سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتن د. ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ (خه‌بات): دەنگدان بە لیستی...

د. ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ (خه‌بات): دەنگدان بە لیستی 197 دەنگدانە بە کوردستانیبوونی کەرکووک

208
خەبات – ساسان دەروێش:
‎د.ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بەچەند پرسێک بۆ خەبات دوا.
71 ساڵ خەبات و تێکۆشانی ئافرەتی کورد لە شاخ و شار
‎د. ڤیان بۆ یادی 71 ساڵەی ڕێکخراوەکەیان دەڵێت: یادی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و خەباتی لە پێناو یەکسانی و ئازادیی ئافرەتان و ئازادیی کوردستان لە ئەندامان و کادیران و هەموو ئافرەتانی کوردستان پیرۆز بێت، ‎یادی پێشەنگانی دامەزرێنەر بە خێر و سڵاو بۆ هەموو ئەو ئافرەتە بوێرانەی بە درێژایی ئەو کاروانە لە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە خەباتیان کردووە، ‎پێشەنگبوونی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان بەرهەمی خەبات و خۆڕاگریی ئەوان و تێکۆشانی یەکسانیخوازانی ‎ئێستایە.
کتێبێک بۆ خوێندنەوەی مێژووی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
د . ڤیان لە دوا بەرهەمی «پوخته‌یەک لە مێژووی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لەم بۆنەیەدا وەک کتێبێکی ناوازە خستە بەردەمی خوێنەران کە بریتی بوو لە 406 لاپەڕە و گوتی: لە دوابەرهەمی خۆم کتێبی (یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، پاشخان، مێژووی دامەزراندن و بیبلۆگرافیای کۆنگرەکانی) لەم کتێبەدا، هەوڵم داوە تیشک بخەمە سەر پاشخانی دامەزراندن و مێژووی کۆنگرەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، هەر لەیەکەم تاكوو دوایین کۆنگرە کە کۆنگرەی هەشتەمە و لە ئەیلوولی 2018 بەستراوە، نەبوونی ئەرشیف و بە دۆکیۆمێنت نەکردنی مێژووی ئەم ڕێکخراوە و هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر مێژووی بەستنی کۆنگرەکانی وەک دێرینترین و بەتەمەنترین ڕێکخراوی تایبەتمەند بە پرسی ئافرەت، بەتایبەت ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی تەنانەت دوای ڕاپەڕینیش جگە لەوەی غەدرێکە لە مێژووە پرشنگدارەکەی ئەم ڕێکخراوە، دوای دەستبەکاربوونمان چەندمان کرد لە کتێبخانە و ئەرشیفی ڕێکخراوەکەدا بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتێکی مێژوویی وامان نەبینییەوە کە باس لە مێژووی ئەم ڕێکخراوە و کۆنگرەکانی بکات، بە چ هۆکارێک نەبووە، دەستمانکرد بەگەڕان و بنکۆڵکردنی کە تێیدا لە دووتوێی چەند بەشێکدا، وێڕای گەڕانەوە بۆ پاشخانی هزری پشت دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتان و ڕوانگەی سەرکردەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر دەربارەی مەبەست لە دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتان وەک پشتیوانییەک لە پێگەی ئافرەت، هاوکات ڕوانگە و پشتیوانی ڕابەری نیشتمانی سەرۆک بارزانی و ڕەنگدانەوەی لە گوتە و پەیامەکانی دەربارەی ئافرەت و بۆ یەکێتیی ئافرەتان، بە لێگەڕان و ماندووبوونێکی زۆر هەوڵم داوە مێژووی تێکۆشان و ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوە و پێشەنگانی و قۆناغەکانی خەبات و ئەرشیفی کۆنگرەکانی کۆ بکەمەوە و وەک دۆکیۆمێنتێکی مێژوویی پێشکەشی ئەندام و کادیرانی یەکێتیی ئافرەتان و بزاڤی ئافرەتان بکەم و ئەدەبیاتی ڕێکخراوەکەمان و کتێبخانەی کوردی بەم بەرهەمە دەوڵەمەند بکەم.
