هەینی قادر
ماوەیەكە لەكوردستان (هەرێمی كوردستان) ناوهێنانی بەشەكانی كوردستان بەپێشخستنی ئاراستە جوگرافیەكان بەپێش ناوی كوردستانەوە دەهێنرێت واتەدەگوترێت (باكووری كوردستان – باشووری كوردستان – ڕۆژهەڵاتی كوردستان – ڕۆژئاوای كوردستان) ئەمەش بەڕای من پێچەوانەی ئەم دابەشكاریەی ئەمڕۆیە كە كوردستانی گەورە لەسایەی سیاسەتی زلهێزە بەرژەوەند خوازەكانی جیهان دوو چاری هاتووە كە بۆتە چوار بەش و چوار جوگرافیای جیاواز، هەمووشمان دەزانین وڵاتێك كە بەم شێوەیە دابەشكرابێت و پارچە پارچە كرابێت، بەم شێوەیە ئاراستە جوگرافیەكانی بۆ بەكارنایێت، واتە ئاراستە جوگرافیەكانی ناخرێتە پێش ناوی وڵاتەكە، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەخرێتە دوای ناوی وڵاتەكە، واتە لەبری بگوترێت باشووری كوردستان وادروستترە بگوترێت كوردستانی باشوور وەك ئاماژەیەك بۆ بوونی چەند كوردستانێك كە واقعی تاڵی ئەمڕۆی كوردستانی گەورەیە، ئەمەش بۆ ئەوە نیە كە شەرعیەت بەم دابەشكاریەی خاكی كوردستان بدەین، بەڵكو مەبەست پیشاندانی واقعە تاڵەكەیە وەك خۆی كە هەیە نەوەك بازدان بەسەریدا هەروەكو بڵێی كوردستان ئەمڕۆ هیچ سنورێكی دەولیی لەنێوان پارچەكانیدا نەبێت، چونكە پێمان خۆش بێ یان پێمان ناخۆش بێ ئەمڕۆ كوردستان چوار چارچەیە، هەر چارچەیەكی كەوتۆتە سنوری جوگرافیای دەوڵەتێكی سەربەخۆو ئەندام لە UN، ماوەیسەد ساڵە ئەم سنورە بەبێ ئیڕادەی گەڵی كورد نەخشەی كێشراوە، هیچ پارچەیەك ناتوانێ ئەمڕۆ ئەم سنورانە هەڵبگرێت، وەهیچ كوردێكیش ناتوانێ بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی حكومەتەكانی ئەم وڵاتانەی كوردستانیان پێ لكێندراوە بچنە پارچەكەی تر، كەواتە وڵاتێك ئەمە دۆخی جوگرافیای نیشتمانەكەی بێت، بەچ لۆژیكێك وەك یەك پارچەو یەك جوگرافیا ناوی دەهێنرێت، لەبەر ئەم هۆیە من ئەم شێوازە ناوهێنانەی بەشەكانی كوردستان بەڕاست نازانم، بەڵكو شێوازە ڕاستەكە ئەوەیە ناوی بەشەكانی كوردستان ئەگەر هەر بەناوی وڵاتە داگیركەرەكانیشەوە ناهێندرێت واباشترو ڕاسترە ئاراستە جوگرافیەكان بخرێتە دوای ناوی كوردستان واتە بگوترێت (كوردستانی باكوور، كوردستانی باشوور، كوردستانی ڕۆژهەڵات، كوردستانی ڕۆژئاوا)، چونكە ئەمە دەربڕینێكی لۆژیكیانەیە بۆ واقعی تاڵی ئەمڕۆی كوردستان.
