خەبات- عەلی بانیشاری:
دوای پشووەكانی سەری ساڵ دەست بە دابەشكردنی دووەم بەرمیلی نەوتی سپی دەكرێت و بۆ هەر 200 لیترێك بڕی 50 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت. ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان تەنیا ڕێكاری هونەری ماوە و لەگەڵ گەیشتنی نەوتەكە لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت. بەپێی خەمڵاندن، ئەگەر هەر خێزانێك بەرمیلێك نەوت (200) لیتری پێبدرێت، هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 250 ملیۆن لیتر نەوت دەبێت.

دكتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دابەشكردنی نەوتی حكوومەتی عێراق كردم و بەڕێوەبەری كۆمپانیا دڵنیایی ئەوەی پێدام هەر خێزانێكی هەرێمی كوردستان بەرمیلێك نەوتی پێدەدرێت. گوتیشی: بۆ هەر لیترێك لەو نەوتەی حكوومەتی عێراق دابەشی 250 دینار دانراوە و لە بەرامبەر هەر بەرمیلێك نەوت كە 200 لیترە، بڕی 50 هەزار دیناری عێراقی وەردەگیرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دابەشكردنی نەوت پێی ڕاگەیاندووە هەموو ئامادەكارییەكان بۆ ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە و پاش تەواوبوونی ڕێكارە هونەرییەكان دەست بە ڕەوانەكردنی نەوتەكە دەكەن. سەبارەت بە كاتی گەیشتنی نەوتەكە، سەباح سوبحی گوتی: لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر هێڵین و چاوەڕێ دەكەین پێش سەری ساڵ نەوتەكە بگات، بەڵام دابەشكردنەكەی دەكەوێتە پاش ساڵی نوێ.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت: بەشە نەوتی كوردستان سەدان تانكەرە و بێگومان پێویستی بە كاتە بۆ ڕەوانەكردنی و بە چەند قۆناغێك دەگات، لە سەرەتاشدا بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە ساردەكاندا دابەش دەكرێت و دواتر بۆ شوێنەكانی دیكە تا دەگاتە سەنتەری شارەكان.
ناوبراو دەڵێت: ساڵی ڕابردوو حكوومەتی عێراق گرفتی كەمی یەدەگی نەوتی سپی هەبوو، بەشێك لەو نەوتەی لە دەرەوە هاوردە دەكرد، زۆرێك لە هاووڵاتیان گلەیی ئەوەیان دەكرد كە پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت سستە و نەوتەكە بەشی تەواوی خێزانەكانی نەكرد، بەوپێیەی لە وەزری زستاندا خواستێكی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو گرفتە بە تەواوی چارەسەركراوە.
سەباح سوبحی جەختیلەوەشكردەوە، پڕۆسەی دابەشكردنی بەرمیلی دووەمی نەوت دواناكەوێت، چونكە ئێستا یەدەگی نەوت زۆرە و وەكو ساڵی ڕابردوو نییە. هێمای بۆ ئەوەشكرد، دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا، نرخی نەوتی سپی ناحكوومی لە بازاڕدا دابەزاندووە، ئەوەش بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان تاڕدەیەك كەمكردووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تاوەكو 3ـی كانوونی یەكەمی 2023 لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان 151 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 755 هەزار خێزاندا دابەشكردووە، بەم شێوەیە (پارێزگای هەولێر 60 ملیۆن لیتر. پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 59 ملیۆن لیتر. پارێزگای دهۆك 32 ملیۆن لیتر). وەزارەتەكە بۆ هەر 200 لیترێك نەوت بڕی 103-104 هەزار دیناری لە هاووڵاتیان وەرگرتووە، بەڵام وابڕیارە بەرمیلی دووەمی نەوت بە نیووەی ئەو نرخە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكرێت.