تەبایی پارێزەری دەستکەوتەکان و تێکشکێنەری خەونی دوژمنانە

164
رێبوار حەمەلاو شوانی
لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، کە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بەتایبەتی بە قۆناغێکی ئاڵۆز و دژواردا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد کە خاوەن دۆزێکی ڕەوا و لەم ناوچە هەستیارە داین، جێگەی تایبەتمەندییە و گرنگە زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان بکەین لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمانەکەمان و سوودوەرگڕتن لە دەرفەتەکان، هەر بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە لە ئاست ئەم دۆخە ناهەموارەدا بن و بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و بەرژەوەندیی تایبەتی وەلاوە بنێن و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتی هەنگاو بنێن و کوردایەتی بکەنە پێوەری سەرەکیی خەبات و تێکۆشانیان لە نێو گوڕەپانی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا.
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بینراوە، ئەم دروشمە نەبووەتە واقیعێک و پابەندییەکی تەواوەتی لەلای هێزە سیاسییەکان وەربگرێت، بەڵکو زۆرینەی کات تەنها وەک دروشمێک و واقیعەکە تەواو پێچەوانە بووە. لەو کاتانەی کە مەترسییەکان جددی بوون، چەند هێز و لایەنێک پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی کوردستان جووڵەیان کردووە و بەرژەوەندیی کەسی و حزبییان خستووەتە پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی کە لێکەوتە و دەرهاویشتەی ماڵوێرانکەری بە دواوە بووە. بەپێچەوانەشەوە، هەر کات تەبایی و یەکڕیزیی بوونی هەبێت، دەستکەوتی گرنگ و سەرکەوتنی مەزن بەدیهاتوون و توانراوە چۆک بە زۆر لە پیلان و تاکڕەویی و پەراوێزخستن بهێنن.
بۆیە، مێژووی دوێنێ و ئێستا دەرخەری ئەو راستییەیە کە بوونی بۆشایی سیاسی و ڕکابەریی ناتەندروستیی سیاسی لە پێناو دەستکەوتێکی حزبی و شەخسی خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەنها دوژمنان و نەیارانی سوودمەند دەکات، بەتایبەت کە لە سەر ئاستی هەموو جیهان، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری ئومێدی داهاتووی کورد و کوردستانە، بۆیە ناکرێت و نابێت کە ئەو قەوارەیەی کە بەخۆین و خەباتی دەیان ساڵەی هەزاران شەهید و پێشمەرگە هاتۆتەدی بخەینە مەترسییەوە، بۆیە گرنگە بزانین کە تەبایی و یەکدەنگیی کورد و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان بە گشت پێکهاتەکانییەوە لە سەر بنەمای کوردبوون و کوردستانیبوون کلیلی سەرکەوتنمانە، پێویستە یەکترمان خۆش بوێت، دەبێ خۆشەویستی بۆ خاکی کوردستان پێش هەموو بەرژەوەندییەکی تر بێت، بەتایبەتی کە لە قۆناغی ئێستاماندا لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستە هێزە سیاسییە کوردییەکان، یەکدەنگی بکەن بە چەترێک و لە سایەیدا کۆببنەوە، وەک یەک پایەی توندوتۆڵ، ئیرادە یەکبخەن و بیر لە دەرچەی رزگاری بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێم کە ماوەیەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، شەڕێکی یاسایی و دەستووریی بەرنامە بۆ داڕێژراو دژ بە هەرێمی کوردستان بەرپا کراوە.
بۆیە، گرنگە لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکاریی ڕژددا گوزەر دەکات و ئاگرەکەی هێدی هێدی لە دەوروبەرمان نزیکتر دەبێتەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخوازێت زۆر نیشتمانییانە و نەتەوەییانە بیر بکەینەوە، خۆمان بە خاوەن بزانین، بەتایبەت هەمووان پشتیوانی سەرۆک مەسعود بارزانی بین کە هەمیشە و بە درێژایی خەبات و بزاڤی رزگاریخوازیی کورد و کوردستان، هەردەم لە پێناو تەبایی و کوردایەتی و ئامانجەرەواکانی گەلی کورد لە سەنگەری پێشەوەی بەرخودان بووە و باج و قوربانیی زۆری بەخشیوە .
مێژوویش گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە کە هەمیشە ستراتیژیی کوردپەروەری و نیشتمانپەروەریی سەرۆک بارزانی نەگۆڕ بووە، بەتایبەت لەو قۆناغانەشدا کە هەڕەشە و گوشاری گەورە لە سەر دۆزی رەوای کورد و کوردستان لەلایەن دوژمنان و داگیرکەران هەستی پێکراوە، گرنگە هەموو حزب و لایەنەکان بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان هەڵسن و پەرۆشانە بڕواننە ئەم ڕەوشە هەستیارە و تەنها بیریان کوردایەتی بێت، چونکە بە تەبایی رووبەڕووی مەترسی و پێشهاتەکان دەبینەوە و دەستکەوتەکانمان پارێزراو دەبێت، ڕێگە نادات خەونی نەیاران و ناحەزانی کورد کە زۆر لە مێژە خەونی نەمان و تێکدانی ئەم قەوارە دەبینن بێتەدی.