ڕەمزی میرەكانی
عێراق لە ساڵی 2003وە، لە سەر ئاستی سیاسیدا بە گۆڕانكاری زۆر و خێرادا تێپەڕیوە، ئەم گۆڕانكارییانەش كاریگەریی قووڵیان بەسەر كۆمەڵگەكەیدا هەبوو، كە لە چەندین گروپی هەمەجۆر و جیاواز پێكهاتووە، ئەمەش بۆ جیاوازی داب و نەریت، ئایین، ئیتن، جوگرافیا، زمان، پاشماوەكانی شەڕ و داگیركاریی دەگەڕێتەوە، كە پێشتر، هیچ بەربەستێك لە پێكەوە ژیانیاندا نەبوو. جیاوازییەكە لایەن و هێزە سیاسییەكان دروستیان كردووە، كە لە دە ساڵی یەكەمدا، گەیشتە ڕادەی ململانێی چەكداریی. ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر ڕەفتاری تاك و كۆمەڵدا هەبوو، چونكە دەوڵەت هیچ پڕۆژەیەكی بۆ پێشهاتەكان ئامادە نەكردبوو، بۆیە هیچ هاوسەنگییەك نەما، ئەمەش وای كرد، عێراق بۆ ئەوپەڕی ڕاست و چەپدا بڕوات، چونكە خۆی بۆ دۆخێكی ئەوها ئامادە نەكردبوو، تاك، كۆمەڵ، هێز، پارت و لایەنەكان نەیاندەزانی بە چ ئاراستەیەکدا بڕۆن و چ بكەن، چونكە شتەكان لە هێكڕا ڕوویان دا و وەك خەونێك وا بوو.
سیاسەت زیاتر تێكەڵاوی ژیانی گشتی تاكەكان بووە، ئەمەش بە پلەی یەكەم، بۆ پشتگوێ خستنی پێداویستییە سەرەتاییەكان و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە، هەموو لایەنەكان دەیانەوێت خەڵكی بۆ خۆیان ڕاكێشن، ئەمەش وای كرد شوناسێكی نەتەوەیی یەكگرتوو دروست نەبێت و چەندین شوناسی نەتەوەیی، مەزهەبی، هۆزایەتی و ناوچەییش دروست ببێت. زیادبوونی هۆشیاریی گشتی، بە گەورەترین چاكەی سیستمی دیموكراسی دادەنرێت، كە پشتی بەدروستبوونی پارت، بزووتنەوە و ڕەوتی سیاسی بەست، كە چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیان، وەك خاڵی دەستپێك بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایی بۆ نوێنەرایەتیی سیاسی بەكارهێنا. ئەگەر بەراوردێك لە نێوان پارتە بەشداربووەكان لە هەڵبژاردنەكانی 2010 لەگەڵ هەڵبژارنەكانی 2021دا بكەین، دەبینین لەو ماوەیەدا 56 قەوارە و پارتی سیاسی زیاد بووە، بەڵام ڕێژەی بەشداریكردنی خەڵكیش لە دەنگدان بە 20 لە سەد كەمی كردووە، ئەمەش بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەكی، نەمانی متمانەی دەنگدەر بە لایەنەكان، بێهیوابوونی دەنگدەر لە ڕوودانی گۆڕانكاریی، چونكە لە دوواین دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، لێنەگەڕان لیستی براوەی زۆرینەی كورسییەكان، حكوومەت پێكبهێنێت، لەگەڵ مانەوەی هەمان سیماكانی پێشوو، زیادبوونی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانی، ناكۆكیی توندی نێوان لیست و هێزەكان و چەندین هۆكاری تریش.