هەنگاونان بۆ بەستنی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هه‌روه‌ها باسی لە بەستنی کۆنگرەی نۆهەمی ڕێکخراوەکەیانی کرد و دەڵێ: بڕیارە لەم مانگەدا یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کۆنگرەی خۆی لە شاری ھەولێر بەڕێوەببات و 140 ئەندامیش بەشداری کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتان دەکەن.ھاوکات ئامادەکاریەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرە دەستیان پێکردووە، کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی یەکێتیی ئافرەتان کۆتایی ھاتوون و لەسەر بنەمای ژمارەی ئەندامان نوێنەر بۆ کۆنگرە دیاری کراون لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە بۆ ھەر 300 ئەندام نوێنەرێک دیاری کراوە، بەڵام ژمارەی بەشداری ئەندامانیش پێوەر بووە بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەری کۆنگرە کە 142 ئەندام بەشداری کۆنگرە دەکەن و پێموابێت ئەو ژمارەیە گونجاوە بۆ قۆناغی ئێستا.
هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی 16 ڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ دژی ئافره‌تان
د. ڤیان سلێمان دەربارەی هەڵمەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتانیش گوتی: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ڕێگه‌ی نەخشەڕێیەک کە چەندین ساڵە لە خۆی گرتووە، گوتاری بەرەنگاری دژ بەو ڕوانین و هزر و دونیابینییەی کە ئافرەت وەکوو مرۆڤێکی یەکسان و هاوشان و هاوپێگە نابینێت، ئاراستە دەکات و دەڵێت: (بوەستە بیرکردنەوەکانت بگۆڕە، من تەنیا جەستە نیم هزر و شیانم، شەرەف لە بنەماکانی مرۆڤدۆستی دایە، نەک جەستە، خاوەنداریەتی بەرهەم و بڕیار مافی منیشە، ئێمە هاوبەشی یەکترین نەک موڵکی یەکتر، هزر و نەریتی چەوت بکوژێنەوە، نەک ژیان). ئەمەش لە سۆنگەی زەروورەتی گەڕانەوە بۆ بنەماکانی مرۆڤدۆستی و یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیان. لە پێناو یەکسانکردنەوەی مافی ئافرەتان بە پیاوان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی ئافرەت و پیاو بۆ پەیوەندییەکی مرۆڤانە و چەسپاندنی ئەو تێگەیشتنەی کە لە پێناو پێکەوە ژیانێکی هاوسەنگ و پاراستنی ئامانجەکانی مرۆڤایەتی، هەر دوو ڕەگەز پێویستیان بە هاوڕێیەتی خۆشەویستی و سازش و لێبوردەیی یەکدیی و پەیڕەوکردنی بنەمای مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، نەوەک پۆلێن و جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز.
هەڵبژاردن ئامرازێکە بۆ دوورخستنەوەی تاکڕەوی و خۆسەپاندن
د. ڤیان سلێمان دەربارەی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیش گوتی: لە بنەڕەتدا وەک بنەمایەک و مەرجێکی سەرەکی دیموکراسییەت لێی دەڕوانرێت و هەموو گۆڕانکارییەک لە ڕێگەی هەڵبژاردن بە بوونی زەمینەی ئازادی و بێگەردی پرۆسەکە، ئامرازێکە بۆ دوورخستنەوەی تاکڕەوی و خۆسەپاندن، کە لە ئێستادا بەهۆی عەقڵیەتی شۆڤێنی چەند هێز و کەسانێک کەرکووک و عێراق بەگشتی گیرۆدەی بارودۆخێکی ناهەموار کراوە و بە ئاشکرا دەستوور پێشێل دەکرێت و سیاسەتی گەمارۆدان و برسیکردن و نکۆڵیکردنی مافە دەستوورییەکان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کورد بە گشتی جێبەجێ دەکرێت. هاووڵاتییانی شاری کەرکووک بە تایبەت کوردەکانی ئەو شارە لە بەردەم تاقیکردنەوە هەروەها دەرفەتێکی مێژووییدان و بە دڵنیایییەوە وا چاوەڕوان دەکرێت بەو پەڕی هۆشیاری و بڕوای بەرزی کوردانەوە پراوەی ئەو مافە دیموکراسییە بکەن و دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە لە پێناو بەختەوەری ئەوان و پاراستنی شوناسی کوردستانیه‌تی کەرکووک قوربانی گەورەی داوە بۆیه‌ دەنگدان بە لیستی 197 دەنگدانە بە کوردستانیبوونی کەرکووک.