ئەمڕۆ ئەم بەشەی كوردستان (كوردستانی عێڕاق) بەفەرمی پێی دەگوترێ (هەرێمی كوردستان) ئەم ناوە بەیاسا لەماددەی (117) ی دەستوری نوێی عێڕاق (دەستوری ساڵی 2005) چەسپاوەو دانی پێدانراوە، پەیوەندیە دبلۆماسیەكانیش لەسەر ئاستی هەرێمی و دەولی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم بنەمایە بنیادنراوە، كەچی دەزگا میدیایی و ڕاگەیاندنەكانی هەرێم بێ گوێدانە ئەم بنەما یاساییە ئەم بەشەی كوردستان هەر بەباشووری كوردستان ناوی دەهێنن وەك بڵێی حكومەتێك و هەرێمێك نەبێت بەناوی هەرێمی كوردستان دونیایان پڕكردووە لەزاراوەی باشووری كوردستان وحكومەتی باشووری كوردستان وەك بڵێی بەشەكانی تریش حكومەتی خۆیان هەبێت بۆیە ئەم حكومەتەی هەرێمیش بەم شێوەیە ناوی دەهێنرێت، مادام ئەمڕۆ كوردستان خاوەنی یەك یەكەی جوگرافی خۆی نیە كەواتە بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەو زاراوانە نەگونجاو و ناواقعیە، چونكە لەمامەلە ڕەسمی یەكانی ناوخۆو دەرەوە حكومەت و هەرێمێك نیە بەناوی باشووری كوردستان، بەڵكو ئەوەی هەیە بەفەرمی پێی دەگوترێت (حكومەتی هەرێمی كوردستان)، لەڕاستیدا زاراوەی (باشووری كوردستان یان كوردستانی باشوور) تا دیاری كردن و سنور كێشانی نێوان عێڕاقی پادشای و توركیای كۆماری لەساڵی 1925 بەكارهێنانی ئاسایی بووە لەئەدەبیات و سەرچاوە مێژوویی و جوگرافیەكانی دەوڵەتی عوسمانی بەكارهاتووە، بەڵام دوای ئەم بەروارە ئەم جۆرە ناو هێنانە نامێنێ چونكە ئەم بەشەی كوردستان دەبێتە بەشێك لەعێڕاق و هەر بەناوی كوردستانی عێڕاق ناوی دەهێنرێت، كەواتە لەسەر ئاستی جوگرافیای كوردستانی گەورە ئەم بەشەو بگرە بەشی ناوەڕاستیشی كە ئەمڕۆ پێی دەگوترێ كوردستانی سوریا لەجوگرافیای گەورەی كوردستان (كوردستانی دایك) دادەبڕێندرێت ئیتر زاراوەی باشوورو باكوورو ناوەڕاست نامێنێ بەڵكو سێ زاراوەی نوێ جێگای دەگرێتەوە ئەوانیش كوردستانی عێڕاق و كوردستانی توركیاو كوردستانی سوریایە، كە ماوەی نزیكەی سەدەیەكە لەئەدەبیاتی ناوچەكەو جیهان زیاتر بەم شێوازە ناوی بەشەكانی كوردستان دەهێندرێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەم زاراوانە ئێمەی كورد زاراوەی (كوردستانی باكوورو كوردستانی باشوورو كوردستانی ڕۆژهەڵات و كوردستانی ڕۆژئاوا)مان بۆ بەشەكانی كوردستان بەكارهێناوە وەك ئاماژەیەك بۆ پارچە پارچە بوون و داگیر كردنی كوردستان لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە كە هەموو كوردێك ئاشنایە بەم واقعە تاڵەی كوردستان، جا نازانم مەبەستی دەزگایەكانی ڕاگەیاندن و میدیاكانمان چی یە لەخۆ نەشارەزاكردن بەم واقعەو بەتایبەتی پشت گوێخستنی ناوی فەرمی هەرێمی كوردستان كەماوەی 30 ساڵە بونی هەیەو هەرێمێكەو حكومەتی خۆی هەیەو دانیپێدانراوە ئەم جۆرە ناوهێنانە وێرای ناواقعی بوونی لەهەمان كاتدا غەدرێكیشە لەخەبات و تێكۆشانی ئەم میللەتە دەكرێت كە ماوەی سەدەیەك لەپێناویدا قوربانی دەدات، ئەمڕۆ ئەم هەرێمە سنورەكەی بەخوێن كێشراوە، هەرچەند هەموومان ئەم ڕاستیە دەزانین كەئەم سنورەی ئێستای هەرێمەكەمان ئەو سنورە نیە كە گەڵی كورد ئاواتی بۆ دەخوازێت و قوربانی زۆری لەپێناوداوە، بەڵام ئەم ئازادیەو سەربەخۆیەشی كە ئەمڕۆ هەیە ڕەوانیە تادیدە بگیرێت و بەچاوێكی كەم تەماشا بكرێت وەك خۆی ڕەفتاری لەگەڵدا ئەكرێت.
