خەبات- تریفە ئازاد :
لە بەرواری 26/11/2023، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاڵای كوردستانەوە گەڕایەوە شاری كەركوك و بارەگاكانی لە شاری كەركوك وەرگرتەوە، لە 28/11/2024 لە شاری كەركوك دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد بۆ كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لیستی (197) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە شاری كەركوك، هاووڵاتییانی شاری كەركوك بە گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخۆشن و هەست بە ئارامی و دڵنەوایی دەكەن و دڵنیان بە گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ شاری كەركوك كۆتایی بە ستەم و غەدر دێت لەم شارەدا.
گەڕانەوەی پارتی بە ئاڵای كوردستانەوە، واتە گەڕانەوەی شكۆمەندی بۆ خەڵكی شارەكە

د.گۆران عەبدوڵڵا دەربارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ شاری كەركوك گوتی: دوای شەش ساڵ لەجێهێشتنی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، جارێكی تر پارتی بارەگاكانی لەشاری كەركوك لەسەر بڕیار و راسپاردەی سەرۆك بارزانی كردەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرانبەر چارەنووسی داهاتووی پارێزگای كەركوك، وەك ئەركێكی نەتەوەیی و ئەخلاقی بەرانبەر خاك و خەڵكی شارەكە بە ئەجێندایەكی تازەوە دووبارە دەستدەكاتەوە بە خەباتێكی نەتەوەیی و درێژەپێدانی ئەو كاروانەی سەدان خوێنی لەپێناو كوردستانیبوونی كەركوكدا بەخت كردووە. گرنگە گەرانەوەی بارەگاكانی پارتی لەكەركوك بۆ ئەوەی بتوانێت رێگربێت لەو نادادییەی ئێستا لەكەركوك بوونی هەیە و مەترسی گەورە لەسەر گۆرینی دیموگرافیای ناوچەكە هەیە، شوناس و ناسنامەی كەوتووەتە بەر هەرەشەی جددییەوە، بە كرانەوەی بارەگاكانی پارتی جارێكی تر هەوڵدەدرێت ئیدارەی پارێزگاكە بخرێتەوە سەر رێگا راستەكەی و ببێتە خزمەتكاری سەرجەم خەڵكی پارێزگاكە و، بتوانێریت بكرێتە خزمەتی پارێزگاریكردن لە گیانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و یەكتر قبووڵكردن لەنێوان گشت پێكهاتەكان. ئاشكرایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەمێژوو شۆڕشێكی كردە قوربانی لەپێناو شاری كەركوك و ئامادە نەبوو مساومە لەسەر یەك بستی خاكی كەركوك بكات، بارزانیی نەمر كاتێك بەدڵی كوردستانی چوواندووە كەواتە دڵی جەستەی نیشتیمانە، دەبێت بە كرانەوەی بارەگاكانی پارتی درێژە بەو كاروانی خەباتە بدات بۆ راستكردنەوەی هاوكێشەی سیاسی و ئەمنی و ئیداری و پاڵپشتێكی گەورە بێت بۆ خەڵكی مافخوراوی پارێزگاكە و، نەهێشتنی پاوانخوازیی لەلایەن ئەوكەسانەی دەیانەوێت ئایندەی پارێزگاكە بە ئاقارێكی خراپدا ببەن و هاوشێوەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ببێتە شارێكی وێرانە و دوور لەخزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێت، جیا لەمانەش بە بوونی بارەگاكانی پارتی و شۆركردنەوەی سیاسەتی پارتی بۆ ناو جەماوەر رێگر دەبێت لەو گەندەڵی و نادادییەی ئێستا بوونی هەیە و، هەوڵدەدادت بۆ بەرقەراركردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی هاووڵاتییان؛ بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەم ئەجێندایە جێبەجێ بكرێت، پێویستە لەرێگەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە كە یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی پڕۆسەی دیموكراسی ئەم بارە ناهەموارەی ئێستای نێو پارێزگای كەركوك راستبكرێتەوە، بۆیە گرنگە خەڵكی شاری كەركوك لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بەچڕی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بەلیستی ١٩٧ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەرنامە و كارنامەیەی پارتی هەیەتی بۆ خزمەتكردنی خەڵك، وەك خۆیی جێبەجێ بكرێت و پارسەنگی هێز و ئایندەی پارێزگاكە بگۆڕن.
بە گەڕانەوەی پارتی كۆتایی بە داگیركاری و غەدر دێت

