نەتەوەكەمانە و هەموو ئەو خەسڵەتانەشی تێدا بە دی دەكرێت كەوا شوناسی نەتەوە پێویستییەتی، وەك ( خاك، مێژوو، زمان، كەلتوور و داب و نەریتی كۆمەڵایەتی و.. هتد).
پارتی دیموكراتی كوردستان هەرلەسەرەتای درووستبوونییەوە وەكو زەرورەتێكی مێژوویی هاتە كۆڕی خەبات و شانی دایەبەر ئەو ئەركە قورسەی كەوا لەسەر شانی مرۆڤی كوردە بۆ داكۆكیكردن و دەستەبەركردنی مافە زەوتكراوەكانی و لەم پێناوەشدا خەباتێكی دوور و درێژ و بێ وچانی ئەنجامدا و ڕووبارێك خوێنی لەم پێناوەدا بەخشی، لەم وڵاتە شۆڤێنی و دیكتاتۆرییەی عێڕاق زۆر ئەستەمە بتوانرێ قەناعەت بەو دەسەڵاتە تاكڕەوییە بكەی، كەوا گوێت بۆ بگرێ بۆ دەستەبەر كردنی مافەكانت، كەچی ئەوەی تاكو ئێستا هاتۆتەدی لەسەر دەستی پارتی بووە، جا چ بە شەڕ و زەبری هێز بێ، یاخود بە ئاشتی و ڕێگای گفتوگۆ بگرە، هەر لە ئۆتۆنۆمی، هەڵبژاردنی دیموكراسییانە، سیستەمی فیدڕالی و ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی كوردستان، لەم هەڵمەتەی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێڕاقیش، پارتی پەیامێكی زۆر ڕوونی بە گوێی هەموو ئەو نەیارانەی كەوا دژی پرۆسەی هەڵبژاردنن، چرپاند. “بەڵێ پارتی و سەركردایەتییە حەكیمانەكەی هەڵگری درووشمی سەربەخۆییی كوردستانە و دوور و نزیك دەبێ ئەم درووشمە ببێتە كردار و جێبەجێی بكەین.” ئەم پەیامەی پارتی ئەوە دەردەخات كەوا پارتی كار لەسەر قۆناغی داهاتووی دەكات، كەوا چۆن ڕێگای یاسایی و دەستووریی شیاوی بۆ بدۆزێتەوە تا درووشمەكانی بكات بە كردار و بیچەسپێنێ، چونكە پارتی قەت هەنگاوی ناستراتیژی ناهاوێژێ، بەڵكو هەر هەنگاوێكی بەپێی شیكارییەكی واقعبینانەی دیراسەتكراو دەهاوێژێ.
شایانی باسە و هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێ کە هەموو ئەو نەهامەتی و رووداوە نەخوازراوانەی پاش پڕۆسەی رێفراندۆم، ئۆباڵی لە ملی ئەو خیانەتە چەپەڵە بێ وێنەیەیە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخواریی كورددا. دژبەرانی ڕیفڕاندۆم دەبێ ئەو ڕاستییە بهێننە بەر چاوی خۆیان و دان بە ڕاستییەكاندا بنێن كەوا ئەم هەموو خاكە چۆن و بەچ شێوەیەك لەدەست درا و تەسلیمی دوژمن كرا. بە شایەتی بەشی هەرە زۆری شارەزا و زانا و سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و دەرەوە، ڕێفڕاندۆم باشترین بەڵگە و وەسیلەیە كەوا كورد دەبێ شانازی پێوە بكات، نەوەك دژایەتی بکەن و خۆیان لێ لابدەن و لەبەری ڕابکەن و خۆیانی لێ بشارنەوە؛ چونكە ئەمە بڕیارێكی مێژووییی گەلە و دەبێ وەكو بەڵگەنامەیەك و سەنەدێكی یاسایی بەهێزسەیر بكرێ و نكۆڵی لێ ناكرێ و، دەبێتە شانازییەكی گەورەش بۆ پارتی وەکو حزب و سەركردایەتییە سیاسییەكەی و تەواوی خەڵکی کوردستان (ئەوانەی بە بەڵی بەشداری ڕێفراندۆمیان کردووە) و بێگومان ڕۆژێك دادێ ئەم خەونە دەبێتە ڕاستی و ئەو كات نەیارانی پارتی بە دەستەوەستان و زەلیلی چۆك لەبەردەم ئەم هەنگاوەی پارتیدا دادەدەن. ئێستاش كەوا پارتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئامادە دەكات، خەڵكی ناوچە دابڕاوەکان و بەتایبەت خەڵكی كەركووكی دڵی كوردستان، ئومێدی زۆریان لەسەر سەركەوتنێكی گەورەی پارتی هەڵچنیوە، چونكە دەزانن تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە كەوا دەتوانێت ئەو دەستانە ببڕێت كەوا دەست بۆ مافەكانیان درێژ دەكات و شكۆ بۆ مرۆڤی كورد لەو ناوچە دابڕێنراوانە لە كوردستانی دایك بگێڕێتەوە، چونكە ماوەیەكە ئەو دەسەڵاتە شۆڤێنییەی كەوا حوكمی ئەو ناوچانە دەكات بەتایبەت لە كەركووكی دڵی كوردستان، خۆیان مەڵاس داوە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە كاتییەی بۆیان ڕەخساوە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە شكۆی كورد بدەن و كورد لەم ناوچانە بچووك بكەنەوە، بۆیە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی ئەم ناوچانە لەلایەن حیزب و هێزە كوردییەكانەوە، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان كەوا سەنگێكی گەورەی لەم ناوچانە هەیە؛ زۆر زەرور و پێویستە، بۆیە دەنگی هەموو خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بۆهەڵوێستەکانی پارتی و کاندیدەکانی لیستی 197ـی پارتییە.