تیری ناحەزان ئاراستەی هەرێمی کوردستانە

936
ساڵح شێخ محەمەد بەرزنجی- دانمارک
پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان (بەهاری 1991) و هەڵمەتی پێشمەرگە؛ کوردستان لە داگیرکەر ئازاد کرا و لە ساڵی 1992 یەکەم جار بوو لەهەڵبژاردنێکی دیموکراتیکدا پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا و یەکەم جار بوو لەمێژوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، کابینە لە دوای کابینە لە بارودۆخی جیاجیا جومگەکانی حکوومەتی کوردستان بەپێی پێشکەوتن، پێشڤەچوونیان بەخۆوە دیت، تاکو گەیشتە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی کاك مەسرور بارزانی. وەکو من تێبینیم کردووە دوژمن و داگیرکەرانی کورد و بەکرێگیراوان؛ هەمیشە بوونەتە هۆی ئاستەنگ و لەمپەر لەبەردەم پێشڤەچوونی کوردستان و حکوومەتی کوردستان و نانەوەی دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆ و لێکترازانی یەکێتی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان. لەلایەکی دیکەشەوە دەبینین کە تیری ناحەز و دوژمنانی کورد تەنها ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی و کابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانییە، هەڵبەت ئەمەش لە ڕەسەنی و نیشتمانپەروەری و پارتی و بنەماڵەی سەربەرزی بارزانییە. بەڵام سوپاس بۆ خودا، بە خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی سەرۆک بارزانی و پارتی و سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی حکوومەت، هەموو جار پیلانی دوژمنانی کورد سەریان نەگرتووە و سیخوڕەکانیشیان سەرشۆڕ و شکستخواردوو بوونە.
لە دوایین هەوڵ بۆ لەباربردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ناحەزان بەهەموو شێوەیەک و بەتایبەت لەڕووی دارایی و ئابووری و بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان هەوڵیاندا کوردستان گەمارۆ و ئابڵۆقە بدەن و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیان بڕی و هەوڵیاندا کەرکووکی دڵی کوردستان لە لاشەی دابڕن لە پێناو نانەوەی ئاژاوەی ناوخۆیی و بە هەرەس بردنی قەوارەی هەرێم. بەڵام لە سایەی شارەزایی و حیکمەتی سەرۆک بارزانی و دیپلۆماسییەت و ئیرادەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و خۆڕاگریی فەرمانبەران و تەواوی خەڵکی کوردستان بە هەموو نەتەوە و چین و توێژ و ئایین و ئایینزاکانی کوردستان بە دەوری سەرکردایەتیی کورد و حکوومەتی کوردستان، هەوڵی ناحەزان شکستی هێنا و خەریکە ڕۆژ دوای ڕۆژ بارودۆخ و کێشەکان ڕایی دەبن و پارتی و بارزانی سەرکەوتوو و سەرفەراز بوون و، پارتی بە سەربەرزی لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان گەڕایەوە کەرکووک.
سەرکەوتن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کاك مەسعود بارزانی، خودا بیپارێزێت.