سهرهتا وتار گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گەڕانەوەی ئازادیی و پێکەوەژیانە
هاکار موحەمەد زراری
ئەگەر هەندێک بگەڕیینەوە دواوە و چاوێک بە مێژووی پڕ سەروەری و بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کورد و شۆڕش و بەرخۆدانە یەک لەدوا یەکەکانی هەرکام لە دەڤەر و ناوچە و بەتایبەت کەرکووک و گەرمیان دا بخشێنین ئەوە زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە گەرمیانی و بەتایبەت کەرکووکییەکان هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد دابوونە و بێ دابڕان و ماندووبوون و هەنگاو بە هەنگاو لە هەموو سەردەمەکاندا لە ڕێزی پێشەوەی خەباتکارانی کورددابوونە لەپێناو بەدەستخستنی ماف و ئازادییەکاندا، کەرکووکی و گەرمیانییەکان بێ سڵەمینەوە لە بەخشینی سەر و ماڵ و سامان و تەنانەت بەخشینی رووحی خۆشیان لەپێناو ژیانێکی ئاسوودە و بە کوردستانی هێشتنەوەی شاری کەرکووک دا بەردەوام لە مەیدانی خەبات و لە ڕێزی پێشەوەی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی دابوونە و هەمیشە هاوڕێ و هاوسەنگەری شؤڕشگێرانی ڕێگای ئازادیی کوردستان بوونە، زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێم گەرمیانی و کەرکووکییەکان کۆڵەگە و ڕاگر و دەستەچیلەی ئاگری شۆڕش و خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەی ڕێزەکانی پێشەوەی خەبات لەپێناو ئازادی کوردستان دا بوون و هەن، لای هەمووکەس ئاشکرایە کە شوێنپەنجەی کەرکووکی و گەرمیانییەکان لە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی پێشکەوتنخواز دا بە ڕوونی دیارە و کەرکووکیەکان لە هەردوو شۆڕش دا لە ڕێزی پێشەوەی خەباتکاران و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستاندا بوون و ژنان و پیاوانی کەرکووکی و گەرمیانی بە خوێنی خۆیان سەلماندیان کە هیچکەس ناتوانێت کەرکووک و گەرمیان لە کوردستان داببڕێت. هەرچەندە داگیرکەران و نەیارانی کورد بەردەوام هەوڵی سڕینەوە و بە عەرەبکردن و شێواندنی شوناس و گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شارە کوردستانیەیان داوە و دەستیان لە هیچ جۆرە غەدر و تاوانێک نەپاراستووە، بەڵام دیسانیش کورد و کوردستانییەکان تەحەموولی هەرجۆرە کوشتن، کاولکردن، ڕاوەدوونان، زیندانی و ئەشكەنجە و ئازارێکیان کرد؛ بەڵام نە تەسلیم بە ئیرادەی داگیرکەرنە بوون ونە ڕێگاشیاندا کەرکووک لە کوردستانی بوونی خۆی بشۆرێتەوە و ناسنامەی کەرکووک بگۆڕدرێت. ئێستا و دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و بەشێک لە دەڤەرەکانی دیکە لەلایەن عەرەبە شۆڤێنیەکان و سیستەمی عەسکەرتاریەتی عێڕاقی، ئەوەی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تاکە هێزی سەرەکی و جێ متمانەی تاکی کورد و قوتابخانەی کوردایەتی و رێبازی بارزانی نەمر گرنگ بێت ئەوەیە کە بەهەر جۆر و شێوەیەک بێت دەبێ شوناس و مێژوو و کوردستانیی بوونی شاری کەرکووک و دەڤەرەکانی دیکەی کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی شۆڤێنییەتی عەرەبی بپارێزرێت و هزر و بیروباوەڕی کوردایەتی و کوردبوونی ڕۆڵەکانمان لەو دەڤەرانەدا نەکەوێتە ژێر کاریگەری شۆڤێنییەکان و ئیرادەی تاکی کورد لاواز و تەسلیم بە سیستەمی داگیرکاریی عەسکەرتارییەتی خۆسەپێن نەبێت! هەر لەوکاتەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکات بۆ هەرچی زیاتر داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی کورد و هەموو پێکهاتە جیاوازە کانی دیکەی کەرکووک بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نەژادی وزمان و کولتووری و ئایینی لەپێناو پێکەوە ژیانێکی ئازاد و ئاسودە و ئارامز
كەركووكی و گەرمیانیەكان لەمێژساڵە لەو ڕاستییە گەیشتوون و ئەو حەقیقەتە دەزانن کە هەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبازی بارزانی یانی کوردبوون و کوردایەتی و بەرەو ئازاد بوونی کوردستانە، هەر لەبەر ئەوەشە کە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و دەڤەرەکانی دیکە بە مانای گەڕانەوەی كورد و کوردایەتی و بیروباوەڕی سەربەخۆییخوازی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و بەرزڕاگرتنی ئیڕادەی کوردایەتی و تەسلیم نەبوون و خۆ نەچەماندنەوەیە بەرانبەر بە داگیرکەران، ئەو ڕاستییە وەک چۆن لەلای کوردەکان ئاشکرایە هەر بەمجۆرەش لە لای عەرەبە شۆڤێنییە عێراقییە چاوبرسییەكانیش ڕوون و ئاشکرایە بۆیە بەمجۆرەی کە هەموومان دیتومانە و دەیزانین دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە و دەکەن. هەربۆیە گومان لەوەدانییە کە کەرکووکییەکان لە هەمووکەس باشتر پارتی و بیروباوەڕ و ڕوانینی پارتی دیموکراتی کوردستان و سیاسەتی حەکیمانە و کوردانەی سەرۆک بارزانی بە نسبەت کەرکووک و کوردستان باش دەناسن و دەزانن، هەر لەبەر ئەوەیە کە کەرکووکییەکان لەوە تێگەیشتوون کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕابەرەکەیان (سەرۆک بارزانی)یە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرچی سیستەمێکی شۆڤێنی و عەسکەرتاری خۆسەپێن و هەر گروپێکی میلێشیاوی تاکڕو و شۆڤینی و خۆپەرست، بۆیە دڵنیاین کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کوردان و دانیشتووانی دیکەی شاری کەرکووکی دڵى کوردستان و ناوچەدابڕاوەکان یەکدەنگ و یەک هەڵوێست دەنگی خۆیان دەدەن بە کاندیدەکانی لیستی 197ی پارتی. هەڵبەت بە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەوای ئازدی و پێکەوە ژیانی ئازاد و دادپەروەرانە باڵ بەسەر کەرکووک و ناوچەدابڕاوەکاندا دەکێشێت و کۆتایی دێت بە سیستەمی خۆسەپێنی عەسکەرتارییەت لەو شارەدا.