كاتی خۆی لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی جگە لەكوردستانی ئێران كوردستان هەمووی یەك پارچە بووە لەسەرچاوە مێژووییەكان بەكوردستانی عوسمانی ناوی هاتووە وەك جیاكردنەوەیەك لەكوردستانی ئێران جا ئەو بەشەی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانی دا بوو بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری ئیداری دەوڵەت ناوهێنانی كوردستان بەپێی ئاراستەی جوگرافیەكان جا بەدانانی بێ لەپێش ناوی كوردستان یاخود لەدوای ناوی كوردستان كارێكی ئاسایی بووە، چونكە ئەم بەشەی كوردستانی عوسمانی یەك جوگرافیای هەبووە.
واتە لەسەر بنەمای یەك یەكەی جوگرافی و یەك پارچەیی خاكی كوردستان ئەم شێوازی ناوهێنانە جا چ بەپێشخستنی ئاراستە جوگرافیەكان بەپێش ناوی كوردستانەوە بێ یاخود بەپێچەوانەوە بێ ئاسایی و دروستە بووە بەڵام بۆحاڵەتی دابەشبونێكی وەك ئەمڕۆی كوردستان ئەم جۆرە ناوهێنانە هەڵەیەكی جوگرافی زەق و نادروستە.
دەبێ هەموو كوردێك ئەو ڕاستیە بزانێت ئەمڕۆ ڕژێمە داگیر كەرەكانی كوردستان هەموو هەولێك دەدەن سنورە دەستكردەكانی نێوان پارچەكانی كوردستان بەهەموو شێوەیەك توندتری بكەن و بەهێزتری بكەن تاكو لەیەكگرتنەوەدا كورد بێ هیوا بكەن، بۆ ئەم مەبەستە هەر بەدروستكردنی دیوار بەندی كۆنكرێتی ناوەستن بەڵكو پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیای سەردەم و كامێرای چاودێری كردنی بۆ دادەنێن تاكو بەیەكجاری هیچ جولەیەك و هاتووچۆیەك لەنێوان بەشەكانی كوردستان نەمێنێ هەروەكو حكومەتی توركیا لەئێستادا لەسەر سنورەكانی خۆی لەگەڵ ئێران و سوریا جێ بەجێ ی دەكات، ئەگەر ئەمە واقعی كوردستان بێت تۆ بڵێی بەكارهێنانی ئەم زاراوانە لەپای چی بێ و بۆچی بێ و چ سودێكی هەبێ؟
هەر لەم بارەیەوە چەند ووڵاتێك بەنمونە دەهێنینەوە لەچۆنیەتی ناوهێنانیان دوای دابەشبوونیان بۆ دوو سیستەمی حوكمی لێك جیاواز دەخەمەڕوو، هەرچەند حاڵەتی ئەم دەوڵەتانە تەواو لەگەڵ كوردستان جیاوازە، چونكە ئەوان پێش دابەش بوون دەوڵەتی سەربەخۆو خاوەن قەوارەی سیاسی خۆیان بوون بەڵام كوردستان پێش ئەم دابەش بوونە نە دەوڵەت بووە نە سەریەخۆش بووە بەڵكو نیشتمانێك بووە لەچوارچێوەی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، بەڵام بەراوردەكە لەشێوەی ناوهێنانیانە بەپێی ئاراستە جوگرافیەكان دوای دابەشبوونیان.
بۆ نمونە ووڵاتی یەمەن كە سەردەمانێك ببوو بەدوو دەوڵەتی سەربەخۆ پێیان دەگوترا (یەمەنی باكوورو یەمەنی باشوور) نەدەكرا پێیان پێگوترێت باكووری یەمەن و باشووری یەمەن، چونكە لەم جۆرە ناوهێنانانە دیارنابێت مەبەست لەكام یەمەنە لەبەر ئەوەی دوو ووڵات هەبووە بەناوی یەمەن لەبەر ئەم حاڵەتە هەمیشە ناوی ووڵاتەكە دەخرێتە پێش ئاراستە جوگرافیەكەی.
هەروەها ووڵاتی ئەڵمانیا كاتی خۆی دوای جەنگی دووەمی جیهانی ببوو بەدوو ئەڵمانیا (ئەلمانیای ڕۆژهەڵات و ئەلمانیای ڕۆژئاوا) كاتێ ناویان دەهات پێیان دەگوترا ئەلمانیای ڕۆژهەڵات و ئەلمانیای ڕۆژئاروا واتە ئاراستە جوگرافیەكە دەخرایە دوای ناوی ئەلمانیا بۆ دیاری كردنی ووڵاتی مەبەست وەبەپێچەوانە نەمان بیستووە بەئەلمانیای ڕۆژهەڵات بگوترێت ڕۆژهەڵاتی ئەلمانیا چونكە لێرە دیارنەدەبوو مەبەست لەكام ئەلمانیایە چونكە ئەم ووڵاتە ببوو بەدوو یەكەی جوگرافی لێك جیاواز، واتە دوای دابەش بوونی هەر ووڵاتێك لەكاتی ناوهێنانیان بەبێ ئاراستە جوگرافیەكان پێویستە ئاراستە جوگرافیەكان بخرێتە دوای ناوی ووڵاتەكەوە نەك بەپێچەوانەوە.
