كۆبوونەوەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان
خەبات: لاپەڕەی پەروەردە:- یەكێتی قوتابیانی كوردستان دوای ئەنجامدانی دەیەمین كۆبوونەوەی فراوانی خۆی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان كەلاری سكرتێری یەكێتی قوتابیان و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت ڕاگەیەندراوی كۆتایی خۆی بڵاو كردەوە، لەو ڕاگەیانراوەدا سێ تەوەری خستۆتە بەرباس و یەكێك لەتەوەرەكانیش ڕەوشی خوێندنە لەو سنورانەی بایكۆتی خوێندنیان تێدا كراوەو یەكێتی قوتابیانی كوردستان ڕاشكاوانە ڕایدەگەیەنێت كە نابێت چارەنوسی قوتابیانی كوردستان بكرێتە قوربانی هیچ جۆرە ئەجندایەك.
لەو كۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی پرۆسەی خوێندن كراوە و سوپاسی سەرجەم مامۆستایانی بەڕێز كراوە، كە وێڕای بارودۆخی دارایی قورس، بەڵام وەك هەمیشە لەخۆبردووانە بەردەوامن لە ئەركی پیرۆزی خۆیان لە پەروەردە و فێركردنی قوتابیانی كوردستان، هەروەها ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەتی ئەو یەكێتییە نیگەرانییان دەربڕیوە لەبارەی دروستكردنی ئاستەنگ بۆ پرۆسەی خوێندن لە سنوری پارێزگاكانی (سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆكانی (گەرمیان و راپەڕین).كۆبوونەوەكە بۆچوونی وابووە كە پێویستە ناڕەزایەتییەكان بەرەو ڕووی حكومەتی عێراقی فیدراڵی بكرێتەوە، كە هۆكاری ئەو بارودۆخە داراییە دژوارەن و وێڕای پابەندی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا حكومەتی فیدراڵی ئامادەنییە ئەرك و پابەندییەكانی خۆی لە ڕووی داراییەوە بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
هەروەها جەختكراوەتەوە لەوەی كە نابێت هیچ هۆكارێك ببێتە هۆی رێگریكردن لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن، نابێت چارەنووسی قوتابیانی كوردستان بكرێتە قوربانی هیچ جۆرە ئەجێندایەك. هەروەك لە ڕاگەیەنراوەكەی یەكێتی قوتابیاندا هاتووە تاوتوێی هەنگاوەكان بۆ گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی (ی.ق.ك)كراوەو ئەوەش لە پێناو بەردەوامبوونی رۆڵی پێشەنگانەی یەكێتییەكەیە. هەروەها كۆبوونەوەكە بڕیارە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانی بەرز نرخاندووە بە بەخشینی بارەگای پێشووی ئەنجومەنی سەركردایەتی (كەركوك _ گەرمیان) ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زانكۆی كەركوك.
هاوكات ڕۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاندووە بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەكانیان بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و، پاڵپشتیكردنی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خوێندنی كوردی لە كەركوك، شەنگال و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.