ناكۆكیی نێوان پارت و هێزە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی شیعەكان، جەماوەر وەك چەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارە سیاسییەكانیان بەكار دەهێنن، بەبێ گوێدانە دیدگای دەوڵەت، ڕۆڵی هاووڵاتی و گیانی خۆبەندیی بۆ نیشتمان. ئەمەش كەشوهەوایەكی گونجاوی تەنانەت بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵیش هێناوەتە كایەوە، كە بووەتە هەڕەشەیەكی بەرفراوان و نەریتێكی باوی كۆمەڵایەتی، گەندەڵی ڕۆچووەتە قووڵایی دامودەزگاكانی حكوومەت. عێراق لە ساڵی 2010دا، لە سەر ئاستی جیهاندا لە پلەی چوارەمی گەندەڵترین وڵاتەكاندا بوو، لەو ساوە تاكو 2020، هەر لە پلەی یەكەم گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا مایەوە و ژمارەی كێشەكانی گەندەڵی گەیشتە (11) هەزار كێشە، كە هەموو جۆرە بەرپرسێك تێیاندا گلاوە، هەر لە وەزیر، بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتییەوە بگرە تاكو بچووكترین فەرمانبەر، سەیر لەوەدایە كەسیش لە سەر ئەو كێشانە سزا نادرێت، بەرپرسی وا هەیە بە ملیاران دۆلار و دینار گەندەڵی كردووە، ئاشكرایش بووە، بەڵام وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت و سزا نادرێت، لە دونیادا نەبووە گەندەڵكار بە دەستەبەری ئازاد بكرێت، یان بە هێنانەوەی بڕێك لەو پارەیەی كە موڵكی گشتییە و پاشقولی داوە، ئازاد بكرێت، ئەوەندە گەندەڵی كراوە، كەس نازانێت كامە بەرپرس كەسێكی باش و پاكە و گەندەڵی ناكات.
لە ڕووی ئایینییەوە، عێراقییەكان لە مێژە بە ئایین، بیروباوەڕ و سیمبولەكانیان پابەندن و كاریگەریی ژینگەی سیاسییان لەسەر نەبووە، بەڵام لەم دە ساڵەی دواییدا، سەرنج دەدرێت، گۆڕانكاریی لە تێگەیشتنی ئایین، باوەڕ و مەزهەبیشدا ڕووی داوە، بەتایبەتی لە ناو توێژی گەنجاندا، ڕەنگە ئەمەش بۆ كاریگەرییەكانی كردەوە تیرۆریستییەكان بگەڕێتەوە، كە ئایینیان وەك بەرگێك بۆ كردەوە تاوانكارییەكانیان بەكارهێناوە و بە ئارەزووی خۆیان لێكدانەوەیان بۆ دەقە پیرۆزەكان كردووە.
یەكێك لە دیارترین ڕووداوەكانی دەیەی دووەمی ئازادی، سەرهەڵدانی هێزێكی چەكداری جیهادی بە ناوی هێزەكانی (حەشدی شەعبی)بوو، كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و بە فتوای بەڕێزعەلی سیستانی دروست كرا. ڕەنگە ئەم هەنگاوە بۆكاتی خۆی پێویست و ڕەوا بووبێت، بەڵام دواتر لەبەر چەند گرووپێکی چەکداری سەرەڕۆ و شۆڤێنی ئەم هەنگاوە بووە هۆی فراوانبوونی دیاردەی چەكداركردنی كۆمەڵگە و دروستبوونی دەیان گرووپ لەژێر ناوی ئەودا، كە ساڵانە بە ملیاران دۆلاریان لە بودجەدا بۆ تەرخان دەكرێت، بێ ئەوەی هیچ سوودێكی ئەوتۆشیان بۆ وڵات هەبێت، بگرە زۆر جار كێشەشی بۆ دروست دەكەن، چونكە لەلایەك گوێڕایەڵی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان نابن، كە سەرۆك وەزیرانە، لەو لاشەوە هەر دان بە حكوومەتی عێراق نانێن و فەرمان لە وڵاتێكی دەرەكی و ڕابەرەكەی وەردەگرن، وەك ئەوەی عێراقی و سەر بە عێراقیش نەبن. بۆیە ناهەقم نییە ئەگەر بڵێم، دوای 20 ساڵ لە ئازادی، نەزانم عێراق بە چ سیستەمێكی سیاسی بەڕێوە دەچێت، ڕەنگە ئەوە تێگەیشتنی زۆر كەسی تریش بێت.