هیوا رەشید بەرپرسی ناوچەی داقوقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو حزبەیە كە هەمیشە لەسەر بەڵێنەكانی خۆی سوورە و بە شكۆ و شانازی گەڕایەوە شاری كەركوك، دوای شەش ساڵ گەرانەوەی پارتی بۆ كەركووك و كەركوكییەكان مانای زۆری هەیە، جەماوەری كەركوك پێشوازییان كرد لە پارتەكەی خۆیان بە جۆش و خرۆشەوە تامەزرۆی پارتیمانن، چونكە گەڕانەوەی پارتی بۆ شاری كەركوك واتە گەڕانەوەی هێز و ئیرادە و ئاڵایە، گەڕانەوەیە بۆ ڕێگرتن لەغەدر كردن لە تاكی كورد، بۆیە هەمیشە پارتیمان لە كەركوك جیانابێتەوە، لە ئێستاوە كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم پارێزگایە بە وەكالەتە دێت لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ڕۆژانە گۆڕانكارییان لە ئیدارەی شار كردووە و هاووڵاتیی كوردیان بێبەش كردووە لە دەسەڵات و هەمیشە خەریكی تەعریب بوونە بە گەڕانەوەی عەرەبە شۆفێنییەكان و داگیركردنی زەوی و زاری جوتیارانی كورد بە پیاڵپشتی سوپای عێراق. بەگە ڕانەوەی پارتی ڕێگری دەكرێت لەو زوڵم و زۆردارییەی كە كراوە و بە دڵنیاییشەوە كاری سەرەكی پارتیمان لە كەركووكدا پەیامی پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری دەبێت.
گەڕانەوەی پارتی واتە گەڕانەوەی هێز و شكۆی كەركوكییەكان

عادل كەركوكی لاوێكی شاری كەركوكە و دڵخۆشە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ شاری كەركوك و لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: گەڕانەوەی پارتی و كردنەوەی بارەگای پارتی لە شاری كەركوك بۆ ئێمەی كەركوكی ڕۆژێكی مێژووییە، وەكو جەژن وایە بۆ كەركوكییەكان، چونكە پارتی خاوەنی بەڵێنیی خۆی بوو لەگەڵ ئێمەی كەركوكی، بە شكۆ و شانازی و ئاڵای پیرۆزی كوردستان گەڕانەوە، شەش ساڵە ئێمە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە خۆشە بووین و خەونەكەمان هاتەدی. هەمیشە كە باس لە گەڕانەوەی پارتی دەكرا واتا گەڕانەوەی كورد بۆ شاری كەركوك بوو، چونكە پارتی بە كردار سەلماندوویەتی كە تاكە حزبە دڵسۆز و خەمخۆر و داكۆكیكاری سەرسەختی كەركوك و كەركوكییەكان بووە، وەك لای هەموان ڕوون و ئاشكرایە شەش ساڵە جگە لە پارتی هەموو حزبەكان لەو شارەن، بەڵام هیچ كام لەم حزبانە نەیانتوانیوە ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەو شارە بەرز بكەنەوە، ئەمڕۆ هەموومان بەچاوی خۆمان بینیمان كە چۆن ئاڵای كوردستان دەشەكایەوە لەسەر بارەگای لقی ٣ی پارتی لەشاری كەركوك، ئەمەش هێز و ئیرادە و خۆڕاگریی زیاترمان پێ دەبەخشێت. ئەم گەڕانەوەیە واتا كۆتایی بە دەسەڵاتی سەپێندراو و ناشەرعی ئەو شارە دەهێنێت و كۆتایی بە زوڵم و زۆرداریی و نایەكسانی دەهێنێت بەرانبەر بە خەڵكی كەركوك، وەك پیشەی هەمیشەیی داكۆكی لە خەڵكی شارەكە دەكات و دەنگمان بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوەی كوردێكی دڵسۆز بكات بە پارێزگای شەرعی ئەو شارە و خزمەتی چین و توێژەكانی ئەو شارە بكات بەبێ جیاوازی. پارتی لە كوێ بێت ئەمن و ئاسایش و ئارامی و ئاوەدانی لەو شوێنە دەبێت.