نمونەی سێیەم لەسەر ئەم شێوازی ناوهێنانەی ووڵاتان، ووڵاتی كۆریایە، كە كاتی خۆی لەناوەڕاستی سەدەی بیستەم (1950-1953) لەدەرئەنجامی سێ ساڵەی شەڕی ناوخۆدا ئەم ووڵاتە بوو بەدوو بەش، بەشی سەروو پێی دەگوترێت كوریای باكوور، بەشی خواروو كەپێی دەگوترێت كوریای باشوور، كە تائەمڕۆش ئەم دابەشكاریە بەردەوامە لەم ووڵاتە، ئایا دەكرێت بەكۆریای باكوور بگوترێت باكووری كۆریا بەهەمان شێوە بەكۆریای باشوور بگوترێت باشووری كۆریا، لەبەر ئەوەی ئەم ووڵاتە لەڕووی سیاسی و جوگرافیەوە دوو سیستەم و دوو یەكەی جوگرافی تەواو لێك جیاوازی هەیە بۆیە بەم شێوازە ناویان نەدەهێنرا.
هەروەكو لەپێشتردا باسم كرد كوردستان لەگەڵ ئەم ووڵات و سیستەمانە بەراورد ناكرێت چونكە ئەم ووڵاتانە خاوەن قەوارەی سیاسی سەربەخۆن بەڵام لەڕووی جوگرافیەوە مادام دابەش بوون كەواتە دوو یەكەی جوگرافی جیاوازیان هەیە، بۆیە ناكرێت ئاراستە جوگرافیەكان لەكاتی ناوهێنانیان بخرێتە پێش ناوی ووڵاتەكە بەڵكو دەبێ بخرێتە پاش ناوی ووڵاتەكە چونكە ناوهێنانیان بەمشێوەیە لۆژیكترو تەواوترە، سەبارەت بەكوردستانیش هەرچەندە ووڵاتێكی سەربەخۆ نیە بەڵام دابەش بووە بۆیە بەهەمان شێوازی ناوهێنانی كۆریای بەسەر دەسەپێ، لەم بارەیەوە نمونەی تریش هەیە، بەڵام پێویست بەباسكردنیان ناكات.
ئەوەی شایانی باسە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ناوهێنانی كوردستان بەمشێوە ئاڵۆزاوەی ئەمڕۆ نەبوو، بەڵكو دەربڕی واقعەكەی خۆی بوو كەبەهۆی سیاسەتی كۆلۆنیای جیهانی بەزۆر بەسەریدا سەپێنرابوو، چونكە ناوهێنانی بەشەكانی كوردستان زۆر سادەو مەبەستداربوو كاتێ دەگوترا كوردستانی عێڕاق، كوردستانی توركیا، كوردستانی سوریا، كوردستانی ئێران، هەموو كوردێك تێدەگەیشت بەخوێندەوارو نەخوێندەوارەوە، لەپاڵ ئەوەشدا لەلایەن بەشێك لەڕۆشنبیران و نوسەرانەوە كوردستان دابەشكراو (كوردستانی باشوور، كوردستانی باكوور، كوردستانی ڕۆژهەڵات، كوردستانی ڕۆژئاوا) لەگفتوگۆو نوسینەكانیاندا بەكارهاتووە، بەشێكی زۆر لەسەرچاوە مێژوویەكانیش پەیڕەوی بەكارهێنانی هەردوو شێوازی دواییان كردووە لەكاتی ناوهێنانی بەشەكانی كوردستان، ئەمەش بەو واتایە نایەت كە ئەم ووڵاتانە خاوەن كوردستان بن یان گەڵی كورد دان بەخاوەندارێتی ئەم حكومەتان بنێت بۆ سەر بەشەكانی كوردستان، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ئەم جۆرە ناوهێنانەی كە من ڕوونم كردۆتەوە نزیك ترو لۆژیكترە لەواقعی ئێستای بەشەكانی كوردستانی گەورە.